کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆتایی شەڕی حەڵەب، پشوویەک بۆ نەبەردی دواتر

شەڕ لە شاری حەڵەب گەورەترین شاری سوورییە، بە قازانجی بلۆکی ڕووسییە، ئێران و سوورییەدا کۆتایی پێهاتووه‌. وا باس ده‌كرێت كه‌ بلۆکی ئه‌مپڕیالیستە ڕۆژئاواییەکان، تورکییە، عەڕەبستان و قەتەر، دۆڕاوی شەڕی حەڵەبن. بەڵام له‌ڕاستیدا دۆڕاوی سەرەکیی، خەڵکی بێدیفاعی حەڵەبن. ئەوەیکە هه‌تا ئێستا لە ڕاگەیەنەرەکانی هەردوو لادا له‌سه‌ر حەڵەب بڵاو دەکرێته‌وه‌، لەگەڵ واقعییەت و ڕاستییه‌كدا کە لە ماوەی سه‌رده‌می گەمارۆدرانی حەڵەب لە لایەن هەردوو لایەنی شەڕەکەوە بەڕێوە ده‌برا، زۆر جیاوازە. لایه‌نێك بەناو باس لە ئازادکرانی حەڵەب لە دەست تیرۆریستان دەکات و لایه‌نێكی دی، جەنایه‌ته‌ جەنگییه‌كانی بلۆکی سورییە، ڕووسییە و ئێران و حیزبۆڵڵای لوبنان ئاشکرا دەکات. لایه‌نێك هێزه‌كانی به‌شار ئه‌سه‌د لە حاڵی هەڵکردنی ئاڵای سوورییە بەسەر شار یاخود کاروانی ئەو ئۆتۆبووسانە بڵاو ده‌كاته‌وه‌ كه‌ دانیشتووانی ڕۆژهەڵاتی حەڵەب دەگوازنەوە یان ته‌سویری ده‌رمانكرانی ئەو سەربازانە بڵاو ده‌كاته‌وه‌ کە بریندارەکان دەرمان دەکەن. لایەنەكه‌ی دیكه‌ش، ماڵ و نەخۆشخانە خاپووركراوه‌كان و ئەو خەڵکە پیشانی جیهان ده‌دات کە دار و نەداریان بە دوایین توانایەک کە بۆیان ماوەتەوە، بەکۆڵ داداوە و لەحاڵی چوونه‌ده‌ر له‌ شارن. لایەنێک دەڵێ کە ئەوە “تیرۆریستانن” کە بەر بە خۆده‌ربازكردنی خەڵک لە حەڵەب دەگرن و لایەنه‌كه‌ی دیکەش دەڵێ، ئه‌وه‌ ئەڕتەشی به‌شار ئه‌سه‌د و میلیشیاكانی سەر بە ڕژیمی كۆماری ئیسلامین كه‌ به‌ مه‌به‌ستی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌، ژمارەیەک لە “خەڵکی شار” و “چەکدارەکانیان” لە کاتی دەرچوون لە حەڵەب کوشتووە. ئۆباما دەڵێ “دەستی سوورییە، ئێران و ڕوسییە، به‌ خوێن سوور بووه‌”، لەو لاشه‌وه‌، بەشار ئەسەد بەرەی بەرامبه‌ر، بە سه‌به‌بكاری سه‌ره‌كیی ئەم کارەساتە دەناسێنێ. هەر دوو لایەن بە ئامانجی مۆهەندێسیكردنی ڕای گشتیی و به‌ ئاقاری بەرژەوەندیی کۆنەپەره‌ستانەی خۆیاندا، كام گۆشه‌ له‌و ڕاستییانه‌ی كه‌ به‌ باشی بزانن، ده‌گێڕنه‌وه‌.878

لەم نێوانەدا زۆر به‌کەمیی دەنگێک په‌یدا ده‌بێ کە ڕاستییەکان هه‌ر بەو جۆرەیكه‌ هەن و لە حەڵەبدا ڕوو دەدەن یان ڕوویانداوە، بگێڕێتەوە. ڕۆژنامەی ئینگلیسی زمانی ئێندیپێندێنت دەنووسێ: “بەپێچەوانەی ئەوەیكه‌ لە ڕاگەیەنه‌رەکانی ڕۆژئاوادا بڵاو دەکرێنەوە کە دەوڵەتی بەشار ئەسەد بەرپرسی کوشتاری خەڵکی غەیرە نیزامیی حەڵەبه‌، ئێستیفێن ئابرایان سەرۆکی کاروباری مرۆڤدۆستانه‌ی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاندووه‌ کە نه‌یارانی به‌شار ئه‌سه‌د لە شاری حەڵەب، بەر بە خۆده‌ربازكردنی خەڵکی مه‌ده‌نیی دەگرن. لە حەڵەب نزیکەی ١٠ هەزار چه‌كداری تاقمه‌ ئیسلامییه‌كانی وه‌ك بەرەی نۆسرە و ئەحرارۆلشام، کۆنتڕۆڵی بەشێکی ڕۆژهەڵاتی حەڵەبیان له‌ده‌ستدابوو”. ڕۆژنامەی ئێندیپێندێنت له‌درێژه‌دا دەنووسێ : “بۆ نموونە ئەو وێنە ویدیۆییانەی کە لە ماوه‌ی ئه‌م هەفتانەی ڕابردوودا لە شاری حەڵەب بڵاو کراونەتەوە، بەگشتی گه‌لێك وێنەی دڵتەزێننیان تێدایه‌ كه‌ گوزارشت له‌ كوشتار و خەڵتانی خوێن بوونی کەسانی مه‌ده‌نیی ده‌ده‌ن. کەمتر کەسێک هه‌یه‌ كه‌ وێنەیەکی له‌سه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌و ١٠ هەزار چەکداره‌ بڵاو كردبێته‌وه‌ کە لەم ناوچەیەدا بوون”. ئەخزەر ئیبڕاهیمیی، نوێنەری پێشووی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ کاروباری سوورییە، ساڵی ٢٠١٤ و له‌ كاتی دەست لەکار کێشانه‌وه‌یدا وتی: “هەمووان به‌رنامه‌ی خۆیان هەیە و ئه‌وه‌یكه‌ له‌ پله‌ی دووهه‌م دایه‌، بەرژەوەندییەکانی خەڵکی سوورییەیه‌، خۆ له‌وانه‌شه‌ هەر بایه‌خیشی پێنه‌درێت”. جێگری نێرده‌ی تایبەتی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری سوورییە ڕایگەیاند کە: “ئێمە هەروا لە هەوڵداین بۆ ئه‌وه‌یكه‌ لە عەمەلیاتی وەدەرنانی کەسانی چەکدار لە شاری حەڵەب، دڵنیا بینەوە و یارمەتیی پێویستیان بدەین هه‌تاكوو بەسڵامەت بگەنە شاری ئێدله‌ب”. نوێنەری ڕێكخراوێك کە بڕیاره‌ بە پێی جاڕنامه‌كه‌ی، داکۆکیکاری بەرژەوەندی ئاشتیی جیهانی بێت، نیگەرانییەکه‌ی بۆ دەربازبوونی بێ زیان و خه‌ساری تاقمه‌ چەکدارە ئیسلامییەکانە له‌ڕێگه‌ی ئیسکۆرتکردنیان هه‌تا شاری ئێدله‌ب، بۆ ئه‌وه‌یكه‌ لە قۆناغی دواتردا، دانیشتووانی بێدیفاعی شاری ئێدله‌بیش لە ناخی ئاگری کێشەکانی هەردوو بەرەدا بسووتێن.

ئۆباما دەڵێ کە: “بەشار ئەسەد ناتوانێ له‌ڕێگه‌ی کوشتاره‌وه‌، مەشروعییەت دەستەبەر بکات”. ناوبراو ده‌ڵێت: “کارێک کە ڕژیمی ئەسەد دەیکات، ده‌ستی كه‌مێكی لە کۆشتاری بەکۆمەڵ نییه‌”. گومان لەوەدا نییە کە بەشار ئەسەد و هاوپەیمانەکانی، جەنایەتکاری جەنگین، بەڵام ئۆباماش زۆر بێشەرمانە ئه‌وه‌ لەبیر دەباتەوە كه‌ ئەوەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدات، زیاتر لە هه‌ر شتێك، له‌ئه‌نجامی لەشکرکێشی ئامریکا بۆ ناوچەکە لە لایەک و به‌دواشیدا سەرهەڵدانی تاقمه‌ توندڕەوەکانی ئیسلامییه‌ سیاسییه‌كان لە ناخی شکسته‌ ئه‌مپڕیالیستییه‌كه‌ی ئامریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاتووه‌ته‌دی. کەواتە هەقمانە كه‌ بڵێین، لەم نێوانەدا ئەوەیکە دەبێتە قوربانیی، ڕاستیەکانە و له‌ پله‌ی یه‌كه‌میشدا خه‌ڵكێك کە لە مەیدانی ڕقابەتی نێوان دوو جەمسەری کۆنەپەره‌ستانە و جەنایەتکاردا تێدادەچن.

هاوکات لەژێر سێبه‌ری هەموو ئەم هه‌ڵڵا و هه‌نگامه‌ ته‌بلیغاتییانه‌دا‌، موزاکراتی نێوان هەر بلۆک و نوێنەرەکانیان، لەئارادیە. لە دووتوێی ئه‌و موزاکراته‌دا، ئەوەیكه‌ ون دەبێت، دەنگی ئەو خەڵکەیە کە بە داخوازیی نان و ئازادیی ڕژانە سەر شەقامەکان و لە ماوەی ٦ ساڵی ڕابردووشدا، لە شەڕێکی نیابەتیدا کە به‌سه‌ریاندا سه‌پێندرا، هەموو دار و نەداریان لەدەستداوە و بوونەتە قوربانیی پیلانەکانی دەوڵەتی بەشار ئەسەد و ڕقابەت و ململانێی زلهێزە جیهانیی و ناوچەییەکان. ئەم موزاكراته‌ش‌ شتێک نین بێجگەلە دانوستانێك لەسەر بنەمای هاوسەنگیی هێزێکی کاتیی. هێشتا جەوهەری ئیمزای تەوافوقەکە وشک نەبۆتەوە کە لایەنەکان یەکتر بە پێشێلکردنی تۆمه‌تبار دەکەن. پووتین دەڵێ كه‌: “ئێمە به‌ نێوه‌ندگیریمان و له‌ڕێگه‌ی دەوڵەتی تورکییەوه‌، چالاکانە لەگەڵ ئەندامانی تاقمه‌ چەکدارە نەیارەکاندا لە پێوەندیی داین، بۆ ئه‌وه‌ی ئاگربەسی سەرتاسەریی دەستەبەر بکەین و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش، لە ماوه‌ی چەند ڕۆژی داهاتوودا، موزاکراتێک لە شاری ” ئاستانە” پێتەختی قەزاقستان بەڕێوە دەچێت”. هاوکات دانیشتنی سەرانی یەکێتیی ئۆرووپا میوانداری شارەداری بەشی ڕۆژهەڵاتی حەڵەب دەبێت، بۆ ئه‌وه‌ی پەیامی خۆی بە بلۆکی ڕەقیب و هێزە ئۆپۆزۆسیۆنەکان بگەیەنێت و له‌ هه‌مان كاتدا لە زمان ئەوەوە جەنایەتەکانی هاوپه‌یمانێتیی ڕووسییە، ئێران و به‌شار ئه‌سه‌د دەربخات. لە ئێستادا ئەوەیکە دیاره‌، ئه‌وه‌یه‌ كه ئه‌گه‌رچی‌ بە داگیرکرانەوەی شاری حەڵەب، شەڕ لە یەکێک لە بەرە گرنگەکان بەقازانجی بلۆکی ڕووسییە، ئێران و به‌شار ئه‌سه‌د کۆتایی پێهات، به‌ڵام هەموو دیاردەکان دەریدەخەن کە ئەگەری هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شەڕ لە بەرەی ئێدله‌بەوە زۆره‌ و بەم شێوەیە سوورییە هەروا ده‌كرێته‌ گۆڕەپان و مه‌یدانی نەبەردی ئەو هێزە ئه‌مپریالیستیی و ناوچەییانەی کە لە ماوەی ٦ ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەس کوژراو و به‌دەیان میلیۆن ئاوارەی لێکەوتۆتەوە. هه‌ر بۆیه‌ سەرکەوتنی ئەم یان ئەو بەرەی کۆنەپەره‌ست، به‌ مانای کۆتاییهاتنی بارودۆخی كاره‌ساتبار و مه‌ینه‌تییه‌كانی خه‌ڵك له‌ سوریە نییه‌. بژاردەی ڕاستەقینە تەنها ئه‌وكاته‌ پێكدێت كه‌ هاوكات دژایەتیی هەرتكی ئه‌م بلۆک و جەمسەره‌ کۆنەپەره‌ستانه‌ بكات. خه‌ڵكی سوورییه‌، ده‌بێ به‌دوور له‌ ده‌ستوه‌ردانی هێزه‌ كۆنه‌په‌ره‌سته‌كانی ناوچه‌كه‌ و جیهان، هه‌ل و فرسه‌تی ئه‌وه‌یان بۆ بڕه‌خسێ كه‌ بیر له‌ چاره‌نووسی خۆیان بكه‌نه‌وه‌. هاتنه‌دی وه‌ها بژارده‌ و فرسه‌تێكیش، له‌ گره‌وه‌ی هه‌وڵ و تێكۆشان دایه‌ و پێویسته‌ كه تێكڕای‌ لایه‌نه‌كان، هه‌موو زه‌رفییه‌ت و تواناكانی بۆ بخه‌نه‌گه‌ڕ.