کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کەرنەڤاڵی ئەربەعین، خەرجکردنی هەزینەیەکی زۆر لە سفرەی بەتاڵی خەڵک

download 7

ئەمڕۆ ١٥ی خەرمانان، ڕێوڕەسمەکانی ئەربەعین و ڕێپێوانە دەوڵەتییەکان کۆتایی پێدێت. بەو پێیەی کە ڕێوڕەسم و ڕێپێوانی ئەمساڵ تەنیا دە ڕۆژ پێش لە ساڵیادی قەتڵی حکوومەتی ژینا ئەمینی بەڕێوە چوو، ڕژیم بوودجەیەکی زۆر و زەوەندەی بۆ لەبەرچاوگرتووە بۆ ئەوەی بە هێزە سەرکوتگەرەکانی بڵێت کە پێگەی جەماوەریی هەیە و زیاتر ئامادەیان بکات بۆ کوشتنی جەماوەری ناڕازی و شۆڕشگێڕ. ئەمساڵ بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامی وێڕای بردنەسەرەوەی ئاستی سەرکوتەکان وەک ئامرازی سەرەکی مانەوەیان، هاوکات هەزینەیەکی زۆریان بۆ مەراسمەکانی مانگی موحەڕەم خەرج کرد تا بەڵکوو ئەو خەڵکەی کە خۆیان لە ئیسلامی سیاسی و حکوومەت بەدوور گرتووە، لە مانەوە و بەردەوامی خۆیان دڵنیا بکەن. بەڕواڵەت ڕێوڕەسمەکانی ئەربەعین سەرنجڕاکێشترین بەشە لە ڕێوڕەسمی موحەڕەمدا. بەشێک لەو خەرجییانەی لەو مەراسمانەدا کراون، لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاوکراوەتەوە. ڕۆژی ١١ی خەرمانان، سایتی ” دیدەبان”ی ئێران ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا لێکۆڵینەوە لەسەر بەشێک لە بودجەی گشتیی ئەربەعین کراوە. بە وتەی ئامادەکاری ڕاپۆرتەکە، ئەم بەشەی بودجە ئەگەرچی شەفاف نییە، بەڵام هەندێک لە ڕاستییەکان دەخاتە ڕوو. بۆ باشترکردنی ژێرخانی ئەربەعین لە پارێزگای کرماشان بڕی ٤٣٩ میلیارد تمەن خەرج کراوە. ئەم بڕە پارەیە نزیکەی پێنج هێندەی پشکی جێبەجێکردنی پلانی کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوای ناوچەکەیە. لە پارێزگای دەوڵەمەند، بەڵام بێ ئیمکانات و تاڵانکراوی ئیلام، ٦ هەزار و ٤٠٠ میلیارد تمەن لەم بوارەدا خەرج کراوە، کە دەکرا ٧٥٠٠ تەختی نەخۆشخانەی پێ دابین بکرایە. هیچ زانیارییەک سەبارەت بە پارێزگای خوزستانی دەڵەمەند و تاڵانکراو بڵاونەکراوەتەوە. بەڵام لە وتووێژەکانی پارێزگاری ئەو پارێزگایەدا هەندێک ئامار دەست دەکەوێت. پارێزگاری خوزستان ڕۆژی ٢٧ی گەلاوێژ  ڕایگەیاند کە جگە لە ڕێکخستنی ئوتووبووسەکانی کەرتی تایبەت، دوو هەزار ئوتووبووس لە تورکیەش بەکرێ گیراون. جگە لەوە ئیدارەی ڕێگاوبان، ڕێگاکان نۆژەن دەکاتەوە و هێماکان دەگۆڕێت و ئەمنییەتی ڕێگاوبانەکان دەباتە سەرەوە. ئیدارەی بەرقیش لە هەر بارودۆخێکدا بەرقی پێویست بۆ زیارەتکاران دابین دەکات و هتد…

وەزارەتی ڕێگاوبان سێ هەزار ملیار تمەن سەرچاوەی بۆ چاککردنەوە و باشترکردنی ڕێگاوبانەکان تەرخانکردووە، کە یەکسانە لەگەڵ ئەو بڕە هەزینەیەی کە بۆ دابینکردنی گازی پارێزگاکانی سیستان و بەلووچستان لەبەرچاوگیراوە، هورمزگان و بەشێک لە پارێزگاکانی ڕۆژئاوای وڵاتیش کە هەتا ئێستا لە بوونی گاز بێبەشن. ٣ ڕۆژ مۆڵەتی تەشویقی و پێنج ملیۆن تمەن کۆمەک هەزینە و یەک ملیۆن تمەن دەرێت بە هەر ئەندامێکی بنەماڵە بە مەبەستی ناردنیان بۆ ڕێپێوانەکانی ئەربەعین. کە بەو بڕە پارەیە دەتوانرا لە پڕۆژەی نیشتەجێکردنی نیشتمانیدا ١٥٠٠ یەکەی ئاپارتمانی٧٠ مەتری دروست بکرێت. بڕی ئەو بودجەیەی کە تەرخانکراوە بۆ ستادی ئەربەعین و لەژێر چاودێری وەزارەتی ناوخۆدایە، ئاشکرا نەکراوە، بەڵام جێگری وەزیری ئاوەدانکردنەە ڕایگەیاندووە، ئەمساڵ ئەم وەزارەتە بڕی ٥٥٠ ملیارد تەمەنی بۆ ژێرخانی ئەربەعین تەرخان کردووە کە ٤٠٠ ملیارد تمەنی خەرج کراوە. ئەم ئامارە پێنج ئەوەندەی پشکی دروستکردنی میترۆی تاران لە بودجەی ئەمساڵدایە. شۆڕای شاری تاران ئەمساڵ ٤٠ ملیارد تمەنی بۆ ئەربەعین تەرخان کردووە. جگە لەوەش شارەوانی تاران ساڵانە ئیمکانات و پێداویستی دیکەش بۆ ئەربەعین لەبەرچاو دەگرێت؛ لەوانەش ناردنی ئامێرەکانی گواستنەوە و کرێکاری بەشی خاوێنکردنەوە، کە بێگومان ئەمانەش خەرجییەکانی شارەوانی زیاتر دەکەن. جگە لە شارەوانی تاران، شارەوانی مەشهەدیش بە فەرمی بوودجەی ٢٦ ملیارد تمەنی بۆ ڕێوڕەسمی ئەربەعینی ئەمساڵ پەسەند کردووە. شارەوانی شارە گەورە و بچووکەکانی دیکەش کەم و زۆر هەزینەیەکیان لە بودجەی خۆیان بۆ ئەم بۆنەیە تەرخان کردووە کە بڕەکەی ڕانەگەیەندراوە.  هەر لەو چوارچێوەیەدا ڕاگەیەنەرەکانی تریش بڵاویانکردەوە کە بانکی ناوەندی “٢٠٠ هەزار دیناری عێراقی” دەدات بە هەر زیارەتکارێکی ئەربەعین.

بەپێی هەڵسەنگاندنی مامۆستایەکی ئابووری، ٥٠ میلیۆن هاووڵاتی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدان. بە پێی ڕاپۆرتی چاودێریی هەژاری وەزارەتی کار و هاوکاری و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی، نزیکەی ٢٦ میلیۆن کەس لە دانیشتوانی ئێران لە ساڵی ١٤٠٠دا لە ژێر هێڵی هەژاری ڕەهادا بوون. ئەگەر ئەو بوودجەیەی کە تەنیا بۆ چەند ڕۆژێکی ئەربەعین خەرج کراوە، لەگەڵ هەزینەی هاوکارییەکانی ڕژیم بۆ ئۆرگانەکانی سەرکوت و دامودەزگا ئایینییەکان بخەیتە سەریەک، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەژاریی هاووڵاتیان بەڕوونی دەردەکەوێت. کابینەی ڕەئیسی، جگە لە هێزە چەکدارەکان و هەواڵگری و ئینتزامی، بودجەی دامەزراوە ئاینییەکانیشی لە ساڵی ١٤٠٢دا بە ڕادەیەکی سەرسوڕهێنەر زیادکردووە.

ئایین ئامرازێکە بۆ سەرکوتکردنی مرۆڤەکان لەدەرووندا. لە هەموو حکوومەتەکاندا و بە تایبەتی لە حکوومەتی کۆماری ئیسلامیدا، لە ئیسلام وەک ئامرازێک بۆ پاساوکردنی چەوسانەوە، سەرەڕۆیی و ستەمکاری، ئەشکەنجە، ئێعدامی هەزاران زیندانی سیاسی و هەڵاواردن و نایەکسانی، کەڵک وەرگیراوە.  ئەم ئامرازی سەرکوت و پاساوکەری نایەکسانییە، لەهەمانکاتدا، ناندێنێکی گەورە و دزپەروەرێکی گەورەش بووە. ئەم واقیعییەتانە وایکردووە کە بە ملیۆنان هاووڵاتی هۆشیار، ئاسەوارەکانی ئیسلام لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیان و لەوانە لە ڕێوڕەسمەکانی یادی گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، بسڕنەوە. خەبات و تێکۆشانی ملیۆنی ژنانی پێشڕەو لەدژی حیجابی ئیجباری و فەرهەنگ و نەریتی کۆنەپەرستانەی ئایینی و هەروەها وەدیهێنانی بەکردەوەی مافی جل و بەرگی ئیختیاریش دەکرێ هەر لەم چوارچێوەیەدا خوێندنەوەی بۆ بکرێت. لە هەمانکاتدا نابێ ئەوە لە بیر بکرێت کە بەشێکی زۆر لەو ملیۆنان کەسەی بەشدارییان لە کاروان و مەراسمەکانی ئەربەعین دا کردووە، بریتین لە مووچەخۆرانی هێزە چەکدارەکان و  ئەو گەنج و لاوانەش کە ئیمتیازاتێکی زۆریان بۆ لەبەرچاوگیراوە، کە پێشتر ئاماژە بە بەشێکی کرا. بێگومان دەردی ڕژیمی ئیسلامی ئەوەندە گرانە کە بە شانۆی ئەربەعینیش چارەسەر ناکرێت.