جەمعیەتی حاشیە نشینی لە دەوروبەری شارەگەرەکانی ئێران بەخێرایی لە حاڵی زیاد بوون دایە. گۆڤاری “تێجارەتی فەردا” چاپی تاران لەم بوارەدا راپۆرتێکی بڵاو کردۆتەوە کە هەڵگری کۆمەڵێک راستی ههژێنهره لەمبارهوه. بەوتەی ئەم گۆڤارە: کاربەدەستانی شارەداری تاران ئیعتیڕافیان بە بوونی ٢ ملیۆن حاشیە نشین لە دەوروبەری ئەم شارەدا کردووە. لە مەشهەد لە بەرانبەر هەر ٣ کەسدا کەسێکی حاشیە نشینیش هەیە و لە راستیدا لە جەمعیەتی نزیک بە ٣ ملیۆنی شاری تهورێز، زیاتر لە یەک ملیۆن کەسیان حاشیە نشینن. تەورێزیش یەکێک لەو شارانەیە کە خاوەنی ژەمارەیەکی زۆر لە خەڵکی حاشیە نشینە. لە جەمعیەتی یهك میلیۆن و ٥٠٠ ههزار کەسی ئەم شارە، نزیکەی ٤٥٠ هەزار کەس لە حاشیە نشینیدا دەژین. بەپێی ئەم راپۆرتە ٤٠٠ هەزار کەس لە ئیسفەهان ژیانیان لە حاشیە نشینیدا تێپەر دەبێت. ئەمجۆرە راپۆرتە بە رێژەی جۆراو جۆرەوە شاملی هەموو شارە گەورەکانی ئێران دەبێت. نەریمان مستەفایی، یەکێک لە مودیرانی وەزاڕەتی ناوخۆی رژیم، باسی لە بوونی جەمعیەتێکی ١١ ملیۆنی حاشیە نشین لە سەرتاسەری ئێراندا کردووە.ئەم جەماوەرە بەرینە ملیۆنیەی کە وەک “کەپر نشینان”، “حەڵەبی ئاوا نشینان”، ” زۆر ئاوا و جەور ئاوا نشینان”،زاغە نشینان”، ” قوڵک نشینەکان” و هیتر ناودەبرێن، بێ بەهرە لە کەمترین ئیمکاناتی ریفاهی، بێهداشتی و ئاموزشی لەو خانهوانەدا کە بە کەرەسەی وەک قوڕ، نایلۆن، پارچە و تەنەکە دروست کراون، لە هەژاری و دەستکورتی تەواودا دژین. وەک نمونە لەم پێوەندیەدا تەنیا نەخشەیەکی راگەیەندراو کە کاربەدەستانی رژیم لە تاران لەسەریاندایە، وێران کردنی سەرپەنای ئەم خەڵکەیە بەسەریاندا، واتە دەرکردنیان بۆ کۆڵان و سەقامەکان و کردنی حاشیەی شارەکانە بە فەزای سەوز. ئەوان بۆ دانی ماڵ و سەرپەنا بەم خەڵکە هیچ بەرنامەیەک دانانێن، بەڵکو بەدوای بیانویەکەوەن بۆ دەرپەڕاندن و دەرکردنیان.بەڵام ئەم هەموو حاشیە نشین و زاغە نشینە لە کوێوە هاتون و بۆچی رۆژ لەگەڵ رۆژ بە ژمارەیانەوە زیاد دەبێت؟ ئەمانە هەمان ئەو کرێکارانەن کە بیکار کراون، هەمان ئەو زەحمەتکێشە بێ ئەنوایانەی دێهاتەکانن، هەمان ئەو کرێکارە کۆچبەرانەی شار و دێهاتە دوورە دەستهكان، هەمان ئەو بنەماڵە هەژارە پڕ جەمعیەت، هەمان ئەو پیر و پەککەوتە لەکار کەوتوانەن. هەمان ئەوانەی کە تا دوێنێ گەنج و سەرحاڵ و کاری بوون، تا کاتێک کە سەرمایە پێویستی بە هێزی کاریان هەبوو، شەو و رۆژیان بۆ نەبوو، بەردەوام خەریکی کار و بەرهەمهێنانی سەروەت بوون، بهڵام لەمرۆدا بێکار و پیر و لەکارکەوتوو و حاشیە نشین کراون.ئەمانە هەمان سازەندەگان و دامەزرێنەرانی هەموو ئەو بینا شیک و جوانانەن کە سەر لە ئاسمان دەسون. هەمان هەڵسوڕینەرانی چەرخی کارخانە گەورە و چکۆلەکانی موجتەمەعە پیشەییە داخراوەکانن. ئەمانە، هەمان ئەو بەرهەمهێنەران و خزمەتگوزارانەن کە قەیران و نابەسامانی ئابووری سەرمایەداری ئێران بوونیانی بە ناپێویست زانیوە و لە شوینی کار و بەرهەمهێنان دەریکردون.لە رژیمی کۆماری ئیسلامی سەرمایەدا کە لەپاڵ ئیستبدادی مەزهەبیدا، ئینسانەکان بە بێ ڕەحمانەترین شیوە دەجەوسێنەوە و دزی، تاڵانچێتی، گەندەڵی ماڵی و ئیداری سنورێکی نییە؛ دەبێ بەملیۆن ئینسان بێ سەرپەنا و بێ ماڵ بن. لە وڵاتێکدا کە ئوقیانوسێک لە سەروەت و نێعمەت بوونی هەیە و هەموو سەروەت و سامانەکەی لە دەستی تاقمێک زەروو سفەت، تاڵانچی و قاتڵەوە دەستی بەسەردا گیراوە و سەروەتی هەموو مەلا و وەکیل و وەزیر و فەرماندەیەکی نیزامی سەرلە ئاسمان دەسوێ، دەبێ بەملیۆن ئینسانی تر بێ سەرپەنا و بێ ماڵ بن.حاشیە نشینان و بێ سەرپەناکان، ئینسانن و پێویستیان بە سەرپەنایە. حاشیە نشینی و ژیان بەسەربردن لە گەڕەکی بێ ستانداردی خزمەتگوزاری شاریی و خراپتر لەوەش بێ ماڵی و ماڵ بەکۆڵی، شایستەی ئینسان نییە. حاشیە نشینی تەنیا بە واتای ژیان بەسەربردن لە شوێنێکی کاتی و نائەمندا نییە، بەڵکو بە واتای بێبەشی لە هەموو خزمەتگوزاریەکی شاریی، واتا بێبەش بوون لە ئاو، بەرق، گاز، بێهداشت و دەرمان و سرویسی گەیاندن و گواستنەوە و گەلێک شتی تریشە.حاشیە نشینی و بێ سەرپەنایی کە خۆی بەرهەم و مەعلولی هەژاری و بێکاری و بێ مەسئولیەتی دەوڵەتە، بەستێنێکیشە بۆ خەسارە کۆمەڵایەتیەکانی تر. هەر لەم حاشیەی شار و لەنێو بێ پەنایاندا، شانسی بەدوور بوون لە گیرۆدە بوون بە مادەی هۆشبەر و باقی خەسارە کۆمەڵایەتیەکان دەگاتە نزمترین ئاستی مومکین.حاشیە نشینی و بێ سەرپەنایی یەکێک لە گەورەترین ئەو بێ بەشیانەیە کە لەدژی ئینسانەکان پەیڕەو دەکرێت. لە هەموو جێگایەک و هەر شوێنێک کە سەروەتی کۆمەڵگاکەی لە لایەن سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیانەوە دەستی بەسەردا نەگیرابێ، هەموو ئینسانێک ئەو ئیمکانەی دەبێت کە سەرپەنایەکی شایستەی ئینسانی ئەمرۆی هەبێت. حاشیە نشینی و بێبەش بوونی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش لە مەسکەنی گونجاو، چارەنوسێکی حەتمی و هەتاهەتایی نییە. ژیان بەسەربردن لەژێر بانێکدا و بەهرەمەند بوون لە هەموو ئیمکاناتێکی ئیمهنی و ریفاهی و فەرهەنگی مافی سەلمێمدراوی سەرجەم ئینسانەکانە.بەڵام تا کاتێک کە ئەم ژیمە لەسەرکارە و هەموو سەروەتی کۆمەڵگا لەژێر چنگی تاقمێک تاڵانچی و قاتڵدایە و ئەو ساخت و سازانەی کە بە خێرایی لە عەرزەوە بەرز دەبنەوە، تەنیا لەبەر کەڵەکە کردنی قازانج و سەوداگەری بێت، سەرەڕای ئەوەیکە رێژەشیان زۆر زیاتر لە وڵام دانەوە بە پێداویستی و نیازەکانی هەموو خەڵک بێت، خەڵکێک هەر بوونیان دەبێت کە کەماکان لە قەراخ خیابانەکان، لەژێر پردەکاندا و لە باشترین حاڵەتدا لە “کەپرەکاندا” و لە حاشیەی شارەکان بژین. کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کە ساویلکانە باس لە کردنی حاشیەی شارەکان بە فەزای سەوز و دەرکردنی حاشیە نشینان دەکەن، نابێ لەبیریان چوبێتەوە کە یەکەم جهرهقەکانی شۆڕشێک کە لە درێژەی خۆیدا تەخت و بەختی رژیمی پاسایەتی لە ئێرانی وێران کرد، لە راپەڕینی ئەم حاشیە نشینانەوە لێدرا.