کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر مانگرتنی جەماوەریدا بێ دیفاع و ئاسیب پەزیرە

شەپۆلی سێهەمی مانگرتنی کامیۆن داران و شۆفیر کامیۆنەکان کە لە رۆژی شەممە ٣١ ی مانگی خەرمانانەوە دەستی پێ کردوە، رۆژی سێ شەممە سێی مانگی ڕەزبەریش بە هاوئاهەنگی و پەیگیریەوە بەردەوام بووە و گەلێک شار و ناوچەی دیكه‌شی پێوە پەیوەست بووە. ئەگەرچی یەکێتیە شۆفیرانی سەرتاسەری ئێران بە بڵاو کردنەوەی بانگەوازێک داوایان لە شۆفیر کامیۆنەکان کردبوو تا لە سەرەتای مانگی ڕەزبەرەوە مانگرتنی سەرتاسەری خۆیان دەست پێبکەن، بەڵام زۆرێک لە شۆفیرەکان رۆژێک زوتریش مانگرتنیان دەست پێکرد. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە مانگرتن بە سەرکەوتویی چووە نێو سێهەمین رۆژی خۆیەوە و بەرەو پەرەسەندنی زیاتریش دەچێت.

لە ئاکامی ئەم مانگرتنەدا بەندەرکان، جادە نێونەتەوەییەکان مێحوەرە سەرەکیەکانی نێوان شارەکان هاتوچۆی کامیۆنەکانیان تێدا وێستاوه‌. زۆربه‌ی پۆمپی بەنزینەکان داخراون، میوە و تەرەبار ناگاته‌ فرۆشگا گەورەکان و بۆه‌ته‌ هۆی گران بوونی زیاتری ئەو مادانە لە بازاڕدا. هەروەها چەند کارخانەی سیمان، لە ناوچە جۆراو جۆرەکان بە هۆی بار نەکرانی بەرهەمەوە بە ناچاری داخراون. لە جەریانی ئەم مانگرتنە کە لە ڕاستیدا سێهەمین مانگرتنی سەرتاسەری شۆفیر کامیۆنەکانە له‌ ماوه‌ی یه‌كساڵدا، پیشەسازی گواستنەوە و گەیاندن کە یەکێک لە ژێر خانەکانی ئابووری سەرمایەداری ئێرانە ئیفلیج بووە.

مانگرتوان لە ڕاستیدا دوو دەستەن. هەردوکیان بە کردەوە لە مەوقعیەتێکی ئابووری و بەڕێچوونی هاو شێوەدان و هەر ئەم ڕاستیەش ئەوانی بە یەکەوە کردۆتە هاو جێهەت و هاوڕێ. دەستەی یەکەم ئەوانەن کە بۆ شیرکەتە گەورەکانی گواستنەوە و گەیاندن کاردەکەن. دەستەی دووهەم ئەوانەن کە خاوەن و لە عەینی حاڵدا شۆفیری کامیۆنەکانیانن. شۆفیرەکان خوازیاری زیاد کرانی حەقدەستەکانیانن. لێخوڕینیی کامیۆن لە زومڕەی کارە دژوارەکانە و ئەوان خوازیاری ئەوەن کە مافی دژواریی کار لە دیاری کردنی حقوقەکانیاندا لەبەرچاو بگیرێت. زۆربەیان خاوەنی هیچ بیمەیەک نین. ئەوان خوازیاری تەئمینی بە تەواوەتی مافە سەرەتاییە کۆمەڵایەتیانەی خۆیانن. بەڵام ئەو شۆفیرانەش کە خاوەنی کامیۆنەکانیانن، لە ڕاستیدا بارودۆخێکی لەوان باشتریان نییە. کرێی کەمی گواستنەوە و گەیاندن، گرانبی بەنزین، گرانی قەتەعاتی یەدەکی، عەوارزی ئوتوبان، کۆموسیۆنی زۆری باربەریەکان، هەزینەی زۆری تەعمیرات و گرفتەکانی هاو شێوەی تر، بارودۆخێکی بەسەریاندا سەپاندوە کە زۆربەیان چارەیەکیان بێجگە لە خەواندنی کامیۆنەکانیان بۆ نەماوەتەوە. شیرکەتە گەورەکانی گواستنەوە و گەیاندن کە دەبێ بۆ خاوەنەکانیان لەنێو سەران و خانەنشین کراوەکانی پلە بەرزی سپای پاسداران و مافیای بنەماڵەی ڕەفسەنجانی و هاو تەرازەکانیاندا بگەڕێی، هەر کامەیان خاوەنی بە هەزاران کامیۆنن. ئەوانە لەو کەسانەن کە دەستیان لەنێو دەستی ڕژیمی قەیران لێدراوی کۆماری ئیسلامیدا، وەها بارودۆخێکی دژواریان بەسەر شۆفیر کامیۆنەکان و وردە کامیۆن دارەکاندا سەپاندوە. 217

مانگرتنی رۆژەکانی دوایی درێژەی مانگرتنەکانی ڕابردون کە لە دوو دەورەدا بەڕێوەچوون. لە دوو دەورەی ڕابردودا هەموو جارێک مانگرتن بە دانی وەعدە و بەڵێن لە لایەن بەپرسانی حکومەتیەوە کۆتایی دەهات. لە دەورەی هەوەڵی مانگرتنی سەرتاسەری و درێژ ماوەی شۆفیر کامیۆنەکان کە لە سەرەتای مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا دەستی پێکرد، ٢٩ ئوستان و ١٧٠ شاری ئێرانی گرتەوە. لە دەورەی یەکەمی مانگرتنی سەرتاسەریدا شۆفیر تاکسیەکان و شۆفیر ئوتوبوسەکانیش لە چەندین شاری ئێران پێیەوە پەیوەست بوون. شۆفیر کامیۆنەکان کە لە پشتیوانی ڕای گشتی بەهرەمەند بوون، وەها هاوپشتی و خۆڕاگریەکیان لە خۆیان نیشاندا کە ڕژیم بە هەڕەشە و بانگ کردن و گرتن و زیندانی کردن و ڕێکخستنی مانگرتن شکێن، نەیتوانی ئەوان چاوترسێن بکات.

دەورەی دووهەم لە مانگی گەلاوێژی ڕابردودا دەستی پێکرد و خاوەنی هەمان ئاستی بەرینایی بوو. ئەم جارەش کۆماری ئیسلامی لە لایەکەوە مانگرتن شکێنەکان و هێزە ئەمنیەتیەکانی خۆی ناردە مەیدان و لە لایەکی دیکەوە فریوکارانی دەوڵەتیشی بە وەعدە و بەڵێنی وەک جارانەوە ڕەوانە کرد. دوای نزیکەی ١٠ رۆژ شۆفیرەکان کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنا و ئەم جارەش چاوەڕێی بە کردەوە دەرهاتنی وەعدەکانی بەرپرسانی حکومەتی مانەوە. دوای مانگێک و هەروەک چاوەڕوان دەکرا، ئەم جارەش هیچ وەعدەیەک به‌ڕێوه‌نه‌چوو.

دەورەی سێهەمی مانگرتن لە بارودۆخێکدا دەستی پێکردوە کە قەیرانی هەمە لایەنەی ئابووری کۆماری ئیسلامی توند تر بۆتەوە. قۆناغی دووهەمی تەحریمەکانی ئەمریکا لە ڕێ دایە و ڕژیم تا ئێستا نەیتوانیوە لە کەلێنی نێوان زل هێزەکاندا جێگایەک بۆ بەرەنگار بوونەوەی گەمارۆکان بدۆزێتەوە. لە ئاکامی وەها بارودۆخێکدا هەژاری و گرانی و کەمبوونێکی بێ وێنە سەرتاسەری ئێرانی گرتۆتەوە. لە هەمان حاڵدا ناڕەزایەتی کرێکاری بە شێوەی رۆژانە درێژەی هەیە. مانگرتنی سیاسی لێبڕاوانە و بەهێزی خەڵکی کوردستان سەرانی کۆماری ئیسلامی تووشی شۆک کردوە.

دوژمن وای پیشان ئەدات کە بەهێزە و گۆیا دەتوانێ هەموو سیاسەتێک بەبێ هیچ سەر ئێشەیەک بە کردەوە دەربێنێت، بەڵام له‌ ڕاستیدا خاوەنی گەلێک خاڵی لاوازی بنەڕەتیە و بە تایبەت لە بەرانبەر مانگرتنی جەماوەریدا، بەبێ دیفاع و ئاسیب پەزیرە. ئەم ڕژیمە بە هەر ڕادەیەک لە جەنایەتکاریەوە کاتێک لەگەڵ مانگرتنی گشتی جەماوەری بەرینی خەڵکدا بەرەو روو ده‌بێت، زەبوون و داماوە. وەها تاکتیکیک، بەستێنی هاتنە مەیدانی هێزی ڕاستەقینەی خەڵک فەراهەم دەکات کە تاکتیکی مانگرتنی گشتی و سەرتاسەری دەتوانێ تاک بە تاکی خەڵکی تێکۆشەر و ناڕازی بە یەکەوە گرێ بدات و بیانکاتە هاوڕێ و هاو جیهەت، کار و بەرهەم هێنانی رابگرێت و سەرتا پای حاکمیەت بخاتە لەرزین.