ئەمڕۆ ڕێژیمی جینایەتکاری دەسەڵاتدار لە ئێران لەدوای کوشتاری ١٩ و ٢٠ی بەفرانبار گەیشتووەتە خاڵێک کە دەتوانین بڵێین لە گێژاوی قەیرانەکاندا بەتەواوی گرفتار بووە. ڕێژیمێکی کە دەیان ساڵە بە زەبری سەرکوت و کۆنترۆڵی ئەمنییەتی درێژەی بە دەسەڵاتی خۆی داوە، ئێستا لەگەڵ بنبەستێک بەرەوڕوو بووەتەوە کە چیتر بە بەڕێوەبردنی ئاسایی چارەسەر نابێت. لە کورت ماوەدا ، یەکێک لە هۆکارە شوێندانەرەکان لە دیاریکردنی بارودۆخی کۆماری ئیسلامی، بریتییە لە سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سیاسەتێکی کە هاوکات دوو ڕووی هەیە. لە لایەک چڕکردنەوەی هێزی نیزامی و پەرەسەندنی هەڕەشەکان و لە لایەکی دیکەشەوە پێشنیاری دانوستان و چارەسەری دیپلۆماتیک. ئەم سیاسەتە دوو لایەنە لە ڕاستیدا دوو ڕووی یەک ستراتێژییە. سەپاندنی هەلومەرجێکی سیاسی بەسەر کۆماری ئیسلامیدا لەسەر بنەمای ڕاگرتنی بەرنامەی ئەتۆمی، سنووردارکردنی هێزی مووشەکی، کۆتاییهێنان بە پشتیوانی لە هێزە بەوەکالەتەکان و سەرئەنجام کردنەوەی دەرگاکانی ئابووری ئێران بەڕووی سەرمایەداری ئەمریکایی و بەشدارییەکی کۆنترۆڵکراو لە دابەشکردنی کاری ناوچەیی بەگوێرەی ویستی ئامریکا. ئامانجی ئەمریکا لەم چوارچێوەیەدا “ڕووخاندنی بەتەواوەتی” کۆماری ئیسلامی نییە، بەڵکوو بریتییە لە گۆڕینی ئەم ڕێژیمە لە ئەکتەرێکی کەڵەوەکێشەوە بۆ دەوڵەتێکی پێشبینیکراو و گوێ لەمست، نموونەیەکی هاوشێوەی ئەوەی کە لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ هەندێک لە دەوڵەتە سەرەکییەکانی ناوچەکەدا دەبینرێت. جیاوازی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی ساڵانێکە مەشروعییەتی ئیدئۆلۆژیک و دام و دەزگای ئەمنییەتی _نیزامی خۆی لەسەر بنەمای “خۆڕاگریی” و “دژە ئەمریکایی” بنیات ناوە، لەمڕووەوە هەر پاشەکشەیەکی بەرچاو دەتوانێت شیرازەی یەکڕیزی ناوخۆیی بە تەواوی تێکبدات.
کۆماری ئیسلامی، بە تایبەت لە چوارچێوەی سیاسەتە دڵخوازەکانی خامنەیی، کەوتووەتە دۆخێکەوە کە لە دوولاوە دۆڕاوە. ئەگەر لەسەر ئەم سەرسەختی و درێژەدان بەم ڕێبازەی ئێستای بەردەوام بێت، مەترسی تێکهەڵچوونێکی نیزامی زیاتر دەبێت، چ لەلایەن ئەمریکاوە بێت یان ئیسڕائیل، یان تێکەڵەیەک لە هەردووکی. بەڵام ئەگەر تەسلیمی داخوازییە سەرەکییەکانی ئەمریکا بێت، ئەوا جۆرێکی دیکەی قەیران دروست دەکات، کە بریتییە لە قەیرانی ناوخۆیی دەسەڵات. چونکە پاشەکشە لە ستراتێژییەکان تەنیا بریتی نییە لە گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوەدا، بەڵکوو هەڵگری پەیامێکی ناوخۆییە: واتە دانپێدانانێکی بەکردەوە بە ناسەرکەوتوو بوونی ئەو ڕێگایەی پێشووتر و کرانەوەی ڕێگا بۆ دروستبوونی کەلێن و ناکۆکی لە ناو بازنەی دەسەڵات، سەرهەڵدانی کۆتلەی نوێ و کولبوونی ئامرازەکانی سەرکوت.
ئاشکرایە لە ئەگەری دەستپێکی شەڕ، ڕێژیم بە هەموو هێزی خۆیەوە خۆڕاگریی دەکات، بەڵام هاوسەنگی ماددی هێزی نیزامی و ئابووری ئەمریکا، شکستی کۆماری ئیسلامی دەکاتە شتێکی حەتمی. تەنانەت بەبێ شەڕێکی بەتەواو ماناش، تەنیا بە هەڕەشەی بەردەوام و گەمارۆ و گوشارە ئابووری–ئەمنییەکان دەتوانێت زیاتر ڕژیم لاواز بکات و تواناییەکانی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگای کەم بکاتەوە. ئەگەر قبووڵی بکەین کە ئامانجی ئەمریکا بریتییە لە ڕامکردنی کۆماری ئیسلامیی، لەم حاڵەتەدا ئەگەری ئەوە هەیە کە پڕۆژەیەک بۆ سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی نەزمی هەنووکەیی بە ڕووخسارێکی نوێوە بێتە ئاراوە، واتە سەرهەڵدانی هێزگەلێک لە ناو دام و دەزگای دەسەڵاتدا کە بە زمانی “چاکسازی“، “ڕیالیزم” و “ڕزگارکردنی ئابووری” دەدوێن، بەڵام بنەمای سیستەمی چینایەتی، لۆژیکی کەڵەکەبوونی سەرمایە و پێکهاتەی ئەمنی وەک خۆی دەهێڵێتەوە. ئەم سیناریۆیە دەتوانێت بۆ بەشێک لە چینی مامناوەندی شارەکان یان هێزە تەکنۆکراتەکان سەرنجڕاکێش بێت، چونکە بەڵێنی سەقامگیری و کەمبوونەوەی گرژیی و مملانێ دەرەکییەکان دەدات، بەڵام له ڕوانگەی بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکار و زەحمەتکێشانەوە، مەترسییەکەی ئەوەیە کە هەژاری بێمافی و سەرکوتی خۆڕێکخستن بە شێوازێکی نوێ هەروا بەردەوام بێت.
لە ڕاستیدا لە ئاوا ڕێگایەکدا بە گشتی دوو شت ڕوودەدات: بەشێک لە کۆمەڵگا بە هیوای ئالوگۆڕ و باشتربوونی دەستبەجێ، بۆ ماوەیەکی کاتی هێور دەبێتەوە، هاوکات، دام و دەزگای دەسەڵات دەرفەتی بۆ دەخوڵقێت تا بە ئارایش و ڕێکخستنەوەی هێزە ئەمنییەکانی، کۆنترۆڵی فەزای گشتی، ئاراستەکردنی ڕاگەیاندن و کۆنترۆڵی شەپۆلەکانی ناڕەزایەتی بەدەستەوە بگرێت. هەر گۆڕانکارییەکی لەسەرەوە ئەگەر بەبێ گوشارێکی ڕێکخراو لە خوارەوە ڕووبدات، زۆرجار دەبێتە هۆی مانەوە و چەسپاندنی ئەو نەزمە نایەکسانە، نەک گۆڕینی. دیوەکەی تری ئەو هاوکێشەیە بریتییە لە کۆمەڵگایەک کە لەژێر گوشاری هەڵاوسان، نەبوونی ئەمنییەتی پیشەیی، کەمبوونەوەی خزمەتگوزارییە گشتیەکان و سەرکوتی بەردەوامدایە. ئەگەر ڕژیم چ بە شەڕ یان بە ڕێککەوتنی زۆرەملێ، لەم قەیرانە تێپەڕبێت، لە ڕووی ئابوورییەوە گەلێک لاوازتر و لە ڕووی سیاسییەوە بێ متمانەتر و بەشێوەیەکی گشتی بێتوانا دەبێت. لێرەدایە کە بزووتنەوە داواکاری تەوەرەکان دەتوانن بە خێرایی ئاستی ئابووری تێپەڕ بکەن و بگەنە پرسیارە بنەڕەتییە سیاسییەکان، لەوانە کێ بڕیار دەدات؟ بوودجه و سامانی کۆمەڵایەتی بۆ کوێ دەڕوات؟ ڕێکخراە سەربەخۆکان بۆچی سەرکوت دەکرێن و بۆچی زۆربەی بەرهەمهێنەران پشکیان لە دەسەڵاتدا نییە؟
لە ئاوا هەلومەرجێکدا ئیمکانی پێکهێنانی ناوەندەکانی دەسەڵات لە خوارەوە، شۆڕاکان، کۆڕ و کۆمەڵەی گشتیی، کۆمیتەکانی هەڵبژێردراو لە شوێنی کار و ژیان، وەک فۆرمێک لە دێموکراسی ڕاستەقینە لە خوارەوە دێتەگۆڕێ. ئەگەر ئەم دامەزراوانە لەژێر ئاراستە و ڕێنمایی ڕەوتی سۆسیالیستیدا پێک بێن، دەتوانن ببنە بڕبڕەی پشتی ئەڵتەرناتیڤێکی کۆمەڵایەتی، ئەڵتەرناتیڤێکی کە نەک هەر نایەوێت تەنیا “ڕووخسارەکان بگۆڕیت” بەڵکوو بیر لە گۆڕینی پەیوەندییەکانی دەسەڵات و خاوەندارێتی دەکاتەوە. ئەو قەیرانەی ئێستا دەرفەتێکی مێژووییە، بەڵام نەک بەو جۆرەی کە سازشتەڵەبی لیبڕاڵی یان ناسیۆنالیزمی شۆڤێنیستی بەڵێنییەکەی دەدات. جێگرتنەوەی کۆماری ئیسلامی بە ڕەچەتەیەکی ملکەچتر لە ئاست ئەمریکا، تەنانەت ئەگەر بە ئەدەبیاتی مافەکانی مرۆڤ و گەشەپێدانیش بڕازێتەوە، ڕزگاریبەخش نییە، چونکە دەتوانێ هەمان بێبەمافییە پێکهاتەییەکان بە فۆرمێکی دیکەی وابەستەیی دەرەکی و سەرکوتی ناوخۆیی بەرهەم بهێنێتەوە.
لە بەرامبەر ئەم سیناریۆیانەدا ئاسۆی داهاتوو بریتییە لە“شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی“، واتە گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی بۆ دامەزراوە هەڵبژێردراوەکانی جەماوەر، دەرهێنانی ئابووری لە چنگی سەرمایەدارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان و هەروەها بنیاتنانی نەزمێک کە ئازادییە سیاسییەکان و یەکسانی و خۆشگوزەرانی، نەک وەک دروشم بەڵکوو وەک پێکهاتە گەرەنتی بکات. لەم ڕوانگەیەوە وەلانانی پاشماوەکانی ئیسلامی سیاسی و ستەم و سەرەڕۆیی دەبێتە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و دێموکراسی لە خوارەوە. ئێران ئەمڕۆ لە گێژاوی گوشاری دەرەکی و بێتوانایی ناوخۆییدا گرفتارە. ڕێگایەکی کە لە سەرەوە چ بە شەڕ یان ڕێکەوتن کێشرا، ئەگەر بە دەخالەتی ڕێکخراوی جەماوەر و بەتایبەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ستەملێکراوان نەبێت، دەتوانێت ببێتە هۆی سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی هەمان نەزمی نایەکسان. بەڵام ئەگەر هێزی کۆمەڵایەتی بێبەشان و بەرهەمهێنەران بگەنە ئاستی خۆڕێکخستن و هاوپشتی ڕاستەقینە، ئەم قەیرانەی ئێستا دەتوانێت ببێتە خاڵی دەستپێکی لاپەڕەیەکی نوێ، لاپەڕەیەکی کە تێیدا سیاسەت لە قۆرخکاریی دەوڵەت و سەرمایە دێتەدەرەوە و دەگەڕێتەوە بۆ ئیرادەی بەکۆمەڵی جەماوەر.
