کۆبونەوەی ساڵانەی سەرانی گروپی ٢٠ لە رۆژەکانی ٤ و ٥ ی سیپتامبری ٢٠١٦، بەرابەر لەگەڵ ١٤ و ١٥ ی مانگی خهرمانانی ٩٥ لە شاری ٩ ملیۆنی هانگژو، هەڵکەوتوو لە وڵاتی چین، بەڕێوەچوو. سندوقی نێونەتەوەیی پوڵ ناسراو بە ( ئای ئێم ئێف) لە سەرەتای سیپتامبردا هۆشداریەکی روو بە سەرانی گروپی ٢٠ بڵاو کردەوە و تێیدا نووسی کە گەشەی ئابووری جیهانی دابەزیوە بۆ نزمترین ئاستی مامناوەندی ئەم ٥ ساڵەی دوایی. سەرۆکی سندوقی نێونەتەوەیی دراو لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێری رۆیتێز ڕایگەیاند ئابووری جیهانیی لە سەرەتای ساڵەکانی ١٩٩هوە تا ئەم ڕادەیە توشی لاوازی و بێتوانایی نەببوو. ئەو وێڕای ئاماژە بەوەیکە ئابووری جیهان لە تەڵەی” کەم گەشە کردندا” گیری خواردوە جەختی کردەوە: ڕێژەی قەرزەکان لە سەرەوەن و دانی وامەکان لاوازە و سەرمایەگوزاریەکان و بەرهەمهێنانیش بەرە بەرە لاواز تر دەبێت. گروپی ٢٠ پێکهاتوو لە وڵاتانی گەورەی ئابووریە کە ٨٥ لەسەدی ئابووری دنیایان لە ئیختیار دایە.
ئاڕژانتین، ئوسترالیا، بریزیل، کانادا، چین، فەرانسە، ئاڵمان، هێند، ئیتالیا، ژاپۆن، میکزیک، روسیە، عەرەبستان، ئافریقای جنوبی، کورەی جنوبی، تورکیە، ئینگلیس، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئامریکا و یەکێتی ئوروپا لە ئەندامانی گروپی بیستن.
ئیجلاسی سەرانی ئەم دەوڵەتانە کە یەکەمجار لە ساڵی ١٩٩٩ کۆبونەوە لە ساڵی دەرکەوتنی قەیرانی سەرمایەداری جیهانیەوە لە ٢٠٠٨ دا بوو بە جێگای هیوای سەرەکی بۆرژوازی بۆ دەرچون لەو قەیرانە. ئەوان لە کۆبونەوەی ئەو ساڵەدا جەختیان لەسەر هاوکاری و هەمیاری کردەوە، بەڵام ناکۆکیەکانیان بەردەوام ئەوانی توشی کێشمەکێشی تووند کردوە.
لە هەمان رۆژی یەکەمەوە کێشمەکێشەکان بە چەشنێک خۆیان دەرخست. مەئمورەکانی چین، کە بەبێ دەستورتی بەرپرسانی سەرەوەیان هیچ کارێک ناکەن، بۆ چوونی ئۆباما فەرشی سوریان لەبەر پێیدا ڕانەخست. ئەوان بەم هۆیەوە بەرەو رووی هێرشی تووندی ڕاگەیاندنەکانی ئامریکایی بۆسەر كاربهدهستانی سەرەوەیان لەگەڵ گاڵتەی شەخسی ئۆباما بوونەوە.
لە خودی ئیجلاسەکەشدا کێشمەکێش لەسەر ڕێژەی بەرهەمهێنانی ئاسن لە چین، وەک یەکەم بەرهەمهێنەری ئەم مادەیە لە دنیادا، دروست بوو. سەرانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئامریکا، یەکێتی ئوروپا و ژاپۆن، کە دوای چین بە تەرتیب لە جیهاندا بەرهەمهێنەری پۆڵان هۆكاریان دێنایەوە کە ئەم فلزە زیاتر لە زەرفیەتی خۆی بەرهەم دێت و چین دەبێ ئاستی بەرهەمهێنانی خۆی کەم بکاتەوە تا بەر بە داخرانی کارخانەکان بگیرێت. دەوڵەتی چین لە بەرانبەردا داواکاری هاندان بۆ تەقازا لە دنیادا بوو وە تەعەهودی دا کە لە ماوەی ٤ ساڵی داهاتودا کەمێک لە ڕێژەی بەرهەمهێنانی خۆی دابەزێنێ کە لە لایەن ئەو سەرۆکانەوە قەبوڵ نەکرا کە باسیان لە بوونی ” کێشە و گرفتی ساختاری” دەکرد لەم بوارەدا. وادیارە کە ئەوان بەم ئابووریە قەیران لێدراوە هیوایەکیان بە زیاتر کردنی تەقازا بۆ کڕینی پۆڵا و باقی فلزەکان و لەوانە ئالومینیوم لە دنیادا نەبوو. سەرۆک کۆماری چین وێڕای داوا کردن لە سەرانی ٢٠ بۆ کرداری هاوئاهەنگ سەبارەت بە چارەسەر کردنی ئەو گرفتە ئەساسیانەی لەسەر ڕێی گەشەی ئابووریدان و پێڕەو کردنی سیاسەتێکی پشگیرانە لە ئابووری لە لایەن وڵاتانەوەی دایەبەر ڕەخنە. هەوڵی کابینەی ئۆباما بۆ پێکهێنانی بلۆکێکی ئابووری پێهاتوو لە ١٢ وڵاتی دەوربەری ئوقیانوسی ئارام لەدژی چین کەوتە بەر ڕەخنە.
بەڵام کێشمەکێشەکان تەنیا لەنێوان چین و ئەو بلۆکەدا نەبوو. نوێنەرانی دەوڵەتی ئامریکا، کە لە ڕاستیدا نوێنەرانی موجتەمەعە زەبەلاحە پیشەسازیەکانن، بڕیاری کۆموسیۆنی یەکێتی ئوروپا لەدژی شیرکەتی ئەپڵیان بە کردەوەیەکی دژی ئامریکایی زانی، لەسەر بنەمای ئەم بڕیارە شیرکەتی ئەپڵ لە چەند ساڵی ڕابردودا ١٣ ملیارد یورۆ ماڵیاتی نەداوە بە کۆماری ئیڕلەند و پێویستە ئەم ماڵیاتە بدات.
لەم ئیجلاسەدا ئاسەوارێک لە جیهانی سازی، کە کۆڵەکەی نیئۆلیبڕالیزمە، دەرنەکەوت. یەکێک لە ڕەخنە گرەکان ئانگێلا مێرکل، سەدری ئەعزەمی ئاڵمان بوو کە وتی:” جیهانی سازی ئابووری تەنیا بابەتێکی موسبەت نییە بەڵکو دەتوانێ نایەکسانیە چینایەتیەکان و جیاوازی کۆمەڵگایەتیش قوڵتر بکاتەوە.”
دەرچوونی بریتانیا لە یەکێتی ئوروپا یەکێکی تر لەو بابەتانە بوو کە هیچ دەستکەوتێکی نەبوو. سەرانی حازر لە کۆبونەوەکەدا چاوەڕێ بوون تا “تێرێزا مهی”، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا، بۆ یەکەمجار روونی بکاتەوە کە بەرنامەی دەوڵەتی محافزەکاری ئەم وڵاتە بۆ دەرچوون لە یەکێتی ئوروپا چییە بەڵام بێجگە لە هێندێک وتهی گشتیی، خانمی مهی هیچ خاڵێکی روونی باس نەکرد.
دوای گشت پرسی لە بریتانیا دەنگدەران بە دەرچوون لە یەکێتی ئوروپا دەنگیان دا سندوقی نێونەتەوەیی پوڵ دیمەنگای خۆی لە ئابووری جیهان گۆڕی و پێش بینی کرد بەرهەمهێنانی ناخالیسی دنیا لەمساڵ و ساڵی داهاتوی زاینیدا دادەبەزێ.
قوڵ بوونەوەی قەیرانی ئابووری کە بۆتە هۆی قوڵ بوونەوەی ناکۆکیەکان ئیجازەی بە سەرانی ئەو دەوڵەتانە نەدا تا لەم کۆبونەوەیەدا، وەک کۆبوونەوەی ساڵی ٢٠١٥، بڕیارێک بۆ کەم کردنەوەی قەیران لە دنیادا بدەن. ئەوان بۆ پەردە پۆش کردنی بێتوانایی خۆیان لە بوارێکدا کە بۆی کۆبونەتەوە، کۆمەڵێک تەعەهودی فریوکارانە و بێ ئیلزامییان سەبارەت بە پشتیوانی لەو پەنابەرانەدا کە ئەوانیان بە کۆچبەر ناو برد. ئەوان لە بەیانیەی کۆتایی ئیجلاسەکەدا کە رۆژی دوو شەممە ٥ ی سیپتامبر بڵاو کرایەوە دەنووسن:” ئێمە داوا لە گشت وڵاتان دەکەین یارمەتیە ئینسان دۆستانەکان بە قازانجی کۆچبەران زیاتر و بە لەبەرچاو گرتنی زەرفیەتەکانیان یارمەتی سازمانە نێونەتەوەییەکان بدەن.”
ئەوەی کە لە ئیجلاسی دوو رۆژەی سەرانی ٢٠ دا روویدا و دزەی کردە دەرەوە و هەروەها هێندێک شت کە لە بەیانیەی کۆتایی دا هەیە یەکێکی تر لە نیشانەکانی بێ بەدیل بوونی سەرانی وڵاتانی گوروپی بیستە لە ڕزگار کردنی ئابووریدا کە زۆربەی ئابووری ناسان و کار ناسانی سۆسیالیست و تەنانەت کۆمەڵێک ئابووری ناسی غەیرە سوسیالیستیش ئەوە بە پرۆسەی کۆتایی نیزامی سەرمایەداری دەزانن.