کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆماری ئیسلامی بەئازارترین زیانی کۆمەڵایەتی لە ئێران

60133 932

کاتێک بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی قسە لە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ زیانە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن، تەنیا پلان و سیاسەتێک کە بۆ ئەم مەبەستە لە مێشکیاندایە، دەتوانرێت لە وشەیکۆکردنەوەدا کورت بکرێتەوە: “کۆکردنەوەی ئالوودەبووان بە ماددە هۆشبەرەکان، کۆکردنەوەی ئەو کەسانەی لەناو کارتۆندا دەخەون، کۆکردنەوەی ژنانی سەر شەقام و کۆکردنەوەی منداڵانی کار، ئەمانە ناونیشانی کۆمەڵێک پڕۆژەن کە ناوبەناو لەلایەن دامەزراوە پێوەندیدارەکان بە بواری زیانە کۆمەڵایەتییەکانەوە باس دەکرێن. لە ڕاستیدا زۆرێک لەوانەی لەم پرۆژانەدا کۆدەکرێنەوە، دوای تێپەڕاندنی قۆناغێکی ناسەرکەوتوو لە پڕۆسەی باشترکردنی بارودۆخەکەیان، بەهۆی زەبر و زەنگی دەروونی و نائومێد بوون لە هاوکاریکردن، بەهەمان بارودۆخ یان تەنانەت خراپتر لە جارانیش دەگەڕێنەوە سەر شەقامەکان. بەردەوام ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە بۆچی سیاسەتیکۆکردنەوەوەڵامدەرەوە نییە؟ ئەگەر واز لە بەکارهێنانی وشەیکۆکردنەوەو لایەنی سووکایەتیئامێز و نامرۆڤانە بوونی پلانەکانی ڕێژیم بهێنین، ئامانجی کۆماری ئیسلامی لە جێبەجێکردنی پلانی دەستبەسەرکردنی منداڵان، ژنانی سەر شەقام، ئالوودەبووان بە ماددە هۆشبەرەکان و کەسانی بێ ماڵ و حاڵ لەژێر ناوی سووکایەتیئامێزی پلانی کۆکردنەوە، لە ڕاستیدا بەندکردنی قوربانیانی زیانە کۆمەڵایەتییەکان و شاردنەوەیانە لە چاوی خەڵک. تەنانەت ئەگەر ئەم ئامانجەی ڕێژیمیش بەدی نەهات. یەکەم لەبەر ئەوەی هەژاریی لە ڕادەبەدەر لە کۆمەڵگادا بەردەوام ئەو زیانە کۆمەڵایەتیانە بەرهەم دەهێنێتەوە، کۆماری ئیسلامی بە جێبەجێکردنی ئەو چەشنە پلانانە، نەک بەرەنگاری هەژاریی، بەڵکوو بەرەنگاری قوربانیانی هەژاریی دەبێتەوە. دووەم، هەمان ئەم کەسانە بەهۆی زەبرێکی دەروونی و جەستەیی توندتر کە بەریان کەوتووە، دوای ماوەیەک بە شێوازی جۆراوجۆر دەگەڕێنەوە سەر شەقامەکان.

چالاکوانێکی مافی منداڵان سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ یەکێک لە ناوەندەکانی منداڵانی دەستگیرکراو لەسەر شەقامەکان دەڵێت: لەگەڵ ئەو منداڵانەی کە هێنراونەتە ئەم سەنتەرە، وەک زیندانیی هەڵسوکەوت دەکرێت. تەنانەت کۆمپانیایەکی ئەهلیش ئەرکی دەستگیرکردنیانی لە ئەستۆ گرتووە، لەم سەنتەرەدا منداڵان تەنها بۆ ماوەی دوو کاتژمێر ئیزنی چوونە دەرەوە و هەواخۆرییان پێدەدرێت. تاکە ئیمکانی کات بەسەربردنی ئەم منداڵانە لە ماوەی هەفتەکەدا بریتییە لە سەیرکردنی تەلەفزیۆنێکی بچووکی کە بە بنمیچی ژوورەکەیانەوە هەڵواسراوە. لەلایەن چاوەدێرەکانیانەوە لێیان دەدرێت. کاتێک بەرامبەر بەمجۆرە هەڵسووکەوتە لەگەڵ منداڵەکان ناڕەزایەتی دەردەبڕێت، دەڵێن ئەم منداڵانە بەخت یاریان بووە کە لێرە کەس دەستدرێژییان ناکاتەسەر!. ئەم ناوەندانە هیچ یارمەتیدەرێکی ڕاهێنراو، چاودێرێکی دەروونی یان ڕەگەزی و پەروەردەیەکی نییە. لە ڕاستیدا لەم ناوەندانەدا دەهێڵرێنەوە تا کەسانێک وەک سەرپەرشتیار دێن و وەریاندەگرن. بێگومان گەڕانەوە بۆ ناو ژینگەی خێزانیش واتە دووبارەبوونەوەی هەمان ئەو دۆخەی کە ناچاریانی کردووە ماڵەوە جێبهێڵن، ئەمەش واتا هەموو شتێک دەگەڕێتەوە سەر دۆخی پێشوو.

کاری منداڵان لە ئێران زۆر هەمەچەشن و بەرفراوانە. هەریەک لەو کارانەی کە منداڵان ئەنجامی دەدەن کێشە و گرفتی خۆی هەیە، بەڵام یەکێک لە دژوارترین جۆرەکانی کاری منداڵان بریتییە لە کۆکردنەوەی زبڵ و جیاکردنەوەی پاشماوەکان. لە شارێکی وەک تاران ڕۆژانە نۆ هەزار تۆن پاشماوە بەرهەم دێت، کە تەنها سێ لەسەدی پاشماوەکان لە سەرچاوەدا جیا دەکرێنەوە و ئەوەی دیکەی لە ئەستۆی ئەو منداڵانەیە کە تەمەنیان لە نێوان ٦ بۆ ١٨ ساڵدایە. جیاکردنەوەی پاشماوەکان لە هەر ناوچەیەک بە بەڵێندەرێک دەسپێردرێت کە گرێبەستی لەگەڵ شارەوانی ناوچەکە هەیە. کاری جیاکردنەوەی زبڵ و خاشاک لە گەراجەکاندا کە زۆربەیان لە پەراوێزی شارەکان هەڵکەوتوون، لە بنەڕەتدا لەلایەن منداڵانی تەمەن جیاوازەوە ئەنجام دەدرێت.

ئەو منداڵانەی پاشماوە کۆدەکەنەوە، پلانیکۆکردنەوەی شارەوانی نایانگرێتەوە و چارەنووسیان جیاوازترە. شارەوانیکارتی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکیان بۆ دەردەکات. ئەوان لە ڕاستیدا منداڵی کار یان کۆیلەی شارەوانی و مافیای کۆکردنەوە و جیاکردنەوەی پاشماوەکانن. کۆکردنەوە و جیاکردنەوەی زبڵ و خاشاک لە شارە گەورەکانی ئێران لەوانە تاران، هێمای یەکێک لە دیمەنە هەرە ئازاربەخشەکانی کاری منداڵانە. ئەمکارگایانەی کە بەڵێندەرانی شارەوانییەکان بۆ جیاکردنەوەی پاشماوە بەکاریدەهێنن، بەزۆری ئەو گەراجانەن لە پەراوێزی شارەکاندا کە تەنانەت سەرەتاییترین ئیمکاناتی تەندروستییان نییە و منداڵانی جیاکەرەوەی زبڵ و خاشاک تێیاندا لەگەڵ مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی جۆراوجۆر بەرەوڕوون.

ئەمە نموونەیەک لە ژیانە لە وڵاتێکدا کە لەسەر دەریایەک لە سامانی سروشتی هەڵکەوتووە. لە وڵاتێکدا کە ڕۆژانە ملیۆنان کرێکار سامان و نیعمەت بەرهەم دەهێنن و خۆیان لەگەڵ بەرهەمی کار و ڕەنجی خۆیان بێگانەن. لە وڵاتێکی ئاوادا سەدان هەزار منداڵ ناچارن بە جیاکردنەوەی زبڵ و خاشاک نانی ڕۆژانەی خۆیان و بنەماڵەکانیان دابین بکەن و شارەوانی کارتی کۆکردنەوەی زبڵیان بۆ دەربکات. منداڵانی کرێکاران و چین و توێژە هەژارەکانی دیکەی کۆمەڵگا، کە لە سەرەتاییترین ئیمکانات بێبەشن، دەبێ لە کوچە و کۆڵانەکان بەناو زبڵدانەکاندا بگەڕێن و زبڵ کۆبکەنەوە و شەوانەش لە شوێنێکی نەگونجاو لە نزیک زبڵ و خاشاکەکاندا بەسەر بەرن.

لەڕاستیدا ئەو پرسیارەی کە بۆچی پلانەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەناو بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ زیانە کۆمەڵایەتییەکان شکست دەهێنن، یەک وەڵامی سەرەکی هەیە و ئەویش ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی خۆی هۆکار و سەبەبکاری بەردەوام مانەوەی زیانە کۆمەڵایەتییەکانە لە ئێراندا. کۆماری ئیسلامی بەو هەموو دام و دەزگا و ناوەندە سەرکوتگەرانەی، بەو ئیدئۆلۆژی و بیروباوەڕە و بەو ئابووری و سیاسەتەیەوە، وێرانکارترین زیانی کۆمەڵایەتییە لەم کۆمەڵگایەدا. تا ئەم زیانە کۆمەڵایەتییە بمێنێت، سەرجەم زیانە کۆمەڵایەتییە ئازاربەخشەکانی دیکەش بەردەوام دەبن.