کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

” کۆنفرانسی وەحدەتی ئیسلامی” هەوڵێک لە ڕاستای ڕقابەتە ناوچەییەکاندا

حەسەن رۆحانی رۆژی شەممە ٦ ی مانگی بەفرانبار لە ” کۆنفرانسی وەحدەتی ئیسلامی” دا هێندێک قسەی کرد. کۆنفرانسی ” وەحدەتی ئیسلامی” هەموو ساڵێک لە لایەن ” مەجمەعی جیهانی نزیکاتەی ئیسلامیەوە” بەڕیوە دەچێت. ئەم مەجمەعە لە ساڵی ١٣٦٩ بە ئامانجی ” هەوڵدان بۆ ئاشت کردنەوەی باڵە جۆراو جۆرەکانی دینی ئیسلام و دروست کردنی نزیکایەتی لە نێوان ڕوانگەکانیاندا” پێکهات. ٢٥ ساڵ چالاکی تەشکیلاتی ” نزیک بوونەوەی مەزهەبە ئیسلامیەکان” ئاکامێکی بێجگە لە زیاتر چوونەخوار بە ناخی ناکۆکیدا هیچی تر نەبووە.ئەمرۆ حکومەتەکان لە وڵاتانی ئیسلامیدا و بەپێی پێگەکانیان لە سیستمی سەرمایەداری و حاکمیەتی جیهانیدا هەرکامە و بە شێوەیەک ئاگری شەڕی مەزهەبی، توند کردنەوەی ڕقابەت، سەرکوت، تەرویجی خورافات و شەڕ خۆش دەکات. خودی رۆحانی، کە بە ڕواڵەت بۆ وەحدەتی بە قەولی خۆی جیهانی ئیسلام هەوڵ ئەدات، لە ترسی باڵی نەیار وەهای هێرش کردە سەر عەرەستان و چەند دەوڵەتی تر کە بێچگە لە قوڵ کردنەوەی کەلێنی ناکۆکیەکان ناتوانێ ئاکامێکی تری هەبێت. ئەو وتی:” ئەمە قابیلی قەبوڵە کە پارەی موسڵمانان بدەین بە بۆمب و موشەک و بیڕێژین بەسەر خەڵکی بێچارەی یەمەندا؟” ئەو لە درێژەدا دەڵێ، کە ئایا ئەوە ڕاستە کە موشەک بنرێتە بەردەست داعش، بەرەی نوسرە و گوروپە تیرۆریستیەکان؟ ئاماژەی ئەو لێرەدا بێجگە لە عەرەبستان، بە حکومەتەکانی قەتەر، تورکیە وئۆردنیش بوو کە پشتیوانی لە گوروپە ئیسلامیەکانی وەک داعش و نوسرە لە سوریە دەکەن. ئەو لە قسەکانیدا ڕەقیبە نێوخۆییەکانیشی بێبەش نەکرد و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ توندوتیژیەکانی ئەوانی لە دژی ئیسلاح خوازانی حکومەتی و دەوڵەت ی سەرچاوەگرتو لە کەللە ویشکی، ئیفراتگەرایی و نا ئیعتیدال بوونیان زانی.1111111111111111111111
رۆحانی لە بەشیکی دیکەی قسەکانیدا پرسی ئەم هەموو توندوتیژیە لە دنیای ” ئیسلامدا” لەکوێوە سەرچاوی گرتوە؟ و وەک هەموو ئاخوندەکان وڵامی دایەوە کە توندوتیژیەکان لە ” توندوتیژی زەینی و فکری کۆمەڵێکەوە” سەرچاوە دەگرێت. رۆحانی کە ئەمرۆ باس لە هەڵویستی نەرمونیان و موعتەدل دەکات کاربەدەستی ڕژیمێکە کە بەرهەمی قوڵ بوونەوەی قەیرانی کۆمەڵگای سەرمایەداریە لە دەورەی سەڵتەنەتی پەهلەویدا و هەوڵی هێزە رۆژئاواییەکان بۆ ڕزگار کردنی سەرمایەداری ئێران لە ئاسیبی شۆڕشی ٥٧ لە کاتی شەڕی سارد دا. ئەو بە پەیڕەوی لە خومەینی لە هەمان سەرەتاوە لایەنگری سەرکوتی شۆڕشی ٥٧ لە نێوخۆدا لەژێر رۆشنایی ئیستراتیژی سدوری ئینقلاب و هەڵایسانی شەڕ لە ناوچەکەدا بوو. ئەو بە پەیڕەوی لە خومەینی و لە ڕاستای بەرزە فڕیەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا بۆ بوون بە هێزێکی بانتری ناوچەیی، لایەنگری ڕێکخستنی شیعەکان لەدژی شێخەکانی پشت بەستو بە ئیمپڕیالیزمی ئامریکا و لە سەروشیانەوە ئالی سعود لە ناوچەکەدا بوو؛ پادشاهی ئالی سعود کە خومەینی ئەوانی بە وەهابیە بێ نرخەکان نا برد وتی کە لەپشتەوە خەنجەر لە موسڵمانان ئەدەن. رۆحانی لەوکاتەدا یەکێک لە بەرپرسانی سەرەکی قەیرانی ئافەرینی لە نێوخۆی ئێڕان و وڵاتانی ناوچەکە بوو، لەبەر ئەوەی لەژێر سایەی ئەوەدا نەبوایە تێک شکاندنی شوڕا کرێکاریەکان، هێرش بۆسەر مافە بنەڕەتیەکانی ژنان، هێرش کردنەسەر بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە کوردستان، سەرکوتی بزوتنەوەی تورکەمەن سەحرا و بە گشتی خەڵتانی خوێن کردنی شۆڕش مومکین نەدەبوو.
پەرەدان بەو ڕقابەتە ناوچەییانەی،کە ئاسەوارەکانی ئەمرۆ بە ئاشکرایی خۆی نیشان ئەدات، لە بنەڕەتی ترین ئاستیدا بەرهەمی ڕسالەتێک بوو کە خومەینی بۆ ڕزگار کردنی سەرمایەداری ئێران لە مەترسی هێرشی ئینقلاب شانی دابووە بەر، ئەنجامی ئەم ڕسالەتە دەوڵەتانی ئامریکا، فەرانسە، بریتانیا و ئاڵمان لە کۆنفرانسی گوادلوپ بۆ سەرکوتی شۆڕش، بەویان سپاردبوو. بۆ سەرکوتی شۆڕشێکی گەورە کە کرێکاران و هێزە چەپەکان تێیدا دەور و نەخشێکی بەرچاویان هەبوو پێویستیان بە تەفسیرەکانی خومەینی لە ئیسلام هەبوو، ئەو تەفسیرانەی کە لەمرۆدا بە توندڕەوانە دەناسرێت. ئەو جەنایەتانەی کە لەمرۆدا داعش ئەنجامیان ئەدات لە ئاستێکی دەینا بەرابەر بەرینتردا لە دەیەی شەستی هەتاویدا لە لایەن خومەینی و پەیڕەوانیەوە وەک رۆحانی پەیڕەو کراوە. بۆچی رۆحانی لەو رۆژانەدا وەک ئیمامەکەی توندڕەو بوو وە ئەمرۆ ئیعتیدال گرا و لە بەرانبەر عەرەبستان و ئیئتیلافی ژێر ڕێبەریەکەیدا بۆتە وەحدەت تەڵەب؟
ڕاستیەکەی ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی، بە تەسەورێکی کە خومەینی لەو هەیبوو، شکستی خواردوە. ئێستا باڵی ئیعتیدال گەرای رۆحانی و ئیسلاح خوازانی حکومەتی لە ڕقابەتدان تا بە خەیاڵی خویان قاڵبی ڕژیم بپارێزن و لە چوارچێوەی ئەودا ڕژیمێکی موتەعارف دروست بکەن کە وڵامی نیازەکانی سەرمایەداری دامەزراو لەسەر بنەمای بازاڕی ئازاد لە سەردەمی گلوبالیزاسیۆنیشدا بداتەوە. لە ساختاری سیاسی و حکومەتی ڕژمێکدا کە بەرهەمی سەرکوتی خوێنانوی شۆڕشە و سپای پاسداران بە توانا ئابووریەکەی تێیدا دەستی باڵای هەیە هەوڵدان بۆ موتەعارف کردنی نیزامی سیاسی لەگەڵ گەلێک ئاڵۆزی و کۆسپدا بەرەو روویە. ئەم ئابووریە مافیاییە لەشکرێک لە جاسوسان، شکەنجە گەران، کۆنەپەرستانی شەڕ خواز و سازمانیافتەی پەروەردە کردوە کە خاوەنی گەلێک ئیمتیازی حکومەتین. هێزی نیزامی، واتە سپا، کە شێوە نیزامیەکان، دەزگا ئیتلاعاتیەکان و قوەی قەزاییەی هێناوەتە ژێر فەرمانی خۆیەوە و لەبەر ئەمەش لە کۆماری ئیسلامیدا دەستی باڵای هەیە.
ئەم هێزە لەگەڵ حیزب اللە و بە پشتیوانی روسیە بە هەموو هێزەوە لەپاڵ ڕژیمی بەعسی بەشار ئەسەد دا لەدژی نەیارانی شەڕ دەکات و بە کردەوە سوریەی کردوەتە مەیدانی شەڕ لەگەڵ ئەو هێزانەی کە بەجێگای حکومەتە ئیسلامیەکانی عەرەبستان و تورکیە و قەتەر بۆ روخاندنی ڕژیمی بەشار ئەسەد شەڕ دەکەن.
ڕاستیەکەی ئەوەیە کە درێژەی قەیرانی جیهانی سەرمایەداری و کاریگەریەکانی لەسەر مناسباتی نێونەتەوەیی خاوەرمیانە و بە تایبەت سوریەی کردوەتە کانونێکی سەرەکی ڕقابەتی هێزە ئیمپڕیالیستیە جیهانیەکان و هێزەکانی ناوچەکە. سەرجەم هێزە دەرگیرەکان لەم قەیرانەدا لە هەوڵدان تا لە سەرلەنوێ دابەش کردنەوەی دەسەڵار و سەرو ساماندان بە نەزمی ناوچەکە بەشی زیاتر بپچڕن. بەم جۆرە بە پێچەوانەی ئیدیعاکانی رۆحانی بەرەنگار بوونەوە و کێشمەکێشی حکومەتە ئیسلامیەکانی دەرگیر لەم قەیرانەدا هیچ پێوەیندیەکی بە فەفسیری جیاواز لە دینەوە نییە بەڵکو ئەوە بەرژەوەندی مادی و زەمینی و بەرژەوەندی سەرمایەیە کە حوکم دەکات.
سەرانی کۆماری ئیسلامی لە حاڵێکدا کە لە لایەکی ئەم شەڕەدا سەفئاراییان کردوە بە بەڕیوەبردنی ” کۆنفرانسی وەحدەتی ئیسلامی” تەنیا شپرزەیی خۆیان دەردەخەن. بەشداری کۆماری ئیسلامی لە ” کۆنفرانسی وەحدەتی ئیسلامی”دا و قسەکانی رۆحانی لەم بوارەدا کاردانەوەیەکە بە مانۆڕە تەبلیغاتیەکانی عەرەبستانی سعودی بۆ پێکهێنانی ئیئتیلافی دەوڵەتانی ئیسلامی لەدژی تیرۆریزم و ئەنگیزەی پێکهێنانی نە تەنیا وەحدەت تەڵەبی نییە بەڵکو هەنگاوێکە لە ڕاستای ڕقابەتەکانی تا ئێستادا بۆ دەستەبەر کردنی پێگەی بانتری ناوچەیی.