کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆتایی شانۆگەری هەڵبژاردن و بەردەوامی خه‌بات و تێکۆشان

شانۆگەریەک بەناوی ” هەڵبژاردن” کە لە ماوەیەک لەوە پێشەوە لە لایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامیەوە موهەندیسی کرابوو هۆتایی هات. بە وتەی وەزیری نێوخۆ، عەبدالڕەزا ڕەحمانی فەزلی، کە ڕادیۆ فەڕانسە بڵاوی کردوەتەوە، رێژه‌ی بەشداری دەنگدەران لە حەوزەی هەڵبژاردنی تاران ٤٥ لەسەدو لە سەرتاسەری ئه‌و ئوستانه‌دا ٤٢ لەسەد بووە. بەم جۆرە ٥٨ لەسەدی دەنگدەران لە ئوستانی تاران نەچونەتە سەر سندوقەکانی دەنگدان. كه‌م كه‌س ده‌توانێ نكۆڵی له‌م راستییه‌ بكات لە زۆربەی شوێنەکانی ئێران و لەوانە لە ئوستانە کورد نشینەکانی رۆژئاوای ئێران، رێژەی بەشداری کردن لەوەش کەمتر بووە. لە حاڵێکدا کە ناکرێ متمانە بەو ئامارانە بکرێت کە لە لایەن ڕژیمەوە بڵاو کراونەتەوە، بەڵام ئەگەر ته‌نانه‌ت ئەم ئامارانەش بە بنەما بگرین ڕەقەمێکی نزیک بە ٣٠ ملیۆن کەسی له‌وانه‌ی مافی دەنگدانیان هه‌بۆه‌، به‌شدرایان نه‌كردووه‌.کۆماری ئیسلامی بە تایبەت دوای شکستی بەرنامەی هەستەیی و تێکچونی هاوسەنگی لە ناوه‌نده‌كانی قەیرانی ناوچەییدا، بۆ به‌رورووبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كێشه‌كانی داهاتوو بە تایبەت لە پێوەند لەگەڵ نیگەرانی لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتی جەماوەری، پێویستی بە بەرپا کردنی ئەم شانۆگەریە هەبوو. وەڕێ خستنی ئەم هەراو هوریایەی ئێستا سەبارەت بە ” سەرکەوتن” لە شانۆگەری هەڵبژاردنێکی موهەندیسی کراودا بەشێکە لە سیناریۆی بەڕێوەبردنی ئەم شانۆگەریه‌. بەڵام له‌ ڕاستیدا لە پشت ئەم هەراو هوریا تەبلیغاتیەوە، سەرانی کۆماری ئیسلامی ناتوانن وڵامی ڕەد وەرگرتن لە ٣٠ ملیۆن کەس لەبەرچاو نەگرن. هه‌ربۆیه‌ سەرانی ڕژیم باش دەزانن کە لەسەر چ بەرمیلێك له‌ باڕوت دانیشتون.657

اکامی شانۆی هەڵبژاردن نیشانی ئەدات کە کابوسی بەرپا بوونی ئاخێزی بەرینی جەماوەری، سیاسەتگوزارانی کەڵانی ڕژیمی ئیسلامی والێکردوە تا بەرلە هەموو شتێک ڕیزی شپرزه‌ی خۆیان سەرله‌ نوێ ڕێک و پێک بکەنەوە. لە هەمانحاڵدا بە کەڵک وەرگرتن لە دەرفەت، هەوڵەکانیان لەم بوارەدا وەک کالایەکی دەگمەن و ناب بەو بەشە لە خەڵک کە لە بازنەی هەڵبژاردن لە نێوان خراپ و خراپتردا ده‌یان سورێننه‌وه‌، بفرۆشنەوە. بەڵام لەوێوە کە باش دەزانن ناتوانن نە نانێک بە سفره‌ی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشەوە زیاد بکەن و نە جورئەتی ئەوەیان هەیە هیچ چەشنە کرانەوەیەک لە فەزای سیاسی وڵاتدا بەدی بێنن، پەنا دەبەنەبەر تەنیا شگردێکی کە لەبەردەستیان دایە و دیارە ئەویش شتێک بێجگە لە درێژەدان بە سەرکوت هێچی تر نییە. سیاسەتە سەرکوتگەرانەکانیش هه‌ر بە وەسیلەی ئەم مەجلیسە بە یاسایی دەکەن. لەم ڕاستایەدا مەجلیسی نۆیەمی ژێر فەرمانی خامنەیی، به‌شێك له ئه‌كه‌كانی خۆی بۆ به‌یاسا كردنی سه‌ركوت و ده‌ست رێژی بۆ سه‌ر مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی خه‌ڵك ئه‌نجامدا بوو. پەسند کردنی تەرحی ” نادیانی ئەمر بە مەعروف و نەهی لە مونکەر” لە زومرەی ئەو هەوڵانەی مەجلیس بوون بۆ پەرەدان بە سەرکوتی ئازادیە مەدەنیەکان. لەم دواییانەشدا مەجلیسی پێشو بە پەسند کردنی کولیاتی تەرحی بەهێز کردنی ” سازمانی بەسیجی موستەزعەفان” و رێگادان به‌و سازمانه‌ بۆ دەخاڵەت کردن لە هەموو بوارەکانی ژیانی خه‌ڵكدا، ئه‌ركی خۆی به‌رێوه‌ برد و درێژەدان بەم ڕێگایەشی سپاردۆتە مەجلیسی داهاتو. ڕەنگە سەردێڕی درشتی رۆژنامەی جەوان یەکێک لە ئۆرگانەکانی سپای پاسداران کە لە هەڵسەنگاندنی سەبارەت بە ئاکامی هەڵبژاردن نووسی:” مەجلیس شۆڕشگێڕ مایەوە” لەم بارەیەوە ئەم ڕاستیە به‌روونی نیشان بدات.
لە دەورەی داهاتوشدا سەرکوت و بێ مافی و زەوت کرانی ئازادیەکان، هەروا درێژەی دەبێ، بێکاری، نەخوێندەواری، ئیعتیاد و بێ سەرپه‌نایی، ژیان لە زۆربەی خەڵک تاڵ دەکات. ئاسۆیەکی روون بۆ گەشەدان بە ئابووری، له‌به‌رده‌م رژیمدا نییه‌، پێشە لاوەکیەکان، نەبونی ئیمکانی دابین کردنی هەزینەکانی ژیان و نه‌دانی حه‌قده‌ستی دواكه‌وتووی کرێکاران هەروا درێژەی دەبێت، بارودۆخی بێهداشتی و ئاموزش ئاڵوگۆڕێکی بەسەردا نایەت، داستانی پڕ ئازاری ژینگە درێژەی دەبێت. هێزی لاو و خوێندەواری بێکار، هەروا نیگەرانی داهاتوی دەبێت.
ڕەنگە تەنیا قازانجی بەڕێوەچونی شانۆگەری هەڵبژاردن، ئاشکرا بوونی هێزی بەرینی ئەوانە بوبێت کە ئیرادەیان لە خۆیان نیشاندا و وڵامی نا یان بە حاکمیەتی ئیسلامی دایەوە. درێژەی دژواریەکانی ژیان و بوونی خێڵێکی بەرین کە ئامادە نەبوون تەنوری ئەم ره‌واییه‌ درۆینەیە گەرم بکەن، نیشانی ئەدات کە ناڕەزایەتی و تێکۆشان لە دژی بارودۆخی مەوجود لە ناخی ئەم کۆمەڵگایەدا درێژەی دەبێت. هەڵبەت ئەم هێزە بەرینە پڕژوبڵاوە. ئەم پڕژوبڵاویە و هەمان ئه‌و لاوازیەیه‌ کە ئیمکانی داوەتە کۆماری ئیسلامی تا درێژه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی بدات. کۆمەڵێکی بەرین له دانیشتوانی ئه‌م وڵاته‌ كه‌ لە حاکمیەتی ئیسلامی بێزارن، هێشتا خاوەنی ئیمکانات و ئامرازگه‌لێك نین کە بتوانن کەڵک لەم هێزەیان وەربگرن. بەڵام ئەم بارودۆخە دەکرێ بگوڕدرێت و دەشگۆڕێ. ئەگەر ئەمرۆ ڕژیم بتوانێ بە ترساندنی خەڵک بە لەدەستدانی ئەمنیەت، بە وەعدە و بەڵێنی بێ ناوەرۆک، بەشێک لەوان وەک سیاهی لەشکر بکێشێتە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان و بەشداری کردن لە سانۆگەری هەڵبژاردن، سبەینێ لە بەرانبەر خەڵکێکدا کە دەچێت بەدوای داواکاریەکانی و ئەو به‌لێنانه‌ی كه‌ دراون ده‌چێت، لەبەرانبەر جەماوەرێکی بەریندا کە لەم شانۆگەریەی دوایشدا نا یان بە ڕژیم وتوە، چی دەکات؟ ناکرێ خەڵک بە گۆڕینی ئەو ڕواڵەتانەوە کە هەرکامەیان پەروەندەیەکی ئه‌ستوریان لە جەنایەت و ئینسان کوشتن و دزی و گەندەڵی لە لای خەڵک هەیە و لەم شانۆگەریەی هەڵبژاردندا جارێکی تر سەریان سندوقەکان دەرهێناوە، سەرگەرم بکرێن.
ڕەنگە کۆماری ئیسلامی بۆ ماوەیەکی تریش بە ئاکامی شانۆگەری هەڵبژاردن خۆی دڵخۆش بکات، بەڵام له‌ راستیدا ئەم کۆمەڵگایە بەرەو بەرەو روو بوونەوەیەکی بەرین و چارەنووس ساز لە حەرەکەت دایە. پڕژوبڵاوی ڕیزی کرێکاران چارەنووسی چارهەڵنەگری بزوتنەوەی کرێکاری نییە، ئاستی تەوەقوع و چاوەڕوانی جەماوەری خەڵک لە ئاستی هەڵبژاردنی نێوان خراپ و خراپ تردا نامێنێتەوە. گۆڕەپانی بەرەو روو بوونەوەی سیاسی و چینایەتی داهاتو چارەنووسی ئەم ڕژیمە دیاری دەکات.