هێشتا جەوهەری تەوافوقات لە ویەن وشک نەبۆتەوە کە دوێنێ هەیئەتێکی سەد کەسەی سیاسی ـــ ئابووری ئاڵمان گەیشتنە تاران. ئامانجی ئەم هەیئەتە کە لە لایەن زیگمار گابریەل جێگری سەدری ئەعزەمی ئەم وڵاتەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، وتووێژ و هەڵسەنگاندنی بازاڕە ئابووریەکانی ئێران راگەیەندراوە. لەم سەفەرەدا وێڕای جێگرانی وەزیری ئابووری و وزەی ئاڵمان و بەرپرسانی سیاسی ئابووری ئەم وڵاتە، سەرۆک و ئەندامانی هەیئەت مودیرەی بیست شیرکەتی گەورەی ئاڵمانیش لەگەڵ هەواڵنێران و سەردەبیرانی ئەڕشدی ڕاگەیەنەرە گەورەکانی ئەم وڵاتەدا حوزوریان هەیە. ئەم هەیئەتە قەرارە لەگەڵ سەرۆک کۆمار و وەزیرانی نەوت، ئابووری، کاروباری دەرەوە و سەنعەت و مەعدەن و هەروەها سەرۆکی بانکی ناوەندی کۆماری ئیسلامی ئێران وتووێژ بکەن. ئەمە یەکەم هەیئەتی ئابووری ئوروپاییە کە دوای راگەیاندنی کۆبەندی وتووێژە هەستەییەکان لە ویەن دەچێت بۆ تاران،لە سەروبهندی ئەم سەفەرەدا میشێل توکوس، مودیری ئەڕشەدی ژووری بازرگانی ئێڕان- ئاڵمان، دوای پێکهاتنەکەی ویەن وتبووی کە “ئەمرۆ رۆژێکی زۆر باشە بۆ ئێمە، رۆژێک کە ساڵانێک چاوەڕێی بوین و هیوامان پێی هەبوو.” هاوکات رۆژنامەی “وال ئیستریت ژورناڵ”یش بەشوێن تەوافوقەکەدا نووسی:شیرکەتێکی وەک بوئینگ دەتوانێ لە ناوگانی هەوایی بازرگانی کۆن و لە تەوان کەوتووی ئێران سود وەربگرێت، لەبەر ئەوەیکە بە وتەی وەزیری گەیاندن و گواستنەوەی ئێران لە مانگی رابردوودا لە پاریس، پیشەسازی هەوایی ئەم وڵاتە بەشوێن گۆڕینی ٤٠٠ جێتی خۆیەتی لە ماوەی ١٠ ساڵدا و بە هەزینەی لانیکەم ٢٠ ملیار دۆلاری و ئەمە دەرفەتێکی گەلێک گونجاوە بۆ بوئینگ. جیا لەم بابەتانە، رۆژنامەکانی پێوەندیدار بە بابەتە ماڵییە سەرمایە گوزاریەکانەوە، پڕن لەمجۆرە هەواڵانە بۆ سەرمایەداران و سەرمایەگوزاری لە ئێراندا.بەڵام سەرمایەداریی دەرەکی لە ئێران و هەڵبەت سەرمایەی نێوخۆیش، بەشوێن کەڵەکە کردنی سود و قازانجی زیاترەوەیە و کۆکردنەوەی قازانجیش بە شێوەیەک تەزمین دەبێت کە هێزی کار لە ئێڕان وەک سەرچاوەی سەرەکی سودی سەرمایەداران بە کاری هەرزان و بێ مافی زیاتر ڕازی بووبێت و بێدەنگ بێت و ئەمنیەتی سەرمایە نەخاتە مەترسیەوە.سەرەڕای ئەم شادمانیانە بۆ سەرمایەگوزاری کردن لە ئێران، ئەوان بەپێی تەجروبە، ئەم پرسیارە لە دەوڵەتی رۆحانی دەکەن کە لە جێگایەک کە تەقریبەن هەموو رۆژێک شاهیدی ناڕەزایەتی و مانگرتنی هەرچەند پڕژو بڵاوە، ئەمنیەتی سەرمایە و کۆکردنەوەی سود و قازانج لە چ رێگایەکەوە زەمانەت دەکات؟ ئەوان بەباشی دەزانن کە پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاری لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی ئیستبدادی مەزهەبیدا دەتوانێ بە خێرایی خسڵەتی سیاسی بە خۆیەوە بگرێت و بەرژەوەندی سەرمایە داری لەم وڵاتەدا بخاتە مەترسیەوە.کەوایە ئەگەر بەشوێن پێکهاتنەکاندا ڕێگای یاسایی هاتنی سەرمایەگوزارانی رۆژئاوایی بۆ ئێران کراوەتەوە، بەڵام هێشتا مەسەلەیەکی زۆر گرنگ و جیدی واتە چۆنیەتی کۆنترۆڵ کردنی بزوتنەوەی کرێکاری و دابین کرانی ئەمنیەتی سود ئاوەری سەرمایە، لەسەر مێزی ئاغای رۆحانیە. ئەو بۆ بەرەپێش بردنی سیاسەتە ئابووریەکانی بیری لەم مەسەلەیە کردۆتەوە و بەشوێن رێگاچارەیەکی کاریگەرەوەیە کە هەڵبەت بە “تەدبیرەوە” بەکاری بێنێ.بەڵام کۆنترۆڵ کردنی بزوتنەوەی کرێکاری، رازی بوونی چینی کرێکاری ئێڕان بە بارودۆخێکی دژواری کار و ژیان کە دەوڵەتی رۆحانی لە حاڵی ئامادە کردنی دایە، چلۆن مومکین دەبێت؟ گومانی تێدا نییە سەرکوت، هەروا ئامرازی رژیم دەبێ بۆ بەرەنگار بوونەوەی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش. بەڵام نابێ وا تەسەور بکرێت کە رژیم تەنیا لەم رێگایەوە دەست ئەداتە کۆنترۆڵ کردنی بزوتنەوەی کرێکاری. هەموو نیشانەکان ئەوە دەڵێن کە دەوڵەتی رۆحانی لە ماوەیەک لەوەپێشەوە و راست لە راستای تەوافوقاتی هەستەییدا و بۆ خۆش کردنی مەسیری کردارەکانی بۆ مهار کردنی بزوتنەوەی کرێکاری، هەوڵی داوە ناوەندەکانی دەست سازی خۆی لە ریزی کرێکاراندا ببوژێنێتەوە و چالاکیان بکاتەوە.لەم راستایەدا هەوڵی دەوڵەت ئەوەیە کە تەشەکولە رەسمیەکانی خۆی لەنێو کرێکاراندا لەوانە خانەی کارگەر ببوژێنێتەوە. لەبیرمانە کە ئەمساڵ لە سەروبهندی یەکەمی مانگی مەیدا، رژیم بۆ یەکەمجار لە ماوەی ٨ ساڵی رابردودا، ئیجازەی یاسایی بۆ ڕێپێوانی کرێکاران لەژێر هیدایەتی خانەی کاردا دەرکرد. بابەتێک کە بێ پێوەندی نەبووە لەگەڵ دیپلۆماسی شاراوە و هەوڵەکانی رۆحانی بۆ سازش لەگەڵ رژئاوادا. وادیارە گوایە نوێنەری سازمانی جیهانی کار لە ئێرانیشدا حوزری دەبێت و بەم هۆیەشەوە خانەی کارگەر بە هەموو ئیمکاناتیەوە هەوڵ ئەدات تا خۆی وەک تەنیا نوێنەری” لایەقی” چینی کرێکاری ئێران پیشان بدات. بێگومان لەم بوارەدا کۆماری ئیسلامی خاوەنی ئەو ئیستعدادەیە کە لە داهاتودا، لەسەر بنەمای بوونی گرایشاتی راستڕەوانە لە بزوتنەوەی کرێکاریدا، دەست بداتە پێکهێنانی تەشەکولاتی زەردی تریش بە ئامانجی کۆنترۆڵ کردنی بزوتنەوەی کرێکاری لەنێو گۆڕەپانەکەدا.لە بارودۆخێکدا کە بزوتنەوەی کرێکاری لە ڕێکخراوی سەربەخۆی خۆی بێبەشە و هەموو جارێک لە سەرەتا و یان لە نیوەی رێدا بەرەوڕووی سەرکوت بۆتەوە، چالاک کردنەوەی ناوەندە زەردە کرێکاریەکان، دەتوانێ زەنگێکی مەترسیدار بێت. ئەگەرچی شوڕا ئیسلامیەکانی کار و خانەی کارگەر و ڕێخراوەکانی تری وەک ئەوان ئیمتیحانی خۆیان داوە لە ریاکاری و لە پشتەوە خەنجێر لێدان، لە قۆناغی جۆراوجۆردا و لەوانە وەک نمونە لە دیاری کردنی لانیکەمی حەقدەستی ئەمساڵدا و ئەگەرچی بە سەرتاسەری بوونەوەی خەباتی کرێکاران بێگومان ئەوان رێسوا تریش دەبن، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە راکێشانی سەرمایەی خاریجی بەر لە هەموو شتێک پێویستیەکی حەیاتی بە بوونی کرێکارانی بێدەنگ و رێکنەخراو لە سازمانە رادیکاڵەکاندا هەیە، مەترسی سەرهەڵدانی تەشەکولی زەردی تر بۆ کۆنترۆڵ کردنی بزوتنەوەی کرێکاری روو لە گەشە، نابێ بە کەم ئەهمیەت بزانین.