کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان لە رۆژی ٢٦ ی ڕێبەندان رۆژی کۆمەڵەدا جارێکی تر بیر لەو ئاوات و ئارەزوانە دەکەنەوە کە لە ساڵەکانی ڕابردودا و لەژێر ڕێبەریی کۆمەڵەدا لە پێناویاندا خەباتیان کردوە. باشترین ئازیزەکانیان بۆ گەیشتن بە وەها ئامانج و ئارەزویەک لە دەست داوە و بیر لە داهاتویەک دەکەنەوە کە کۆمەڵە بە بەرنامە و ئیستراتیژیە سیاسیەکەی، بە کردارە لێبڕاوانە شۆڕشگێڕانەکەی بە روویدا کردونەتەوە. بیر لە پێوەندیەکی قوڵ و پتەو دەکەنەوە کە لەگەڵ کۆمەڵەدا دایانمەزراندوە، و بیر لەو بیرەوەریانە دەکەنەوە کە لە ماوەی ساڵانێک خەبات و تێکۆشان لە دڵیاندا جێیان کردوەتەوە بیرەوەریەک کە بۆیان خۆشەویست و پیرۆزە، و نە تەنیا ژیانی ئەمرۆیان بەڵکو ئاوێتەی ژیانی سبەی رۆژیشیانە. بیر لە تازە کردنەوەی عەهد و پەیمانێک دەکەنەوە کە هەموو ساڵێک لە رۆژی ٢٦ ی ڕێبەندان، رۆژی کۆمەڵەدا نویی دەکەنەوە. عەهد و پەیمانێک کە تا دەستەبەر بوونی ئازادی و یەکسانی تا دامەزراندنی حکومەتی کرێکاری و هەڵکردنی ئاڵای سوسیالیزم هەموو جارێک و هەموو رۆژێک پێداگری لەسەر دەکەنەوە. کۆمەڵە وەک ڕێکخراوێکی سیاسی بە ئامانج، بەرنامە، ئیستراتیژی و ئاڕمانی کومۆنیستی و کرێکاریەوە، کە لەمرۆدا ئاوێتەی ژیان و خەبات و هەستی بە ملیۆن ئینسانی زەحمەتکێش بووە و دڵی لەگەڵ دڵی کرێکاران و زەحمەتکێشان و بێبەشانی کۆمەڵگەدا لێئەدات، ساڵانێکی پڕ لە خەبات، خۆڕاگری و سەرسەختیەکی کەم وێنەی ناوەتە پشت سەر.
کۆمەڵە لە ٤٦ ساڵ لەوە پێش لە پایزی ساڵی ١٣٤٨ لە ناخی بارودۆخێکی تایبەتدا شکڵی گرت. بارودۆخێک کە لەگەڵ زاڵ بوونی مناسباتی سەرمایەداری و لێک هەڵوەشانی نیزامی دەرەبەگایەتی، کەوتنە ڕێی زەحمەتکێشان لە دێهاتەکانەوە بەرەو شارەکانی ئێران و گەشە کردنی چەندایەتی چینی کرێکارێک کە بە غەیرەز هێزی کارەکەی هیچی تری بۆ دابین کردنی ژیانی نەبوو، دیاری دەکرێت. گەشە کردنی ئەم چینە کۆمەڵایەتیە و جێگیر بوونیان لە شارەکاندا ڕواڵەتی سیاسی کۆمەڵگای گۆڕی. هەموو مەسەلە کۆمەڵایەتیەکانی خستە ژێر کاریگەری و کۆمەڵێک کێشمەکێشی نوێی لە سەرجەم ئاستەکانی کۆمەڵگادا بەدی هێنا، کێشمە کێشی کرێکاران لەگەڵ سەرمایەداران لەسەر حەیاتیترین مەسەلەکان، لەسەر سەرەتایی ترین مافەکانیان، لەسەر نەفسی ژیان بەسەر بردن، لەسەر چلۆنایەتی دابین کردنی نان و جل و بەرگ، سەبارەت بە حەسانەوە و بەهرەمەند بوون لە ئیمکاناتی ژیانێکی شایستەی ئینسان. ئاوا کێشمە کێشێکی بەرین و کۆمەڵایەتی کە لە شار و دێهاتەکاندا لە ئارادا بوو، وڵامی شۆڕشگێڕانەی خۆی و خەباتێکی نوێی پێویست بوو. هەستە و شانە سەرەتاییەکانی کۆمەڵە و ئەو روناکبیرە شۆڕشگێڕانەی کە لەو سەردەمەدا، سەبارەت بە مەسایلی کرێکاران و زەحمەتکێشان ئێحساسی هاودڵی و بەرپرسیاریەتیان دەکرد؛ هەوڵیاندا تا وڵام بەم نیازانەی خەبات و تێکۆشانی ئەم دەورەیە بدەنەوە.
کەم نەبوون ئەو کومۆنیستانەی کۆمەڵە کە کاروانەکانی کرێکارانی کوردستانیان تا مەعدەنەکانی سمنان و دامغان، تا بەندەرەکانی بەندەر عەباس، ئەواز و ئابادان، تا کرمان و ڕەفسەنجان، تا تاران و ئیسفەهان بەڕێ دەکرد و شان بە شانی ئەوان کاریان دەکرد و لە نێویاندا تۆوی وشیاریان دەچان؛ ئەوانیان لەگەڵ ڕەنج و ئازار و موسیبەتەکانی دنیای سەرمایەداری، و ڕێگای ڕزگار بوون لە ستەم و چەوسانەوە ئاشنا دەکرد؛ مانگرتن و خەباتیانیان ڕیکدەخست و ڕێبەری دەکرد!
لە سەرەتای شۆڕشی ٥٧ دا کادرەکان و هەڵسوڕاوانی نێو ڕیزی کۆمەڵە لەنێو زەحمەتکێشان و خەڵکی ئازادی خوازدا، ببوونە سیمای ناسراو و پێشڕەو و جێی متمانەی خەڵکی ڕاپەڕیو و ڕێبەری خەباتی جەماوەری لە هەموو شار و ناوچەکانی کوردستاندا. کۆمەڵە وڵامدانەوە بەو بابەتە نوێ کۆمەڵایەتی و سیاسیانەی کە لە سەرەتای دەسپێکی شۆڕشی ڕێبەندانی ١٣٥٧ وە هاتبوونە گۆڕێ، یەکەم کۆنگرەی سازمانیی خۆی لە پایزی ساڵی ١٣٥٧ دا گرت. هەرچەند دیکتاتۆڕی ڕژیمی شا دەرفەتی ئامادەکاری سیاسی و تەشکیلاتی پێویستی بۆ وڵام دانەوە بە مەسەلەکانی ئەو دەورەیە بە کۆمەڵە نەدا بوو، بەڵام کۆمەڵە لێبڕاوانە بڕیاریدا کە بە هەموو توانایەوە خەباتی جەماوەری لە کوردستان لە ڕاستای بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشانی سەرتاسەری ئێڕاندا بەرێتە پێش. لەو کاتەوە تا ئێستا کۆمەڵە ئەو سازمانەیە کە سەبارەت بە مەسایل و موشکەلاتی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش، پێشێل بوونی ماف و ئازادیەکانیان، بێمافی ژنان و سوکایەتی پێکرانی هەموو رۆژەیان هەستیار بووە و بۆ بە هێز کردن و هیدایەت کردنی خەباتیان بە هەست کردن بە بەرپرسیاریەتیەوە جۆڵاوەتەوە. کۆمەڵە بەپێی توانای خۆی و ئامادەگی هێزە کۆمەڵایەتیەکانی ئامادە لە مەیداندا، بێ دریغ لە ڕاستای پێشڕەوی و بەرەو پێش بردنی خەباتی کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگا و لە ڕاستای پاراستنی هەموو دەستکەوتەکان و قازانج و بەرژەوەندیاندا خەباتی کردوە و بەم جۆرە پێوەندی نێوان خۆی و جەماوەری زەحمەتکێشانی قوڵتر و پتەوتر کردوە.
کۆمەڵە دوای ٩ ساڵ و چەند مانگ هەڵسوڕانی مەخفی، بەدوای گیان لەدەستدانی هاوڕێ حەمە حسێنی کەریمی یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە کە لە گەرماو گەرمی ڕاپەڕین و ئاخێزی خەڵکی ئێراندا لەدژی ڕژیم شا، لە ڕیزی پێشەوەی خەڵکی ڕاپەڕیو و شۆڕشگێڕی شاری سەقز لە رۆژی ٢٣ ی مانگی ڕێبەندان کاتێک هێرشیان کردە سەر شارەوانی ئەم شارە کرایە ئامانجی گوللەی بەکرێگیراوانی ڕژیمی شا و رۆی ٢٦ ی ڕێبەندان بە دڵێکی پڕ لە ئەوین بە ڕزگاری کرێکاران و زەحمەتکێشانەوە گیانی بەخت کرد، بە ڕەسمی فەعالیەتی ئاشکرای خۆی دەست پێکرد. ڕێبەران و هەڵسوڕاوانی کۆمەڵە بۆ جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان، کۆمەڵێک سیمای نەناسراو نەبوون. ئەوان هەمان یارانی قەدیمی ئەوان، تێکۆشەرانی خۆڕاگری زیندانەکانی ڕژیمی شا، هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە کرێکاری و جوتیاریەکان، ڕێبەرانی خاوەن نفوزی جەماوەری خەڵک و ڕێبەرانی خەباتی دەورانی قیام و شۆڕشەکەیان بوون!
کۆمەڵە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ٥٧ بە ڕێکخستنی خەباتێکی گشتی و جەماوەری و ڕێبەری کردنی بزوتنەوەی خۆڕاگری لە بەرانبەر هێرشی دژی ئینقلابی کۆماری ئیسلامیدا، و هەروەها خۆڕاگری لێبڕاوانە لە بەرانبەر کۆنەپەرستانی ناوچەیی، دیفاع لە بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنانی زۆر لێکراوی کۆمەڵگەی کردە ئەولەویەتی کاری خۆی. ئەوەی کە دوای ڕاپەڕین چارەنووسی ئەم تەشکیلاتەی بە چارەنووسی بە ملیۆن ئینسانی زۆر لێکراو و تینوی ڕزگاریەوە گرێدا، خۆڕاگری کۆمەڵە بوو لە بەرانبەر دوژمنانی ڕەنگاو ڕەنگ و دۆستانی ڕیاکار و درۆینەی کرێکاران و زەحمەتکێشاندا. داکۆکی لە جوتیاران لە بەرانبەر مالیکەکاندا، دیفاع لە زەحمەتکێشانی دێهاتەکان بۆ مسادرە کردنی زەویەکان، دیفاع لە ژنان لە بەرانبەر کۆنەپەرستی حاکم و فەرهەنگ و سوننەتی کۆنی پیاوسالارانە، دیفاع لە کرێکاران لە بەرانبەر سەرمایەداران، دیفاع لە بە چەکدار مانەوی خەڵک و هەوڵدان بۆ چەکدار کردنی زەحمەتکێشان، پێکهێنانی هەموو جۆرە تەشەکول و جەمعیەت و ئیتیحادیەکی جوتیاران، شوڕای ژنان و قوتابیان، و لە هەمانحاڵدا هەوڵدان بۆ هێنانە مەیدانی بەرین و بەربڵاوی جەماوەری خەڵک لە بەرانبەر هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیدا کە لە ٢٨ ی مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ دا بە لەشکر کێشیەکی سەرتاسەری بەکردەوە دەرهات. ڕێکخستنی حەرەکەتێکی جەماوەری گەورەی وەک کۆچی مێژوویی خەڵکی شاری مەریوان و سازماندانی باقی خۆپیشاندان و ڕێپێوانەکان کە هێمای دەخاڵەت دانی ڕاستەوخۆی خەڵک بوون لە مەیدانی خەباتی سیاسیدا، بوونە هۆی ئەوەی کۆمەڵە بتوانێ دوای هێرشی نیزامی ڕژیمی ئیسلامیش ئاڵاهەڵگری خۆڕاگری جەماوەری و چەکدارانەی خەڵکی کوردستان بێت لە بەرانبەر داگیرکاری و سەرکوتی کۆماری ئیسلامیدا.
دوای ئازاد کردنی شارەکان لە لایەن خەڵک و هێزی پێشمەرگەوە کە ڕژیمی بە چۆکدا هێنا و ڕیاکارانە ڕازی بە وتووێژ بوو، لە حاڵێکدا کە حیزبی بۆرژوایی بە ئامانجی کپ کردنەوەی خەبات، حازر بوو بۆ هەموو معامەلە و سازشێک، قاتعیەت و کارزانی کۆمەڵە لە وتووێژ لەگەڵ ڕژیمدا لە ڕاستای قازانج و بەرژەوەندی بزوتنەوە و بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان و پەرەسەندنی دیموکراسی، ڕێکخستنی هەرچی بەرینتری چالاکی وشیاری دەرانە لە مەودای نێوان دوو لەشکر کێشی ڕژیمدا بۆ کوردستان، جارێکی تر توانایی کۆمەڵەی لە ڕێبەری کردنی خەباتی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان و هێنانە مەیدانی چینی شۆڕشگێڕی بە باشی نیشاندا.
لە ماوەی ساڵەکانی دوای قیامدا، ئاڵوگۆڕ و تەحەوەلاتی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردستان، کۆمەڵێک مەسایلی مەتڕەح و دروست کرد و خەباتی زیاتر پەرەپێدا. بوونی وەها بابەتگەلێک خەباتی کۆمەڵەی زیاتر لە پێشو بەلای ولامدانەوە بەم بابەتانە و تێکۆشاندا شکاندەوە. ئەنجامی ئەم خەباتە و پێشڕەوی لەم مەیدانانەدا بە قیمەتی فیداکاری و گیانبازی هەزاران کەس لە دڵسۆز ترین شۆڕشگێڕانی کومۆنیست بەرهەم هات بوو.
لەمرۆدا حاسڵی نزیک بە چوار دەیە هەڵسوڕانی ئاشکرای کۆمەڵە، بەرهەمی چالاکی هاوبەشی کۆمەڵە و جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە ڕێژەی وشیاری و توانایی، کارایی و نفوزی کۆمەڵایەتی ئەم جەریانەدا دەکرێ ببینی. بەرهەمی ئەم هەموو ساڵە کار و هەوڵدان لە ڕاستای بە دەسەڵات گەیشتنی ڕیزی شۆڕشی سوسیالیستی، لە پەرەدان بە نفوزی کومۆنیزم، لە نفوزی ئەفکار و سوننەتی کومۆنیستی لەنێو کرێکارانی کوردستاندا، لە ئاشنا کردنی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنانی خەباتکار لەگەڵ مافە بنەڕەتیەکانیان، لەگەڵ ئاڕمانی ئازادی، یەکسانی، حکومەتی کرێکارایدا خۆی نیشان داوە.
بەڵام ئەگەر بمانەوێ جەخت لەسەر دەستکەوتە ئەساسی و گرنگەکان بکەینەوە، دەبێ یەکێتی و هاوپشتی سیاسی و چینایەتی لەگەڵ باقی کرێکاران لە سەرتاسەری ئێراندا وەبیر بێنینەوە.
کۆمەڵە وەک سازمانی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران لەگەڵ هەڵسورانی کومۆنیستی خۆیدا لە ماوەی ژیانی خەباتگێرانەیدا توانیویەتی کە ئەم دەستەکەوتانە بەدەست بێنێ و بە لێبڕاوی هەرچی زیاترەوە بیانپارێزێ. کرێکارانی وشیار لە کوردستانیش لەمرۆدا لە خەبات بۆ دەستەبەر کردنی ماف و داواکاریە پێشێل کراوەکانیان لە هەوڵدان لەدژی ستەم و ئیستبدادی ڕژیمی ئیسلامی سەرمایەدا لە ئێران، خۆیان لەپاڵ کرێکارانی نەیشەکەری حەفت تەپە و ئێرانخودڕەو و پیترۆشیمیەکاندا و لە کۆتاییدا سەرجەم کرێکارانی ئێراندا دەبینن. کۆمەڵە هاوڕێ و هاوشان لەگەڵ خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و جەماوەری خەڵکی ماف خوازی کوردستان ئەم ڕێگایە تا کۆتایی و تا گەیشتن بە سبەی رۆژی سەرکەوتن بە سەربەرزیەوە درێژە پێئەدات. ئەوەیە ڕەمزی خۆشەویستی کۆمەڵە و پێویستی ڕێز گرتن لە ٢٦ ی ڕێبەندا، رۆژی کۆمەڵە لە لایەن کرێکارانی وشیار و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان! کۆمەڵە لە دڵی ئەم خەباتەدا و لەسەر ناوەرۆکی ئەم بارودۆخە پەروەردە بووە و خاراوە.