لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هاوکات لەگەڵ درێژەی ئاخێزی جەماوەری خەڵک لە عێراق، شایەدی چەند ڕووداوێکین کە ڕەنگی پیلانگێڕیی جەنایەتکارانەیان دژبە خەڵکی عێراق پێوەدیارە. ئەو ڕووداوانە زەنگی مەترسین بۆ داهاتووی ئاخێزی سەرتاسەریی جەماوەری خەڵک لە عێراق. پێگەی نیزامی کەیوان لە کەرکوک بە چەکی کاتیوشا هێرشی کرایە سەر و بەهۆیەوە پهیمانكارێكی هێزەکانی ئەمریکا کوژرا و چەند کەسێکی دیکەشیان لێ بریندار بوو. وەزارەتی بەرگری ئەمریکا دەڵێ، هێزەکانی حەشدی شەعبیی سەربە کۆماری ئیسلامی ئەم هێرشەیان ئەنجام داوە. لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا چەندین هێرشی لەمجۆرەی دیکە کرابووە سەر پێگەکانی ئەمریکا لە عێراق. بەڵام ئەرتەشی ئەمریکا دوای چەند جار چاوپۆشی، ئەمجارەیان لە کاردانەوەی بەم هێرشە، ٢٤ کاتژمێر دواتر ٥ پێگەی حەشدی شەعبی لە ڕۆژئاوای عێراق و لە سووریە بۆردومان کرد و بەهۆی ئەم بۆردومانەوە ٢٥ کەس کوژران و پتر لە ٥٥ کەسیش بریندار بوون.
ئەو ناوەندانەی کە لە لایەن فڕۆکە ئەمریکاییەکانەوە هێرشیان کرایە سەر، ناوەندی گرووپی “کەتائیبی حیزبوڵڵا” بوون. ئەم گرووپە دوای ڕووخانی سەدام لە ساڵی ٢٠٠٣ لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە ڕێکخرا. ئامانجی کۆماری ئیسلامی ئەوە بوو کە هێزێكی هاوپهیمانی خۆی، هاوشێوەی “حیزبوڵڵای لوبنان” لە عێراق پێکبێنێت، تا لە لایەکەوە بەرژەوەندی داهاتووی ڕژیمی ئێران لە عێراق بپارێزێت و لە لایەکی دیکەشەوە پەیوەندی زەمینی ئێران لە ڕێگەی عێراق و سووریە بۆ لۆبنان دابین بکات. لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش، “حەشدی شەعبی” ئەساسەن لە دهوری گرووپەوە پێکهات و بە لەبەرچاوگرتنی مەترسیی داعش و پشتیوانی مەرجەعییەتی شیعە و پڕچەک کردنی لە لایەن ئەمریکاوە، زۆر بە خێرایی لە عێراق پەرەی سەند. فەرماندەی “کەتائیبی حیزبوڵڵا” کەسێکە بەناوی “جەماڵ جەعفەر ئیبراهیم” ناسراو بە “ئەبوو مەهدی موهەندیس”. ئەو کە باوکی عەرەب و دایکیی فارس زمانە، لەناو ئاڵقەی نزیکان و فەرماندەکانی هێزی قودسی سپای پاسداران دایە. لە قاسمی سولەیمانی دەگێڕنەوە کەخۆی بە “سەرباز”ی ئەبوو مەهدی موهەندێس دەزانێ. بەدوای هێرشی ئەمریکا بۆسەر ناوەندەکانی ئەم گرووپە، هەم سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی و هەم فەرماندەکانی “حەشدی شەعبی” لە ڕێگەی چەندین بەیانییەوە هەڕەشەیان لە ئەمریکا کردووە کە تۆڵەی لێ دەستێننەوە. هەموو بەڵگەکان ئەوەمان پێ نیشان دەدەن کە کۆماری ئیسلامی و دەست نیشاندەکانی لە عێراق خەریکی دارشتنی سێناریۆیەکی جەنایەتکارانەن. حیزبە شیعە دەسەڵاتدارەکان و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەوان لەناو “حەشدی شەعبی” و کۆماری ئیسلامی وەک پشتیوانی تاقمی دەسەڵاری عێراق، لە بەرامبەر حزووری ملیۆنی خەڵک لە سەر شەقامەکان داماون. ئەوان بە وەڕێخستنی کوشتاری خۆپیشاندەران نەیانتوانیوە شکست بە ئاخێزی خەڵک بێنن. کوشتنی ٥٠٠ کەس لە خۆپیشاندەران و بریندار کردنی ٢٠ هەزار کەس ، نەیتوانێوە خەڵک بترسێنێت و لە مەیدان بیانخاتە دەر. ئەوان نە دەیانهەوێ دەسەڵات بدەنە دەست خەڵکی ڕاپەڕیو و نە دەشتوانن سەرکوتیان کەن. کۆماری ئیسلامیش کە پێگەی خۆی لە عێراق زۆر ناسەقامگیر و مەترسیدار دەبینێ، بۆ پاراستنی دەست دەبا بۆ هەموو ئامرازێک. کەوابوو هەمووان هەوڵ دەدەن تا بە شەڕنانەوە و تیرۆریزە کردنی کەش و هەوای سیاسیی عێراق، بنبەستێک کە تێیدا گرفتار بوون، تێکبشکێنن. لەو نێوەدا دەوڵەتی ئەمریکا، لە باروودۆخی نوێی عێراق گەیشتووە و لە هەموو دەرفەتێک بۆ زهمانهت کردنی بەرژەوەندیەکانی خۆی کەڵک وەردەگرێ. دەوڵەتی ئەمریکا لە بۆسە دایە تا هێزەکانی لایەنگری ڕژیمی ئێران بەهۆی ئاخێزی خەڵکەوە تا ڕادەیەکی زۆر لاواز بن و لە کاتێکی گونجاودا دەستبەکار بێت. ئەوەیکە شکڵ و ماهیەتی کردەوەی ئەمریکا لە داهاتوودا چ دەبێت ڕوون نییە، بەڵام ئەزموونی وڵاتی عێراق و هەموو شوێنەکانی دیکەی جیهان نیشانیان داوە کە بێ گومان هەرچییەک بێت لە خزمەت داخوازی و ئامانجەکانی خەڵکی ڕاپەڕیودا نابێت. هێرش بۆسەر پێگەی ئەمریکایی کەیوان و ئەگەری جم و جۆڵی هاوشێوە لە داهاتوودا، لە هەمان کاتدا دەرفەتێک بۆ ئەریکا دەخوڵقێنێ تا بە زەربە لێدان لە هێزەکانی “حەشدی شەعبی”، بە شێوەی ڕاستەوخۆ لاوازیان کات و بەمجۆرە ڕێگا بۆ بەکردەوە دەرهێنانی سێناریۆی دڵخوازی ئەمریکا لە عێراق خۆش دەکرێت. ئەوانە هەموویان لە زومرەی ئەو مەترسیانەن کە هەڕەشە لە ئاخێزی مافخوازانەی جەماوەری خەڵکی عێراق دەکەن. خەباتی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی عێراق هاوکات دەبێ چەندین سێناریۆی پیلانگێڕانە پووچەڵ کاتەوە. تاقمی دەسەڵاتداری ئێستای عێراق بە مانۆڕی فریوکارانە و دەرفەت کرین، هەوڵ دەدا خەڵکی ڕاپەڕیو ماندوو کات و ڕەوانەی ماڵەکانیان کاتەوە. گرووپی هەلپەرەستی “سەدر” بە نفووزێک کە لە ناو خەڵکی ناڕازی دا هەیەتی، هەوڵ دەدا یەکگرتوویی ڕێزی ناڕازیان تێک بشکێنێت. کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی دەست و پەیوەندەکانی خۆیەوە هەوڵ دەدا کە شەڕێکی نیابەتی دژبە ئەمریکا لە عێراق وەڕێبخات و لە سەری وەختی خۆیدا لەسەر ئەو مەسەلەیە لەگەڵ ئەمریکا موعامەلە بکات. پووچەڵ کردنەوەی هەمووی ئەم پیلانگێڕیانەی مەرجی سەرکەوتنی خەڵکی عێراقە لەو شەڕە چارەنووس سازەی ئێستادا. بێ گومان بزووتنەوەی جەماوەری لە عێراق توانای ئەنجامدانی وەها کارێکی گەورەی هەیە. هەفتەکان و مانگەکانی داهاتوو دەرفەتێکن تا خەڵکی ڕاپەڕیو، کەسایەتیهكانی شۆڕشگێڕ و جێگەی متمانەی خۆیان بە کۆمەڵ بناسێنن و ڕێگا بۆ بەشداریی گشتی لە دیاری کردنی چارهنووسی دەسەڵاتی سیاسی لە عێراق به شێوهی دیمۆكراتیك خۆش بکرێت.