ڕۆژی سێشه‌ممه ٢٥ی سه‌رماوه‌ز، “نازم به‌ریهی” به‌ندكراوی سیاسی ڕاگیراو له زیندانی شه‌یبانی ئه‌هواز، به هۆی مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تی دژ به ناكارامه‌یی به‌رپرسانی زیندان، ڕه‌وانه‌ی ژووری تاكه‌كه‌سی كرا.
ناوبراو ڕۆژی هه‌ینی ٢١ی سه‌رماوه‌ز، ڕایگه‌یاند كه دژ به ناڕوونی ڕه‌وه‌ندی دۆسیه‌كه‌ی و هه‌وره‌ها وه‌دینه‌هاتنی به‌ڵێنه‌كانی به‌رپرسانی زیندان، مان له خواردن ده‌گرێت و تا كاتی وه‌دیهاتنی داخوازییه‌كانی كۆتایی به مانگرتنه‌كه‌ی ناهێنی. به وته‌ی سه‌رچاوه ئاگاداره‌كان، ڕۆژی ڕابردوو، هێزه‌كانی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی له زیندانی شه‌یبانی ئه‌هواز، ویستویانه ئه‌و به‌ندكراوه ڕه‌وانه‌ی ژووری تاكه‌كه‌سی بكه‌ن، به‌ڵام ناوبراو مقاومه‌تێكی زۆری كردووه و له ئه‌نجامدا هێزه جه‌نایه‌تكاره‌كانی ڕژیم به توندوتیژییه‌كی زۆره‌وه ده‌ست و لاقی ئه‌و به‌ندكراوه‌یان به‌ستووه‌ته‌وه و ڕه‌وانه‌ی ژووری تاكه‌كه‌سیان كردووه.
