کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کێ کۆمەڵگای بەرەو لێواری هەلدێر بردووە

لە ماوەی حه‌فته‌ی ڕابردوودا کۆمەڵێک قسە و باس سەبارەت بە تەرحی بوودجه‌ دەوڵەتی ڕووحانیی بەشێکی گەورەی لە هەواڵی مێدیای ئێرانی بۆ خۆی تەرخان کرد. وتەبێژی دەوڵەت و سەرۆکی مەجلیس لە تەوزیحی وەدوا کەوتنی گەڵاڵەی بودجە ڕایگەیاند کە خامنەیی کۆمەڵێک ڕێنمایی سەبارەت بە بوودجە هەیە کە بۆتە هۆی ئەوەی دانی گەڵاڵەی بودجە بە مەجلیس وەدوا بکەوێ. هاوکات ئەو هەواڵانەی بە شێوەی ناڕەسمی بڵاو بوونەتەوە نیشانی ئەدەن کە خامنەیی ڕێنمایی داوە کە لە” سندقی تەوسعەی میللی” بۆ ئامانجە نیزامیەکان” کەڵک وەربگیرێت. هاوکات بانکی ناوەندی وتی کە کەسری بوودجه‌ دەوڵەت لە حەوت مانگی ڕابردوودا گەیشتۆتە ڕەقەمێکی بێ وێنەی ٣٩ هه‌زار میلیارد تمه‌ن. ئەم ڕاپۆرتە دەڵێ کە کەسری بوودجه‌ دەوڵەت بە بەراورد لەگەڵ کارکردی ٧ مانگی ساڵی ڕابردووی، ٧٥ لەسەد زیادی کردووە. سەرەڕای ئەوەی کە دەوڵەت لە فرۆشتنی نەوت و بەرهەمی گازی ١٤ لەسەد زیاتریش له‌ پێشوو ده‌ست كه‌وتۆه‌، لەگەڵ ئەوەدا ئەم قەبارەیە لە بوودجە، كه‌سری هێناوه‌ و ئه‌وه‌ش بە هۆی زیاد بوونی بوودجه‌ نیزامی و دامەزراوە مەزهەبیەکان بۆه‌. ئاکامی ئەم سیاسەتە دژی خەڵکیانە هیچ شتێک نییە بێجگە لە هەژارتر كردنی جەماوەری ملیۆنی خەڵک و په‌ره‌سه‌ندنی نابەسامانییە کۆمەڵایەتییەکان. لە ناخی ئەم بارودۆخە دایە کە هەواڵی پڕ ئازاری گیان لەدەستدانی ٤ قوتابی ساڵی یەکەمی سەرەتایی لە زاهێدان بەهۆی ئاگر کەوتنەوە، جەرگی هەر ئینسانێکی بەرپرس ئازار دەدات . وەزیری ئاموزش پەروەرش بەو پەڕی بێشەرمیەوە دەچێتە پشت میکرۆفۆن و دەڵێ:” بۆ ئەوەی کە بتوانین ڕۆژێک بە خەڵک بڵێین کە لەمڕۆوە لە هیچ کلاسێکی دەرسدا کورەی نا ستاندارد و نا ئیمن بوونی نییە، ڕەنگە ٨ تا ٩ ساڵی دیکەی بوێت.” هەڵبەت دەوڵەتێک کە ئەو وەزیری کابینەکەیەتی، دەتوانێ بوودجه‌ کەڵان بۆ نیزامیگەری و فریوکاری تەرخان بکات. لەخۆڕا نییە کە هەموو ڕۆژە شاهیدی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران، موعه‌لیمان، خانەنشینان، لە بەشەکانی تایبەت و دەوڵەتی داین. تەوەڕومی ٤٠ له‌سه‌دی وای كردۆه‌ كه‌ داهاتی خەڵک تەنانەت بەشی دوو حەفتەشیان ناکات. و ڕۆژانە ژمارەیەکی دیكه‌ بە ڕیزی بەرەو پراوێز خراوان و بێکارانەوە زیاد دەبێت، بەشێوەیەک کە باس کردن لە بێکاری ٣٠٠ هەزار کرێکاری قەتعە ساز لە سەردەمی تەحریمەکاندا دەکرێت و یان ڕادەگەیەندرێت کە لە درێژەی داخرانی کارگاکانی بەرهەمهێنانی ئاڵمینیۆمدا، ئێستا کارخانەکانی قیری وڵاتیش داخراون.

گشت ئەمانە ئاگایی٤٠ ساڵەی ده‌سه‌لاتێكن كه‌ ئه‌و كۆمه‌لگایه‌ی بەرەو هەڵدێر بردووە.

لە حاڵێکدا کە دەوڵەت بۆ ئیمن کردنی مەدرەسەکان بە هۆی بوونی کورەی نا ئیمن ٨ تا ٩ ساڵ کاتی پێویستە تا بوودجه‌ بۆ دابین بکات، پەردە لە هەناردە کرانی ڕۆژانە زیاتر لە ٤٠ ملیۆن لیتر گازۆیل بۆ وڵاتانی دراوسێ بە شێوەی قاچاخ هەڵدەدرێتەوە. له‌و هه‌واڵه‌دا هاتووە کە ژمارەیەک مەخزەنی ٣٠ تا ٤٠ هەژار لیتریان لە ژێر زەویدا دانه‌كراوه‌ و لەوێوە لولەیان بۆ کێشاوە تا سەر دەریا و نزیک کەشتی سوتەمەنی لەوێ بار دەکرێت. ئەم هەواڵە ئیتر بیرەوەری دەکەلە نه‌وتیه‌ ون بوەکان لە ساڵانی پێشودا زیندوو دەکاتەوە. چۆن دەکرێت لە کۆمەڵگایەکدا کە دەزگایەکی پان و بەرینی ئیتلاعاتی دەوڵەتی و سپای پاسدارانی هەیە و سەرکوت گەرانی خەڵک بە فەرمانی خامنەیی” ئاتەش بە ئیختیارن”، لە کۆمەڵگایەکدا کە بۆ سەرکوتی کرێکارانی ناڕازی هێزی ئەمنییەتی بە شەو دڕژێنە نێو ماڵی هەڵسوڕاوان و ڕێبەرانی کرێکاری، بەڵام ئاگاداری بوونی قاچاقچێتی لەم ئاستە بەرینەدا نەبن. چلۆن مومکینە کە قاچاخی خاکی بە پیتی ئوستانەکانی بوشەهر و هۆرمۆزگان بەرەو وڵاتانی لێواری کەنداوی فارس بە ترێلی ١٨ چرخ بەڕێوەبچێت بەڵام ئەو هێزانەی کە قوڵایی ئه‌منییه‌تی خۆیان لە خاکی سوورییەدا دەبینن، لەم هاتوچۆیانە بێ خەبەر بن. کاتێک ئەحمەدی نیژاد هەمان سەرۆك کۆماری کە تاریخ مەسرەفی بۆ سپا و بەیتی ڕێبەری کۆتایی هاتبوو لە پێوەند لەگەڵ بوونی بە سەدان ئیسکلەی لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت لە لێوارەکانی دەریایی ئێران باسی لە” برایانی قاچاخچی” کرد. و ئەمەش ئێستا گومانی نەهێشتۆتەوە کە ئەوان ئەنجامدەرانی سەرەکی ئەم قەبارەیە لە قاچاخی سوتەمەنی و خاکی بە پیت بوون. لەخۆڕا نییە کە نوێنەری ئەم بەشە لە دەسەڵات لە مجلیس بەر بە پەسند کردنی لایەحەی پەیوەست بوون بە کۆنوانسیۆنی خەبات لەدژی پوڵشویی دەگرێت. و دیسان لە خۆرا نییە کە لە ناخی ئەم کێشانەی باڵەکانی ڕژیمدا، موحسین ڕەزایی فەرماندەی پێشوی سپای پاسداران و دەبیری ئێستای مەجمەعی تەشخیسی مەسڵەحەتی نیزام کە ئێستا سەرلەنوێ بەرگی نیزامی لەبەر کردووه‌تەوە داماوانە هەوڵ ئەدات تا نابەسامانیە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان بخاتە ئەستۆی ئەوانی تر. ئەو ڕۆژی هەینی ٣٠ مانگی سەرماوەز لە سوخەنرانیەکدا لە” ئیجلاسی میللی ئەسحابی عیشق” بە ئاماژە بە نفوزی ئەمریکا و لایەنگرانی دەڵێت” لە سەردەمی به‌نی سەدرەوە تا ئێستا وەعدەی باشتر بوونی بارودۆخەکەیان داوە و کارەکەیان بە ئاکام نەگەیاندووە” و ئەوجار ئیدیعا دەکات کە” ئەوانەمان لە دیفاع و ئەمنییەت وەدەر نا، بەڵام لە ئابووریداماون و گرانی و تەوەڕوم بەسەر خەڵکدا دەسەپێنن.” مۆحسین ڕەزایی لە هەموان باشتر دەزانێت کە لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا سەرجەم باندەکانی ڕژیم لە دەسەڵاتدا بوون و هەمویان بەبێ جیاوازی سیاسەتی ئابووری نیئۆلیبڕاڵیان په‌یره‌و كردۆه‌ و لەگەڵ ئەوەشدا ئەو باشتر لە هەموان دەزانێ کە لانیکەم لە کۆتایی شەڕی کۆنەپەرستانەی ئێران و عێڕاقدا ئەوە سپای پاسدارانە کە هەنگاو بە هەنگاو سەرجەم شاڕەگە ئابوریەکانی کۆمەڵگا بە دەستەوە دەگرێت و هیچ بەشێکی گرنگی ئابووری نادۆزیتەوە کە ڕاستەخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە ئیختیار سپادا نەبێت. لەم ڕووەوە هەوڵەکانی بۆ دوور خستنه‌وەی سپا لە تیرڕەسی ئامانجی قین و توڕەیی موزد و حقوق بگیران و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان هەوڵێکی بێ سەمەر و داماوانەیە. لەبەر ئەوەی کە سەرجەم باندەکانی ڕژیم لە لێک هەڵوەشاندنی ئابووری کۆمەڵگا، و تاڵان و بڕۆی دەست ڕەنجی خەڵکدا و بە هەدەردانی کۆمەڵگادا شەریک و بەشدارن. مەگەر غەیرەز ئەوەیە کە هەر ئەم پاسدارانە بوون کە هێرشیان کردە سەر ڕیزی کرێکارانی هه‌فت تەپە و فوولادی ئەهواز، بۆسەر کۆبوونەوەی مۆعه‌لیمان، خانەنشینان و خوێندکاران و لە دەرەوەی سنوورەکان بە هەزینە کردنی بە میلیارد تەمەن لە سەروەتی بە تاڵان براوی خەڵک بوونەتە هێزێک بۆ پشتیوانی لە جەریاناتی کۆنەپەرستی مەزهەبی و بەرزە فڕیەکانی ڕژیم. سەرجەم باندەکانی ئەم ڕژیمە سەبەبکارانی بوونی ئەڕتەشی ملیۆنی بێکاران، حەقدەستی چوار جار لەژێر هێڵی هەژاریدا، بە ملیۆن منداڵی کار و هەموو نابەسامانیەکانی مەوجودن لە کۆمەڵگادا. لەم ڕووەوە تەنیا ڕێگای ڕزگاری کۆمەڵگا لە گشت ئەم کێشە و گرفتانە ڕووخاندنی ئەم ڕژیمەیە لە بەستێنی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیدا. و ئەمە ئەو ئه‌ركه‌یه‌ کە لە دەستوری کاری سەرجەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دایە.

بابەتی پەیوەندیدار

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-