کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

گرتن و سەرکوتی کرێکاران و تەشەکول سازی دەوڵەتی دوو دیوی دراوێکن

لە ماوەی یەکساڵی ڕابردودا کۆمەڵگای ئێران گەلێک تەنگ و چەڵەمی توندی بە خۆیەوە بینی. ئەوەی کە لە قوڵای کۆمەڵگادا بۆ ساڵانێکی دوور و درێژ کەڵەکە ببوو، ئێستا ڕێگای دەرچوون و دەربڕینی دۆزیوەتەوە و هاتۆتە سەر شەقامەکان. ئاخێزی هەژارانی شار و دێهاتەکان پەیام هێنەری قینێک بوو کە کۆمەڵگا ٤٠ ساڵ لە قوڵایی خۆیدا پەروەردەی کردبوو. بزوتنەوەیەک کە نان و ئازادی هاوار دەکرد و بەرگێکی ناڕەسەنی کە کردبویانە بەری فڕیی دابوو، ئێستا بە دەنگی بەرز ڕایدەگەیاند کە هیچکام لە باندەکانی ڕژیم وڵامدەرەوەی داخوازیەکانی نەبوون و ڕێگا چارەیەک بۆ کۆتایی هاتن بە لێک هەڵوەشانی ئابووری، بە هەژاری گیانتاوێن و نابەسامانیە کۆمەڵایەتیەکان نییە. ژیریەکی زۆری پێویست نەبوو تا بزاندرێت ئەو بورج و قەڵایانەی کە ڕژیمی ئیسلامی لە ماوەی ٤٠ ساڵی حاکمیەتی دژی شۆڕشیدا بە بەرەکەتی کوشتاری بە کۆمەڵی خوێناوی و نەسڵ کوژی و سەرکوتی سەرجەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان دروستی کردبوو، درزی گەورەی تێکەوتوە. هەرچەند کە خیابان ببووە مێحوەری ناڕەزایەتی جەماوەری، بەڵام هەموو نیگایەکی تیژ بین دەیتوانی بزانێ کە لە پشت ئەو ناڕەزایەتیانەوە و لە ناوەندی ئەم ئاڵوگۆڕەدا بزوتنەوەیەکی چینایەتی هەیە کە خۆی لەسەرەخۆ و بە وشیاری و هەستیاریەوە ڕێکدەخات تا مۆری خۆی لە ئاڵوگۆڕەکانی کۆمەڵگا بدات. و ڕاست لەو کاتەدا کە بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری لەژێر گوشاری سەرکوت، یاسامەندیەکان و دینامیزمی زاڵ بەسەریدا ئاستەکەی بەرتەسک دەبۆوە، بزوتنەوەی کرێکاری بە متالبات و بە سوننەت و شێوازی تایبەتی خەباتکارانەی خۆی هاتە مەیدان. مانگرتنی سەرتاسەری کرێکارانی ڕێگای ئاسن، مانگرتنی شۆفیر کامیۆنەکان، مانگرتنی کرێکارانی هپکۆ، پیتروشیمی و سەدان ناڕەزایەتی و مانگرتنی گەورە و چکۆلەی کرێکاری، مانگرتنی مامۆستایان، خوێندکاران، پەرستاران، خانەنشینان و لە کۆتاییدا مانگرتنی قارەمانانەی حەوت تەپە و فولادی ئەهواز وێنایەکی واقعی لەو ئاڵوگۆڕانەیە کە لە کۆمەڵگادا پێشان ئەدەرێت.

” کار، نان، ئازادی، ئیدارەی شوڕایی” نە تەنیا بۆتە گوفتمانی گشتی و زاڵ بەڵکو ببوە ئاڵقەی پێوەندی داخوازی و جۆری تەشەکول یابی سەرجەم مانگرتن و بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان. ئەم ئاستە لە دەربڕینی هێزێک کە لە لایەن بەشێکی چکۆلە لە چینی کرێکارەوە پیشاندرا، هەم سەرجەم دوژمنانی ئەم چینەی وەجوڵە خست و هەم سەرجەم ئەو هێزانەی کە خوازیاری ئاڵوگۆڕی ڕادیکاڵن بوون لە کۆمەڵگادا کێشایە نێو گۆڕەپانی نەبەردەوە. سەرجەم باندەکانی ڕژیم و ئوپوزسیۆنی بۆرژوایی ڕژیم هەریەک بە شێوازێک لە هەوڵی نابوود کردنی ئەم بزوتنەوەدا و یان نفوز کردن تێیدا بوون. و ئەمە نیشانی ئەدا چینێک کە هاتۆتە مەیدان دەتوانێ سەرجەم ستراتیژ و تاکتیکەکانی چینی سەرمایەدار تێکبدات.

کاتێک کە هەزاران کرێکار دەڵێن کە خوسوسی سازی لێرە جێی نییە، کاتێک بە هەزاران کرێکار دەڵێن حەوت تەپە بە تەواوی لە لایەن کرێکارانەوە بەڕێوەببرێت لەبەر ئەوەی کە هەموو شارەزایی و ئەزمونەکەیمان هەیە، کاتێک بە هەزاران کرێکار تەشەکولی سەربەخۆی خۆیان ڕادەگەیەنن، کاتێک کرێکاران دەڵێن کە تەنانەت ئەگەر بە دەوڵەتیش بکرێت دەبێ لە سیفرەوە تا سەدی کارەبارەکەی لەژێر چاودێری شوڕای کرێکاری و لەژێر چاودێری گشتی کرێکاراندا بێت، مەگەر غەیرەز ئەوەیە کە هەموو ئەرکانی نیزامی بۆرژوازی کردۆتە ئامانجی خۆی و پیرۆز بوونی مالیکیەتی بۆرژوازی بردۆتە ژێر پرسیار. کاتێک بە هەزاران کرێکارا لە خیابان و لە نێو پشتیوانی قوڵی بنەماڵە کرێکاریەکان و خەڵکی شاردا بوێری و قارەکانی و بە باوەڕ بە خۆیی خۆیان پیشان ئەدەن و هاوکات دەنگدانەوەی هاوارەکانیان لە فولادی ئەهواز، لەنێو خوێندکاران و دانش ئاموزان، وەکیلەکان، مامۆستایان و پەرستاراندا دەبیستنەوە کە وایە زەنگی مەترسی بۆ سەرجەم باندەکانی ڕژیم و سەرکوتگەران لێئەدرێت. و لەم روەوە دەوڵەتی بۆرژوایی ئیسلامی عەمەلیاتی سەرکوتگەرانەی دەست پێدەکات. لە هەمان هێرشی یەکەمدا بۆسەر کرێکارانی حەوت تەپە ١٨ کرێکاری ناڕازی، نوێنەرانی کرێکاران و سپیدە قولیان کە هەواڵی ناڕەزایەتیەکانی کرێکارانی بڵاو دەکردەوە، گیران. سەرکوتگەران دواتر چوونە جەستەی عەلی نەجاتی یەکێک لە ڕێبەرانی سەندیکا و گرتیان. هاوکات ٤١ کەس لە کرێکارانی فولادی ئەهواز دەگیرێن. بەشوێن ئەم گرتن و هەڕەشە و ترساندنەی کرێکارانی مانگرتودا، ڕژیم بۆ کپ کردنەوەی مانگرتن فڕوفێڵی دیکەی دەست پێکرد. ئێستا لە غیابی نوێنەران و ڕبەرانی بوێر و وشیاری مانگرتندا، فرست تەڵەبانە، سازشکاران و جیرە خۆرانی ڕژیم دێنێتە مەیدانەوە. ئەگەر وێرای بوونی توند ترین ئەشکەنجەکان، ئیسماعیل بەخشی ئامادە نابێت کۆتایی مانگرتن ڕابگەیەنێت. ئەگەر وێرای بوونی گەمارۆ و هەڕەشەی هێزە تایبەتەکانی سەرکوت و مائمورینی ئەمنیەتی بە هەزاران کرێکار هەروا لەسەر درێژەدان بە مانگرتن و ئازادی نوێنەرەکانیان پێداگری دەکەن کە وایە کاربەدەستانی دەوڵەتی بە سەحنە سازی، بە فریودان وبە هێنانە مەیدانی سیخوڕەکان، ماگرتن شکێنەکان، و خیانەتی هێندێک لە نوێنەران کۆتایی مانگرتن ڕادەگەیەنن و ڕێسواتر لە هەمووان ئەوەی کە شانۆی دامەزراندنی شوڕای ئیسلامی کرێکارانی حەوت تەپە دێتە گۆڕێ. بەڵام کێ هەیە نەزانی کە شوڕا ئیسلامیەکان وەک دەستی درێژ کراوی حکومەت، ڕێسوا تر لەوەن کە بتوانن خۆیان بکەنە جێگرەوەی شوڕای سەربوخۆ و هەڵبژێردراوی کرێکارانی قارەمانی حەوت تەپە. ئەگەر سیناریۆی سەندیکا سازی درۆینە لە بەرانبەر سەبدیکای واحیدا توشی ڕیسوایی دەبێت. چۆن ناکرێت گومانی ئەوە بکەیت ئەو کرێکارانەی کە ٢٨ رۆژ مانیانگرت و هاوپشتی بەرینیان لە نێوخۆ و دەرەوە دەستەبەر کرد، لەیەکەم دەرفەتدا دەفتەر و دەستەک بدەن بەبادا. ئێستا ئیتر تەشەکولی سەربەخۆ، شوڕاو ئیدارەی شوڕایی ببوە بەشێک لە پێناسەی موزد و حقوق بگیرانی کۆمەڵگا.

دەوڵەتی و جیرە خۆرەکانیان لە تەشەکولە ڕیسوا ئیسلامیەکانیاندا پێیان وابوو کە بە ئازاد کردنی ئیسماعیل بەخشی و سپیدە قولیان دوای نزیک بە مانگێک زیندان و ئازار دان و ئەشکەنجە کردن و وەرگرتنی بارمەتەی ٤٠٠ ملیۆنی لێیان ئارامی دەگێڕنەوە بۆ حەوت تەپە. بەڵام ئیدیعانامەی ئیسماعیل بەخشی لەدژی ڕژیم لە پێوەند لەگەڵ ئەشکەنجەی وەحشیانەیدا سەرلەنوێ حەوت تەپە، مانگرتنی قارەمانەنی و ڕێبەرانی جەسوری کێشاوەتەوە نێو گۆڕەپانی کۆمەڵگا. ئیسماعیل بەخشی نیشانی دا کە وێڕای بوونی ئەو هەموو ئەشکەنجە و ئازارەی کراوە هەروا نوێنەرێکی ئازا و بەجەرگ و وشیاری مانگرتنی کرێکارانی حەوت تەپەیە. بێگومان کرێکارانی حەوت تەپە ئیتر ئەو کرێکارانە نین کە بەر لەم مانگرتنە ٢٨ رۆژەیە بوون. ناکرێ تەشەکولی دەست ساز، بەکرێکیراو و جیرە خۆری ئیسلامیان بەسەردا داسەپێنی. ئەم کرێکارانە ناتوانن بە وەعدە و وەعید لە کۆڵ بکرێنەوە. ئەوان بۆ ئازادی عەلی نەجاتی شەڕ دەکەن و ئەوان لەنێو ناخی ئەم دۆخەدا لە ڕێگای کاناڵی سەربەخۆی خۆیانەوە خوازیاری ئازادی کرێکارانی فولادی ئەهواز بوون.

سەرەڕای گشت سەرکوتگەری و پیلانەکانی ڕژیم، کرێکارانی حەوت تەپە و فولادی ئەهواز شوێن پێیەکیان لە خۆیان بەجێ هێشتوە کە بزوتنەوەی کرێکاری ئێران بە لەبەرچاو گرتنی ئەزمون و دەستکەوتە بە نرخەکانیان، نەبەردە یەکلا کەرەوەکانی داهاتوی ڕێکدەخات. بێگومان کرێکارانی حەوت تەپە و فولادی ئەهواز بەم هەموو وشیاریەوە، بەم هەموو بوێری و جسارەت و متمانە بە خۆیەوە پەرچەمی بەرەو پێش چوونی چینی کرێکاری ئێرانی بۆ نەبەردی کۆتایی و یەکلاکەرەوە وەئەستۆ دەگرن.

بابەتی پەیوەندیدار

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-