کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆیلە داری مۆدێڕن لە سەردەمی گەنیوی نیزامی سەرمایەداریدا

270

ئەمڕۆ ٢ی مانگی سیپتامبر بەرابەر لەگەڵ ١١ی سەرماوەز ڕۆژی جیهانی هەڵوەشانەوەی کۆیلەداریە لە دنیادا. لە تاریخ نیگاری مۆدێڕندا، ساڵی ٩٦٠ی زایینی، یەکەم تاریخی هەڵوەشانەوەی بەردەدارییە. لەم مێژوەدا، حاکمی شاری ونیز، لە وڵاتی ئیتالیای ئێستا، بەڕەسمی قەدەغە بوونی کۆیلەداری ڕاگەیاند. لەوە بەدوا لە سەرتاسەری دنیادا حکومەتەکان یەک لەدوای یەک کڕین و فرۆشتنی بەردە و چەوساندنەوەی کۆیلەکانیان بە شێوەی یاسایی قەدەغە کرد. لە ساڵی ٢٠١٢ ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ڕۆژی ٢ی مانگی دیسامبری وەک ڕۆژی جیهانی هەڵوەشاندنەوەی کۆیلە داری تۆمار کرد.

ئەگەرچی نیزامی بەردەداری وەک نیزامێکی کۆمەڵایەتی لە مێقیاسی تاریخیدا بۆ هەزاران ساڵ لەوە پێش دەگەڕێتەوە و سەرەتای دەستپێکی نیزامی چینایەتی لە کۆمەڵگا ئینسانییەکان دایە، بەڵام کۆیلەداری لە شێوازی” مۆدێڕن”یدا هێشتا لە دنیادا بوونی هەیە. هەژاری و بێ مافی، دیکتاتۆڕی و سەرکوت، دەربەدەری و بێ خانه‌ولانه‌یی، شەڕی کۆنەپەرستانە و کۆشتاری بە کۆمەڵ، کارەساتی ژینگەیی، خەسارە کۆمەڵایەتییەکان، ئه‌وانه‌ هه‌مووی هێشتا بۆ وێنا کردنی ڕواڵەتی ڕاستەقینەی دنیا لە سەردەمی گەنیوی نیزامی سەرمایەداریدا بەس نین. بەم لیستەوە دەبێ چەمکی” کۆیلەی مۆدێڕن”یش زیاد بکرێت. بەردە داری لە شێوازی مۆدێڕنیدا هێشتا نە تەنیا لە دنیادا ماوەتەوە، بەڵکوو بازه‌رگانییه‌كی پڕ قازانجیشی شکڵ پێداوە. ئەگەر سودی بەرهەمهاتوو لە قاچاغی مادەی هۆشبەر لە ڕیزی یەکەمدا بێت، سود و قازانجی بەرهەمهاتوو لە قاچاغی ئینسان و قاچاغی چەک لە ڕیزی دووهەم و سێهەم دان. به‌ پێی هه‌ڵسه‌نگاندنێك سودی بەرهەمهاتوو لە” کۆیلە داری مۆدێڕن”، زیاترە لە ٤٠ میلیارد دۆلار لە ساڵدا.

ئاماری ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان نیشانی دەدات کە لانیکەم ٤٦ ملیۆن کەس لە دنیادا لە بارودۆخی” کۆیلەی مودێڕن” دان به‌هۆی ئه‌وه‌ کە ئامادە کردنی ئامارێکی دەقیق لە کۆیلەداری مۆدێڕن زۆر دژارە، بە سەرنجدان بە دیاردەکان دەکرێ بزانین کە ژمارەی ڕاستە قینەیان زۆر لەو ڕەقەمە زیاترە. وەک نمونە ئەگەر منداڵانی کار بە بەردەی مۆدێڕنی سەردەمی سەرمایەداری بزانین دەبێ ڕەقەمێکی نزیک بە ٢٠٠ ملیۆن منداڵی کار لە سەرتاسەری دنیا دا پێوە زیاد بکەین.

بەڵام ئەم بازه‌رگانییه‌ به‌ ئینسان نەک بە شاراوەی و بە دزیەوە، بەڵکوو بە بەرچاوی دەوڵەتەکانەوە به‌ڕێوه‌ده‌چێت. یاسای وڵاتان و په‌یماننامه‌ی نێو نەتەوەییەکان بەر بە مانەوە و پەرەسەندنی ئەم دیاردەیە ناگرن. لەداو خستنی کچانی منداڵ لە وڵاتانی دواکەتوی سەرمایەداری و کردنیان بە کرێکاری جنسی، بۆتە یەکێک لە بازه‌رگانییه‌ پڕ سود و قازانجەکان. کچان و ژنان لە لایەن باندەکانی مافیاییەوە، بە شێوازی جۆراوجۆر لە وڵاتانی ئاسیاییدا دەخرێنە داو، بەڵگە و کارتی پێناسیان بە زۆر لێ وەردەگرن و دەیانگوازنەوە بۆ ئۆرووپای ڕۆژئاوا. ئەوان دوای ئەوەی دەستدرێژی بەزۆریان دەکرێتە سەر، لە ناوەندەکانی تایبەتدا بە ئامانجی بەهرەبەرداری جنسی دەکرێنە کۆیلە. لەوێدا هەموو ڕێگاکانی هەڵاتن بەروویاندا دادەخەن و وادار بە ژیانێکی فەلاکەت باریان دەکەن. تۆڕەکانی قاچاغی ئینسان لە ئێران، لە پاڵ کچانی ئێراندا کچانی ئەفغانستانی پەنابەر لە ئێڕانیش ڕاو دەکەن و دەیانبەن بۆ وڵاتانی تر و بەتایبەت بۆ ئیماراتی یەکگرتوی عەرەبی. فرۆكه‌وانێكی شاغڵ لە هێڵی ئاسمانی ئیماراتدا دەڵێ:” لە ڕێگای ٩ پەروازەوە بە شێوەی ئاسایی و ٢٠ پەروازی نا ئاسایی ئێران بۆ دوبەی بە شێوەی مام ناوەند لەنێوان ١٠ تا ١٥ کچ ڕۆژانە بۆ ئیمارات دەنێردرێن.” هەموو ئەمانە بە بەرچاوی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕوو ئەدەن و سەهمی خۆشیانی لێوەردەگرن و بێده‌نگه‌ی لێ ده‌كه‌ن. دەوڵەتی ئیسلامیی ناسراو بە داعش هەزاران ژن و کچی ئیزەدی لە شنگاڵ ڕفاند و لە بازاڕەکاندا فرۆشتنی و کردنیە کۆیلەی جنسی. بەشودانی بەزۆری خۆی جۆرێکە لە بەردەگی جنسی باو لە وڵاتانی دواکەوتودایه‌. لەم پێوەندەدا ژن تا کۆتایی تەمەنی بە پێچەوانەی مەیلی خۆی دەچەوسێتەوە و ناچار بە ژیان بەسەربردن لە وەها بارودۆخێکی پڕ لە سوکایەتیدا دەکرێت.

بە ملیۆن منداڵ لە ژێرزەویەشێداره‌كان، لە مەزرا و کارگاکانی پیشەی دەستیدا، لە وڵاتانی وەک هێند، پاکستان، بنگلادێش، کۆرەی باکوور، ئێران و گەلێک لە شوێنەکانی تر، لە بێ به‌زییانه‌ ترین بارودۆخدا، خراونەتە ژێر کارەوە. لەگەڵ ئەوەشدا قاچاغی منداڵان بۆ کاری تر، بۆتە بازرگانیەکی پڕ لە سود و قازانج. لەم ئێرانەی ژێر حاکمیەتی ڕژیمی ئیسلامیدا ساڵانە بە هەزاران منداڵ ون دەبن. زۆربەیان و بە تایبەت ئەو ئەفغانستانییانەی کە بە شێوەی نا یاسایی لە ئێراندا دەژین، بۆ دۆزینەوەی منداڵەکانیان ناوێرن تەنانەت بە پۆلیسیش بڵێن کە منداڵە کەیان ون بووە. لەم منداڵانە بۆ گواستنەوە و بڵاو کردنەوەی مادەی هۆشبەر، بەهەرە کێشی جنسی و هیتر کەڵک وەردەگرن.

قاچاغی ئینسان بە ئامانجی کڕین و فرۆشتنی بەشێک لە ئەندامانی جەستە، قاچاغی ئینسان بە مەبەستی بەکارهینانیان لە شەڕە ناوچەییەکاندا لە لایەن گرووپە چەکدارەکانەوە کە بە تایبەت لە ئافریقادا برەوی هەیە لە نمونەکانی تری” کۆیداری مۆدێڕن”ن. ئەو کۆیلانەی کە هاسان تر و هەرزان تر لە چاو سەردەمی نیزامی بەردەداریدا دەست دەکەون.

ڕاپۆتی ڕێكخراوی جیهانی بەشەر دۆست” والک فری”، لە ئوستڕالیا کە زۆربەی هەواڵنێرییەکانی دنیا بڵاویان کردووه‌تەوە، لە پێوەند لەگەڵ دیاردەی” کۆیلە داری مۆدێڕن” لە ١٦٧ وڵاتی دنیا دا توێژینەوەی کردووە. ئەم توێژینەوەیە نیشانی دەدات کە کۆماری ئیسلامیی لە باری چاوپۆشی لە” کۆیلە داری مۆدێڕن و قاچاغی ئینسانەوە” لەڕیزی دەیەم دایە. بەپێی ئەو ڕاپۆرتە:” ئێران لە بواری یاسا دانان و چالاکی ناوەندە دەوڵەتییەکاندا کەم ترین هەوڵی لە بواری به‌ربه‌ره‌كانێ لەدژی کۆیلەداری مۆدێڕندا هەبووە.” و دەبێ بەم ڕاپۆرتە ئه‌وه‌ش زیاد بکرێت کە: کۆماری ئیسلامیی نە تەنیا لەم بوارەدا هەوڵی نەداوە، بەڵکوو تێدەکۆشێ یاساکانی سەردەمی نیزامی کۆیلەداری بەسەر ژیانی خەڵکی ئەم وڵاتەدا داسەپێنێتەوە.