کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کەلێنی نێوان باندەکانی ڕژیم قوڵتر دەبێتەوە.

هێشتا ماوەیەکی زۆر بەسەر ئاکامی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریدا تێنەپەڕیبوو وە لە حاڵێکدا کە سەرجەم باڵەکان قسەیان لە ” تێگەیشتنی” خەڵک و پشتیوانیان لە نیزام دەکرد و ئەوەیکە دەبێ بە هاوبەشی کێشەکانی پێش هەڵبژاردن بنێنە لاوە، کە دەورێکی نوێ لە شەڕ و کێشەی نێوان باڵە حکومەتیەکان دەستی پێکرد. بێجگە لەو گۆشە نیگایانەی کە لەم کێشانەی هەردوو باندی سەرەکی لەنێوان هەرکامیاندا بوونی هەیە بەڵام ئاشکرایە کە کێشەی واقعی نێوان روحانی و خامنەیی وەک نوێنەری باندە سەرەکەیەکانی ڕژیم لە ئارادایە. ئەگەرچی هێرشی هەردوو لا بۆسەر یەکتر لە گەلێک کاتدا بە ڕاشکاوی ڕاناگەیەندرێت و یان لە زمان وتەبێژانی دەرەجە ٢ و ٣وە مەترەح دەکرێن بەڵام هەموو ئەو دیاردانەی هەن نیشانی ئەدەن کە کێشمەکێشی نێوان باندە حکومەتیەکان نە تەنیا هێور نابێتەوە بەڵکوو لەگەڵ هەر ئاڵوگۆڕێکی نێوخۆیی و دەرەکیدا ئەم کێشمەکێشانە بە شکڵ و شێوەی جۆراو جۆر دەردەکەون.157

له‌ ڕاستیدا بەرەنگار بوونەوە و دژایەتی نێوان باندە جۆراوجۆرەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی به‌رده‌وام ئاواڵدوانەی ئەو ڕژیمە بووە و شیدەت و لاوازیەکەی بە لەبەرچاو گرتنی ئەو گرفتانەی لەبەردەم ڕژیمدان دیاری کراوە. لەگەڵ ئەوەدا کە یەکێک لە کارکردەکانی بە ناو هەڵبژردنی کۆماری ئیسلامی تەنزیمی دەسەڵات بووە بە لەبەرچاو گرتنی هاوسەنگی نێوان باڵە حکومەتیەکان، بەڵام ئەو قەیرانانەی لەنێوخۆدا هەیە و بارودۆخی گۆڕاوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەمجارە دەرفەتێکی ئەوتۆ بۆ باندە حکومەتیەکان بەدی نە‌هێنێ کە خۆیان لەگەڵ بارودۆخی دوای هەڵبژاردن و تەنزیمی ڕێژەی دەسەڵاتی باندەکان و چوارچێوەی ئەم دەسەڵاتە بگونجێنن. روحانی دوای سەرکەوتنی هەرچەند کە پەیغامیدا بە باندی ڕەقیب کە لە فەزای دەورەی تەبلیغاتی هەڵبژاردن دەبێ دوور بکەونەوە بەڵام بە وتنی ئەوەیکە “موافقەتی زۆرینەی خەڵک لەگەڵ دیدگایەکی دیاریکراو لە بەرانبەر ڕوانگەی ڕەقیبدا پێشان ئەدات” پەیامێکی روونی دایە باندی ڕەقیب. روحانی چەند رۆژ دواتریش لە حاڵیکدا کە میزبانی کۆمەڵیک لە چالاکانی ئابووری بوو دژایەتی خۆی لەگەڵ چڕ بوونەوەی بەشێکی زۆر لە ئابووری لە دستی سپادا و پشتیوانی لە کەرتی تایبەت کە گەورەترین پێگەی ئەو پێکدێنن دەربڕی. ئەو وتی: “ئەسڵی ٤٤ بۆ ئەوە بوو کە ئابووری بدرێتە دەست خەڵک و دەوڵەت دەست لە ئابووری بکێشێتەوە، بەڵام ئێمە چی بکەین؟ بەشێک لە ئابووری لەدەست دەوڵەتێکی بێ تفەنگدا بوو کە ئەومان دایە دەست دەوڵەتێکی خاوەن تفەنگ. ئەمە ئابووری و خوسوسی سازی نییە. لەو دەوڵەتەی کە تفەنگی نەبوو ئەترسان، چ بگات بەوەی کە ئابووریمان دایە دەوڵەتێک کە هەم تفەنگی هەیە و هەم ڕاگەیاندن و هەموو شتێکی هەیە و کەسیش ناوێرێ ڕقابەتی لەگەڵدا بکات.” ئەم پەیامە هەڵبەت رووی لە پشتیوانانی ئاشکرای کاندیدی بەرانبەری رووحانی نەبوو لەو روەوە کە ئەم ڕازە ئاشکرا بوو کە سپا و بەیتی ڕێبەریی خوازیاری سەرکەوتنی ڕەئیسی بوون. تەنیا ترس لە تێکرار بوونەوەی ئاخیزی ساڵی ٨٨ لە بارودۆخێکدا کە ڕژیم بەرەو رووی بارودۆخێکی نێونەتەوەیی و ناوچەیی، زۆر لەباریش نەبوو، بوو بە هۆی ئەوەی کە خۆیان لە موهەندیسی کردنی بەناو هەڵبژاردن، ئەو جۆرەی کە لە ساڵی ٨٨ دا ئەنجامیاندا، ببوێرن. لەبەر ئەوەی کە دەیتوانی ئەوان بەرەو رووی مەترسی جیدی بکاتەوە. خامنەیی لە یەکەم دەرفەت و لە مەراسمی بەربانگی ٢٢ی مانگی جۆزەردان دا پەیامێکی روونی بەڕووی روحانیدا دا. ئەو بە باسی تەجروبەی بەنی سەدر لە ساڵی ١٣٥٩دا ئەوی ئاگادار کردەوە کە “کۆمەڵگا دوو جەمسەری نەکاتەوە”، پەیامێک کە چەند رۆژ دواتر لە خۆپیشاندانی رۆژی قودسدا لایەنگرانی بە دروشمی “مەرگ بۆ بەنی سەدر”، ” روحانی، بەنی سەدر، پێوەندتان موبارەک”، ئەم پەیامەیان خستە قاڵبێکی مادیەوە. ئەم هێرشە بۆسەر روحانی لە ڕاستیدا دەربڕینی سیاسی و کەلامیەکەی شتێک بوو کە خامنەیی لەژێر ناوی ” ئاتەش بە ئیختیار” چەند رۆژ پێشتر لە کۆبونەوەی خوێندکارانی حیزبۆڵڵادا کردبووی.

لە ناخی ئەم کێشمەکێشانە دایە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە نێودڵی پێتەختەکەیدا دەکەوێتەبەر هێرشی تیرۆریستی داعش و لە ناخی ئەم بارودۆخەدایە کە ئێئتیلافی ڕێکخراو لە لایەن عەرەبستانەوە ئەمجار بە مێحوەریەتی ئامریکا بۆ پەڕاویز خستنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی شکڵ دەگرێت. بەتایبەت سوخەنرانی وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە حەوتوی ڕابردودا سەبارەت بە “گۆڕینی ئاشتیانەی ڕژیم لە ناوەوە” نەیدەتوانی کێشمەکێشی نێوان باڵەکان توندتر نەکاتەوە.

بێ گومان ڕاگەیاندنی ئەم ستراتێژه‌ لە لایەن وەزیری دەرەوەی ئامریکاوە لە پێوەند لەگەڵ کۆماری ئیسلامی تەنانەت ئەگەر نەڵێین کە جەوهەری ئەساسی ستراتیژی ئەم دەورەی ئیمپڕیالیزمی ئامریکا دوای بە دەسەڵات گەیشتنی ترامپ دەخاتە روو، لانیکەم دەبێ لەو وەک گرینگترین توخمی سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا لە پێوەند لەگەڵ ئێراندا باس بکرێت. تەنانەت ئەگەر ئەم سیاسەتە وەک پەیامێکێش بۆ ئوپوزسیۆنی بۆرژوایی کۆماری ئیسلامی لەبەرچاو نەگرین و ئەوەی کە دەبێ خۆیان لەگەڵ ئەم سیاسەتە نوێیەدا هاو ئاڕاستە بکەن، دەربڕینی ئاشکرای پشتیوانی ئیمپڕیالیزمی ئامریکایە لە باڵی پڕۆغه‌رب و ئیسلاح خوازانی نێوخۆی ڕژیم. گومانی تێدا نییە کە باندی ڕەقیب دەستی لەسەر دەست دانەناوە و سیاسەتەکانی لە پێوەند لەگەڵ ستراتیژی ڕاگەینەدراو لە لایەن ئامریکاوە ڕێکدەخات. توخمەکانی ئەم سیاسەتە دەتوانن بەربەرەکانێیەکی توند لەگەڵ باڵی روحانی و کۆی ڕیفۆڕم خوازان و ئیعتیدالیون، توند کردنەوەی سەرکوتی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان بۆ بەرگرتن لە مەترسی تەقینەوە کۆمەڵایەتیەکان و لە کۆتاییدا گەلێک ماجەراجویی نوێ لە دەرەوەی سنورەکانی ئێران و لە بەرەنگار بوونە لەگەڵ ستراتیژی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا بێت.

تەنیا ئاکامێک کە لەم کێشمەکێشانە بە نسیبی بە میلیۆن کەس لە کرێکاران و خەڵکی هەژاری کۆمەڵگا دەبێت، بوونی کۆمەڵگایە بە مەیدانێکی خوێناوی کێشمەکێشی نێوان باندە حکومەتیەکان و لێک هەڵوەشانی زیاتری شیرازەی کۆمەڵگە و پەرەسەندنی ئاستی هەژاری، حاشیە نشینی و بێ مافی بە تەواوەتی زۆربەی کۆمەڵگە.

لە ئاوا بارودۆخێکدا پێشڕەوانی بزوتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتیەکان و بە تایبەت هەڵسوراوانی سوسیالیستی ئەم بزوتنەوانە ئەو ئەرکەیان لە ئەستۆیە کە نەهێڵن خەڵک ببنە گۆشتی دەمی تۆپی کێشەی نێوان باندە حکومەتیەکان. خەڵک دەبێ لە ئاستێکی ملیۆنیدا هەست بەوە بکەن کە یەکەم خاکریز بۆ رزگار بوون لە بارودۆخی فەلاکەتباری ئیستا روخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامییە. نابێ بێڵن هێزە ئیمپڕیالیستیەکان لە ساتوسەودا لەگەڵ بەشێک لە ڕژیم و بە هاوجیهەتی ئوپوزسیۆنی بۆرژوایی و لە بانسەری خەڵکەوە چارەنووسی کۆمەڵگە دیاری بکەن.