کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆنەپەرستترین و دژە خەڵکیترین کەسەکان، لە لوتکەی وەزارەتە سەرەکییەکانی کابینەی پزیشکیدان

672723 811

پێکهاتەی ئەندامانی کابینەی دەوڵەتی مەسعوود پزیشکیان، تەنانەت بۆتە هۆی ناڕەزایەتی هاوکارە نزیکەکانیشی. ماوەی سێ هەفتەی تەواو نزیکەی ٤٥٠ کەس لەکارناسانی کۆکردەوە بۆ ئەوەی بە یارمەتی ئەوان، پێکهاتەیەکی جیاوازتر بۆ دانانی هاوکارەکانی لە کابینە و جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی کاتی هەڵبژاردنی خۆی دیاری بکات. بەڵام دوای بەسەربردنی کات و وزەیەکی زۆر، ئاکامەکەی هیچ شتێک نەبوو جگە لە بەجێهێنانی ڕەزامەندی بەیتی خامنەیی و ناوەندی بەرتەسکی دەسەڵات. ئێستا ئەو کەسانەی کە پایەی سەرەکی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ناوبراو بوون، یەک لە دوای یەک، پەشیمانی خۆیان دەردەبڕن. بۆ نموونەمحەممەد جەواد زەریفشەوی بەر لە ڕادەستکردنی لیستی وەزیرەکان به پەرلەمان، دەستی لە پۆستی جێگری ستڕاتێژی سەرۆک کۆمار کێشایەوە و نووسی کە لە کۆریدۆرەکانی دەسەڵاتدا هیچ بوارێک بۆ خۆ دەرخستنی ئەو نەمابوو. “موحسین ڕۆنانیڕۆژنامەنووس و یەکێک لە نزیکترین کەسەکان بە پزیشکیان بوو، کە وەک ڕاوێژکارێک چالاکانە لە دیاریکردنی ناوی وەزیر و جێگرەکانیاندا بەشدار بوو، کاتێک دەرئەنجامەکەی بە پێچەوانەی ئەوە بینی کە تەنانەت بە ڕاوێژ لەگەڵ خۆی کرابوو، لە کۆتاییدا بەوپەڕی بێ هیواییەوە لەم بابەتەوە نووسی: “جەنابی پزیشکیان ئابڕووی ئێمەتان برد و بێ هیواتان کردین! تەنانەت بەر لەوەی ببیتە سەرۆک، ڕەت بوویتەوە!” و وێڕای ئاماژە بە ئەمیر کەبیر و موسەددق و میرحوسێن موسەوی، دەڵێت: خۆزگە دەتزانی که لە ئێران سەرۆک وەزیرانی ئاخیرەت بەخێر تەنها کەسێکە کە یان لە حەمامدا دەمارەکانی بکەنەوە، یان بە تەبعید کردنی بۆ گوند، عەزابی مەرگی پێبدەن، یان لە زینداندا تۆزی مەرگی بەسەردا بپڕژێنن. ئەڵبەتە ئەوەی کە ڕۆژنامەنووسێکی وەک دوکتۆر موحسین ڕۆنانی بە دەستێوە دەناڵێنێت، بۆ ئەو ٨٠٪ی خەڵکەی ئێران کە ئەو بەناو هەڵبژاردنەیان بایکۆت کرد، هەر لە پێشترەوە ڕوون بوو. لانیکەم لە ساڵی ١٣٩٦ بەملاوە زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئێران هیچ ئومێدێکیان بە چاکسازی لەم ڕێژیمە لە ڕێگەی سندووقی دەنگدانەوە نەمابوو، ئەوانەی کە لەم ڕاستییە سادەیە تێنەگەیشتوون، دۆڕاوی مێژوون.

ئەو پزیشکیانەی کە بە مەبەستی ڕاکێشانی بەشێک لە خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان باسی لە پێویستی گەڕاندنەوەی کەرامەت بۆ ژنانی ئێران دەکرد، بکوژانی زیاتر لە ٦٠٠ کەس و بریندارکردن و کەمئەندام کردنی هەزاران لاو و تازەلاوی کچ و کوڕ، زیندانیکردن و ئازار و ئەشکەنجەی دەیان هەزار ئینسانی لە ماوەی کەمتر لە چوار مانگ لە سەردەمی شۆڕشیژن، ژیان، ئازادی، لە پۆستەکانیاندا هێشتووەتەوە. سەرەڕای ئەمەش، هێشتا کەسانێکی بەناو ڕۆشنبیری ماستاوچی هەن کە ئومێدی ئەوە بە خەڵک دەبەخشن کە ڕەنگەنەهج البەلاغە خوێندنەوەی پزیشکیانو فوو کردنی بە سەروچاوی ئەو جینایەتپیشانەدا، موعجیزە دەکات و دەڵێن: پێشوەختە قەزاوەت مەکەن و ئەم کابینەیە لە ڕووی ئەدا و کارکردنیەوە هەڵبسەنگێنن، چاوەڕوان بن و بزانین چی ڕوودەدات. چاوخشاندنێک بە ناوی ئەو وەزیرانەی کە لەلایەن پزیشکیانەوە پێشنیارکراون بۆ پەرلەمان، دەریدەخات کە ناوبراو کەمترین سەربەخۆیی دەنگی هەبووە و لە ڕاستیدا سەرەڕای ئیدیعاکانی یەک مانگی ڕابردووی، لە هەڵبژاردن و دیاریکردنی وەزیرەکانی کابینەکەیدا، تەنیا وەک کاتب و جێبەجێکاری فەرمانی بەیتی رێبەریی ڕۆڵی گێڕاوە. بەپێی ئەو لیستەی کە ئاراستەی پەرلەمان کراوە، نزیکەی یەک لەسەر چواری وەزیرە پێشنیار کراوەکانی پزیشکیان، لە دەوڵەتی ڕەئیسی دا حزووریان بووە و گرنگترین وەزارەتەکانیش دراوە بە بناژۆخوازەکان. لە ڕاستیدا ٩ کەس لە ئەندامی سەرەکی ئەو کابینەیە لەلایەن بەیتی خامنەییەوە هەڵبژێردراون. واتە چارەسەرکردنی سیاسەتی دەرەوە و باشترکردنی داڕمانی ئابووری و پرسە ئەمنی، سیاسی و فەرهەنگییەکان بەگشتی، سپێردراوە بە کۆنەپەرستترین بەشی دەسەڵات. دەوڵەتی پزیشکیان لەم بابەتەوە تەنانەت بە بەراورد لەگەڵ دەوڵەتی ڕوحانیش لاوازتر دەرکەوتووە. ڕیفۆرمخوازان کە هەموو سەرمایەکانیان لە پێناو گەرمکردنی تەنووری هەڵبژاردندا خەرج کرد، ئێستا ئیتر بەدەستی بەتاڵ و دەستەو ئەژنۆ ماونەتەوە. دەستلەکارکێشانەوەی محەممەد جەواد زەریف لە ڕۆژی ڕادەستکردنی لیستی وەزیرەکان بە پەرلەمان و داوای لێبوردن لە خەڵک، بەیانگەری ئەو بێهیواییەی ڕیفۆرمخوازان و بەشێک لەو ڕۆشنبیرانەیە کە لە خولی دووهەمی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکاندا، هانی خەڵکیان دا بچنەسەر سندوقەکانی دەنگدان، بەو هیوایەی کە گوایە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوەکرانەوەو سیاسەتێکی نوێ قبوڵکراوە. بەڵام پێکهاتەی کابینەی پزیشکیان بەڕوونی ئەوە دەردەخات کە ناوەندی بەرتەسکی دەسەڵات، نەک هەر بەنیاز نییە هیچ گرنگییەک بە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بدات، بەڵکوو پێداگری دەکات لەسەر سیاسەتی سەرکوت و لەو بڕوایەدایە کە تەنانەت هەنگاوێک پاشەکشەکردن، دەتوانێت ئاکامی جیددی و مەترسیداری لێبکەوێتەوە. چاوەڕوان دەکرێت کە پزیشکیان لەگەڵ چارەنووسێکی تاڵ بەرەوڕوو ببێتەوە، چونکە لە لایەکەوە لەلایەن بەیتی ڕێبەرییەوە وەک ئامرازێک بەکارهێنراوە کە بەهای بەکاربردنی کاتیی هەیە و لە لایەکی دیکەشەوە چارەنووسی خۆی بە چارەنووسی بەیتی ڕێبەرییەوە گرێداوە و خۆی وتەنی،لە ناویدا تواوەتەوە، لەمڕووەوە لە ئاگری ڕق و توڕەیی جەماوەر، پارێزراو نابێت.