کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆنگەرەی دوازدەی حیزبی کومونیستی ئێران بەڕێوەچوو ( بەشی سیهه‌م و کۆتایی)

کۆنگرەی دوازدەی حیزب لەبەر ڕۆشنایی ئەم لێکدانەوانە لە بارودۆخەکە، ئەولەویەتەکانی فەعالیەتی حیزبی لەم دەورەیەدا دیاریی کرد و وەبیری هێنایەوە کە سەرجەم چالاکیە سیاسی و تەبلیغیەکان، کاری تەرویجی و زەرفیەتەکانی ته‌شكیلاتی حیزب دەبێ بخرێنە خزمەت رێكخستنی جەماوەری و چینایەتی چینی کرێکار و به‌ حیزبی بونی هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاریەوە و جیهەتگیریە ئوسولیەکانی لەم بوارەدا شی کردەوە. لەسەر گرنگی خسڵەتی سوسیالیستی فەعالیەتی حیزب لە بواری تەبلیغ و تەرویج و کاری وشیاری دەرانە چ لە ڕێگای شەبەکەکانی تەلەویزیۆنی، ڕادیۆ و بڵاو کراوەکانەوە جەختی کردەوە کە کاری وشیاری دەرانەی ئێمە بەر لە هەموشتێک پێویستە لە خزمەت ئامادە کردنی چینی کرێکارادا بێت بۆ ئەنجامدانی ڕسالەتێکی مێژویی کە لە ئەستۆیەتی. کۆنگرە لە ئەولەویەتبەندی کردنی چالاکیەکانی حیزبدا جەختی کردەوە کە بەرژەوەندیەکانی خەباتی چینی کرێکار لەدژی سەرمایەداران و دەوڵەتی بۆرژوازی و بەرژەوەندیان بۆ قەرار گرتن لە پێگەی ڕێبەریی کۆمەڵگادا دەخوازێ کە حیزبی کومونیستی ئێران بەبێ هیچ شەرت و مەرجێک پشتیوانی لە هەموو ناڕەزایەتی و خەباتێکی ڕەواو و پێشکەوتوانە بکات و هەڵسوڕاوانی حیزب دخاڵەتگەری لەم خەباتەدا و پەرەپێدانی بە ئەرکی خۆیان بزانن. حیزب پێویستە لە درێژەی سیاسەتی تا ئێستایدا بە شێوەیەکی جیدی و بۆ لێک نزیک کردنەوەی سەرجەم ‌هێزەکانی مەوجود لە بزوتنەوەی چەپ و کومونیستی ئێراندا لە دەوری مەنشورێکی سیاسی کە واتای بەکردەوەی روخاندنی کۆماری ئیسلامی و ئاسۆی بە دەسەڵات گەیشتنی کرێکاران بە روونی وێنا بکات، هەوڵ بدات. لە درێژەی دیاری کردنی ئەولەویەتەکاندا، کۆنگرە لەسەر پێویستی پەرەدان بە فەعالیەتەکانی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کومونیستی ئێران وەک پڕ ئەژمار ترین به‌شی تەشکیلاتی حیزبی لە نێو هێزەکانی بزوتنەوەی کومونیستی و چەپی ئێراندا لە ڕاستای وڵامدانەوە بە نیازەکانی ئەم قۆناغە جەختی کردەوە.776 (2)

لە باسی پێوەندیدار بە قەیرانی ژینگە وێڕای پێشكه‌ش كردنی وێنایەکی عەینی لە بارودۆخێکی کارەسات بار کە ژینگە له‌ ژێر حاکمیەتی نیزامی سەرمایەداری لە دنیادا هەیەتی، جەختی کردەوە کە لەژێر ده‌سه‌ڵاتی کۆمارەی ئیسلامیدا مەسەلەی پیس بوونی هەوا و وێران بوونی ژینگە لە ئێرانیش گەیشتوەتە ئاستێکی قیراناوی. کۆنگرە لەبەر رۆشنایی خاڵە گرنگەکانی هه‌لسه‌نگاندنی قەیرانی ژینگەیی لەسەر جیهەت گیریەکان و ئەرکە گرنگەکانی چالاکی کومونیستەکان لەم مەیدانەدا جەختی کردەوە.

کۆنگرە دوای باس و هەڵسەنگاندنی هەرسێک ئەو به‌لگه‌نامانه‌ کە لە لایەن کومیتەی ناوەندیەوە خرابووە ئیختیار نوێنەران و ئەندامانی حیزبەوە و بیستنی ئەو تێبینیانه‌ی کە لە لایەن بەشدار بوانەوە مەتڕەح کران ئەم سەنەدانە بە زۆرینەی نزیک بە گشت دەنگی ئامادەبوان پەسند کران و ئامادە کردنی بۆ بڵاو بوونەوەی عەلەنی، بە لەبەرچاو گرتنی باسەکانی کۆنگرە، بە کومیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی خۆی سپارد.

هەڵسەنگاندنی گوزارشی کارکردی ئۆرگانە جۆراو جۆرەکانی تەشکیلاتی حیزب، یەکێکی تر بوو لە دەستور جەلەسەکانی کۆنگرە. کۆمیتەی ناوەندی حیزب لەم بوارەشدا پێشتر ڕاپۆرتی کار و فەعالیەتی ئۆرگانەکانی بە شێوەی کەتبی نابووە بەردەست نوێنەرانی کۆنگرە. ئەم ڕاپۆرتە کارکردی ئۆرگان و مەیدانە جۆراو جۆرەکانی هەڵسوڕانی کۆمەڵە لە کوردستان، تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات، کۆمیتەی تەشکیلاتی نێو شارەکان، شەبەکەکانی تەلەویزیۆنی حیزب و کۆمەڵە، ڕادیۆ دەنگی حیزبی کومونیستی ئێران، بڵاوکراوەی جیهانی ئیمروز و سایتە ئینترنێتیەکانی حیزبی لەخۆ گرتبوو. بەشدارانی کۆنگرە بە وشیاریەوە لەسەر بوونی وەحدەتی سیاسی و نەزەری لەدەوری جیهەت گیریە ئەساسیەکان و سیاسەتە کەڵانەکانی حیزب لەو بوارە جۆراو جۆرانەدا کە کۆنگرەی دوازدەش سەرلەنوێ جەختی لەسەر کردنەوە، بە باوەر بەخۆیی و رۆشن بینیەوە کەم و کوڕیەکانیان دایە بەر هەڵسەنگاندن و ڕەخنە و لەسەر پێویستی بەرز کردنەوەی ئاستی چه‌ندایه‌تی و جلۆنایەتی چالاکیەکانی حیزب و حیزبیەت لە پێوه‌ندی‌ تەشکیلاتیدا جەختیان کردەوە. کۆنگرە تەئکیدی کرد کە حیزب پێویستە ئەم زەرفیەت و ئامادەییە بەدەست بێنێ کە لە هەموو بارودۆخ و مەیدانێکدا ئەرکی شۆڕشگێڕانە و کومونیستی خۆی بەکردەوە دەربێنێ و تەعەهود بە ئەنجامدانی ئەم ئەرکانە لە شێوە و فەعالیەتی ئۆرگانە جۆراو جۆرەکانی حیزبدا بە کردەوە خۆی بنوێنێ.

یەکێکی تر لە دەستور جەلەسەکانی کۆنگرە هەڵسەنگاندنی قەرارە پێشنیار کراوەکان بە کۆنگرە بوو. لەم باسەشدا دوو قەرار لە لایەن کۆنگرەوە پەسند کران. یەکێک لە قەرارەکان وێڕای جەخت کردنەوە لەسەر پێویستی پێکهێنانی سازمانی جانبی لاوان لە دەرەوەی وڵات، کۆمیتەی تەشکیلات لە دەرەوەی وڵاتی موەزەف بە پێکهێنانی ئەم سازمانە کرد. قەراری دووهەم وێڕای ئاماژە بە کەم و کوڕیەکانی ئەساسنامەی حیزب، کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێراوی خۆی ڕاسپارد تا هەڵێنانەوەی هەنگاوی پێویست لەم بوارەدا لەوانە بەڕێوەبردنی سمینارێک بۆ بەشداری دانی ئەندامان بۆ ئامادە کردنی ڕەش نووسی ئەساسنامەی نوێ و پێشکەش کردنی بە کۆنگرەی داهاتو بخاتە دەستوری کاری خۆیەوە.

دوایین دەستور جەلەسەی کۆنگرە هەڵبژاردنی کۆمیتەی ناوەندی بوو کە لەم بەشەدا، کۆنگرە لەنێو کاندیداتۆڕەکاندا، ٢٣ کەسی وەک ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کومونیستی ئێران هەڵبژارد کە بریتی بوون لە هاوڕێیان: وریا ئەحمەدی، هەڵمەت ئەحمەدیان، عادل ئەلیاسی، خوسرەو بۆکانی، ڕەئوف پەرستار، نوسرەت تەیمورزادە، عیسا جەمشیدی، ئەحمەد خورشیدی، فەرشید شوکری، حەسەن شەمسی، فەراسەت ساڵحی، ئەحمەد عزیز پور، ئیبڕاهیم عەلیزادە، مەحمود قارەمانی، سەلاح مازوجی، پویا محەممەدیان، جەلال محەممەد نیژاد، گەوهەر مێعمار زادە، عەباس مەنسوران، سروە ناسری، ڕەحمان نەجات، ئەردەشیر نەسرواللە بەیگی و مەرزیە نەزەری.

کۆنگرەی دوازدەی حیزبی کومونیستی ئێران دوای 5 رۆژ کاری پر به‌ پر، بە وتەی کۆتایی هاوڕێ حەسەن شەمسی و سرودی ئەنترناسیۆناڵ سرودی هاوپشتی جیهانی چینی کرێکار، بە سەرکەوتویی کۆتایی بەکارەکانی هێنا.

کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کومونیستی ئێران
گەلاوێژی ١٣٩٥
جولای ٢٠١٦

 

بابەتی پەیوەندیدار

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-