کۆمەڵەی بازرگانی ئەلیکترۆنی تاران ڕاپۆرتێکی شیکاریی سەبارەت بە سنوورداربوون و خێرایی ئینتەرنێت لە ئێران بڵاو کردەوە. ئەم ڕاپۆرتە لە ڕۆژنامەکانی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٢٧ی گەلاوێژی تاراندا چاپ و بڵاوکراوەتەوە. لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە: “کوالێتی ئینتەرنێت لە ئێران لە دۆخێکی قەیراناویدایە“. لە نێوان ١٠٠ وڵاتدا، دوای میانمار، ئێران لەباری نزمی کوالێت و سنوورداربوون و خراپی ئینتەرنێتەوە، لە پلەی دووەمی جیهاندایە. ئەم ڕاپۆرتە هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئینتەرنێتی ئێران یەکێکە لە پێنج خاوترین ئینتەرنێت لە جیهاندا. ئەمە لە حاڵێکدایە کە مەجلیسی ئیسلامی کۆت و بەندەکانی هەتا ئێستای پێ بەس نەبووە و پلانێکی نوێی بۆ فلتەرکردنی زیرەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خستووەتە دەستووری کاری خۆیەوە. کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کە ئەمڕۆ بۆ ڕزگارکردنی بەلەمە تێکشکاوەکەیان لە نوقمبوون، پەنا بۆ هەر ڕێگایەک دەبەن، ئەوان زۆر باش دەزانن کە ئەمجۆرە پلانانە هیچ ئاکامێکی لێ ناکەوێتەوە. تاکە تایبەتمەندی ئەمجۆرە پلانانە، بریتییە لە نواندنی هێز لە بەرامبەر جەماوەرێکدا کە بەردەوام یاسا و فەرمانەکانیان پشتگوێ دەخەن، کە ئەویش لەمێژە ترسی خەڵک لەو جۆرە “هێزنواندنانە” ڕژاوە و خەڵکی ئەم وڵاتە لە بواری دەستکەوتە زانستی و تەکنەلۆژیا مۆدێرنەکاندا، سەرەڕای هەر ئاڵەنگاری و بەربەستگەلێکی کۆنەپەرستانە، ئەوەی کە ئیرادەیان کردووە بەدەستیان هێناوە. دژایەتیکردن لەگەڵ دیاردە مۆدێرنەکان، دیاردەگەلێکی کە دەستکەوتی جیهانیی مرۆڤایەتین و دەرگای مەعریفە و پێشکەوتن بەڕووی خەڵکی ئێراندا دەکەنەوە، جگە لە شکستێکی حەتمی، هیچ دەرەنجامێکی دیکەی نابێت. بەرپرسانی ڕێژیم دەبێ لە ماوەی ٤٤ ساڵی ڕابردوودا ئەم ڕاستییەیان ئەزموون کردبێت. ئەوان کە ئەمڕۆ لهڕووی داماوییەوه پەنا دەبەنەبەر هێنانە ئارای ئەمجۆره پلانانه، زۆر باش ئاگاداری ڕەهەندە بەرفراوانەکانی بهكارهێنانی ئینتەرنێت و تۆڕه کۆمەڵایەتییەکانن لەلایەن خەڵکەوە و هەروەها ناکامی و بێ کاریگەری یاسا و رێساکانی خۆشیان لەم بوارە و زۆر بواری تریشدا ئەزموون کردووە. لە ڕاستیدا ئەوەی ڕژیم لێی نیگەرانە ئەوەیە کە خەڵک لەوەش تێدەپەڕن کە تا ئێستا بەدەستیان هێناوە و پاشەکشەی زیاتر بە کۆنەپەرستیی دەسەڵاتدار دەکەن.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پاشخانی خۆڕاگریی ڕژیم لە دژی تەکنۆلۆژیای مێدیایی مۆدێرن، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەم ڕژیمە چۆن بە بەڕێوەبردنی توندوتیژییەکی گەلێک زیاتر لەوەی کە ئەمڕۆ بەکاری دێنێت، لە دۆخێکدا کە خەڵک لە ڕووی ئاستی خەبات و هاوسەنگی هێزەوە بە بەراورد لەگەڵ ئەمڕۆ لە هەلومەرجێکی نالەبارتریشدا بوون، هەوڵەکانی لەگەڵ شکست و ناکامی بەرەوڕووبۆتەوە و هەموو جارێک سەری لە بەرد کەوتووە. هەموومان چیرۆکی قەدەغە بوونی ئامێری ویدئو و هەڕەشە و گوڕەشەکانی ساڵەکانی پێشووی ڕژیممان لەبیرە. ئەنجامەکەی چی بوو؟ لە گەرمەی ئەم ململانێیەدا ئێران بەپێی ڕێژەی دانیشتووانەکەی لە ڕیزبەندی زۆرترین بەکارهێنەری ئامێرە ڤیدیۆیی و وێنە ڤیدیۆییەکان لە جیهاندا بوو. لە کۆتاییدا نەک هەر ئامێری ڤیدیۆ، بەڵکوو ویدئو کلووپەکانیش بە ئاشکرا خۆیان بەسەر ڕێژیمی ئیسلامیدا سەپاند.
پاشان سەردەمی بەکارهێنانی سەتەلایت هاتە ئاراوە. کۆماری ئیسلامی ئێران بەوپەڕی تواناوە ڕێگری کرد لە هاوردەکردن، بەرهەمهێنان، فرۆشتن و دانانی. یاسای تایبەتیان بۆ پەسەند کرد، خەڵک بەهۆی هەبوونیەوە سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندرا و غەرامە کران، پڕوپاگەندەی کۆنەپەرستانەی بەرفراوانیان دژی بەکارهێنانی دەستپێکرد، پۆلیس و هێزی ئینتزامی بەمەبەستی تێکشاندن و لەناوبردنی سەتەلایتەکان هێرشیان کردە سەر ماڵی خەڵک و هەرچی لەم پێناوەدا لەدەستیان هات کردیان، بەڵام زۆری نەخایاند کە ئاخوندەکان بۆخۆشیان دەم و دەزگای سەتەلایتیان لەماڵەکانیان دەمەزراند و ناچار بوون پاساو بۆ یاساکانیان بهێننەوە و دواتر هەنگاو بە هەنگاو و بە سەرشۆڕییەوە بوونی سەتەلایتیان بۆ خەڵک قبوڵ کرد. ئەمڕۆ ئاماری فرۆشتن و بەکارهێنانی ئەم کەرەستە میدیاییە نوێیە لە ئێران، بەپێی ڕێژەی دانیشتووانەکەی لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان کە هیچ قەدەغە و بەربەستێکیان لەم بوارەدا نەبووە زیاترە.
بەڵام سەرباری ئەم شکست و ناکامیانە، ڕێبەرانی ڕێژیم لەم ڕەوتە ڕاستەقینانە وانەیان وەرنەگرتووە و ئەم سیاسەتە شکستخواردووەیان لەسەر بابەتی کەڵک وەرگرتن لە تۆڕەکانی ئینتەرنێتیش تاقی کردووە. سەرەتا ڕێگەیان بە دامەزرانی ئەو کۆمپانیا تایبەتانە نەدا کە خزمەتگوزاری ئینتەرنێتیان پێشکەش دەکرد، دواتر نرخی بەکارهێنانی ئینتەرنێتیان گران کرد و هاوکات خێراییەکەشیان کەم کردەوە و یاسای تایبەت بە تاوانەکانی ڕایانەیان لە پەرلەمان دەرکرد، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبوو. فیلتەریان لەسەر سایتە ئینتەرنێتییەکان دانا، پیشەسازی فلتەرشکێن ڕەواجی پەیدا کرد، سپای پاسداران ناوەندێکی تایبەتی بۆ شەڕ لە دنیای مەجازی ئینتەرنێت دامەزراند، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئینتەرنێت فراوانتر بوون.
ئەمڕۆ بەهۆی فراوانبوونی ڕەوتی بە جیهانیبوون و ئەو شۆڕشە مەزنەی کە لە بواری پەیوەندی و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای زانیاریدا ڕوویداوە و هەروەها بەهۆی گەشەی هۆشیارییەوە، کەلێنی فەرهەنگی نێوان خەڵک و حکومەت و ئایدۆلۆژیای دەسەڵاتی ئیسلامی، کە لەسەر بنەمای دەستوورە ئیسلامییەکان دامەزراوە، ڕۆژ بەڕۆژ خەریکە قووڵتر دەبێتەوە. واقیعییەت ئەوەیە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە بوارەکانی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ دیاردە مۆدێرن و ئەمڕۆییەکان، ڕەواج پێدان بە فەرهەنگی ئیسلامی، زاڵکردنی ئەخلاق و شێوازی ژیانی جێگە مەبەستی خۆی بەسەر کۆمەڵگای ئێراندا، هاوکات لەگەڵ بوارەکانی ئابووری و سیاسەت و پان ئیسلامیزمدا شکستی هێناوە و لە بواری “پڕۆژەی حکومەتی ئیسلامی“دا هیچ شتێک نەماوە بۆ پێشکەش کردن “.
کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی خەباتکار و لاوانی پڕ جۆش و خرۆشی ئێران، ئەم شکستانەی ڕژیم دەکەن بە بەستێنی فراوانکردنی خەبات و تێکۆشانی خۆیان بۆ شکست پێهێنان و ڕووخاندنی شۆڕشی کۆماری ئیسلامی.