بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسەکانی هەواڵ، وتووێژەکانی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بەبێ گەیشتن بە هیچ ڕێککەوتنێک کۆتایی هات.
جیدی ڤەنس، جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکا کە سەرۆکایەتی شاندنی وڵاتەکەی دەکرد، دوای جێهێشتنی پاکستان ڕایگەیاند کە گفتوگۆکان جیدی، مانادار و گرنگ بوون، بەڵام نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن. بە وتەی ناوبراو، ئەمریکا بە پێشنیازێکی سادە و کۆتایی، وتووێژەکانی جێهێشتووە و ئێستا دەبێت چاوەڕێ بکەین بزانین ئایا کۆماری ئیسلامی قبووڵی دەکات یاخود نا. لە بەرانبەردا، وتەبێژی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە زیادەخوازییە نالۆژیکییەکانی ئەمریکا ڕێگر بووە لە بەرەو پێشچوونی دانوستانەکان. بەم شێوەیە، هەردوولا بە کردەوە یەکتریان بە بەرپرسیاری شکستی خولی یەکەمی وتووێژەکان لەقەڵەم دا.
واقیعییەت ئەوەیە کە وتووێژەکانی ئیسلامئاباد دەرەنجامی بنبەستی سەربازیی دوولایەنە و تێچووی زۆر و زەوەندی شەڕ بوو بۆ هەردوولا: ئەمریکا لەگەڵ گوشارێکی ئابووری بەرەوڕوو بووەتەوە کە لە قەیرانی وزە و مەترسیی پەرەسەندنی شەڕ بۆ تەواوی ناوچەی کەنداوی فارس سەرچاوەی گرتووە.
کۆماری ئیسلامیش لە ژێر گوشارێکی توندی سەربازی و ئابووریدایە و ژێرخانەکانی وڵاتەکە لە لێواری لەناوچووندان. هۆکارێکی دیکەی ئاڵۆزیی دانوستانەکان، بریتییە لە ئامادەیی لایەنی سێیەمی ئەکتەرەکان. ئەم وتووێژانە تەنها پەیوەندییەکی دوولایەنەی نێوان ئەمریکا و ئێران نییە، بەڵکو بەشێکە لە هاوکێشەیەکی چەند لایەنەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.
ئیسرائیل دەتوانێت کاریگەری لەسەر ئاستی گرژییەکان یان سازان دروست بکات. هێزە هاوپەیمانەکانی ئێران بەتایبەت لە لوبنان، بەشێکن لە هاوسەنگیی مەیدانی و هەروەها وڵاتەکانی وەک پاکستان، چین، ڕووسیا و وڵاتانی عەرەبی کەنداو، هەرکامیان بەرژەوەندی و لێکدانەوەی تایبەتی خۆیان هەیە. ئەم ئاڵۆزییەی مەسەلەکە، پرۆسەی هەر ڕێککەوتنێک قورستر و لاوازتر دەکات.
لەمڕووەوە، بێ ئاکام بوونی خولی یەکەمی وتووێژەکان شتێکی پێشبینیکراو بوو، چونکە زۆرجار خولی یەکەم تەنها بۆ هەڵسەنگاندنی هەڵوێستی لایەنی بەرامبەرە و چوونە ناو وردەکاری زیاتر لە خولەکانی دواتردا دەست پێدەکات. بە تایبەت دەبێ ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە داواکارییەکانی هەردوولا هێشتا زۆر دوورن لەیەک. کۆماری ئیسلامی خوازیاری کەمکردنەوە یان هەڵگرتنی گەمارۆکان و گەرەنتی ئەمنییەتی و کۆنترۆڵی هێرشەکانی ئیسرائیل دەکات، لەکاتێکدا ئەمریکاش جەخت لەسەر سنووردارکردنی توانا ناوەکی و سەربازییەکانی ئێران و گۆڕینی ڕەفتاری ناوچەیی کۆماری ئیسلامی دەکاتەوە. لە بەرامبەر ئاوا دۆخێکدا، دوو سیناریۆی سەرەکی و ئەگەری سنارێگەلێکی تر دوور لە چاوەڕوانی نین: یەکەم گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سنووردار و کاتی، کە ئەوە ئەگەر و بژاردەیەکی بەهێزترە، وەک درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەست و کردنەوەی گەرووی هورمز، واتە نە شەڕێکی بەتەواو مانا و نە ئاشتییەکی ڕاستەقینە. دووهەم، شکستی تەواوەتی دانوستانەکان و گەڕانەوە بۆ شەڕ و پێکدادانی سەربازی.
تا ئەو جێگایەی کە بە بەرژەوەندی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران دەگەڕێتەوە کە زۆرترین زیانیان لەم شەڕە ماڵوێرانکەرە بەرکەوتووە، ڕاگرتنی بێ شەرت مەرجی شەڕ پێویستییەکی حەتمییە. لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئاگربەست، دەرفەتێک دەخوڵقێت بۆ ئەوەی کۆمەڵگە خۆی ڕێک بخاتەوە و بۆ نەبەردی گەورەتر ئامادە بێت.
