ڕۆژی شەممە ٢٦ی مانگی خاکەلێوە، پەردەیەک لە شانۆگەری چەند پەردەیی دوازدەهەمین دەورەی ” هەڵبژاردنی” سەرۆک کۆماریی بە خۆ کاندید کردنی ١٦٣٦ کەس کۆتایی هات. هەرچەند کە تەنانەت بەر لە چوونە نێو ئەم شانۆگەریەوە، تەبلیغات بۆ گەرم کردنی تەنوری هەڵبژاردن دەستی پێکردبوو، بەڵام لە کۆتایی ئەم دەورەیەدا بە خۆ ناونووسی کردنی چەند کەسێکی تازەتر کێشەی باندە حکومەتییەکان ئاستێکی تازە تری بەخۆیەوە گرت. بە تایبەت لەو ڕووەوە کە ” هەڵبژاردن” یەکێک لە گرنگ ترین ڕێگاکانە بۆ ڕیزبهندی دەروون چینایەتی بۆرژوازی ئێران و جەدەڵی باندە حکومەتییەکان لە پێکهاتەی دەسەڵات دا. سەرەڕای ئەوەیکە ئەم باندانە لە ناوەندی هێرەمی دەسەڵاتدا و یان بە کۆمەڵێک هۆکار بۆ دەورەیەک فڕێدرابێتنە پەڕاوێزی هێرەمی دەسەڵاتەوە.
بێ گومان ئەم دەورەیە لە ” هەڵبژاردنی” سەرۆک کۆماریی لە بارودۆخێکی ئاڵۆز تردا بەڕێوەدەچیت. بە دەسەڵات گەیشتنی ترامپ لە ئامریکا و ڕەچاو کردنی سیاسەتی هێرش کارانە لە لایەن ئەوەوە لە پێوەند لەگەڵ ئێران و هاوجیەتی زیاتری لەگەڵ ڕەقیبە ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامی یەکێک لە فاکتۆڕەکانی ئەم ئاڵۆزیەیە، بەڵام چهندین بابهتی وەک جێنشینی وەلی فەقیە، نەبوونی کۆدەنگی هەموو لقهکانی ئوسولگەراکان لەسەر یەک کاندید، توند بوونەوەی قەیرانی ئابووریی، پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و خەباتی کرێکاریی و چالاکییە مەدەنییەکان، ئەو فاکتۆڕە نێوخۆییانەن کە دۆخەکەیان زیاتر ئاڵۆز کردووە. لەگەڵ هەموو ئەوانەدا دەبێ بەوترێت کە سەرەڕای گشت ئەو کێشە و جەدەڵانەی کە لەسەر بەرژەوەندی ئابووریی و ستراتێژی جیاواز بوونی هەیە، ڕاکێشانی خەڵک بۆ بەردەم سندووقەکانی دەنگدان، کاری هاوبەشی گشت ئەم باندانەیە، لەبەر ئەوەی کە مەشروعیەت بۆ سەرجەم ڕژیمەکانی لەم چەشنە، ڕەنگە گرینگترین فاکتۆڕ هەم لە خزمەت سەرکوتی ناڕەزایەتیی و خهباتێک کە لە ناخی کۆمەڵگەدا لە ئارادایە و هەم لە پێوەند لەگەڵ ڕقابەتە ناوچەییەکان و بەشێوەی تایبەت چلۆنایەتی دانوستان لە پێوەند لەگەڵ ئەو هەڕەشانەدایە کە لە لایەن ئهمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە لە ناوچەکەدا لەسەر ڕژیم هەیە.