ڕەهەندەکانی گەندەڵی لە کۆماری ئیسلامیدا ئەوەندە بەرفراوان و فۆرمەکانی هێندە هەمەچەشنن کە هاوشێوەکەی لە کەمتر شوێنێکی جیهاندا بەرچاو دەکەوێت. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕووی گەندەڵی ناوخۆییەوە لە زومرەی گەندەڵترین وڵاتەکانی جیهانە. گەندەڵی لە کۆماری ئیسلامیدا گەیشتووەتە ئاستێکی بێوێنە و بووەتە هۆی هەژاریی و پەرەسەندنی قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان. دزییە بە ملیارد دۆلارییەکان لەلایەن بەرزترین کەسانی نزیک لە بازنەی دەسەڵات، کە جاروبار لە ئاکامی کێبڕکێ ناوخۆییەکانی دارودەستەکانی سەر بە حکوومەت “بەتایبەت لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکان“دا ئاشکرا دەبن، فۆرمێکی باو و ناسراوی گەندەڵی دارایین لە کۆماری ئیسلامیدا، بەڵام جگە لەوەش، ڕۆژ نییە کە فۆڕمێکی نوێی گەندەڵی لەم سیستەمە سەرتاپا گەندەڵەدا ئاشکرا نەبێت.
بەرپرسی ڕێکخراوی پشکنینی گشتیی وڵات، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو هەواڵی ئاشکرا بوونی” گەندەڵییەکی کەم وێنەی لە کەرتی هاوردەکردنی چایی لەلایەن “گرووپێکی تایبەت“ەوە بڵاو کردەوە و ڕاگەیاند کە ئەوان پووڵیان وەرگرتووە بەڵام هیچ کاڵایەکیان هاوردەی ئێران نەکردووە. بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، کە ڕۆژی شەممە ١١ی سەرماوەز بڵاوکراوەتەوە، لە ماوەی ساڵەکانی ١٣٩٨ بۆ ١٤٠١، نزیکەی سێ ملیارد و ٣٧٠ ملیۆن دۆلاریان تەرخانکردووە بۆ “گرووپێکی بازرگانی” بەمەبەستی هاوردەکردنی چایی و جۆرەکانی مەکینە، بەڵام بەشێکی زۆری ئەم پووڵە لەبری هاوردەکردن، لە بازاڕی ئازاد دا بە نرخێکی زۆر فرۆشراوەتەوە. هەرچەندە ناوی ئەم شیرکەتە لە هیچکام لە ڕاپۆرتەکانی دەزگای قەزایی و جێبەجێکردندا نەهاتووە، بەڵام بەگوێرەی زانیاری هەندێک لە ڕاگەیاندنە ناوخۆییەکان ناوی ئەم شیرکەتە سەرپێچیکارە بریتییە “گرووپی کشتوکاڵ و پیشەسازی دێبش“.
زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گرووپی کشتوکاڵ و پیشەسازی دێبش بەمەبەستی هاوردەکردنی چایی پلە یەکی هێندستان ناونووسی کردبوو، بەڵام بە کردەوە چای پلە دووی “کینیا“ی هاوردە کردووە. جیاوازی نێوان نرخی ئەم دوو جۆرە چاییە، نزیکەی ١٢ دۆلارە بۆ هەر کیلۆیەک، بەڵام کاتێک قسە لە چەندها تۆن چایی دەکرێت ئەوکات دەردەکەوێت کە چ سوودێکی سەرسوڕهێنەر دەست بەرێوەبەرانی ئەم گرووپە کەوتووە. باس لەوە دەکرێت ئەم شیرکەتە کە لە بازاڕەکانی هەناردەکردنی چایی ئێراندا چالاک بووە، هەمان چایی هەناردەکراوی بە نرخی هەر کیلۆیەک دوو دۆلار هاوردە کردووە و بە نرخێکی نزیک لە ١٤ دۆلار فرۆشتوویەتەوە.
گەندەڵی سەرچاوەگرتوو لە ڕانت و قۆرخکاری لە بەشی هاوردەکردن بە پشتبەستن بە سات و سەودا و دەست تێکەڵکردن لەگەڵ دامودەزگا دەوڵەتییەکان، یەکێکە لە گرێ شێرپەنجەییەکانی ئابووریی وڵات؛ دوایین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی دەریدەخات کە ئێران لە ڕووی ئاستی گەندەڵی داراییەوە لە نێوان ١٨٠ وڵاتی جیهاندا لە پلەی ١٥٠هەمین و لە ڕێزی وڵاتەکانی ئۆگاندا و ئەفغانستاندایە.
بێگومان بە ٣ ملیارد و ٣٧٠ ملیۆن دۆلار دەتوانرێت بۆ ماوەی چەندین ساڵ مووچەی تەواوی مامۆستایانی وڵات و ژیانی خانەنشینان و حەقدەستی وەدواکەوتووی کرێکاران دابین بکرێت. بەم پووڵە دەتوانرێت سەرجەم قوتابخانە ڕزیو و وێرانەکانی وڵات نۆژەن بکرێنەوە، ئەمنییەتی ڕێگا و بانەکان بپارێزرێ و هەلی کار بۆ بێکاران بڕەخسێت و ئاوی خاوێن و پێویست بۆ خەڵک دابین بکرێت، یان دەوا و دەرمانی پێویست بۆ ملیۆنان نەخۆش دەستەبەر بکرێت. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە لایەکەوە دەستی سەرمایەدارە چاوچنۆکەکانی لە ڕانتخۆری و قۆرخکاریی لە هەموو جۆرە کەلوپەل و پێداویستییەکانی خەڵکدا ئاواڵە کردووە و لە لایەکی دیکەشەوە هەر چەشنە ناڕەزایەتییەک بە دەستڕێژی گوللە و سەرکوت و زیندانیکردن وڵام دەداتەوە. ئاشکرایە کە بە تاڵانبردنی ئەو پووڵە زۆر و زەوەندە و کەڵک وەرگرتنی خراپ لە کەرتی دارایی، دزیکردنە لە موڵک و سامانی گشتی و دەستدرێژیکردنە بۆ سەر سفرەی بەتاڵی کرێکاران و دزینی بەرهەمی ڕەنج و ئارەقەی ملیۆنان کرێکار و خەڵکی ستەملێکراوی ئێرانە. سەرەڕای هەموو ئەمانە بەرپرسانی ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایە، لەوپەڕی گەندەڵی و بێ ئەخلاقیدا، لە ڕێگەی گرانکردنی نرخی ڕۆژانەی پێداویستییەکانی خەڵک و دەستدرێژی بۆ سەر ژیان و گوزەرانی کرێکاران و جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگا، قەرەبووی ئەو دزی و تاڵان و بڕۆیە دەکەنەوە.
ڕژیم لە تەواوی ماوەی دەسەڵاتدارێتی کۆنەپەرستانەی خۆیدا بەردەوام لەگەڵ نەفرەت و بێزاری کۆمەڵانی خەڵک و شەپۆلی بەرینی ناڕەزایی لە وڵاتدا بەرەوڕوو بووەتەوە. لەم ساڵانەدا قووڵبوونەوەی کەلێنی چینایەتی، گەندەڵی سیستماتیکی دەوڵەتی، هەڵاواردن و بێ مافی بەربڵاو، هەژاری و بێکاری و هتد… ئاستی توڕەیی و ناڕەزایی گشتیی هەرچی زیاتر پەرەپێداوە و بووەتە هۆی شکڵگرتنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی بەرینی سەرتاسەریی. ئەم ناڕەزایەتیانە نیشانەی گشتگیربوون و بەهێزتربوونی شەپۆلی هاودەنگیی سەرتاسەری نێوان چین و توێژە کرێکارییەکان، خانەنشینان، خوێندکاران، ژنان و سنفەکانی دیکەیە لەم ساڵانەی ڕابردوودا.
حکوومەتی گەندەڵ و تاڵانچی ئیسلامیی بۆتە کانگای بەرهەمهێنانی گەندەڵی و گەندەڵکاران. کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش بۆ دابینکردنی ژیانێکی شایستەی ئینسان، بۆ دیفاع لە ئازادی و کەرامەتی ئینسانیی خۆیان و هەروەها بەمەبەستی کۆتاییهێنان بەم دزی و تاڵان و بڕۆیە و کورتکردنەوەی دەستی ئەم تاقمە دز و تاڵانچیە لەسەر ژیانی خۆیان، هیچ ڕێگەیەکیان جگە لە ڕووخاندنی ئەم ڕژیمە لەبەردەمدا نییە. هەر ساتێک لە درێژبوونەوەی تەمەنی ئەم ناوەندە گەندەڵی و ستەمکارییە، بە مانای ئازار و برسێتی و وێرانکاری هەرچی زیاترە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی ئێران.