کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆمەڵگایەکی بە دوور لە خەسارە کۆمەڵایەتیەکان لە گرەوی ڕوخانی کۆماری ئیسلامی دایە

IMG 20230626 094611

  ئەمڕۆ دوو شەممە ٢٦ ی مانگی ژوئێن، بەرابەر لەگەڵ ٥ی مانگی پوشپەر، هاوکاتە لەگەڵ دوو بۆنەی گرنگی جیهانی. یەکەم،ڕۆژی جیهانی پشتیوانی لە قوربانیانی ئەشکەنجەو دووهەم،ڕۆژی جیهانی خەبات دژبە مادەی هۆشبەر“. ئەم بۆنانە لە لایەن کۆبوونەوەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە دیاریکراون. کۆماری ئیسلامی لە زومڕەی ئەو ولاتانەیە کە سەبارەت بە هەر دوو بابەتەکە لە ڕیزی یەکەمی تاوانبارانی کرداری ئەشکەنجە و بازرگانی کردن بە مادەی هۆشبەر، کە قەرارە ئەمڕۆ  وەبیر هێنەرەوەی خەبات دژ بەم دوو دیاردەیە بێت، قەراری گرتوە.

ئەگەرچی کرداری ئەشکەنجە لە زۆربەی وڵاتانی دنیا کە نوێنەرەکانیان لە کۆبوونەوەی گشتی ئەو ڕێکخراوەدا بەشدارن، باوە، بەڵام لەنێو دەوڵەتانی دنیادا، کۆماری ئیسلامی پلەی یەکەمی لە ڕەچاوکردنی ئەشکەنجەی وەحشیانە و درێژماوەدا هەیە. ئەم ڕژیمە بۆ بەکار هێنانی ئەشکەنجە، لەژێر ناوی حەد و تەعزیرات، پاساوی شەرعی و یاساییشی هەیە. گەلێک جار لە بیرەوەریەکاندا هاتووە کە زیندانوانان و ئەشکەنجەگەران بەو زیندانیانەی لەسەر هەڵوێستی خۆیان دەمانەوە دەوت:” نایەڵین لێرە بە زیندوویی بچیە دەرێ تا ببیتەقارەمان“.

لە بواری ڕۆژی جیهانی خەبات دژبە مادەی هۆشبەریش کارنامەی کۆماری ئیسلامی هەر لەم ڕیزەدایە. گیرۆدە بوون بە مادەی هۆشبەر لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی ڕژیمی ئیسلامی لەوپەڕی خۆیدایە. ئەم ڕاستیە هەموو کەس دەیزانێت. بەڵام ئامارەکان، وێنایەکی ئازاردەرتر لەم ڕاستیە تاڵە نیشان ئەدەن. ئەو ئامارانەی کە هەر جار ناجارێک لە زمان بەرپرسانی حکومەتیەوە دەبیسترێت ژمارەی گیرۆدە بوانی وڵات بە ٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس و ئامارە ناڕەسمیەکانیش ئەم ڕەقەمە زیاتر لە ٨ ملیۆن کەس بەرئاورد دەکەن. ئەگەر مامناوەندی ئەندامانی یەک بنەماڵەی ئێرانی بە ٤ کەس لەبەرچاو بگرین بەم جۆرە زیاتر لە ٣٠ ملیۆن کەس لە دانیشتوانی وڵات گیرۆدەی کێشەی گیرۆدە بوون و ئاسەوارەکانین لە بنەماڵە و کۆمەڵدا. لەسەر بنەمای ئەم ئامارانە نە تەنیا ژمارەی سەرجەم گیرۆدە بوان زیادی کردوە بەڵکو تەمەنی گیرۆدە بوان لەنێو لاوان و تازە لاواندا گەلێک دابەزیوە و گەیشتۆتە خوارتر لە تەمەنی ١٤ ساڵی. بەپێی ئەم ئامارانە ڕۆژانە نزیک بە ٥٠٠ کەس بە ژمارەی سەرجەم گیرۆدەبوانەوە زیاد دەبێت و ساڵانە زیاتر لە ٨٠٠ تۆن مادەی هۆشبەر لە ئاستی وڵاتدا سەرف دەکرێت.

  خەڵک باش دەزانن سەبەبکاران و عاملانی سەرەکی بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی مادەی هۆشبەر کێن و سەوداگەرانی مەرگ لەکوێ دانیشتون. هەموان دەزانن کە سەری هەودای ئەم بارودۆخە و بارزگانی مەرگ بەکوێوە بەستاروەتەوە و چۆن فەرماندە نیزامیەکانی سەرەوەی کۆماری ئیسلامی و سەرانی حکومەت و چەقۆکێشانی لیباس شەخسی کە لە خزمەت ڕژیمدان، لە تۆڕە مافیاییەکانی بەرهەمهێنان، بڵاو کرنەوە و فرۆشتنی مادەی هۆشبەر لە نێوخۆدا و هەناردە کردنی بۆ دەرەوە گلاون و چلۆن شەبەکەیەکیان لە تاوانکارانی حیرفەیی، هەر ئەوانەی کە تیمی عەمەلیاتی دژبە چاغچیانی غەیرە خودی مادەی هۆشبەر فەراندەهی دەکەن، سەردارانی سپا و مودیرانی بونیادە ڕەنگاوڕەنگەکان، لەم شەبەکە مافیاییانەدا ڕێکخستوە تا ئەم کالا ماڵوێرانکەرە پڕ سود و قازانجە بخەنە بازارەوە و لەو ڕێگایەوە ئیرادە و شور و شعوری لاوان نابوود بکەن.

کۆماری ئیسلامی ڕیاکارانە بە جێگای ڕۆژێک، حەفتەیەکیشی بۆ خەبات دژبە مادەی هۆشبەر لەژێر ناویتێکۆشان دژبە مادەی هۆسبەرتەرخان کردوە و چەند ساڵێکە بەم بۆنەیەوە کۆمەڵێک شانۆگەری ڕیاکارانە لە سەرتاسەری وڵاتدا کە یەکێک لە ئامانجەکانی وەرگرتنی یارمەتی ماڵی زیاتر لە ناوەندە نێونەتەوەییەکانی خەبات دژبە مادەی هۆشبەرە، بەڕێوە دەبات. لە سەرەتای ئەم حەفتەیەدا کاربەدەستانی دەوڵەتی، فەرماندەکانی سپا و هێزی ئینتیزامی، ئیمام جومعەکان و ستادی خەبات دژبە مادەی هۆشبەر هەراو هوریا و تەبلیغاتێکی فریوکارانەی زۆریان دژبە مادەی هۆشبەر خستۆتەڕێ. ئەم هەرا و هوریا تەبلیغاتیە لە حاڵێکدا بەڕێوەدەچێت کە کۆماری ئیسلامی وەک هۆکاری، بوونی ئیعتیاد بە یەکێک لە گەورە ترین خەسارە کۆمەڵایەتیەکان لەنێو خەڵکی ئێراندا ناسراوە. توێژینەوە بەڵگە مەندەکان نیشانی ئەدەن کە سپای پاسداران عاملی قاچاغ و ترانزیتی مادەی هۆشبەری بەرهەمهاتوو لە ئەفغانستان بەرەو تورکیە و ئوروپا و خاوەندار و دامەزرێنەری ژمارەیەکی زۆر لە لابراتۆڕەکانی بەرهەمهێنانی مادەی هۆشبەری شیشە و بڵاوکردنەوەی لەنێو لاوانی ئێرانی، بە تایبەت لە ناوچە کورد نشینەکانی ئێران و عێڕاقە.

سپای پاسران پاوانکەری کڕین و فرۆشتن و سەوداگەریی مادەی هۆشبەر لە ئێرانی لە ئیختیار دایە و فەرماندە سەوداگەرەکانی ئەم ناوەندە لە بەرهەمهێنان، قاچاغ و بڵاو کردنەوەی مادەی هۆشبەر قازانجێکی زۆر دەخەنە گیرفانیانەوە، کەوایە عاملی سەرەکی گەشە و پەرەسەندنی گیرۆدە بوون و موعتاد بوونی لاوان بە مادەی هۆشبەر لە ئێرانن. بەم ئیعتیبارەوە خەبات دژبە مادەی هۆشبەر و پەرەپێدانی لە کۆمەڵگەی ئێراندا جیا نییە لە خەبات دژبە کۆماری ئیسلامی. کۆمەڵگەیەکی سالم و بە دوور لە مادەی هۆشبەر و ئەشکەنجە لە گرەوی ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامی دایە.