کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆتایی هاتنی هەڵبژاردنی سەرەتایی سەرۆک کۆماری و پێگەی گرایش بەرەو چەپ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مریكادا

شەوی پێنجشەممە ٢٨ ی ژوئیە، بەرابەر لەگەڵ ٧ مانگی گەلاوێژ، هیلاری کلێنتۆن بە ڕەسمی کاندید بوونی خۆی بۆ ڕقابەت لەگەڵ دوناڵد ترامپ، کاندیدی کۆماریخوازەکان، بۆ بە دەست هێنانی کورسی سەرۆکایەتی ئامریکا لە هەڵبژاردنی مانگی نوامبردا قەبوڵ کرد. بەم جۆرە دەوری سەرەتایی ئەم هەڵبژاردنە کۆتاییهات.ترامپ ملیاردێڕێکە کە بە ئاشکرا بۆچونێکی ڕەگەزپەرستانەی دژبە کرێکارانی کۆچبەری ئامریکای لاتینی و باقی کرێکارانی کۆچبەری هه‌یه‌. ترامپ ئه‌و بۆچوونه‌ی کردۆتە سەردێڕی تەبلیغاتەکانی و ئەوان بە سەبەبکاری بێکاری بە قەولی خۆی ” کرێکارانی سپی پێستی ئامریکایی” و ڕکودی ئابووری دەزانێ. ئەو ئەڵێ ئەگەر ببێتە سەرۆک کۆمار یاسای دانی مافی هاووڵاتی بوون لە منداڵانی پەنابەران و کرێکارانێکی کۆچبەر کە لە ئامریکا لەدایک بوو ئەستێنێتەوە.
ئەو بە وەڕێخستنی حەرەکەتی دەژی ئیسلامی پشتیوانی فیرقە مەسیحیە ڕاستگەراکانی بۆلای خۆی ڕاکێشا. ترامپ قەت ئامادە نەبوو حوزوری بەرینی ئەندامانی فیرقەی مەترسیدار و فاشیستی کوکلاس کلان لەنێو ئاپۆرەی لایەنگرانیدا مەحکوم بکات و بە کردەوە ئیزنیدا ئەوان لە ستادەکانی هەڵبژاردنی دا چالاک بن. ئەو لەبەر ئەمە لەنێو ویلایەتە باشوریەکانی ئامریکادا، کە ناوەندی نفوزی ڕەگەز پەرستەکانە، زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە. پێویست بە وەبیر هێنانەوەیە کە زۆر ترین کرێکاری کۆچبەری بێ ناسنامەی دەوڵەتی و کەم حەقدەست لەم ویلایەتانەدا کار دەکەن و ڕەگەز پەرستان لە نیژاد پەرستی بۆ مل کەچ کردن و لەخوارەوە ڕاگرتنی ئاستی تەوەقوع و چاوەڕوانیەکان زۆر ترین کەڵک وەردەگرن.773
ترامپ لەباری ئابووریەوە خوازیاری گرتنەبەری سیاسەتی پارێزگاری کردن لە کالا ئامریکاییەکان بووە و لەم ئاستەدا دژایەتی بازاڕی ئازادی کرد. ئەو حەقدەستی کرێکارانی لە ڕادەبەدەر بەراورد کرد و بەم جۆرە دژایەتی حەقدەستی لانیکەمی ١٥ دۆلار بۆ کاتژمێرێکی کاری کرد. ئەم ئیدیعایەی لە حاڵێکدایە کە حەقدەستی زۆربەی کرێکارانی ئامریکایی ٤٠ ساڵە چەقی بەستوە و لەو ماوەیەدا دۆلار ٢٥ لەسەد ئەرزشی خۆی لەدەست داوە.

دوناڵد ترامپ لە هەمانحاڵدا کە بەرهەمی قەیرانی ئابووری و قەیرانی دەرونی حیزبی کۆماری خوازە دیاردەیەکیشە کە لەدژی بەهێز بوونی گرایشی چەپ لە کۆمەڵگادا دەرکەوتوە و لە لایەن بەشێکی زۆر لە بۆرژوازیەوە پشتیوانی دەکرێت.
ساندرز هەوڵیدا بە کەمپەینی خۆی و ئەو داخوازیانەی کە هێنانیە گۆڕێ کرێکاران و زەحمەتکێشان بەلای چەپدا ڕابکێشێ. ئەو سەرەتا خۆی بە سوسیال دیموکرات و تەنانەت سوسیالیست ناساند. بۆرژوازی ئامریکا لە ماوەی ساڵانی شەڕی سارد دا توانیبوی ” سوسیالیزم” هاوسانی تەمبەڵی، هەژاری و ئیستبداد و دژی سەروەت و دارایی بناسێنێت کە قەرار بوو سەرجەم ئامریکاییەکان پێی بگەن. ڕاگەیەنەرە بۆرژواییەکان لە سەرەتای دەستپێکی کەمپەینەکەدا ساویلکانە پێیان وابوو کە ساندرز بە ” سوسیالیست” دانانی خۆی کۆمەڵی دەنگدەران و زۆربەی خەڵکی ئامریکا لەخۆی دوور دەخاتەوە. بەڵام بە بەرچاوی زەق بوی بۆرژواکان و نوێنەرانی ڕاگەیەنەرەکانەوە هەمان ساندرز بە تەرح کردنی پێویستی دەستدانە ” شۆرشێکی سیاسی” توانی دەیان ملیۆن کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش بۆلای خۆی ڕابکێشێ.

لە ناخی شۆڕشی سیاسی ساندرزدا هێرش بە قەولی ئەو بۆسەر ” چینی ملیاردرەکان” و نایەکسانیەکان لە داهاتدا بوونی هەبوو. ئەو لە سوخەنرانیەکانیدا زۆر جار تێکراری کردەوە کە ” یەک دەهوم لەسەدی باڵا نشینەکان بە ئەندازەی ٩٠ لەسەدی مابەقی مڵک و ماڵیان هەیە و ئەمەش شیاوی قەبوڵ کردن نییە.” ئەو هێرشی کردە سەر وال ستریت و خوازیاری تێکشکاندنی بانکەکان و دامەزراوە گەورە ماڵیەکان بوو. ساندرز لەگەڵ داخوازی بزوتنەوەی ” لانیکەمی حەقدەستی ١٥ دۆلار لە کاتژمێرێکدا” موافقەتی کرد و وتی دەوڵەت دەبێ کار بە حەقدەستی گونجاوەوە دابین بکات. ئەو پێویستی بە خۆڕایی بوونی ئاموزشی باڵا، دابین کردنی بیمە کۆمەڵایەتیەکان، بە گشتی کردنی دەرمان و بێهداشت و دابین بوونی دادپەوەری ڕەگەزی هێنایە گۆڕێ. ئەو بۆ دابین کردنی بوجەی بەرنامەکانی داواکاری وەرگرتنی ماڵیات لە خاوەنانی داهاتە بەرزەکان و بەرگرتن لە ده‌ربازبوون له‌ دانی ماڵیات بوو. ساندرز وتی کە سیستمی هەڵبژاردنێک کە بە ملیۆن دۆلار خەرجی هەیە دەبێ بگۆڕدرێت و خوازیاری زیندو کردنەوەی دیموکراسی لە ئیدارەی سیاسی کۆمەڵگەدا بوو.

مەتڕەح بوونی ئەو داواکاریانەی کە ئاماژە بە بەشێکیان کرا و پێشتریش لەژێر گوشاری خەباتی کرێکاران لە خودی ئامریکا و بە تایبەت ئوروپای رۆژئاوا بە کردەوە دەرهاتو و دواتر وەرگیرایەوە، کرێکاران و زەحمەتکێشانی بێزار لە سیستمی حاکمی بە شێوەیەکی بەرین هێنایە مەیدان. بارودۆخەکە بە جۆرێک بوو کە ڕاگەیەنەرەکانی بۆرژوازی نوسیان ” چی بوو وا لەناکاو بە ملیۆن سوسیالیستی دژی سەرمایەداری لە گۆڕەپانی کۆمەڵگای ئامریکادا سەریان هەڵدا؟” هێندێک لە بڵاوکراوە سەرەکیەکانی بۆرژوازی وەک هەڵسوڕێنەرانی ” وال ستریت جەنەرال” سەبارەت بەوەیکە لە درێژەی کەمپەینی ساندرز دا کولیەتی نیزامی سەرمایەداری بچێتە ژێر پرسیار نیگەرانیان دەربڕی و نیگەرانیەکانیشیان واقعی بوو.
بۆ پێشڕەوانێک کە لە بارودۆخی ئێستادا ناردنی ساندرزیان بۆ کاخی سپی بە هەنگاوێک بە ئاڕاستیەکی دروستدا زانیبو سەرمایەداری لە ماوەیەک لەوە پێشەوە چوبوە ژێر پرسیارەوە. ئەوان بە شێوەی مەرجدار و وێڕای هێنانه‌ گۆڕی ڕەخنەکانیان پشتیوانیان لە ساندرز کرد. ئەوان هەمان مشتەریانی بە ملیۆن نوسخە لە بەرهەمەکانی مارکس و ئینگلس بوون کە لە ٢٠٠٨ بەملاوە لە ئامریکا بڵاو کرانەوە و ئێستاش بەردەوامە. ئەمانە لە کەمپەینەکانی ساندرز دا خەریکی یارگیری بوون. ئەوان لەم پرۆسەیەدا ئیمکانیان دەست کەوت تەشەکولە ڕیفۆرمیستیە کرێکاریەکان و پشتیوانی کلینتۆن زیاتر لەقاو بدەن. ئەمانە کەسانێک بوون کە کاتێک ساندرز پشتیوانی لە هیلاری کلینتۆن کرد ئەویان بە ڕێکار لەقەڵەمدا.

ئەم هەڵبژاردنە سەرەتاییە ناکۆکی شاراوەی نێو حیزبی کۆماری خوازەکانی ئاشکرا کرد و کەلێنەکانی زەقتر کردەوە. ئەم کارزارە دەتوانێ بەرچاوی بە شێک لە کرێکارانی بە گومان بە پرۆسەی هەڵبژاردن و حیزبی دیموکرات روون بکاتەوە. ئەم هەڵبژاردنە سەرەتاییە نیشانیدا کە گەشەکردو ترین وڵاتی سەرمایەداری دنیا پێویستی بە گۆڕانێکی ڕیشەیی هەیە کە تەنیا دامەزرانی سوسیالیزم دەتوانێ دەستەبەری بکات.

 

بابەتی پەیوەندیدار

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-