کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆماری ئیسلامی بەرپرسی کوشتنی شیرمحەممەدعەلی زیندانی سیاسی

132

پنجشنبه – ۲۳ خرداد – ۱۳۹۸ , 13 – 06 – 2019

132

بەپێی ڕاپۆرتەکان لە دەوروبەری کاتژمێر ١٠ ی شەوی دووشەممە ٢٠ ی مانگی جۆزەردانی ١٣٩٨، عەلیڕەزا شیرمحەممەدعەلی زیندانی سیاسی بەندکراو لە تیپی یەکی ئەندەرزگای ١١ ی زیندانی تارانی گەورە لە لایەن دوو کەس لەو زیندانیانەی بە تاوانی جەنایەت بەند کراون بە چەقۆ هێرشی کراوەتە سەر و کوژراوە. ئەم دوو کەسەی کە عەلیڕەزایان کوشتوە یەکێکیان تاوانبارە بە گواستنەوە و ڕاگرتنی مادەی هۆشبەر و ئەویتر تاوانی کوشتنی بە ئانقسەت بووە کە لە زیندانی تارانی گەورەدا ڕاگیراون. رۆژی سێ شەممە لە حاڵێکدا کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە کوژرانی ئەم زیندانیە سیاسیە بێدەنگیان كردبوو، محەممەدهادی عیرفانیان کاسب، وەکیلی عەلیڕەزا شیرمحەممەدعەلی رایگەیاند: “شیرمحەممەدعەلی لە حاڵێکدا کە بەبێ ڕیعایەتی ئەسڵی جیا کردنەوەی تاوانەکان لە ئەندەرزگای تارانی گەورەدا ڕاگیرابوو لە لایەن زیندانیانی بە تاوانی نا سیاسیەوە کوژراوە.”
عەلیڕەزا شیرمحەممەدعەلی کە تەمەنی ٢١ ساڵ بووە و لە گەڕەکی نازی ئابادی تاران دەژیا لە تاریخی ٢٤ ی مانگی پوشپەڕی ١٣٩٧ بە هۆی چالاکی لە فەزای مەجازیدا گیرا و بە تاوانی سوکایەتی بە خومەینی، سوکایەتی بە ڕێبەریی، سوکایەتی بە پیرۆزیەکان و تەبلیغ لەدژی نیزامی کۆماری ئیسلامی بە ٨ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکوم و لە بەندی زیندانیانی نا سیاسی زیندانی فشافویە زیندانی کرابوو. عەلیڕەزا شیرمحەممەدعەلی لە ڕاستیدا هیچ تاوانێکی نەکردبوو وە تەنیا بەهۆی کەڵک وەرگرتن لە یەکێک لە سەرەتایی ترین مافە ئینسانیەکانی واتە دەربڕینی بیروبۆچوون لە فەزای مەجازیدا بە زیندان مەحکوم کرابوو.
عەلیڕەزا شیرمحەممەدعەلی لەگەڵ یەکێکی تر لە زیندانیانی سیاسی بە ناوی بەرزان محەممەدی لە تاریخی ٢٣ ی مانگی ڕەشەمەی ١٣٩٧ لە ناڕەزایەتی بە بارودۆخی نا مرۆڤانەی ڕاگیران لە زیندان و نەبوونی ئەمنیەتی گیانی دەستیاندایە مانگرتن لە خواردن و خوازیاری گوازرانەوە بۆ زیندانێکی دیکە بوون. ئەم دوو زیندانیە سیاسیە لە نامەیەکدا بۆ روون کردنەوەی مانگرتنەکەیان نووسیان:” ئێمە بە هۆی نەبوونی ئەمنیەتی گیانی مانمان لە خواردن گرتوە. سڵامەتی گیانی ئێمە هیچ گرنگیەکی بۆ بەرپرسانی زیندان و سەرۆکەکەی نییە. یەکێک لە ئەفسەرانی نیگابانی شیفت، زۆر بە ئاشکرایی بە ئێمەی وت کە کۆتایی ئەم مانگرتنە نووسینی گەواهی فەوتە”. عەلیڕەزا شیرمحەممەدعەلی دوای تێپەڕ بوونی زیاتر لە مانگێک، بەدوای درانی بەڵێنی لە لایەن نوێنەری دادستانیەوە کە هاتبوو بۆ زیندانی تارانی گەورە کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنا.
عەلیڕەزا شیرمحەممەدعەلی، زیندانی سیاسی لە حاڵێکدا کوژراوە کە لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردودا” داخوازی ڕەچاو کرانی ئەسڵی جیاكردنه‌وه‌ی تاوانەکان” بوو كه‌ یەکێک لە داخوازیە مێحوەریەکانی زیندانیانی سیاسی بووە لە ئێران. لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی پار وەحید سەیاد نەسیری، زیندانی سیاسی- عەقیدەتی لە ناڕەزایەتی بە ڕەچاو نەکردنی سه‌ره‌تای جیاكردنه‌وه‌ی تاوانەکان دەستی دایە مانگرتن لە خواردن لە ماوەی دوو مانگ لە مانگرتندا لە زیندانی لەنگرودی قوم گیانی لەدەستدا. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ئەم ساڵانەدا نە تەنیا ئەم مافە سەرەتاییەی زیندانیانی سیاسی ناوەتە ژێر پێ، بەڵکو لە گواستنەوەیان بۆ بەندی مەحکومانی نا سیاسی و به‌ مه‌به‌ستی گوشار هێنان بۆ سه‌ریان کەڵکی وەرگرتوە. لە ماوەی ساڵانی ڕابردودا بەرپرسانی زیندانەکان گەلێک جار بە شێوەی بەرنامە بۆ داندراو بە هەڵخڕاندنی زیندانیانی تاوانی مەترسیدار، ئەوانیان وادار کردوە زیندانیانی سیاسی ئەزیەت و ئازار بدەن و بیانترسێنن. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ئەم سالانەدا نە تەنیا بە گواستنەوەی زیندانیانی سیاسی بۆ بەندی تاوانە جەناییەکان ئەمنیەتی گیانی ئەوانیان خستۆتە مەترسیەوە بەڵکو بە هۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی بە بارودۆخی جەستەیی زیندانیانی سیاسی کە بەدەست نەخۆشی جۆراو جۆر و ئاسیبی جەستەییەوە دەیانناڵاند، ئەوانیان بە مەرگی بە شێنەیی مەحکوم کردوە. کاربەدەستانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی پێیان وایە بە کەڵک وەرگرتن لەم شگردانە دەتوانن زیندانیانی سیاسی بکوژن، ئەوان بە مەرگی بەشینەیی لەبەین بەرن و لە هەمانحاڵدا لە ژێر باری بەرپرسیاریەتی کوشتنی زیندانیانی سیاسی دەربچن. بەڵام هەر ئەو جۆرەی کە مەرگی نابەوەختی شاهروخ زەمانی، مەرگی” ئەفشین ئوسانلو”، مەرگی” ستار بەهیشتی” و مەرگی وەحید سیاد نەسیری و ئاشکرا بوونی ڕاستیەکانی پێوەندیدار بە کوژرانیان لە زیندان بوون بە مایەی ڕیسوایی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، کوژرانی عەلیڕەزا شیرمحەممەدعەلیش وەک پەڵەیەکی شەرمەزاری تر بە نێوچاوانی سەرانی کۆماری ئیسلامیەوە دەبیندرێت. خەڵکی ئێران دەزانن، ڕژیمێک کە کوشتاری بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی لە ساڵی ٦٧، قەتڵە زنجیرەییەکان، ئەشکەنجە و کوشتنی زیندانیان لە زیندانی کەهریزەک و ئەسید پاشی بە دەوموچاوی ژنانی لە پەروەندەدا هەیە لە هیچ جەنایەتێک چاوپۆسی ناکات.
ئێستا سەرەڕای هەر چەشنە ئیدیعایەک کە کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە کوژرانی عەلیڕەزا شیرمحەممەدعەلی هەیبێت هیچ لە ماهیەتی ئەم راستیە ناگۆڕێت کە پێرانەگەیشتن بە داخوازی ڕیعایەتی سه‌ره‌تای جیاكردنه‌وه‌ی تاوانه‌كان، بارودۆخی نامرۆڤانه‌ی زیندان و سەرنج نەدان بە مەترسیەک کە هەڕەشەی لە ئەمنیەتی گیانی عەلیڕەزا کردوە هۆکاری کوژرانی بووە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەرپرسی کوژرانی عەلیڕەزا شیرمحەممەدعەلییە. بێگومان تا کاتێک کە کۆماری ئیسلامی لەسەر دەسەڵات بێت ئەم جەنایەتانە کۆتایی نایه‌ت. کۆماری ئیسلامی داماوانە هەوڵ ئەدات تا بە کوشتنی زیندانیانی سیاسی یان مەحکوم کردنیان بە مەرگی بە شێنەیی، ئەحکامی درێژماوەی زیندان، شێلاق و وەسیقەی قورس، تێکۆشەرانی سیاسی و هەڵسوراوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان چاوترسێن بکات. وڵام بەم جەنایەتە پەرەدانە بە بزوتنەوەی کرێکاری و جەماوەری و زیاتر بوونی خەبات بۆ روخاندنی کۆماری ئیسلامی.