کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کێشەی نێوان ڕژیمه‌كانی پاشاگه‌ردانیی عەڕەبستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕەنگدانەوەی ململانێ ناوچەییه‌كانه‌

بە پێی ڕاپۆرتی تۆڕی میدیایی ئه‌لعه‌ڕه‌بییه‌، دادگای سزادانی ڕیاز ڕۆژی سێشەممە ١٦ی سەرماوەز ١٥ کەسی بە تۆمه‌تی “پێکهێنانی شانه‌ی سیخوڕیی” بۆ ڕژیمی ئێران و پێشێلکردنی ئاسایشی نەتەوەیی و سه‌روه‌ریی خاکی عەڕەبستان، بە ئێعدام مەحکووم کردووە. ئەم کەسانە لە زومرەی ئەو ٣٢ کەسەن کە ساڵی ٢٠١٣ بە تۆمه‌تی سیخوڕیکردن بۆ ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوون. سەرچاوەكانی هه‌واڵی عەڕەبستان به‌رواری ٢ی مانگی ڕەشەمه‌ی پارەکەش ڕایانگەیاندکە دادگای تایبەتی تاوانه‌كانی ڕیاز ٣٢ کەسی بە تۆمه‌تی “پێکهێنانی شانه‌ی سیخوڕیی بۆ ڕژیمی ئێران” دادگایی کردووە. كه‌ناڵی ئه‌لعەڕەبییە لە زمان دادگای تاوانه‌كانی ڕیازەوە، تاوانی ئەم کەسانەی “پێکهێنانی شانه‌ی سیخوڕیی” ڕاگەیاندووە کە لەگەڵ وه‌زاره‌تی “ئیتلاعات”ی ئێرانیشدا هاوکارییان بووه‌، زانیاریی نهێنی و هەستیاریان له‌سه‌ر دامەزراوە نیزامییەکانی عەڕەبستان داوەتە کۆماری ئیسلامیی، پیلانی ئۆپڕاسیۆنی خراپکاریی بۆسه‌ر دامەزراوە نیزامیی و ئابوورییەکانی عەڕەبستانیان هه‌بووە و ئاسایشی نەتەوەیی و سه‌روه‌ریی خاکی عەڕەبستان و هێزە نیزامییەکانی ئەو وڵاتەیان خستووه‌تە مەترسیی.بە شوێن بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتانەدا، بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران شەوی ڕابردوو ڕایگەیاند کە: “کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ چەشنە چالاکییەکی به‌پێچەوانەی یاساوڕێسای نێوده‌وڵه‌تیی و بنه‌ما دیپلۆماتیکه‌كان له‌ وڵاتی عەڕەبستان ئه‌نجام نه‌داوه‌ و ئەمجۆرە تاوانبارکردنانەش بێ بنەمان و به‌ مەبەستی سیاسییەوە ئەنجام دەدرێن. ناوبراو لە درێژەدا دەڵێ: “لە بارودۆخێکدا کە دونیای ئیسلام و ناوچەکە پێویستیی بە وەحدەت و خۆدوورگرتن لە هێنانەگۆڕی بابەتی کێشەساز هەیە، جەعل و بڵاوکردنەوەی تاوانی بێ بنەما و بەدوور لە ڕاستیی، بە مەسڵەحەتی هیچكام لە وڵاتانی ناوچەکە نییە.”868-1

لە کەس شاراوە نییە کە ئەمجۆرە کێشانە لە موناسباتی حکومەتی ڕیاز لەگەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا ڕەنگدانەوەی کێشمەکێشی بنه‌مایی دیكه‌ن‌ لەسه‌ر ئاستی ناوچەکە و شتێکی تازەش نین. بۆ نموونه‌ له‌ به‌رواری ١٢ی مانگی بەفرانباری پارەکە و له‌دوای ئەوەکە حکوومەتی پاشاگه‌ردانیی عەڕەبستان ڕایگەیاند کە ٤٧ به‌ندكراو و لەوانە ڕوحانییەکی شیعەی بەناوی “شێخ نێمێر باقێره‌لنێمێر” ئێعدام کردووە، کۆمەڵێک لە کەسانی سەر بە ڕژیم کە حەسەن ڕوحانی ئەوانی به‌ “سه‌ره‌ڕۆ” ناوبرد، به‌دوای چاوپۆشیکردنی هێزە ئەمنییەتییەکان، له‌ تاران هێرشیان کردە سەر باڵویزخانەی عەڕەبستان و هه‌روه‌ها بینای کۆنسولگەریی ئەم وڵاتە لە مەشهەد و هه‌رتكیان ئاگریانتێبه‌ردان. له‌و ڕێكه‌وته‌وه‌ به‌دوا، پێوەندیەکانی نێوان ئه‌م دوو ڕژیمه‌ تێكچووه‌. ئەم کێشانە لە حاڵیکدا درێژەیان هەیە کە هەردوو ڕژیمی ده‌سه‌ڵاتدار لە “ڕیاز” و “تاران” لە ناوه‌نده‌ قەیراناوییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤه‌ڕاست، بە هەموو توانا و هێزیانەوە خەریکی بردنه‌پێشی شەڕێکی جێگره‌وه‌ن لەدژی یەکتر. کەواتە گومان له‌وه‌دا نییە کە هەرکام لەم حكوومەتانە، لەو ئیمکاناته‌ی کە هەیانە، بۆ ناسەقامگیرکردنی ده‌سه‌ڵاتی یەکتر کەڵک وەردەگرن. حکومەته‌كه‌ی “ڕیاز” له‌ڕێگه‌ی ڕاگەیاندنی حوکمی ئێعدامی ١٥ کەس بە تۆمه‌تی سیخوڕێکردن بۆ ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە هەمانحاڵدا کە مه‌به‌ستی چاوترسێنكردنی نەیارانی ناوخۆی ڕژیمه‌كه‌ی ئالی سعوودیشی هه‌یه‌، له‌ئاشتی نه‌هاتوویی خۆی لەگەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامیش پیشانداوە.

ڕاستییەکەی ئەوەیە کە حکومەتی عەڕەبستان چ لە ئاستی ناوخۆ و چ لەسه‌ر ئاستی ناوچەییشدا، هه‌ست به‌ مه‌ترسییه‌كانی ناسه‌قامگیریی ده‌كات. لە وڵاتی عەرەبستان، سەرچاوەی سەرەکیی دەسەڵات لەسەر سەڵتەنەتی موتڵەقەی ئالی سعوود دامەزراوە. شا و شازادەکان لەم وڵاتەدا خاوەنی دەسەڵاتێكی ڕه‌های بەرینن. ڕێبەرانی کۆنەپەرستی مەزهەبیی لەپاڵ حکوومەتدا، دەستیان له‌ مەشروعیەتدان و پاساودانی قانون و یاساکانی ئالی سعوودن. لە وەها بارودۆخێکدا ئەگەرچی ده‌وڵه‌تی زاڵ به‌سه‌ر عەڕەبستانی سعودی هه‌تا ئێستا مەترسیی گۆڕانكارییه‌كانی ئەم ساڵانەی دوایی لە ناوچەکەی تووش نه‌بووه‌، بەڵام سیستمه‌ حکومەتییەکەی بەهۆی پێکهاتەیه‌كی کۆن و عەشیرەتیی و ناکارامه‌بوونی و بە هۆی کەله‌به‌ری قووڵی چینایەتیی و هه‌روه‌ها فەزای داخراو و پڕ لە خەفەقانی سیاسیی و تێكڕای ئەو فاکتەرە تازانەی کە لە هاوکێشە ناوچەییەکاندا هاتوونەتە ڕوو، بەردەوام مەترسیی ناڕەزایەتیی جەماوەریی و ڕووخان و لێکهەڵوەشانی له‌سه‌ر خۆی هه‌ست پێكردووه‌. حکوومەتی سەڵتەنەتیی لەم وڵاتە، ئه‌ساسه‌ن پشتی بەو سەدان میلیۆن بەرمیله‌ نەوته‌ به‌ستووه‌ کە ده‌ستی ده‌كه‌وێ و له‌ڕێگه‌ی پشتبەستن بە چەوساندنەوەی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری کرێکارانی کۆچبەر و پێدانی سەهمێکی زۆر کەم لە داهاتی ئەم چەوساندنەوەیە بە خەڵکه‌كه‌ی و تێكردنی لێشاوی دۆلارە نەوتییەکان لە بانکەکانی ئامریکا و یارمەتیدانی دەوڵەتی ئامریکا بۆ هێورکردنەوەی قەیرانی ئابوورییه‌ كه‌ توانیویەتی خۆی بەسەر پێوە ڕابگرێت. حکومەتی عەڕەبستان بەشوێن ئاڵوگۆڕەکانی ئەم ساڵانەی دوایی لە ناوچەکەدا، زۆر نیگەرانی کزبوونی بره‌و و نفوزی ئامریکا لە ناوچەکە و هەروەها ڕەوتی ڕێككه‌وتنی ئامریکا لەگەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە. لەم ڕووەوە بە بەدگومانییەوە دەڕوانێتە سیاسەتەکانی ئەم دەوڵەتە لە هه‌مبه‌ر كێشه‌ و ململانێكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دەوڵەتی عەرەبستان بە پشتبەستن بە دۆلارە نەوتییەکانیه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ هەوڵ دەدات کە سەربەخۆ لە ئامریکا لە ململانێ ناوچەییەکاندا ڕۆڵ بگێڕێ و لەم ڕێگایەشه‌وە مانەوەی خۆی لەسه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات زەمانەت بکات و مۆركی خۆی له‌و نه‌زمه‌ ئه‌مپریالیستییه‌ نوێیه‌ بدات كه‌ خه‌ریكه‌ له‌م ناوچه‌یه‌ له‌دایك ده‌بێت. دەوڵەتی عەڕه‌بستان لەگەڵ ئەوەشدا كه‌ دەزانێ ڕەوتە سەلەفی و وەهابییەکان ناتوانن ببنە جێگره‌وه‌ و به‌دیلی حکوومەته‌كان لە وڵاتانی ناوچەکە، بەڵام سەرمایەیەکی زۆری تەرخان کردووە بۆ پەرەدان بە نفوزی خۆی لەنێو ئەم ڕەوتانە و ته‌نانه‌ت باڵە توندڕۆکانی قاعیدە لە سوریە و عێڕاقیش. دەوڵەتی عەڕەبستان بۆ ئه‌وه‌ هەوڵ دەدات كه‌ لەم ڕەوتانە وەک ئامرازێک بۆ بەرەوپێشبردنی ململانێ ناوچەییه‌كان و دانوستان لە هاوسه‌نگییه‌كان‌ و بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە ناوخۆ و لە سەرجەم ناوچەکە کەڵک وەربگرێت. کێشەی ئەم دواییەی نێوان حکوومەتی عەڕەبستانی سعوودیی و ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لەسەر دەرچوونی ئەحکامی ئێعدام بۆ تاوانباران بە سیخوڕیکردن بۆ ڕژیمی ئیسلامیی ئێرانیش، لەڕاستیدا ڕەنگدانەوەی ئەم کێشمەکێشانە و ڕقابەت و ململانێی ئەم دوو هێزە ناوچەییەیە بۆ دەستەبەرکردنی پێگەی بانتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. حکومەتی سەڵتەنەتیی عەڕه‌بستان، ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی و ده‌ست تێوه‌ردانه‌كانی لە كێشه‌كانی ناوچەکە، بە هۆکاری ناسەقامگیریی وڵاتانی هاوپەیمانی دەزانێ. ئەم دوو جەمسەرە کۆنەپەره‌ستە هەر ئێستا لە قەیرانی سوورییە، یەمەن، عێراق و بەحره‌یندا لە بەرانبەر یەکتردا وه‌ستاونه‌ته‌وه‌. لە سوورییە ده‌وری ٥ ساڵ ده‌بێ کە جه‌نگێكی جێگره‌وه‌ و به‌ئیستلاح “نیابەتیی” لەدژی یەکتر بەڕێوە دەبن، لە یەمەن حکومەتی ئالی سعوود بۆ بەرگرتن لە بەدەسەڵات گەیشتنی ڕەوتی شیعەی لایەنگری کۆماری ئیسلامیی ئێران، چووه‌تە مەیدانی شەڕێکی ته‌واو عه‌یار. توندبوونەوەی کێشەکانی ئەم دواییەش گۆشەیەکن لە ململانێ و ڕقابەتی ئەم دوو جەمسەرە کۆنەپەرستەی سەرمایەداریی بۆ دەستەبەرکردنی جێگه‌ و پێگه‌ی بانتر لە ناوچەکەدا کە هه‌تا ئێستا بێجگە لە کوشتن و بڕین و ئاوارە بوونی ئینسانەکان و وێرانکاریی نه‌بێ، هیچی دیكه‌ی بەشوێنەوە نەبووە.

بێگوومان ئەوە جەماوەری بێبەشی خەڵک له‌ سوورییە، یەمەن، و عێراقن کە لە ئاگری شەڕ و کێشمەکێشی کۆنەپەرستانەدا دەسووتێن و ئەوە خەڵکی بێبەشی ئێران و عەرەبستانن کە بە ته‌حه‌مولكردنی باری قوورسی هەژاریی و فەلاکەتی ئابووریی، هەزینەکانی پەرداخت دەکەن. هەر دوو لایەنی ئەم کێشەیە بەو پاوانخوازییه‌ ناوچەییەوه‌ كه‌ هەیانە، مەترسیی بەرپابوونی ئاخێزێكی جەماوەریی له‌سه‌ر خۆیان هه‌ست پێده‌كه‌ن و بە پەرەدان بەم ناکۆکییانەش دەیانهەوێ سه‌رنجی ڕای گشتیی ناو کۆمەڵگه‌ لەسەر بابه‌تی ئەساسیی پێوەندیدار بە کار و ژیانیان، بەلاڕێدا بەرن. ئەوەیکە بۆ کرێکاران و خەڵکی ستەمدیتووی ئێران و ناوچەکە و بەرەی ئازادیخواز گرنگە، ده‌رك كردنی ئەم ڕاستیەیە کە جه‌وهه‌ر و ناوەرۆکی ڕاسته‌قینه‌ و واقعیی کێشمەکێشەکانی نێوان ڕژیمی سەڵتەنەتیی ئالی سعود و ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی، وەک دوو جەمسەری سەرمایەداریی لە ناوچەکە، تا سه‌ر ئێسقان کۆنەپەرستانەیە و هیچ پێوەندییەکی بە قازانج و بەرژەوەندیی ئەوانەوە نییە.