کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆماری ئیسلامی لە داسەپاندنی حیجابی ئیجباریشدا سەری لە بەرد ئەدرێت

بیست و یەکی مانگی گەلاوێژ لە تەقویمی کۆماری ئیسلامیدا وەک رۆژی میللی ‘ عیفاف و حیجاب ” ناو نراوە. هەموو ساڵێک لە ئاوا رۆژێکدا کۆمەڵێک کۆبونەوە لە تاران و هێندێک لە شارەکان بە بەشداری ژنانی بەسیجی بەڕێوە ئەچێت. ئیرنا هەواڵنێری ڕەسمی کۆماری ئیسلامی تەنیا بە بڵاو کردنەوەی ڕاپۆرتێکی تەسویری لە کۆبونەوەی ئوستانی تاران ئەم رۆژەی وەبیر هێنایەوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە رۆژی دوشەممە مەڕاسمێکی بێ ڕەونەق لەژێر ناوی ” هەمایشی عیفاف و حیجاب” بە ئامادە بوونی ژمارەیەک لە کارمەندانی ئیدارەکان و ناوەندە دەوڵەتیەکانی ئوستانی تاران و ژنانی سەر تا پا ڕەش پۆش لە مەیدانی فەلەستین لە تاران بەڕێوەچوو. بەشدارانی ئەم کۆبونەوە کۆنەپەرستانەیە کۆمەڵێک پلاکاردیان لە بوارەکانی ڕعایەت کرانی حیجابی ئیسلامی بەدەستەوە بوو. بە پێی ڕاپۆرتەکان رۆژی دوشەممە مەڕاسمی هاوشێوە لە هێندێک لە شارستانەکانی تر بەڕێوەچوە.لە پاڵ بەڕێوەچونی ئەم جۆرە ڕێوڕەسمانەدا، هەموو ساڵیک بە تایبەت لە وەرزی هاویندا، ئازاردانی ژنان و کچان لە سەر شەقامەکان و کۆچە و کۆڵان و گەڕەکەکان بە ناوی ” بەرەنگار بوونەوەی بێ حێجابی”، بەپێی تەرحێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو توند تر و زیاتر دەبێت.759
داسەپاندنی حیجاب بەسەر ژناندا بەردەوام بەشێک بووە لە ناسنامەی ڕژیمی ئیسلامی. بەڵام پەسندکرانی بە شێوەی گەڵاڵەیەک لەژێر ناوی تەرحی ” عیفاف و حیجاب” دا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٣٨٢ سەردەمی سەرۆک کۆماری محەممەد خاتەمی، بەناو ئیسلاح خواز. ئەم تەرحە لە لایەن << شوڕای باڵای شۆڕشی فەرهەنگیەوە>> پەسند کرا. بەپێی پەسند کراوەکەی ئەم ” شوڕایە”، لە یاسای ” عیفاف و حێجابدا”، ٢٧ دەزگای دەوڵەتی بەرپرسی بەدوادا چوونی بابەتی حێجابن، کە وەزاڕەتی نێوخۆ یەکێکیانە. بەڵام ئیجرا کرانی لە ساڵی ١٣٨٤دا بە تەواوی درایە دەست هێزە ئینتیزامیەکانی ڕژیم. گوشار و گرتن و زیندانی کردنەکان، سوکایەتی و ئازاردانی ژنان بە وەسیلەی گەشتە جۆراو جۆرەکان زیادی کرد. ئەم گوشارانە تا ئێستا بە بەردەوامی درێژەیان هەبووە. رۆحانی لە تەبلیغاتی هەڵبژاردنی خۆیدا وەعدەی داوە کە ئەم گوشارانە کەم بکاتەوە. بەڵام حێجاب هێمای ناسنامەیی هەیە بۆ ڕژیمی ئیسلامی، وەعدەکانی رۆحانی بوونە بڵقی سەر ئاو و یاسای بەرتەسک کەرەوەترێشیان لەم بوارەدا ئیجرا کرد. کۆماری ئیسلامی لەم نەبەردەدا نە تەنیا هێزە سەرکوتگەر و ڕێکخراوەکانی بەکار دێنێ، بەڵکو هەوڵ ئەدات گرایشەکان و ئەفکاری دواکەتوانەی موجود لە کۆمەڵگاشدا لە ڕێگای موبەلغینی کۆنەپەرستی نێو مزگەوتەکانەوە و لە ڕاگەیەنەرەکاندا لە دژی ژنان هەڵخڕێنێ.

بەڵام سەرەڕای ئەم گوشارانە و پێکهێنانی گەشتە تایبەتەکان و دامەزراندنی مەئموری مەخفی لە گۆشە و قوژبنەکاندا، شاهیدی خۆڕاگری بەرینی ژنانی ئازادی خوازین لەم بوارەدا. سەرپۆشەکان بە نیشانەی گوێنەدان بە ڕژیم و نەترسان لە هەڕەشە و گوشارەکان بە ئارامی بەرەو دواوە دەخزێن و رۆژانە بە ژمارەی ئەو ژنانەوە کە بە غورور و باوەڕ بە خۆییەوە لە بەرانبەر گوشارە کۆنەپەرستانەکانی ڕژیمدا خۆڕاگری دەکەن، زیاد دەبێت.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی حاکمیەتی کۆنەپەرستانەیدا گەلێک کرداری دژی ئینسانی و جەنایەتکارانەی بەرانبەر بە خەباتی ژنان بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانیان ئەنجام داوە. بە گرتن، شێلاق لێدان و زیندان و ئەشکەنجە هەوڵیدا ژنانی تێکۆشەر و ئازادی خواز چاوترسێن بکات. بەڵام حوزوری ژنان لە مەیدانە جۆراو جۆرەکاندا خەبات و حوزوری جەماوەرییان لە مەیدانە جیاوازەکانی حەیاتی کۆمەڵایەتیدا دەریخست کە ژنانی ئێران بۆ دەستەبەر بوونی داواکاریە ئینسانیەکانیان پێیان ناوتە مەیدانی خەباتێکی سەنگەر بە سەنگەرەوە وکرداری جەنایەتکارانەی ڕژیم کاریگەریەکی لەسەر عەزم و ئیرادەی ئەوان نییە و نابێت. ئەمرۆ ئالای ئەم خەباتە لێبڕاوانە، درێژماوە و شێلگیرەی ژنان لە جەماوەری بوونی خەبات لەدژی حێجابی ئیجباریدا دەبینین.

توند بوونەوەی گوشار لەسەر ژنان بە بیانوی بەد حیجابی ئەگەرچی ڕیشەی لە ئیدئۆلۆژی و باوەڕی ئەم ڕژیمەدایە، بەڵام لەمرۆدا ئەساسەن وەک شگردێکی سیاسی نە تەنیا لەدژی ژنان بەڵکو لەدژی سەرجەم کۆمەڵگە بەکار دەهێندرێت. کێشمەکێش لەسەر حیجابی ژنان لە هەردوو لاوە، هەم لە لایەن ڕژیمەوە و هەم لە لایەن جەماوەری ژنانەوە نەبەردێکە کە ئاست و ئەنگیزەکانی لە خودی مەسەلەی حێجاب واوەتر دەچێت. مەسەلەی حیجاب لە لایەن ڕژیمەوە ئامرازێکە بۆ قودرەت نمایی لە گۆڕەپانی شەقامەکان، توند کردنەوەی ئیختناق و سەرکوت، چاوترسێن کردنی کۆمەڵگا، و لە لایەن ژنانیشەوە نەبەردی ئیرادەیە، هەوڵێکی سەمبلولیکە بۆ دەرچون لە پێگەیەکی پڕ لەسوکایەتی و ژێر دەستەیی کە ئەم ڕژیمە بەسەریدا سەپاندون.

روون و ئاشکرایە کە مەسەلەی حیجابی ئیجباری تەنیا یەکێک لە شێوەکانی ستەمکێشی ژنە لە کۆمەڵگای ژێر حاکمیەتی ڕژیمی ئیسلامیدا. خەبات لەدژی حیجابی ئیجباری مەیدانێک نییە کە خۆی لەخۆیەوە ئاستی قوڵایی خەباتی ڕزگاری بەخشی ژنانی ئێران نیشان بدات. بەڵام خۆراگری لەبەرانبەر ئەم قانون و سوننەتە کۆنەپەرستانەی لە کۆمەڵگادا بوونیان هەیە لەم بوارەدا، ئەمرۆ بۆتە هێمای خۆڕاگری لە بەرانبەر قانونە ئیسلامیەکاندا و پشتگوێ خستنی دەستوراتی حکومەتی. خۆڕاگری ژنان لەم مەیدانەدا تا شکست هێنانی بە تەواوەتی سیاسەتی داسەپاوی حیجاب درێژەی ئەبێت و کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر خۆراگری ژنان بە تایبەت لەم بوارەدا سەری لەبەرد ئەدریت.

 

بابەتی پەیوەندیدار

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-

پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

-

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-