لە حاڵێکدا کە کاربەدەستانی دەوڵەتی رۆحانی، ئیدیعا دەکەن کە نرخی ئاوسانیان گەیاندۆتەوە خوارتر لە ١٠ لەسەد و بە ناو دەڵێن تەوەرومیان کردۆتە یەک رەقەمی، سەرەڕای ئەم جۆرە ئیدیعایانە، نرخی کالا ئەساسیەکانی جێی پێداویستی خەڵک بە خێرایی لە حاڵی بەرزبوونەوە دایە. لەم پێوەندەدا، هەواڵنێری تەسنیم کە لە ئێران ئیجازەی چالاکی ڕەسمی هەیە نووسیویەتی، “لە حاڵێکدا کە کرێکاران هێشتا یەکەم حوقوقی ساڵی نوێیان وەرنەگرتوە، شاهیدی زیاد بوونی ٣٠ لەسەدی نرخی بەرهەمە خۆراکیەکانی سەبەدی بەڕێچوونی بنەماڵەکانیانن”. بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، “حەقدەستی زیاتر لە ١٣ ملیۆن کرێکار لەمساڵدا، ناگاتە یەک ملیۆن تمەن، بەڵام هەزینەی ژیانیان لە مانگدا نزیکەی ٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەنە. بە دەستپێکی ساڵی نوێ، نرخی کالا ئەساسیەکان بەرەورووی بەرز بوونەوەی نرخ بوونەتەوە”.
زیاد بوونی ٣٠ لەسەدی نرخی کالا ئەساسیەکانی جێی پێداویستی خەڵک لە حاڵێکدایە کە حقوقی کرێکاران لە ساڵی ١٣٩٦دا، تەنیا ١٤ لەسەد زیاد بووە. لە حاڵێکدا هێڵی هەژاری لە ئێران، ڕەقەمێکی نزیک بە چوار ملیۆن تمەن لە مانگدایە. واتە لە باشترین حاڵەتدا، ئەگەر کرێکار و بنەماڵەکەی نەخۆش نەکەون، یان میوانیان نەیەت، ناچار نەبن جل وبەرگ بکڕن و یان وەسایلی ماڵیان پێویست بە چاک کردنەوە نەبێت، هەیە مامناوەندی حقوقی کرێکارێک وەریدەگرێ، تهنیا بەشی ١٠ رۆژی خەرجی خۆی و بنەماڵەکەی دهکات. ڕاستیەكی وهها سەرسەخت و بە ئاشکرا، به دانی ئاماری درۆینەی بانکی ناوەندی و ئیدیعای بێ بنەما، پەردە پۆش ناکرێت. دەوڵەتی رۆحانی ئاگاهانە درۆ لەگەڵ خەڵک دەکات. گران کردنی کالاکان، شێوازێکی جێکەوتوی تاڵان کردنی نانی سەر سفەرەی خەڵکی زەحمەتکێشە لەم وڵاتەدا و دەوڵەت خۆی ڕاستەوخۆ بەرپرسی گران بوونی نرخی پێداویستیە سەرەتاییەکانی، ژیانی خەڵکە.
کۆماری ئیسلامی دەڵێ کە گرنگترین سەرچاوەی داهاتی دەوڵەت، دوای فرۆشتنی نەوت وەرگرتنی ماڵیاتە. بەڵام هەموان دەزانن کە ئەم ڕژیمە، قەت نەیتوانیوە سیستمێکی جێکەوتووی کۆکردنەوەی ماڵیاتی ڕاستەوخۆ، ئەو جۆرەی کە لە ڕژیمە بۆرژواییەکانی تردا باوە، ڕێکبخات. هۆیەکەشی ئەوەیە کە لە نیزامێکی مەزهەبیدا، کۆکردنەوەی وجوهاتی شەرعی وهك “خومس و زەکات و هیتر”، كه جێگای مالیاتی راستهوخۆ دهگرێتهوه، ناندان و ئامرازی دەسەڵاتی مەڕاجعی تەقلیدە. کەوایە بێ گومان ئەم سەرچاوەیەی داهاتی دەوڵەت، نەک ماڵیاتی ڕاستەوخۆ، بەڵکو ماڵیاتی ناڕاستەوخۆیە. بەڵام ماڵیاتی ناڕاستەوخۆ، هیچ شتێک نییە بێجگە لە داسەپاندنی نرخێکی گران بەسەر ئەو کالایانەدا کە زۆرترین خواستیان لەسەرە، واتە پێداویستیەکانی ژیانی رۆژانەی خەڵک. لەم رووەوە، نرخی ئەم کالایانە یان ڕاستەوخۆ لە لایەن وەزارەتخانەکانی جیهادی کەشاوەرزی، بازرگانی و هەروەها، دەیان شیرکەت و دامەزراوەی دەوڵەتی و نیوە دەوڵەتی چالاک لە بواری هاوردە کردندا، دهیاری دهكرێت و یان بە دانانی ماڵیات لەسەر ئەم کالایانە بە کردەوە نرخەکانیان لە بازاڕدا بەرز دەکەنەوە. هەموو ساڵیک، مەعمولەن دەوڵەت کەسریەکی بودجەی کەڵانی هەیە. ئەم کەسری بودجەیەی دەوڵەت بەجێگای ئەوەی کە بە کەم کردنەوەی هەزینەی ماجەراجوییە نیزامیەکانی ڕژیم، لێرە و لەوێی خاوەرمیانەدا چارەسەر بکرێت لە ڕێگای تاڵان کردنی ناڕاستەوخۆی نانی سەر سفرەی خەڵکی زەحمەتکێشەوە، دابین دەکرێت. ئەو ئاغازادانەی کە بەرپرسی شیرکەتە هاوردەکارانن، ئەو ڕانت خۆر و دزە گەورانەی کە هەر ماوەی جارێک، ناوی یەکێکیان دەکەوێتە سەرزاران، ئەو تۆڕە مافیاییانەی کە بەستراوەنەتەوە بە سپای پاسدارانەوە، ئەو دەڵاڵانەی کە بە شاردنەوە و عەمبار کردنی کالاکان و یان دەستاودەست کردنیان، وەک ئەنگەل و مشەخۆر لە سایەی ڕژیمی ئیسلامیدا، درێژە بە ژیانی خۆیان ئەدەن، هەرکامە و بەدوای دەوڵەتدا، لەم سفرە مفت و پڕ لە خێروبێرەی كه بۆیان ڕاخراوه، بەهرە وەردەگرن. کاتێک کە بەکار هێنانی گشت ئەم شێوازانە بە ئەندازەی کافی کارساز نەبوو، ئەوکات دەوڵەت دەست دەکات بە چاپ کردنی پارەی بێ پشتیوان و بە ناوی جۆراوجۆری وەک یارانە و سەهمی عەداڵەت و لە ڕێگای کۆمیتەی ئیمداد و هیترەوە، ئاژینی دەکاتە کۆمەڵگاوە. بەم جۆرە، گرفتەکەیان بە شێوەی کاتی لە گیرفانی خەڵک چارەسەر دەکەن، بەڵام لە هەمان حاڵدا، قەیرانێکی ئابووری کە داوێنگیریان بووە پهره پێدهدهن و قوڵتری دەکانەوە.
کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش، ئیتر باوەڕ بەم درۆ هەڵبەستراوانەی وەک “یەک ڕەقەمی” بوونی نرخی تەوەروم ناکەن. هەموو مانگێک هەواڵی دابەزینی نرخی ئاوسان لە لایەن ناوەندەکانی ڕژیمەوە ڕادەگەیەندرێت، بەڵام خەڵک هەروا بۆ دابین کردنی پێداویستیە ئەساسیەکانیان، بەرەوروی کێشە و گرفتن. کالا و خزمەتگوزاریە ئەساسیەکانی خەڵک، رۆژانە گران دەبن و خەڵکیش نە تەنیا ئەم ئیدیعایەی ڕژیم لە ژیانی رۆژانەیاندا هەست پێناکەن، بەڵکو رۆژ بە رۆژ شاهیدی گرانتر بوونی پێداویستیەکانی رۆژانەیانن.
له راستیدا تا کاتێک کە ڕژیمی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامی خاوەن دەسەلاتە، بارودۆخی کرێکاران و زۆربەی خەڵکی ئێران، لەوە خراپتر دەبیت. ئەم ڕژیمە نە دەیەوێ و نە دەتوانێ، باشتر بوونێک لە ژیانی خەڵکدا بەدیبێنێ، و هەر دەرەجەیەک لە ئاڵوگۆڕ، هەرچەند کەمیش بەبێ خەباتێکی یەکگرتوانەی جیدی و بەردەوام، دەستەبەر نابێت. جەماوەری خەڵک دەبێ بەهێز و ڕێکخراو، مافە پێشێل کراوەکانیان بەسەر ڕژیمدا داسەپێنن و ڕێگای ڕزگار بوونی یەکجاری خۆیان، خۆش بکەن.