وتووێژەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ گروپی ١+٥ بۆ ئامادە و تەنزیم کردنی مەتنی کۆتایی تەوافوقنامەیەک کە قەرارە لەم رۆژانەی داهاتودا ئیمزا بکرێت درێژەی هەیە و کەمتر لە دوو حەفتەی ماوە بۆ مۆڵەتی دیاریکراوی ئیمزا کردنی تەوافوقنامەی کۆتایی. نوێنەرانی هەردولا لە وڵامدانەوە بە راگەیەنەرەکان سەبارەت بەوەی ئەم وتووێژانە ئاکامێکیان بووە خۆش بینی خۆیان نیشانداوە. دەوڵەتی ئامریکا و باقی دەوڵەتانی رۆژئاوایی هەوڵ ئەدەن تەوافوقەکە، کە بێ گومان هیچ شتێک نییە بێجگە لە شکست و پاشکەشە بۆ کۆماری ئیسلامی لە بەستە بەندیەکی پڕ زەرق و بەرقدا ئیراێه بەدەن، تا بە رژیم دەرفەت بدەن بە تەبلیغاتی فریوکارانە لەنێوخۆی وڵاتدا ئاستی راستەقینەی پاشکەشەکانی لەم وتووێژانەدا لە زەینی رای گشتی بشارێتەوە. بەڵام سەرەڕای ئەم هەوڵانە گەلێک فاکتۆڕی عەینی حاشا هەڵنەگر هەیە کە نیشانی ئەدات رژیم ناتوانێ ئەم سازشە چەندان ” ئابڕومەندانە” تێپەڕێنێ. با ئاماژە بە کۆمەڵێک لەو فاکتۆرانە بکەین:شێوەی کۆنتڕۆڵ کردن و چاودێری بەسەر ئیجرای تەوافوقنامەکەدا گرنگترین و هەستیار ترین بەشی تەوافوقنامەکەیە. کۆماری ئیسلامی بەبێ پاشەکشە کردن لەم بوارەدا واتا ئیجازەدان بە مەئمورەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی، هەر کاتێک بیانەوێ، بەبێ ئاگاداری پێشتر و سەرزەدە بازدیدی هەموو ناوەندێکی نیزامی گوماناوی بکەن. تەوافوق لەم بوارەدا ئەگەریش بیانەوێ لە چاوی خەڵکی ئێرانی بشارنەوە، لە سەردەمی تەقینەوەی زانیاریدا، بێ گومان توشی شکست دەبێت. کەوایە لەم بوارەدا شتێک لە ” کەرامەتێک” کە خامنەیی بەردەوام باسی دەکات، بەکردەوە نامێنێ.
لە رۆژی یەکەمی هاتنە سەر کار و بەتایبەت دوای ماجەرای داگیر کردنی سفاڕەتی ئامریکا لە لایەن خوێندکارانی پەیڕەوی خەتی ئیمامەوە دژایەتی لەگەڵ ئامریکا و شەیتانی گەورەی کردبوە بەشێک لە هۆویەتی سیاسی و ئیدئۆلۆژیکی خۆی. کۆماری ئیسلامی بەم هۆویەتە سیاسیەوە بوو بە رێبەری بزوتنەوەیەکی کۆنەپەرستانەی دژی ئیمپڕیالیستی لە ناوچەکەدا و لەبەر سەرکێشیەکانی لە بەرانبەر ئامریکادا ببوە پشتیوان و جێگای هیوای بزوتنەوە کۆنەپەرستە ئیسلامی سیاسیەکان لە ناوچەکەدا. ئێستا کۆماری ئیسلامی بە پاشەکشە کردن لە بەرانبەر ئامریکادا، ئەم پێگە و مەوقعیەتە لەدەست ئەدات. لەم روانگەیەوە سازشی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئامریکا لەسەر بەرنامە هەستەییەکەی، نەتەنیا پاشەکشەیەکی سیاسیە، بەڵکو شکستێکی ئیدئۆلۆژیکیشە.ئەگەرچی دەوری ئەم دواییەی وتووێژەکان لەسەر مەسەلەی بەرنامەی هەستەیی رژیم چڕ بۆتەوە، بەڵام لە روانگەی ئامریکا و هاوپەیمانەکانیەوە تەوافوقنامەی ئەم دواییە و پاشەکشەی کۆماری ئیسلامی لە کێشەی سەبارەت بە قەیرانی ئەتۆمیدا وەک هەنگاوێک لە راستای کۆتایی هێنان بە زێدەخوازیەکانی کۆماری ئیسلامی لە کانونی قەیرانەکانی ناوچەکەدا بەحیساب دێت. کۆماری ئیسلامی دەبێ لە لوبنان، سوریە، یەمەن و عێڕاقیش پاشەکشە بکات و پێ بە پێی لاچونی تەحریمەکان بە مەوقعیەتی نزم تری خۆی لە تەقسیم کاری ناوچەکەدا رازی بێت.شکڵ گرتنی ئیئتیلافی عەمەلی نێوان عەرەبستان و تورکیە بۆ پشتیوانی کردنی هەمە لایەنە لە جەریانی بەرەی نوسرە و هاوپەیمانەکانی لە سوریە و هەروەها تەوافقاتی توکیە و ئامریکا سەبارەت بە ئاموزشدانی هێزەکانی ئەڕتەشی ئازادی سوریە، دەوڵەتی بەشار ئەسەد یەکیک لە هاوپەیمانانی ئیستراتیژیکی کۆماری ئیسلامی بە توندی خسوەتە ژێر گوشارەوە. ئەم گوشارانە دوای تەوافوقە ئەتۆمیەکە توند تریش دەبێتەوە و ئیجازە بە کۆماری ئیسلامی نادات تا بە دەست راگەیشتن بە سەرچاوەی ماڵی، لە ئاکامی کەم بوونەوە یان لاچونی گەمارۆکان مەوقعیەتی خۆی لە بەرەکانی شەڕی سوریەدا بەهێز بکات.ئیئتیلافی دەوڵەتانی ناوچەکە بە رێبەری عەرەبستانی سعودی و بە ئامادە بوونی دەوڵەتانی وەک میسر و تورکیە و تەنانەت حکومەتەکانی وەک ئەفغانستان و سودان کە وەک هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامی چاو لێدەکران، لەدژی پێشڕەویەکانی جەریانی حوسی لە یەمەن ئەساسەن بەرەنگار بوونەوەیە لەگەڵ دخاڵەتگەریەکانی کۆماری ئیسلامی لە کانونەنکانی قەیرانی ناوچەییدا. راگەیاندنی پشتیوانی ئامریکا، بریتانیا و فەڕانسە لەم ئیئتیلافە دەرخەری ئەوەیە کە ئامریکا و هاوپەیمانە ئوروپاییەکانی نایانەوێ کە تەوافوقاتی ئەتۆمی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، ئەمنیەتی هاوپەیمانە قەدیمەیەکانیان لە ناوچەکەدا بخاتە مەترسیەوە.لەپاڵ ئەم فاکتۆڕانەدا شەڕێکی ئاشکرا و شاراوەی ئابووری بۆ بەرگرتن لە دەست راگەیشتنی ڕژیم بە سەرچاوەی ماڵی لە کورت ماوەدا و تا ئەو کاتەی کە هەموو لایەنە کردەییەکانی ئەم سازشە لە سیستمی خۆیدا هەزم دەکات، لە جەریاندا دەبێت. ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئامریکا دوای ٤٠ ساڵ هەناردە کردنی نەوتی بۆ بازاڕەکانی دنیا دەست پێکردۆتەوە. عەرەبستانی سعودی ئامادە نییە لە بەرهەمهێنان و قەبارەی هەناردە کردنی نەوتی خۆی بە ئامانجی بەرز بوونەوەی نرخی نەوت کەم بکاتەوە. ئەم رەوتە لە بارودۆخێکدایە کە سادراتی نەوت سەرچاوەی سەرەکی داهات و بوجەی دەوڵەتی پێکدەهێنێ و بەشێک لەبەرهەمهێنان و پێداویستەیەکانی رۆژانەی خەڵکی ئێرانیش ئەساسەن پشتی بە تهجارهتی دەرەکی و هاوردە کردن بەستووه، هەروا ئاسەوارە ویرانگەرەکانی لەسەر ئابووری ئێران دادەنێ.ئەم فاکتۆرانە نیشانی ئەدەن سەرەڕای ئەوەی کە لە ئاکامی تەوافوقی هەستەییدا بەشێک لە پارە بلۆكه کراوەکانی کۆماری ئیسلامی بەرە بەرە ئازاد دەبن و هەناردە کردنی نەوتیش دەست پێدەکاتەوە، بەڵام لە دنیای واقعیدا کۆماری ئیسلامی دوای تەوافقەکان بە بەراورد لەگەڵ بەر لە تەوافقەکان رژیمێکی لاوازتری دەبێت و ناچار دەبێت لەگەڵ کێشە و گرفتی جیدیدا دەستوپەنجە نەرم بکات. گرنگترین مەسەلەیەک کە رژیم لەم بوارەدا بەرەو رووی دەبێتەوە، بەرز بوونەوەی ئینتیزارات و چاوەڕوانیەکانی خەڵکی ناڕازیە. کۆماری ئیسلامی لەوە زیاتر ناتوانێ بە بیانوی سزا ئابووریەکانی رۆژئاوا نانی خەڵک بە بارمەتە بگرێت.