کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆماری ئیسلامی پێشەنگی تێکدەرانی ژینگە لە دنیادا

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ٥ی مانگی ژوئه‌ن، ڕێكه‌وتی ١٥ی جۆزەردان، رۆژی جیهانی ژینگە بوو. مەجمەعی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ساڵی ١٣٧٢ ئەم رۆژەی وەک “رۆژی جیهانی ژینگە” دیاری كرد. ئامانج لە دیاری کردنی ئەم رۆژە، بردنە سەری ئاستی وشیاری خەڵک بۆ پاراستنی ژینگە و هاندانی دەوڵەتان بوو بۆ ئەوەی لەبیری بەرەنگار بوونەوەی مەترسیەکانی وێران بوونی ژینگە و شوێنی ژیانی گیانلەبەران دا بن.

تا ئیستا چەند ئیجلاسی نێوده‌وڵه‌تی لە ئاستی سەرانی ولاتانی سەرمایەداری دنیادا بۆ بەرگرتن لە ڕه‌وتی وێران بوونی ژینگە بەڕێوەچووە. لە دوایین ئیجلاسی جیهانی لەم جۆرە لە پاریس کە لە ٢١ی دیسامبری ساڵی ٢٠١٥ بەڕێوە چوو، تەوافوق نامەیەکی جیهانیش مۆر کرا. ئەم تەوافوقنامەیە هەرچەند کۆمەڵیک ئه‌ركی خستە ئەستۆی واژۆكارانی، بەڵام بە کردەوە نەیتوانیوە ڕەوتی کارەساتباری وێران بوونی سیستماتیکی ژینگە ڕابگرێت و یان تەنانەت هێوری بکاتەوە. دەوڵەتی ئەمریکا وەک گەورە ترین بەرهەمهێنەری گازی گوڵخانەیی لە دەورەی حکومەتی ترامپدا بە ڕەسمی لەم قەراردادە کشایەوە. لەم نێوانەدا ئێران تەنیا بە دوو لەسەد لە سەهمی ئابووری جیهانی، پێگەی دەیەمی لە وێران کردنی ژینگەدا هەیە لە دنیادا. کۆماری ئیسلامی، نە تەنیا ده‌ورێکی لە پاراستنی ژینگەدا نییە، بەڵکو بە سیاسەتی دژی ژینگەیی و قازانج په‌ره‌ستی، ئەم ولاتەی بەرەو کارەساتێکی ژینگەیی سامناك بردووه‌.

چاو گێرانێکی خێرا بەسەر کارنامەی کۆماری ئیسلامی لە چەند نمونەی دیاری کراودا، ئاستی کارەساتباری وێرانبوونی ژینگە لە لایەن ئەم ڕژیمەوە ئاشکرا دەکات.

وشک بوونی دەریاچەی ورمێ:

ڕەوتی خێرای وشک بوونی دەریاچەی ورمێ کارەسات بار ترین روداوی ژینگەییە کە کۆماری ئیسلامی سەبەبکاریەتی. وشک بوونی دەریاجەی ورمی مەترسیەکە کە هەر ئێستا هەڕەشە لە ژیانی جه‌ماوه‌ری لە سەرجەم ناوجەکەدا و بەتایبەت لە ئوستانەکانی ئازەربایجانی رۆژهەڵات و رۆژئاوادا ده‌كات و ئاسەوارەکانی لە درێژ ماوەدا ئوستانەکانی دروبەریش دەگرێتەوە. شوره‌كاتی دەوروبەری دەریاجەکە، رۆژ لەگەڵ رۆژ بەرینتر و ئاوی زێر زەویش سوێر تر دەبێت. بە وشک بوونی ئەم دەریاچەیە، بیابانێکی بەرینی تر لەم ناوچەیە لە ئێران دروست دەبێت چوونكه‌ شۆره‌كاتیشه،‌ سیمای ژیانی خەڵک لەم ناوچەیەدا دەگۆڕدرێت. کارناسان دەڵین: دروست کردنی جادەیەک بەنێوەراستی دەریاچەکەدا کە بە ئامانجی نیزامی لێدراوە، هاوسەنگی ئێکۆلۆژیکی دەریاجەکەی تێکداوە و ڕەوتی وشک بوونی خێرا تر کردوە. دروست کردنی بێسەرەوبەرەی چه‌ندین سه‌دی گەورە مەخزه‌نی لە حاڵێکدا کە ناتوانن لە ئاوی گلدراوە لە نێو سەدەکاندا بە سودەهیەکی لانیکەم ٥٠ لەسەدیەوە کەڵک وەربگرن، لە زومڕەی ئەو پڕۆژانە بوون کە لە دەزگای ئیداری دواکەوتو و گەندەڵی کۆماری ئیسلامیدا بە کردەوە دەرهاتوە و كاریگه‌ری له‌سه‌ر لە خێراتر کردنی ڕەوتی وشک بوونی دەریاچەی ورمێدا داناوه‌.

وێران کردنی دارستانەکان:

لە ئێراندا ساڵانە ١٠٠ هەزار هێکتار لە دارستانەکان وێران دەبن یان کەیفیەتی خۆیان لەدەست ئەدەن. لەگەڵ ئەوەدا کە بەرگرتن لە ئاگر کەوتنەوە لە دارستانەکاندا و کوژاندنەوەیان، بە جیدی ناگیرێت، لە هەمانحاڵدا بازاڕی قازانج په‌ره‌ستانه‌ی کردنی دارستانەکان بە زەوی رووتەن بۆ فرۆشتن په‌ره‌ی سه‌ندووه‌. بڕینی دارەکان بۆ دروست کردن و ساخت و ساز، ویلا سازی و شارەک سازی و جادە سازی نیزامی و پادگان سازی لە چەند ساڵی رابردودا ڕەوتێکی روو لە زیاد بوونی هەبووە. لە دەورانی حکومەتی کۆماری ئیسلامیدا، بە جێگای پەرەسەندەنی فەزای دارستانی، نزیک بە یەک لەسەر سێی دارستانەکانی ئەم ولاتە لەنیو چوون. کارناسان دەڵێن ئەگەر ڕەوتی وێران بوونی دارستانەکانی حەوزەی زاگرۆس و دارستانەکانی ئوستانی گوڵستان چ لە ئاکامی ئاگر کەوتنەوە و به ‌هۆی بڕینی دارەکان بە ئامانجی قازانج پەره‌ستانە، بەم هه‌وایه‌ی ئێستا درێژەی هەبێت، تا ١٠ ساڵی داهاتوو شوێنەوارێک لە دارستانەکانی رۆژئاوای ئێران و لە ئوستانی گوڵستان نامێنێته‌وه‌.

لەنێو بردنی ناوچەی کشتوکاڵی حەوزەی روباری کارون:

کێوە خوێ کانی زاڵ بەسەر سەدی گه‌توه‌ند دا، گەورە ترین سەدی خاکی ئێرانی كردووه‌ به‌ ده‌ریاچه‌یه‌ك کە بە ملیارد میتری سێ جا ئاوی سوێر تێدا كۆبووته‌وه‌. بە سوێر کردنی ئاوی روباری کارون هەموو ناوچەی کشتوکاڵی کە لە مەسیری ئەم روبارەدا لە ئاوی ئەم سەدە کەڵک وەردەگرن لەنێو بەرێت. ئەم سەدە گەورەیە لەلایەن پەیمانکارانی سەربە سپاوە دروست کراوە. ئەوان تا ئێستا بۆ کارەساتێک کە بەسەر ئەم ناوجەیەدا هێناوه‌، وڵامدەرەوەی کەس نین.

وشک بوونی تاڵاوەکان:

زیاتری تاڵاوەکانی ئێران لە ئیستادا وشک بوون. کەم بوونەوەی ئاوی روباری کارون لە ئاکامی کرداری پڕ لە گەندەڵی و نا بەرپرسیارانەی ڕژیم بۆتە هۆی وشک بوونی تاڵاوی هورالعەزیم کە لە ئاکامیدا پلەی هەوای ناوچەکە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بۆتەوە. وشک بوونی تاڵاوی هامون لە سیستان و بەلوچستان بۆتە قیرانێکی جیدی ژینگەیی لەم ئوستانەدا. تاڵاوی گاوخونی و دەریاچەی بەختەگان لە ئوستانی فارس لە سەرودەمی وشک بووندان.

پیس بوونی هەوا:

پیس بوونی هەوا لە شارەگەورەکان و لە سەرویانەوە شاری تاران لە ئاکامی بڵاو بوونەوەی گازە ژاراویەکانی سەرجاوە گرتو لە سوتەمەنی پیسی ماشێنە کۆنەکان، و لە ناوه‌نده‌ پیشەسازیەکانی، کە ستانداردی ژینگەیی تێیاندا ڕەچاو ناکرێت هەوای شارەکانی گەلێك پیس کردوە. ئەم پیس بوونە لە پاڵ بڵاو بوونەوەی بەرینی گەردیلەکان لە فەزای ئێراندا ساڵانە بە هەزاران کەس مەحکوم بە مەرگی بە شێنەیی دەکات. قازانج پەرستی سەرمایەدارانی خوسوسی و دەولەتی و گەندەڵی ئیداری، لە هۆکارەکانی توند بوونەوەی ئەم بارودۆخەن. سپای پاسداران هەموو ژینگەی ئێران تەنیا بەپێوانەی نیزامی و سود پەرستانە و وەک پادگانێک بە پانتایی ئێران دەبینێ. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە موجودیەتی خۆی به‌ هێز و توانایی سپادا گرێ داوه‌، ڕێگای بۆ کرداری جەنایەتکارانەی ئەم هێزە کردۆتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هەر ئێستا دەیان کەس لە هەلسوڕاوانی ژینگەیی بە پەروەندەی سازی ئەمنیەتی خراونەتە زیندانەوە.

ئایا ڕێگا چارەیەک هەیە؟

وڵامەکە بێ گومان ئەرێنییە. ئەوەندە بەسە بە میلیارد دۆلار لە سەروەتی ئەم ولاتە کە ڕژیمی ئیسلامی سەرفی پرۆژە ئەتۆمیەکانی و دەخاڵەت لە ناوه‌نده‌كانی قەیرانی ناوجەکەیدا وه‌كوو ئامرازێك، تا لەو ئامرازێک بۆ مانەوەی خۆی سه‌رف ده‌كات و لە هەمان حاڵدا لەبەر ئەوە، خەڵکیش دەکەونە بەر مەترسی گەمارۆ و گوشاری ئابووری برسی تر ده‌كات، بۆ ڕزگار کردنی ژینگەی ئێران، تەرخان بکات، پێش به‌ وێران بوونی بەرینی ژینگه‌ بگرێت. بەڵام لە ڕژیمێک کە بێجگە لە مانەوەی خۆی بیر لەهیچ شتێکی دیکە ناکاتەوە و هەموو هەزینەیەک لە غەیری ئەم ڕێگایەدا سەرف بکرێت بە لەدەست چوو ده‌زانێت، وەها جاوەڕوانیەک ناكرێ. ئەم ڕژیمە نەتەنیا فەزای سیاسی ئێرانی خەفەقان ئاوەر تر کردوە بەڵکو هەناسەدان بۆ خەڵکی ئەم ولاتەی لە فەزای شارەگەورەکانیشدا دژوار تر کردوە. بەڵایەک کە سیاسەتەکانی ئەم ڕژیمە بەسەر ژینگەیدا هێناوە، چی وا کەمتر نییە لە بەڵایەک کە بەسەر هەموو خەڵکی ئێرانی لە گشت بوارەکانی تری سیاسی و کۆماڵایەتیدا هێناویه‌تی.

بابەتی پەیوەندیدار

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-