کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

گرنگی دروست کردنی سندوقەکانی هاوپشتی کرێکاری

268

دروست کردنی پێوەندی ڕفاقەت و دۆستایەتی لە نێوان کرێکاراندا لە ڕێگای دروست کردنی مەحفەل و تەشەکولە جۆراو جۆرەکانەوە، تەنانەت ئەو دەستەیە لە تەشەکولەکان کە ڕاستەخۆ تەشەکولی خەباتکارانە نین، بۆ کرێکاران خاوەنی گرنگیەکی زۆرە. لەبەر ئەوەی کرێکاران لەم ڕێکخراوە سەرەتاییانەدا یەکەم دەرس و ئەزمونەکانی تەشەکول یابی و چلۆنایەتی ڕێکخراو بوون فێر دەبن، رۆحیەی تەشەکول پەزیری- لەنێویاندا بەهێز دەبێت و بۆ ڕێکخراو بوون لە تەشەکولە گەورە تر و ئاڵۆزترەکاندا ئامادە دەکرێن. ڕێکخراو بوونی کرێکاران لە بوار و ئاستە جۆراو جۆرەکاندا رۆحیەی هاوڕێیەتی لەنێو کرێکاراندا بەهێز دەکات، هاوپشتی چینایەتیان لە بەرانبەر خاوەنکاران و سەرمایەداراندا پتەو دەکات و زەمینەی لەبارتر بۆ گواستنەوەی وشیاری چینایەتی بۆ نێو کرێکاران فەراهەم دەکات. سندوقەکانی هاوپشتی یەکێک لەم تەشەکولە جەماوەریە کریکاریانەیە. ڕێبەران و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاری بە تایبەت لە بارودۆخی ئێستادا پێوستە دروست کردنی تەعاونی کرێکاری و ڕێکخستنی کرێکاران لەدەوری ئەو وەک یەکێک لە بوارەکانی فەعالیەتی خۆیان چاو لێبکەن. دەبێ هەوڵ بدرێت کە دروست کردنی سندوقەکانی کرێکاری ببێتە سوننەتێکی پایەدار لەنێو کرێکاراندا.

لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا، بارودۆخی نا ئەمنی ئابووری و کێشە و گرفتی دارایی و بەڕێچوون بەردەوام بەرۆکی کرێکارانی گرتوە، کە کەم کردنەوەی ئەو گرفتانە تەنیا بە خەباتی ڕێکخراو، و ڕزگار بوونی بە تەواوەتی لێی بە لەنێو چوونی نیزامی سەرمایەداری و دامەزراندنی سۆسیالیزم ئیمکانی هەیە. لە ئێران توند بوونەوەی قەیرانی ئابووری و هەژاری و فەلاکەتی ئابووری و سەرکوتگەریەکانی کۆماری ئیسلامی بارودۆخێکی دژاور تری بەسەر کرێکاراندا سەپاندوە. کاتێک کە کرێکاران لە ناڕەزایەتی و خەباتدا لەدژی ئەم بارودۆخە دەست ئەدەنە مانگرتن، تەنگ و چەڵەمە ماڵیەکانیان وەک ئەهرومێکی گوشار بۆ ناچار کردنیان لە ڕاستای کۆتایی هێنان بە مانگرتندا عەمەل دەکات، بنەماڵەی ئەو کرێکارانەی کە لەم خەباتەدا دەگیرێن، بەتوندی دەوکەونە کێشەی ماڵی و داراییەوە. ئەم موشکلاتە لە کاتێکدا کە کرێکاران لەگەڵ رووداوی چاوەڕوان نەکراو بەرەو روو دەبنەوە لە بەرانبەریاندا قەرار دەگرن. لەم کاتانەدا دەبێ کرێکاران بچن بە هانای یەکتروە و یارمەتی یەکتر بدەن و لەوەش واوەتر یارمەتیدانی ماڵیی یەکتر لە ڕێگای دروست کردنی سندوقی ماڵی کرێکارانەوە ڕێکبخەن.

ئەم سندوقە ماڵیانە دەتوانن بە هیممەت و هەوڵی شێلگیرانەی خودی کرێکاران پێکبێن، لە لایەن خودی ئەوانەوە بەڕێوەببرێن، بەرپرسانی ئەو سندوقانە بە دخاڵەتی ڕاستەوخۆی ئەندامانی هەڵبژێدرێن، سەرجەم کرێکاران بتوانن تێیدا ئەندام بن. ئەم سندوقانە سەربەخۆ لە مودیریەتی، خاوەنکاران و ناوەندە دەوڵەتیەکانن و مەوجودی نێو ئەو سندوقانە لە ڕێگای کۆکردنەوەی حەقی عوزویەت لە ئەندامەکانی بە شێوەی ئاسایی و بەپێی نۆبە وام بدات بە ئەندامەکانی و لە کاتی رودانی هەر روداوێکی چاوەڕوان نەکراودا وەک نەخۆشی و رووداوی شوێنی کار یان دەست بەسەرکران لە کاتی مانگرتندا بە خێرایی وامێکی پێویستیان بداتێ. ئەوەی کە وامی پێویست دەبێ بە کێ بدرێت و رێژەکەی چەندە بێت، وامەکان چۆن و لە چ ماوەیەکدا بەقیست بدرێنەوە و شێوەی بەڕێوەبردنی سندوقەکان چۆنە لە ئەساسنامەی سندوقدا تەعریف بکرێن و بە ئاگاداری هەموان بگات.

سندوقە کرێکاریە بە ئاشکراکان دەبێ نیازە ماڵیەکانی ئەندامانی لە چوارچێوەی ئیمکانات و یاساو ڕێساکانیدا تەعریف بکات و ئوسولەن هۆکاری ئەندامێتی جەماوەری کرێکاران لەم سندوقانەدا ئەوەیە. جەماوەری کرێکار لە ڕێگای ئەندام بوون لەم سندوقانەدا دەتوانن موشکلاتی خۆیان لە ڕێگای تەعاونی و هاوکاری لەگەڵ هاوچینەکانیاندا چارەسەر بکەن. کرێکاران فێردەبن موشکلاتێک کە چارەسەر بوونی لە توانایی یەک بەیەکی کرێکاراندا، کاتێک کە بە تەنیایی لەگەڵی دەست و پەنجە نەرم دەکەن، نییە، لە ناخی یەکێتی و هاوپشتی دا دەتوانن بەسەریدا زاڵ بن. دروست کردنی ئەم سندوقە ئاشکرایانە دەتوانێ ببێتە هۆی بە‌هێز بوونی رۆحیەی تەشەکول پەزیری لەنێو کرێکاراندا و یاسا و ڕێسای دیموکراتیکی بەڕێوەبردنی تەشەکولێک فێری کرێکاران بکات و ئەمانە لەگرەوی چالاکی شێلگیرانەی کرێکارانی پێشڕەو و تێکۆشەر لەم سندوقانە دایە. هەڵسوراوانی کرێکاری دەبێ بە فەعالیەتی خۆیان لەنێو ئەندامانی ئەم سندوقانەدا رۆحیەی تەشەکول پەزیری، هاوپشتی چینایەتی و مایە دانان لە بەرژەوەندی تاکە کەسی لە بەرانبەر بەرژەوەندی گشتیدا لەنێو ئەندامانیدا بەهێز بکات، دەبێ یارمەتیدەری بابەتی ئاموزشی کرێکاران بێت؛ بەشێوەیەک کە کرێکاران بە ئەندام بوون لەم سندوقانەدا کە جۆرێک لە تەشەکولێکی سادەیە فێر بکەن کە چلۆن دەبێ لە دیاری کردنی سیاسەت، چارەنووس و بەڕیوەبردنی یەک ڕێکراوەدا بەشدار و دەخاڵەتگەر بن، لەگەڵ بابەتگەلی وەک ئەساسنامە، مەوازینی عوزویەت، مافی ئەندامیەتی، دابەش کردنی کار، پێگەی مەجمەعی گشتی و هیتردا ئاشنا بن، بە حوزوری چالاکانە لە مەجمەعی گشتیدا لە چارەنووسی ڕێکخراوەکەدا دەخاڵەت بکەن، حیساب لە بەرپرسان بکێشن و خۆیان مەسئولیەت پەزیربن.

سەرچاوە ماڵیەکانی ئەم سندوقە کریکاریانە دەتوانن و دەبێ ڕاستەوخۆ لە ڕاستای یارمەتی بە چارەسەر کردنی کێشە و گرفتەکانی دارایی کرێکاراندا و لە ڕاستای خزمەت بە خەباتی ئەوان وبزوتنەوەی چینی کرێکاردا بە گشتی بەکار بێت. وەک نمونە یارمەتی بنەماڵەی کرێکارانی زیندانی، سندوقەکانی مانگرتنی کارخانەی خۆیان و باقی کارخانەکانی تر بدەن.

بەڵام دەبێ سەرنج بدرێت کە ڕژیمی ئیسلامی لە بەرانبەر دروست کردنی ئەم سندوقانەدا لە لایەن کرێکارانەوە بە شێوەی جۆراو جۆر کۆسپ و تەگەرە دەنێتەوە. لەوێدا کە ئەم سندوقانە بە هیممەت و بە پەیگیری خودی کرێکاران بە پێچەوانەی ئیرادە و مەیلی ڕژیمی ئیسلامی پێكهاتوون، ڕژیمی ئیسلامی هەوڵ ئەدات تا لە ڕێگای کەسانی سەربەخۆیەوە بەر بە چالاکیەکانی سندوق بگرێت. کەوایە لە لایەکەوە نەبوونی وشیاری ئەندامانی ئەم سندوقانە لە بەرز کردنەوەی ئامانجەکانی سندوقەکان و لە ڕێگای یارمەتیدانی خەباتی چینی کرێکار و لە لایەکی دیکەوە گوشارەکانی ڕژیمی ئیسلامی بۆسەر سندوقەکان کۆسپ دەخاتە سەر ڕێگای پێکهاتنی ئاڵوگۆر لە سندوقەکاندا. ئەم کۆسپانە دەبێ بە چالاکی و هەوڵی پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاری لە ڕاستای بەرز کردنەوەی ئاستی وشیاری ئەندامانی ئەم سندوقانەدا، بە هەوڵدان بۆ بەسیج کردنی هەرچی زیاتری کرێکاران بۆ ئەندام بوون لەم سندوقانەدا و کردنیان بە سوننەتێکی پایەدار لەنێو چینی کرێکاردا، چارسەر بکرێت. لە بارودۆخی ئێستادا و بە لەبەرچاو گرتنی هاوسەنگی هێزی مەوجود لە نێوان ڕژیمی ئیسلامی و بزوتنەوەی کرێکاریدا و هەرەوەها بە لەبەرچاو گرتنی کارزانی و ئەزمونی هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی کرێکاری لە بابەت بەرەو پیش بردنی فەعالیەتی ئاشکرادا ئەو ئیمکانە هەیە کە سندوقەکانی هاوپشتی کرێکاری بە شێوەی ئاشکرا دروست بکرێن و بە کردەوە بەسەر ڕژیمدا بسەپێندرێت.