“ئازاد ئه‌مینی” ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی ئه‌نجومه‌نی ژینگه‌پارێزانی “ژیانی سه‌وزی سه‌قز”، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی فه‌رهه‌نگی “هیوای زانست” و موعه‌لیمی زمانی كوردی له ڕۆژی هه‌ینی ٢٤ خه‌رمانانی ١٤٠٢ ده‌ستبه‌سه‌ر و پاش پشكنینی ماڵه‌كه‌ی بۆ گرتووخانه‌ی ئیتلاعاتی سنه ڕاگوێزرا.
به‌پێی زانیارییه‌كان، وێڕای ئاماده‌كردنی وه‌سیقه بۆ ئازادی “ئازاد ئه‌مینی”، ناوه‌نده ئه‌منی و قه‌زاییه‌كانی شاری سنه و سه‌قز له‌گه‌ڵ ئازادی كاتی ئه‌و چالاكه مه‌ده‌نیه دژایه‌تی ده‌كه‌ن. هەتا ئێستا سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئازاد ئه‌مینی، ئیزنی چاوپێکەوتنیان پێ نەدراوە و ڕۆڵه‌كه‌یان لە دەسڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کردووە. جێگای ئاماژه‌یه كه وێڕای تێپه‌ڕبوونی دوو حه‌فته به‌سه‌ر كاتی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی ئه‌و چالاكه مه‌ده‌نییه، زانیارییه‌ك سه‌باره‌ت به هۆكاری به‌ندكران و ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی خراوه‌ته پاڵ دۆسیه‌كه‌ی له‌به‌رده‌ستدا نییه.