کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کێشەی ڕژیم لە گرفتی مەسکەن و بێکاریدا

ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی مانگی پووشپەڕ عەلی ڕەبیعی وەزیری ” کار، تەعاون و خۆشبژێوی کۆمەڵایەتی” لەپیوەند لەگەڵ گرفتی بێکاریدا وتی، لە پێنج شەش ساڵی داهاتوودا دەوڵەت ناتوانێ گرفتی بێکاری چارەسەر بکات و لە ئێستاشدا هەموو هەوڵەکانی دەوڵەت لە خزمەت پاراستنی ئەو کار و پیشانە دایە کە بوونیان هەیە.” وەزیری کاری دەوڵەتی ڕووحانی ئەم قسانە لە حاڵێکدا كرد کە تەنیا یەک دوو مانگ لە تەبلیغاتی شانۆگەری هەڵبژاردن تێپەڕیوە کە تێیدا بێکاری و گرفتی مەسکەن ببوە باسی سەرەکیی تەبلیغاتی کاندیدەکانی سەرۆک کۆماری لەدژی یەکتر. بەم جۆرە وەزیری کاری ڕژیم ئاوێکی پاکی کرد بە دستی ملیۆنان ئینسانی بێکاردا کە هیوادار و بە ئاواتی دەستەبەر کردنی کارێک بۆ بەڕێچوونیان و دابین کردنی هەزینەکانی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیانن. ئەو لەم قسانەدا نە تەنیا وەعدەی کەم کردنەوەی دەرسەدی بێکاری نەدا، نە تەنیا هیچی سەبارەت بە زیاد بوونی ساڵانەی یەک ملیۆن لاوی خوێنده‌وار بە له‌شكری بەرینی بێکارانەوە لە ئێران نەکرد، بەڵکوو باسی لە ئەگەری کەم بوونەوە و لە دەست چوونی ٢٨٠ هەزار پیشەی مەوجودی بە تایبەت لە پیشەسازییە گەورەکانیشدا کرد. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕووحانی وەعدەی دابوو لە یەکەم ساڵی دەوڵەتە تازەکەیدا یەک ملیۆن هەلی کار دروست دەکات. هەڵبەت هەموو کەس دەیزانی کە ئیدیعای ڕەخساندنی یەک ملیۆن هەلی کار لە لایەن ڕووحانییەوە ئیدیعایەکی پوچ و بێ ناوەرۆکە لەبەر ئەوەیكه‌ لە دەورەی چوار ساڵەی سەرۆک کۆماریەکەیدا نە تەنیا نەیتوانی گرفتی بێکاری کەم بکاتەوە، بەڵکوو ٦٠ لەسەدی کارخانە سەنعەتییەکان و ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی کەرتی تایبەت و دەوڵەتیش داخران و مابەقی بە کەمتر لە نیوەی زەرفییەتیانەوە درێژەیان بە کارەکانیان داوە.

وەزیری کار دوای چوار ساڵ لە تەمەنی دەوڵەتی ڕووحانی کە خۆیشی یەکێک لە مۆرە سەرەکییەکانی بووە، هێشتا سەرچاوەی بێکاری ٤٠ لەسەدی یان بە قەولی ناوەندی ئاماری کۆماری ئیسلامی ” جەمعیەتی نا چالاک”ی خەڵک بە ڕکوودی ئابووریی لە دەورەی پێشودا بە حیساب دێنێ. ئەو بەم جۆرە پاساوانە دەیەوێ بەرپرسیاریەتی لە کۆڵ خۆی و دەوڵەتەکەی لە بەرانبەر بێکاری دەیان ملیۆن کەس لە خەڵکی ئێران لە چوار ساڵی ڕابردوو و چوار ساڵی داهاتووشدا بکاتەوە. بەڵام ئەوە تەنیا وەزیری کاری ڕژیم نییە کە سەبارەت بە ئاخیزی لاوان و جەماوەری ملیۆنی خەڵک ترسی لە دڵ نیشتوە و بۆ پاكانه‌ی خۆی ناچارە ئیعتیڕاف بە بارودۆخی کارەساتباری بێکاری دەکات. هەر ئەم پێنجشەممەیە بوو کە سەرۆکی دامەزاوەی ناسراو بە ” ستادی ئیجرای بڕیاری خومەینی”ش باسی لە پەرەگرتنی قین و توڕەیی خەڵک و ئاخێزیان لە دژی ڕژیم، بە خێرایی و په‌ره‌سه‌ندنی به‌ربڵاوی زۆری هەژاریی لە ئێران کرد. ئەو بە ئیعتیڕاف بە بوونی ١٢ ملیۆن کەس لە خەڵکی ئێران کە لەژێر هێڵی هەژاریی بەتەواوەتیدان و ٣٠ ملیۆن کەسی دیكه‌ کە لەژێر هێڵی هەژاری نیسبیدان، هۆشداری دایە بەرپرسان.168

داڕمانی ئابووریی قەیران لێدراوی ڕژیم و گەندەڵی کاربەدەستان، بۆتە هۆی بێکاری و هەژاری ڕۆژ لە ڕۆژ زیاتر لە گۆشە و کەناری ئێراندا. هەژاری و بێکاری تەنیا گرفتی خەڵکی ئێڕان نییە لە شارەگەورەکاندا، بەڵکوو خەڵکی شارۆچکە و دێهاتەکانیشی توشی برسیەتی و ئاوارەیی کردووە. تا ئەو جێگایەی خەڵکی بێکار ناچاربوون ماڵ و حاڵیان جێبێڵن و ڕوو بکەنە ژیانێک لە پەڕاوێزی شارەکاندا کە تێیدا خەبەرێک لە ئاو و بەرق و خزمەتگوزاری ئاموزشی و بێهداشتی و کۆمەڵایەتی نییە. ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی مانگی پووشپەڕ عەباس ئاخوندی وەزیری ڕێگا و شارسازی ڕژیم، ئاماژەی بە بابەتی حاشیەنشینی وەک دیاردەیەک لە دەوری هەموو شارەکانی ئێران کرد و وتی، ” نزیکەی ٤٠ لەسەدی جەمعیەتی شاریی لە بارودۆخێکی خراپدا دەژین.” ئەو لە درێژەدا وتی، ” ئێستا لە جەمعیەتی ٥٩ ملیۆنی شارنشین لە ئێران زیاتر لە ١٩ ملیۆن کەسیان پەڕاوێزنشین و بەد مەسکەنن و لە ماڵی بە بافت و پێکهاتەی کۆن و خراپدا دەژین.” هەڵبەت نیگەرانی و دڵەڕاوکێی ئاغای وەزیر لە پێوەند لەگەڵ پەڕاوێزنشینی کە یەکێکی تر لە هێماکانی ڕیسوایی و حاکمیەتی ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی و نیشانەی وەرشکستەبوونی ئابووریی ئەم نیزامەیە، ئەوە نییە کە زیاتر لە ١٩ ملیۆن کەس خەڵکی حاشیەنشین لە وەرگرتنی هەر چەشنە خزمەتگوزارییەک بێبەشن، بەڵکوو ئەو تەنیا نیگەرانی ئەوەیە کە حاشیەنشینی ” بەر بە هۆویەت یابی خەڵکی ئەو ناوچانە دەکرێت.”

بەڵام ئەوە تەنیا وەزیرانی کابینەی ڕووحانی نین کە لە بەرانبەر بێکاری و هەژاری ڕۆژ لە ڕۆژ زیاتردا کە حاکمیەت لە ئێران بەسەر خەڵکیدا سەپاندوە، هەموو جۆرە بەرپرسیاریەتیەک لە کۆڵ خۆیان دەکەنەوە. خودی ڕووحانیش بە دووپاتكردنه‌وه‌ی ئه‌و وته‌یه‌ كه‌ ” دەوڵەت ناتوانێ بە تەنیایی بەسەر گرفتە گەورەکانی وڵاتدا وەک ڕەخساندنی هەلی کار و گەشەی ئابووریی ٨ لەسەدیدا زاڵ بێت، خۆی و دەوڵەتەکەی لە هەموو بەرپرسیاریەتیەک بێبەری دەکات. ئەو بۆ پاساوی بێ مەسئولیەتی خۆی و دەوڵەتەکەی، لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ نوێنەرانی مەجلیس ڕێگا چارەی گرفتی ماڵی لە گرەوی ڕزگار کردنی ئابووری لە چنگ سیاسەت ناو برد و وتی، ” دەبێ دەوڵەت لە گۆڕەپانی ئابووریی بکشێتەوە تا مەیدان بۆ کەرتی تایبەت و ڕقابەتی ئازاد ” بۆ خەڵک” واتە بۆ سەرمایەداران بکرێتەوە. ڕووحانیی لەسەر ئەو بڕوایەیە کە ” دەرچوونی بونگا و دامەزراوە ئابوورییەکان لە دەست دەوڵەتێکی بێ چەک و کەوتنە دەست دەوڵەتێکی خاوەن چەک” لەنێو خۆی وڵاتدا چارەی کار نییە. ئەو وەک باقی هاوبیرەکانی باوەڕی بە سیستمی ئابووری نیئۆلیبڕاڵی هەیە کە دەبێ درگاکانی وڵات بە ڕووی سەرمایەی جیهانیدا بکرێتەوە و پێداویستییە سیاسیەکانی ئەم هاتنەش فەراهەم بکرێت. ڕووحانی لەو کۆبونەوەیەدا وتی لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا کەمتر لە پێنچ میلیارد دۆلار سەرمایەگوزاری دەرەکیمان بەرەو ئەم وڵاتە ڕاکێشاوە. ئەمە بۆ گەشەی ئابووریی و درووستکردنی یەک ملیۆن هەلی کار بە هیچ شێوەیەک کافی نییە.

ئەگەرچی ئەمەش ڕاستە و خاوەنانی سەرمایە ڕیسکی سەرمایەگوزاری لە ئێڕانی ژێر ده‌سه‌ڵاتێك بە پێکهاتەیەکی سیاسی هاوشیوەی کۆماری ئیسلامی قەبوڵ ناکەن، بەڵام ڕێگا چارەی جێی سرنجی ڕووحانیش کە هەمان نوسخەی ناوەندە ئابوورییەکانی سەرمایەداری نیئۆلیبڕاڵییە، ڕێگا چارە نییە. ئەم ڕێکارە لە زۆربەی وڵاتانی تردا پیادەکراوە و دەرکەوتووە کە ناتوانێ گەرفتە گەورەکانی ژیان و بەڕێچوونی خەڵک چارەسەر بکات. لەبەر ئەوەی هۆکاری سەرەکیی بێکاری و هەژاری و برسیەتی لە سەرتاسەری دنیادا خودی نیزامی زاڵمانەی سەرمایەداری و میکانیزمێکە کە سیستمی ئابووریی سەرمایەداریی دەوڵەتی و غەیرە دەوڵەتی لیبڕاڵ و نیئۆلیبڕاڵ پەیڕەوی لێدەکەن. ڕێگا چارەی ڕاستەقینە بۆ دەست ڕاگەیشتن بە ژیانێکی شایستەی و شیاوی مرۆیی ئاوەژوو کردنەوەی نیزامی سەرمایەداریی و بەرپا کردنی نەزمێکی دیكه‌ واتە نیزامێکی سۆسیالیستییە.