کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆمەڵگای ئێران لەبەردەم ڕووداوی گرنگدایە

Picsart 25 12 20 03 41 14 695 2

عەباس عەبدی، ڕۆژنامەنووسی ڕیفۆرمخواز و ستوون نووسی ڕۆژنامەی ئیعتماد، لە بابەتێکدا سەرنجی خستووەتە سەر دۆخی سیاسی ئێران، کە کرۆکی ئەو بابەتە بەم شێوەیەیە: “ئەگەر ئاراستەی ڕەوتی حکوومەت گۆڕانکاری بەسەردا نەیات، بە سانایی ساڵی ١٤٠٥ نابینین و پێموایە بەر لە ساڵی نوێ ڕووداو گەلێک لە دەرەوەی ئیرادەی سیستەم ڕوودەدەن“. ئەەی کە ئەم پێشبینییە تا چەند دێتە دی، گرنگ نییە. ئەوەی کە گرنگە ئەم لێدوانە لە لایەن کەسێکی وەک عەباس عەبدییەوە دەردەبڕدرێت، کە نزیکە لە بازنەی بەرتەسکی حکوومەت و ساڵی ڕابردوو کاری زۆری کرد بۆ پزیشکیان لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ناوبراودا. بەڵام ئەم لێدوان و سەرنجانە کە لەم ڕۆژانەدا لەلایەن زۆرێک لە ڕۆشنبیران و مامۆستایانی زانکۆکانی وڵاتەوە دەبیسترێت، زۆریش دوور لە ڕاستی و بێ بنەما نین. ئاماژە بابەتییەکان باس لەوە دەکەن کە کۆمەڵگای ئێران لەبەردەم هاتنەئارای ڕووداو گەلێکی گرنگدایە. واقعییەت ئەوەیە کە هەم لە هەناوی کۆمەڵگادا ئەگەری گۆڕانکاری گرنگ لە هەیە و هەم دەسەڵاتیش وەک جاران توانای حوکمڕانی نەماوە. بێ گومان لە سەر بەستێنی ئەم هەلومەرجە، دۆخی ئۆپۆزسیۆنی ڕژیمیش بە ناچاری گۆڕانکاری بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت.

لە ئاستی دەسەڵاتدا ئەوەی کە بەرچاوە بریتییە لەو ڕاستییەیەی کە قەیرانە هاوکات و کەلەکەبووەکان پێکهاتەی ڕژیمیان تووشی داماویی و شپرزەیی کردووە. ڕیفۆرمخوازانی حکوومەتیی پتر لە هەمیشە پەراوێزخراون. هەرچەند خامنەیی لە پێگەی فەرمی خۆیدا وەک ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، هەڵوێستە سیاسی و ئیدئۆلۆژیکییەکانی خۆی پاراستووە، بەڵام سیاسەتی ڕاستەقینەی ڕێژیم نەک لە لایەن پزیشکیانیڕیفۆرمخوازو خامنەییبناژۆخوازەوە، بەڵکوو لە لایەنناوەندێکی نادیاریدیکەوە ئاراستە دەکرێت. ڕاستە پرسی جێنشینی خامنەیی یان فۆڕمی ڕێبەرایەتی داهاتووی کۆماری ئیسلامی بە ناڕوونی ماوەتەوە، بەڵام دامەزراوە سەرەکییەکانی بڕیاردان لەم ناوەندەدا (نیزامی، ئەمنییەتی، قەزایی و ئابووری) پتر لە هەمیشە لەیەکتر هەڵپێکراون. سپای پاسداران و دامودەزگاکانی سەر بەو هێزە، ئەگەرچی لەدوای شکستی سوریا و لوبنان و فەلەستین تاڕادەیەکی زۆر باڵە بە وەکالەتیان لەدەستداوە، بەڵام لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەوە پێگەی خۆیان وەک ناوەندی سەرەکی دەسەڵات لە بوارەکانی سیاسەتی دەرەوە، کۆنترۆڵی زیاتر بەسەر ئابووری و دامەزراوە ئەمنییەکاندا بەهێزتر کردووە. ئەم بەناو ناوەندە نادیارەی دەسەڵات بە شێنەیی کار لەسەر گۆڕینی سیاسەتەکانی حکوومەت دەکات. ئەڵبەتە خاڵی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە لە ڕەوتی گۆڕینی سیاسەتەکاندا، نەک هەر هیچ نیشانەیەک لە ئامادەیی بۆ چاکسازییەکی سیاسی وەک (ئازادی زیندانیانی سیاسی، بەفەرمی ناسینی ڕێکخراوە سەربەخۆکان، هەموارکردنەوەی یاسای بنەڕەتی و هتد) بەرچاو ناکەوێت. بەڵکوو تەنانەت ئەگەر هەندێک جموجۆڵی کاتیش لەم بوارەدا بەرچاو دەکەوێت، ئامانج لێی تەنها کڕینی کات و تێپەڕبوون لە قیرانەکانە. ئامانجی کورتماوەی ڕێژیم بریتییە لە ڕێگریکردن لە گۆڕانی ناڕەزایەتییەکی بەربڵاو بۆ ڕێبەرایەتیی و ڕێکخراوبوونێکی یەکگرتوو. ڕێژیم لەم بوارەدا وەک هەمیشە پەنا دەباتەبەر سەرکوتی پۆلیسی، بەرتەسککردنەوەی فەزای پێکهاتنی ڕێکخراوە سەربەخۆکان، کۆنترۆڵی توندی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و زیادبوونی بەردەوامی دۆسیە ئەمنییەکان.

ئەم دەسەڵاتە بۆ کورتماوە توانایی سەرکوتکردنی هەیە و هەوڵ دەدات لە ئاستە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگادا پێش بە پێکهاتنی ڕێبەریی و خۆڕێکخستن بگرێت. بەڵام لە درێژماوەدا، ئەگەرچی بە تێکەڵەیەک لە سەرکوت و ئیمتیازاتی سنووردار و پڕوپاگەندە دەتوانێت بە شێوەیەکی کاتی هەر ناڕەزایەتی و مانگرتنێک بە شێوەی لۆکاڵی و کورتماوە بێکاریگەر بکات، بەڵام لەو ڕووەوە کە لەگەڵ کۆمەڵێک قەیرانی هاوکات و چارەهەڵنەگر بەرەوڕووە، خاوەنی دەسەڵاتێکی لە ڕادەبەدەر لاواز و بێتوانایە. لە ئاستێکی تریشدا میلیتاریزەبوونی فەزای کۆمەڵایەتی و پەرەسەندنی ترس لە سەرکوتی توندوتیژانە، پەرەسەندنی ئێعدامەکان، سزای قورسی زیندانیکردن بۆ هەڵسووڕاوانی سیاسی و چالاکانی مەدەنی، پەرەسەندنی چاودێریی ئەمنی و کۆنترۆڵی زانکۆکان، ناوەندەکانی کار و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەزینەی ناڕەزایەتییەکانی بردووەتە سەرەوە. ئەگەرچی ئەم دۆخە هەندێک پاشەکشەی بەسەر خەڵکدا سەپاندووە، بەڵام تووڕەیی و بێزاریی سیاسی هەروا لە ئارادایە و تەنیا شێوازی دەربڕینەکەی گۆڕاوە. خەبات و خۆڕاگریی ڕۆژانە، نافەرمانی تاکەکەسی و بەکۆمەڵ لە بوارەکانی وەک حیجاب، شێوازی ژیان، هونەر و ڕێگاکانی خۆدزینەوە لە یاساکانی سەرچاوەی هەڵاواردن، هەروا بەردەوامە. لە ناوەندەکانی کار و لە گەڕەکەکاندا، جۆرێک تۆڕ و ڕایەڵەی نافەرمی لە نێو هەڵسووڕاواندا بوونیان هەیە، بەڵام هێشتا نەبوونەتە ڕێکخراوێکی بەردەوام و ئاشکرا.

واقعییەت ئەوەیە کە ئەم ئاستە لە گرانی و پەرەسەندنی هەژاری و برسێتییە ژیانی لە کرێکاران و ملیۆنان کەس لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگا کردوەتە دۆزەخ. هەڵاوسانی هەوسارپچڕاو، دابەزینی بەردەوامی بەهای دراو و کەمبوونەوەی بەردەوامی توانای کڕینی خەڵک، نەبوونی ئەمنییەتی پیشەیی، بێکاریی لاوان و کۆچی بەربڵاوی هێزی کاری پسپۆڕ و لێهاتوو، هەموو ئەمانە دەستیان داوەتە دەستی یەکتر و تەنانەت ژیانێکی ئاساییان بۆ زۆربەی هەرەزۆری کۆمەڵگە مەحاڵ کردووە. درەنگ یان زوو کاسەی سەبری ئەم خەڵکە لێوڕێژ دەبێت و لە پێناو ڕزگارکردنی خۆیان و منداڵەکانیان لە دەست برسێتی، خەبات و تێکۆشانی خۆیان پەرەپێدەدەن. کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش لە ڕەوتی خەبات و ناڕەزایەتییەکانی تا ئێستایاندا ئەوەندە ئەزموونی بەنرخیان بە دەست هێناوە کە بە ناسینی دروستی هاوسەنگی هێزی ئێستا، بە کەمترین هەزینە و بە شێوازی جۆراوجۆری خەبات و تێکۆشان، بتوانن کۆماری ئیسلامی تووشی ئاڵەنگاری بکەن و خەبات و تێکۆشانی خۆیان لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی بانتر بگوازنەوە. هەروەک چۆن لە ساڵی ١٤٠١ (شۆڕشی ژنان، ژیان، ئازادی)دا بینرا، کۆمەڵگا توانای یەکگرتوویی خێرا و بەربڵاوی هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی ناوەند و دامەزراوەی ڕێبەرایەتی و ئاراستەکار، ئەم یەکگرتووییە لە بەرامبەر سەرکوتی بەردەوام و بێبەزەییانەدا لاواز دەبێ و دەوام ناهێنێت. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە گۆڕانی ئەم هەلومەرجە بابەتێکی حەتمییە و بەستێنی بابەتیش لەبارە بۆ ڕۆڵی هێزە چەپ و سۆسیالیستەکان لە داڕشتنەوە و بنیاتنانەوەی داهاتووی سیاسی ئێراندا.