دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ گهڵاڵهی بوددجەی ٤ هەزرا میلیاڕد دۆلاری خۆی بۆ پەسندکران ڕادهستی کۆنگرەی ئەمریکا كرد. هەر بەوجۆرەی کە پێشبینی دەکرا، لەم گهڵاڵهیهدا وێڕای کەمبوونەوەی بەرچاوی خزمەتگوزاری کۆپینی خۆراک بۆ هەژاران، بیمەی خزمەتگوزاری دەرمانیی بۆ توێژی کەمداهات و ئیمکانات و هاسانکاری بۆ کەمئەندامان، بوددجەی نیزامی گەلێک زیادی کردووە. لەم گهڵاڵهیهدا لە حاڵێکدا کە یارانە دەوڵەتییەکان و وام بۆ خوێندکاران لابراون، بەڵام لە ئاست سیاسەتیی دژی پەنابەری و ڕاسیستیدا، ترامپ یەک میلیاڕد و ٦٠٠ میلیۆن دۆلاری بۆ درووستکردنی دیواری جیاکەرەوەی نێوان ئەمریکا و مکزیک تەرخان کردووە و بوددجەی پێنتاگۆن ١٠ لەسەد زیادی کردووە.
لەسەر بنەمای ئەم گهڵاڵهیه کە ڕۆژی سێشەممە ٢٣ ی مانگی مەی ئاشکرا بووە و لەو وەک ” بنچینەیەکی نوێ بۆ گهورهیی ئەمریکا” ناودەبرێت، ٣ هەزار و ٦٠٠ میلیاڕد دۆلاربوددجەی بەشی خزمەتگوزاری و پشتیوانیە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ماوەی ١٠ ساڵ کەمدەکرێتەوە. لە حاڵێکدا کە ئێستا ٤٠ میلیۆن کەس لە خەڵکی هەژاری ئەمریکا لە ڕێگای کۆپینی خۆراکەوە ژیانی بنەماڵەکانیان دابین دهكهن، ١٩٠ میلیاڕد دۆلار لە بوددجەی دابین کرانی ئەم کۆپینانە کەم دەبێتەوە. بەپێی ئەم گهڵاڵهی ٨٠٠ میلیاڕد دۆلار لە بوددجەی خزمەتگوزاری دەرمانیی بە پشتیوانی دەوڵەتی کەم دەبێتەوە و بوددجەی نێردراو بۆ سەبەدی خۆراکی بۆ هەژاران، کەمئەندامان و کۆنە سەربازان دەبڕدرێت.
لە ڕاستیدا ترامپ کە بە کۆمەڵێک درووشمی عەوامفریوانه لە دەورەی کارزاری هەڵبژاردندا پشتیوانی بەشێک لە توێژی بێبەشی کۆمەڵگا کە لە سیاسەتەکان و کرداری دەوڵەتی دێمۆکراتەکان سەرخوردە ببوون بۆ لای خۆی ڕاکێشا، ئێستا گەورەترین هێرشی مێژوویی ئەمریکای لەدژی ئەم توێژە بەرنامە ڕێژی کردووە. دەوڵەتی ترامپ بە ڕادهست كردنی گهڵاڵهی بوددجە کە هیوادارە بە پشت بەستن بە زۆرینەی کۆماریخوازان لە کۆنگرەدا پەسند بكرێت، هێرشێکی بەرینی بۆسەر توێژی هەژاری کۆمەڵگا بەرنامە ڕێژی کردووە کە ڕاستگەرا توندڕەوەکانی ئەمریکا لە پارتی کۆماریخوازیشی توشی سەرسوڕمان کردووە.
گهڵاڵهی بوددجەی ترامپ و هێرشی بەرنامە بۆ داڕێژراو بۆسەر هەژارانی کۆمەڵگا لە ڕاستیدا دەستكردی دەوڵەتی ژنڕاڵەکان و میلیاڕدێرەکانی ئامریکایە. ئەندامانی کابینەی ترامپ دەوڵەمەند ترین کابینەن لە مێژووی ئەمریکادا و پەنجا بەرابەری کابینەی بووش سەروەتی ئەم کۆمەڵگایەیان لە دەستی خۆیاندا کۆکردۆتەوە. ریکس تیلرسۆن، وەزیری دەرەوە، سەرۆکی کۆمپانیای گەورەی ئکسون موبیله، کە خاوەنی زیاتر لە ٢٤٠ میلیۆن دۆلار سەهامی ئەم شیرکەتەیە و یەکێک لە مودیرەکانیەتی کە بانترین حقوقەکان وەردەگرن. ویلبار ڕاس، وەزیری بازرگانیی، کەسێکە کە سەروەتەکەی بە لەت لەت کردن و فرۆشتنی شیرکەتە وەرشکستبوەکان وەسەریەک ناوە. ئیستیون منیوچین، وەزیری خەزانەداری، کەسێکە کە بە سەرمایەگوزاری کردن لە گوڵدمن ساکس بۆتە خاوەنی سەروەتێکی بەرین و لە جەریانی قەیرانی ماڵیدا، دامەزراوەیەکی وەرشکست بووی کڕی، کرێکارەکانی دەرکرد و لەم ڕێگایەوە دیسانیش سەروەتێکی زیاتری پێكهوهنا. دیارە باقی ئەندامانی کابینە هەر لەم کەسانەن و تام پرایس، وەزیری بێهداشت گرنگترین ئەرکی خۆی تێکەوەپێچانی بەساتی چاكسازیی ئۆباما لە بیمەی دەرمانیدا دەبینێ. هەروەها لەکەس شاراوە نییە کە چەند کەس لە ژنڕاڵە ئەستێرە لەسەر شانەکان لە کابینەی ترامپدا بوونیان هەیە و سەرۆکی سازمان و ناوەندەکانی وەک سازمان سیا، پێنتاگۆن و وەزارەتی نێوخۆ زیاتر لەدەست ئەواندایە. بەم پێكهاتەیەوە کابینەی ترامپ کۆنەپرستانەترین و محافەزەکارترین بەشەکانی سەرمایە ماڵی، نیزامی و نەوتی ئەمریکایی پێکدێنێ. ترامپ لە جەریانی تەبلێغاتی هەڵبژاردندا بە لەبەرچاو گرتنی نەفرەتی گشتی بەشێکی زۆری خەڵک لە واڵێستریت، هیلاری کیلنتۆنی وەک نوێنەری واڵئیستریت و بەشێکی زۆر لە ڕێبەریی سوننەتی جێگیر لە واشنگتۆن ناوبرد.بەڵام ئەندامانی کابینەکەی خودی ترامپ پێکهاتەیەک لە مودیرانی کۆمپانیا نەوتییەکان، ژنڕاڵە خانەنشین کراوەکان، مودیرانی بانکەکان، نەیارانی پاراستنی ژینگە، کەسانی بە ئاشکرا دژی ژن و لە کۆتاییدا نەیارانی سەرسەختی خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتییەکانن. دەوڵەتی ترامپ بە راگەیاندنی ئەم گهڵاڵهیه بوددجە جارێکیتر نیشانیدا کە بەرژەوەندی یەک لەسەدیەکانی کۆمەڵ نوێنەرایەتی دەکات. دەوڵەتی ترامپ لە حاڵێکدا ئەم گهڵاڵهیهی ڕادهست کردووە کە لە ئەمریکادا وەک دەوڵەمەندترین وڵاتی جیهان بە شێوەی ڕەسمی زیاتر لە ٤٣ میلیۆن کەس واتە نزیکەی ١٤ لەسەدی جەمعیەت لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. لەنێو ئەمریکاییە ئافریقایی تەبارەکاندا ئەم ڕێژهیه دەگاتە ٢٤ لەسەد و لەنێو کۆچبەرانی ئەمریکای لاتیندا نزیکەی ٢٢ لەسەدە و ئەمە هەڵبەت نیشانەیەکی دیکەیە لە رەنگدانەوەی سیاسەتە ڕاسیستییەکانی دەوڵەتانی ئەمریکایه. بڵاو کرانەوەی گەڵاڵەی بوددجەی دەوڵەتی ترامپ لەژێر ناوی ” بونیانێکی نوێ بۆ گەورەیی ئەمریکا” هاوکات لەگەڵ سەفەری ترامپ بۆ ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست کە لەودا ڕێككهوتن نامهیهك بە ئەرزشی ٢٨٠ میلیاڕد دۆلار لەگەڵ عەڕەبستان لە بوارەکانی پیشەسازی نیزامی، بازهرگانیی، وزە و پیتروشیمیدا واژۆ کردووە و هەروەها بەستنی قەراردادی فرۆشتنی ١١٠ میلیاڕد دۆلاری چەک بە حکومەتی ئەم وڵاتە، هەوڵێکی داماوانەیە لە ڕاستای بەدەست هێنانەوەی هێژمۆنی بەسەر جیهانی چەند جەمسەریدا. دەوڵەتی ترامپ بە سیاسەتی پاشەکشە کردن لە ڕێككهوتنی پێوەندیدار بە ژینگە و هێرشی بەرین بۆسەر مافە دێمۆکراتیک و کۆمەڵایەتییەکان، مافی ژنان و کۆچبەران و هیڕش بۆسەر گشت دەستکەوتەکانی چینی کرێکار لە مافی خانەنشینەیەوە تا بیمە کۆمەڵایەتییەکان و لانیکەمی حەقدەست و هیتر، دەیەوێ هەزینەی سیاسەتی هێرشبەرانەتری دەرەوەی و گەڕانەوە بۆ ئەو ڕابردووانەی کە دەورانی بەسەرچووە، دابین بکات. گهڵاڵهی بوددجەی دەوڵەتی ترامپ نیشانی ئەدات کە نیزامی سەرمایەداری بێجگە لە داسەپاندنی هەژاری و فەلاکەتی زیاتر بەسەر بێبەشانی کۆمەڵگادا، قوڵتر کردنەوەی كهلهبهری نێوان هەژاری و سەروەت و داسەپاندنی وەحشیگەری هیچ دیمەنگایەکی بۆ دەرچوون لەم قەیرانەی ئێستا نییە. ئەم باوردۆخە لە ڕوانگەی عەینیەوە نیازمەندی بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سۆسیالیستییە تا سۆسیالیزم لە جێگای بەڕبەڕیەتی سەرمایەداری دابمەزرێنێ. وەها بزوتنەوەیەک تەنیا بەحەڕەکەتی سیاسیی کرێکاران و جەماوەری میلیۆنی بێبەشان دەکرێ شکڵ بگرێت و پێکبێت.