بارودۆخی سیاسی و ئابووری و نێونەتەوەیی کۆماری ئیسلامی رۆژ لەگەل رۆژ شپرزە تر دەبێت. ڕژیم هەر رۆژە و لەگەڵ شەپۆلێکی نوێ لە ناڕەزایەتی و مانگرتن و کۆبوونەوەی کرێکاران و باقی چین و توێژە ناڕازیەکان، لە شار و ناوەندەکانی کار بەرەو روو دەبێتەوە. لە وەها بارودۆخێکدا و بەرپرسانی حکومەتی لە لایهكهوه توانایی وڵام دانەوەیان بە داخوازیەکانی خهلگ نییە و لە لایەکی دیکەوە دەزانن کە ئامرازی سەرکوتیشیان ئیتر لە بەرانبەر خەڵکی وەگیان هاتودا کاراییەکی ئەوتۆی نەماوە. درێژەی ئەم بارودۆخە تارمایی روخانی کۆماری ئیسلامی کردۆتە کابوسێکی وەها بۆ سەرانی کۆماری ئیسلامی کە تەنانەت لە سێبەری خۆشیان ئەترسن.
رۆژی یەک شەممە ١٨ ی مانگی سەرماوەز موحسین ئیژەیی وتەبێژی قوەی قەزاییەی ڕژیم گرتن و زیندانی کردنی خانمی مەیمەنەت حوسێنی بەبێ ناو بردنی تەئید کرد و وتی:” بە پێی ڕاپۆرتەکانی وەزاڕەتی ئیتلاعات، ئەو و ٣ یان ٤ کەسی تریش وەک نفوزی دوژمن( لە حەوزەی کۆنترۆڵی جەمعیەت)دا، لەژێر لێکۆڵێنەوەدان”. هەڵبەت هەواڵنێری پارس ی مەیلەو سپای پاسداران دوو حەفتە لەوە پێش هەواڵی گیرانی ئەم خانمەی لە فرۆکەخانە وەک عاملی نفوزی لە لایەن سەربازانی گومناوی ئیمامی زەمان”ەوە بڵاو کردبۆوە. ئەوە لە حاڵێک دایە کە خانمی حوسێنی چاوشی، یەکێک لە جەمعیەت ناسانی هەڵکەوتو وە توێژەرێکی ئاکادیمیکی لە زانکۆی میللی ئوستراڵیایە کە کۆمەڵێکی زۆر بەرهەمی زانستی لە پێوەند لەگەڵ جەمعیەت ناسیشدا هەیە.
بەڵام ئەوە تەنیا مامۆستایانی عیلم و دانش نین کە ڕژیمیان توشی پاڕانۆیا کردوە. چەند مانگ لەوە پێش محەممەد جەعفەر مونتەزیری دادستانی گشتی ئێران لە جەلەسەی نوێنەرانی تەڵەبەکانی حەوزەی عیلمیەی قوم لە سوخەنرانیەکدا ڕایگەیاند کە:” دوژمن ئەمرۆ لە حەوزەکانی عیلمیەشدا نفوزی کردەوە و نابێ هێندێک لەو جەریاناتەی کە لە حەوزەکانی عیلمیەی قوم و شوێنەکانی تردا بوونیان هەیە بە ئاسایی چاولێبکەن.” دادستانی گشتی ئێران لە درێژەی وڕێنەکانیدا هەڵسوڕاوانی بواری ژینگەشی وەک کەسانی نفوزی دوژمن ناوبرد و وتی:” ئەمریکا و ئیسرایل چەند ساڵە بە وەسیلەی کەسانی سەربەخۆیەوە لە بواری ژینگەییدا نفوزیان کردۆتە شوێنە هەستیار و حەیاتیەکانەوە کە هەڵبەت ئەوانمان گرتوە.” مونتەزیری لە درێژەدا وتی کە” سەرۆک کۆماری ئەمریکا ٣٠٠ کەسی کردۆتە مەئمور تا کێشەی ئابووری و نابەسامانی لە وڵاتدا زیاتر بکەن.” شیاوی وتنە کە ڕژیم لە دوو ساڵی ڕابردودا ژمارەیەک لە توێژەران و پسپۆڕانی ژینگەیی بە تاوانی پوچی ” کەسانی سەر بە دوژمن” گرتوە و خستونیەتە ژێر ئەشکەنجەوە و پەروەندە سازی بۆ کردون و هێشتاش ئەوان هەر لە زیندان دان. تا ئەو جێگایەی کە لە نێویاندا کاوس سەید ئیمامی مامۆستا و ئەندامی هەیئەتی زانستی زانکۆ، لە مانگی ڕێبەندانی ٩٦ لەژێر ئەشکەنجەی وەحشیانەی بەکرێ گیراوانی ڕژیمدا لە زیندان گیانی لەدەست دا.
قسەکانی دادستانی گشتی وڵات و وتەبێژی قوەی قەزاییەی ڕژیم ئەگەر لە ڕیزێکدا دابنێین، تێیدا وەحشەت و شپرزەیی فکری لە کابووسی روخانی کۆماری ئیسلامی بە روونی دەبیندرێت. له راستی دا قوەی قەزاییەی کۆماری ئیسلامی ئامرازی سەرکوتی هەموو جۆرە دەنگێکی ماف خوازانە و ئازادی خوازانەیە لە ئێراندا. لە بارودۆخێکدا کە ئاستی هەژاری، بێکاری و برسیەتی رۆژ لەگەڵ رۆژ بەرینتر دەبێتەوە و داماوی و بێتوانایی ڕژیم لە وڵامدانەوە بە داخوازی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی ستەمدیتو زیاتر دەر دەکەوێ، ئاڕاستەی کۆماری ئیسلامی بەرەو ئامرازەکانی سەرکوت زیاتر و زیاتر دەبێت. ڕاپۆرتی ئەم دواییانەی هەواڵنێری هیرانا” ئۆرگانی خەبەری هەڵسوڕاوانی بواری مافی مرۆڤ لە ئێران” سەلمێنەری ئەم ڕاستیەیەن. لەم ڕاپۆرتەدا هاتوە کە:” بەپێی ئەو ئامار و زانیاریە کەمانەی کە لەبەر دەست دا بوون، حاڵەتەکانی پێشێل کردنی مافی مرۆڤ لە لایەن قوەی قەزاییەوە لە مانگی خەزەڵوەری ٩٧ دا بە بەراورد بە مانگەکانی ڕابردوو گەلێک زیاتر بووە. لەوانە لەم مانگەدا ڕژیم زیاتر لە ٣٠ کەسی ئێعدام کردوە. گرتن، زیندانی کردن، بانگ کردن و ئەزیەت و ئازاردانی هەڵسوڕاوانی کرێکاری، چالاکانی بواری ژینگە پارێزی، موعهلیمان، خوێندکاران و کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبیەکان زۆر زیادی کردوە. مافی زیندانیان زیاتر لە پێشو پێشێل کراوە و پێشێل کردنی ئازادی ئەندیشە و بەیان لە شوێنە جۆراو جۆرەکانی وڵات لەم مانگەدا بە شێوەیەکی بەرین درێژەی هەبووە”. ئەم ڕاپۆرتە هەروەها ئاماژە بە کوژرانی کۆڵبەران دەکات و دەنووسێ کە لەم مانگەدا لەسەر سنورەکانی کوردستان زیاتر لە ١٦ کۆڵبەر بە تەقەی هێزە دەوڵەتیەکان کوژراون و بریندار بوون. لە ڕاپۆرتی هیرانادا هەروەها جەخت کراوەتەوە کە لەم مانگانەی دواییدا ڕژیم شەپۆلێکی نوێی لە بانگ کردن، گرتن، زیندانی کردن و گوشاری ئەمنیەتی و قەزایی بۆسەر وەکیلەکانی دادگوستەری لە پێوەند لەگەڵ پەروەندەی موەکیلە کرێکاری و سیاسیەکانیان هێناوە.
هەڵبەت هەراسی کۆماری ئیسلامی لەخۆڕا نییە. ئەوان دەزانن لە بارودۆخێیکدا کە هەژاری و بێکاری و برسیەتی چەقۆی گەینادۆتە سەر ئێسقان، کرێکاران و خەڵکی ناڕازی توڕەتر لەوەن کە ڕژیم بتوانێ بە هەڕەشە و گرتن و زیندانی کردن و ئەشکەنجە ئەوان لە پەیگیری کردنی ماف و داخوازیەکانیان پەشیمان بکاتەوە و بێدەنگیان بکات. تاشینی تاوانی ئەمنیەتی و نفوزی بۆ هەڵسوڕاوانی کرێکاری و بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانیش بێ بنەماتر لەوەیە کە لە کۆمەڵگادا کڕیارێکی هەبێت. بەم هۆکارەیە کە ئەگەر سمایل بەخشی بە تاوانی بێ بنمای ئەمنیەتی دەگرن و زیندانی دەکەن، سێڵاوێکی خورۆشاو لە سمایل بەخشیەکانی تر لەبەرانبەریاندا ڕادەوەستن و بەرەو رووی شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی ڕای گشتی لەنێوخۆ و دەرەوە دەبنەوە. هاشم خاستار و ١٢ کەسی تر لە هەڵسوڕاوانی فەرهەنگی دەگرن و ٨٠ کەسی دیکەش بانگ دەکەن و هەڕەشەیان لێدەکەن، له بهرانبهری دا، دووهەمین دەوری مانگرتن و تەحەسونی سەرتاسەری موعهلیمان بانگەواز دەکرێت و دوو رۆژی بەردەوام لە چوون بۆ سەر کلاسەکانی دەرس خۆ دەپارێزن. ئەمیر سالاری داودی وەکیلیی دادگوستهری دهست به سهر دهكهن، دهیان وهكیل و ناسی تر ئامادەیی خۆیان بۆ قەبوڵ کردنی وەکالەتی سمایل بەخشی، عەلی نەجاتی، سپیدە قولیان و باقی کرێکارانی دەستبەسەر کراو ڕادەگەیەنن. لە وەها بارودۆخێکدایە کە سەران و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی حاکمیەتەکەیان لە مەترسیدا دەبینن و لە سێبەری خۆشیان ئەترسن.