کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆماری ئیسلامی لە هەوڵی گەڵاڵە کردنی موستەنەدێکی سوختەی تردا

41

رۆژی پێنج شەممە دووی مانگی ڕەشەمە ئیدارەی ئیتلاعاتی بێزراو و بەدناوی ڕژیم لە شاری شوش سەر لێ شێواوانە و لە ڕێگای تەلەفونەوە بنەماڵەی ئیسماعیل بەخشی و سپیدە قولیانی بانگ کرد. بەرپرسانی ڕژیم لە هەوڵدان بە هاندان و هەڕەشە ئەوان وادار بکەن دەست لە بەدواداچوون سەبارەت بە چارەنووسی ڕۆڵەکانیان هەڵگرن. داوایان لێکردن تا سەبارەت بەم زیندانیە سیاسیانە بێدەنگ بن و ئیتلاع ڕەسانی نەکەن. ئەم هەنگاوەی ڕژیم دوای ئەوە ئەنجام دراوە کە بەپیی زانیاری سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە، رۆژی دوو شەممە ٢٩ ی مانگی ڕێبەندان بنەماڵەی ئەم دوو زیندانیە کرێکاری و مەدەنیە و هەروەها کۆمەڵێک لە کرێکارانی موجتەمەعی نەیشەکەری حەوت تەپە لەبەردەم دادگوستەری شاری شوش دەستیان دایە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی. ئەوان بە بەدەستەوە گرتنی پلاکارد سەبارەت بە گیران و درێژەی دەستبەسەر بوونی ئیسماعیل بەخشی و سپیدە قولیان و بێ خەبەری لە چارەنووسیان ناڕەزایەتییان دەربڕی و خوازیاری ئازاد کرانی بە خێرایی و بێ شەرت و مەرجی ئەوان بوون. داماوی دامودەزگای قەزایی ڕژیم لە بەرانبەر خەباتی کرێکاراندا گەیشتۆتە جێگایەک کە دادستانی شوش رۆژی یەکشەممەی ڕابردو دەستوری گرتنی دایکی ئیسماعیل بەخشی و دەستبەند لێدانیشی دەرکردبوو. بەڵام کرێکاران و بنەماڵەی ئەو دوو زیندانیە بە بێ گوێدانە هەڕەشەکانی ڕژیم، رۆژی چوارشەمە یەکی مانگی ڕەشەمە سەرلەنوێ لەبەردەم دادگوستەری دەستیان دایەوە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و عەزمی خۆیان بۆ درێژەدان بە ناڕەزایەتی تا ئازادی ئیسماعیل بەخشی و سپیدە قولیان نیشاندا.

ئەم دوو چالاکە کرێکاری و مەدەنیە رۆژی ٣٠ مانگی بەفرانبار بۆ جاری دووهەم لە لایەن کەسانی سەربە ڕژیمەوە بە تاوانی پڕوپوچ و ناڕەوای ئەمنیەتی سەرلەنوێ دەست بەسەر کرانەوە. بەڵام لە ڕاستیدا تاوانی ئەوان ئاشکرا کردنی ئەو ئەشکەنجە وەحشیانە بوو کە چ لە کاتی دەست بەسەر کران و چ لە ماوەی مانەوەی لە گرتوخانەی ئیتلاعات دا بە ئامانجی ئیعتیڕاف گیری تەحەمولیان کردبوو. لەو کاتەوە تا ئێستا ئیسماعیل بەخشی و سپیدە قولیان لە زیندان دا لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی جەستەیی و رۆحی دان تا بەڵکو بتوانن ئەوان وادار بە ڕەد کردنەوەی قسەکانی پێشویان بکەن سەبارەت بەوەی کە دەڵێن ئەشکەنجە کراون لە زیندانەکانی ڕژیمدا. جێگای ئاماژەیە کە ئیسماعیل بەخشی دوای تەحەمول کردنی مانگێک ئەشکەنجە لە ئیدارەی ئیتلاعات لە مانگی سەرماوەزدا ئازاد کران. ئەوان دوای ئازاد کرانیان بە ئاشکرا کردنی بوونی ئەشکەنجە و ئیفشای” موستەندی تەڕاحی سوختە” و ئیعتیڕاف گیری لەژێر ئەشکەنجەدا، ڕژیمیان توشی کێشە کرد و ئەشکەنجەیان کردە بابەتێکی سیاسی رۆژ.

لەگەڵ ئەو ڕێسوا بوونەدا دامودەزگاکانی فریو و سەرکوتی ڕژیم هێشتا دەیانەوێ لەدژی هەڵسوراوانی سیاسی، مەدەنی و سینفی زیندانی، بە پشت بەستن بە ئیعتیڕاف گیری لەژێر ئەشکەنجە دەرمانیە جەستەیی و رۆحیەکاندا بەردەوامی بە کرداری دزێوی بەناو” موستەنەد سازی” بدەن. کاناڵی سەربەخۆی خەبەری کرێکارانی شیرکەتی نەیشەکەری حەوت تەپە، رۆژی سێ شەممەی ڕابردو بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیاندنێکی تر وتی کە:” هێزە ئەمنیەتیەکان ئەمیر ئەمیرقولیان گواستۆتەوە بۆ ئیتلاعاتی ئەهواز و ئەوی بۆ ئیعتیڕاف گیری ئیجباری لە بەردەم دووربین دا خستۆتە ژێر گوشارەوە و بەشی دووهەمی تەڕاحی موستەنەدی سوختە لە ئەشکەنجە و گوشار لە حاڵی دروست کردن دایە.” ئەم ڕاگەیاندنە تاوانی ئەم ئینسانە شەریفەی نووسینی بابەت بۆ پشتیوانی و پشتگیری لە کرێکارانی حەوت تەپە ناو بردوە و وتویەتی کە کەسانی سەربە ئیتلاعات ئەم جارە بۆ بەرگرتن لە ئابروچوونی زیاتر، دەیانەوێ بە ڕواڵەتێکی ڕازاوەترەوە ئەم کارە ئەنجام بدەن.

کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە لەپێش هەموو شتێکدا هەر چەشنە هەولێکی وەزاڕەتی ئیتلاعاتی ڕژیمیان بۆ موستەنەد سازی درۆینە مەحکوم کردوە و ئەو بە سوتاو، بێ کەڵک و ئیعتبار و لە ڕاستای سەرکوتی زیاتری کرێکاران و داکۆکی کارانی کرێکاراندا زانیوە. هەڵبەت نە تەنیا کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە بەڵکو سەرجەم کرێکارانی ئێران و باقی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و سەرجەم ئینسانە تێکۆشەر و ئازادی خوازەکان دەیان ساڵە ماهیەتی جەنایەت کارانەی ڕژیمی ئیسلامییان ناسیوە. ئێستا هەموو کەس دەزانێ کە ئەم هەوڵە داماوانە نەک نیشانەی بەهێزی بەڵکو دەلیلی ئەو ڕاستیەیە کە کۆماری ئیسلامی لە قەیرانێکی قوڵی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا پەلە قاژەیەتی و وڵام و ڕێگا چارەی بۆ دەرچوون لێی نییە. کۆماری ئیسلامی لە هەوڵ دایە بە ڕەچاو کردنی ئەشکەنجە و سەرکوت و دروست کردنی ئەم جۆرە سیناریۆیانە لەژێر ناوی” موستەنەد” دا مەترسی ئاخێزی جەماوەری خەڵک لەکۆڵ خۆی بکاتەوە و ماوەیەکی تر دەرێژە بە حاکمیەتی نەکبەت باری بدات. بەم ئامانجەوە ڕژیم ساڵانە خەریکی پەرەدان و زیاتر کردنی بوجە و ئیمکاناتی نیزامی دامودەزگاکانی سەرکوتیەتی. بەڵام تەمەنی ڕژیم روو لە کۆتاییە و ڕەچاو کردنی سەرکوت و ئەشکەنجە لە زیندان دا نەتەنیا نەیتوانیوە و ناتوانێ جەماوەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش لە بەدوادا چوونی ویست و داخوازیەکانیان سارد بکاتەوە. بەڵکو دەبێتە هۆی زیاتر بوونی نەفرەت و بێزاری خەڵک لە حاکمیەتی ڕژیمی ئیسلامی و ئیفشا و ئاشکرا بوونی زیاتری ڕواڵەتی سەرکوتگەرانەی ڕژیم لای ڕای گشتی و ناوەندە بەشەر دۆستەکان.

کۆماری ئیسلامی لە بارودۆخێکدا دەستی داوەتە ئەم جۆرە کردارانە کە ژیان و بەڕێچوونی کرێکاران و باقی چین و توێژەکانی خەڵکی هەژاری ئێران بە هۆی قەیرانی ئابووری نیزامی سەرمایەداری و سیاسەتە ساختاری و دەخاڵەت گەرانەکانی ڕژیمەوە رۆژ لەگەڵ رۆژ خراپتر دەبێت، لە بارودۆخێکدا کە هێڵی هەژاری بۆ بەڕێچوونی بنەماڵەیەکی کرێکاری ئێستا ٧ ملیۆن تمەن بەراورد کراوە. شوڕای باڵای کاری ڕژیم دەیەوێ بە زیاد کردنی ٢٠ لەسەدی بە لانیکەمی حەقدەستەکانی کرێکارانەوە بۆ ساڵی ١٣٩٨ ئەو بگەیەنێتە ئاستی یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزار تەمەن. بە لەبەرچاو گرتنی قەیرانی روو لە زیاد بوونی ئابووری ڕژیم و بەرز بوونەوەی بەردەوامی هەزینەی سەبەدی بەڕێچوون، ئەم ئاستە لە لانیکەمی حەقدەست بۆ کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و بە واتای ژیان بەسەر بردن لە دۆخی ٥ جار لەژێر هێڵی هەژاری و برسیەتی بەتەواوەتیدا. لە وەها بارودۆخێکدا بۆ ئەوان ڕێگایەک بێجگە لە پەرەدان بە ناڕەزایەتی ڕێکخراوانە و سەرتاسەری، بوونی نییە. بێ گومان سەرکەوتنیان لە خەباتدا لەدژی ڕژیمی ئیسلامی سەرمایە، لە گرەوی هەوڵدان بۆ سازمانیابی جەماوەری و چینایەتی کرێکاراندایە.