کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆبوونەوەی ڕێکخراوی جیهانی کار بەبێ ئامادە بوونی نوێنەرانی کرێکارانی ئێران بەڕێوەدەچێت

یەکسەد و پەنجاهەمین کۆبوونەوەی ساڵانەی رێکخراوی جیهانی کار ( ILO)، لە رۆژی ١٠ ی مانگی جۆزەردانەوە لە شاری ژنێوی وڵاتی سوئیس، بە بەشداری ٣ هەزار نوێنەر لە لایەن زیاتر لە ١٨٦ وڵاتانی ئەندامی ئەم رێکخراوە، دەست بەکارەکانی دەکات و کۆبونەوەکانی بۆ ماوەی ١٠ رۆژ دەرێژەیان دەبێت. دانیشتنەکانی رێکخراوی جیهانی کار لەسەر بنەمای سێ جانبە گەرایی بەڕێوەدەچن. بەم واتایەی کە هەیئەتەکانی هەر وڵاتێک پێک دێن لە نوێنەری دەوڵەتەکان، نوێنەری خاونکاران و نوێنەری کرێکاران.
ڕێکخراوی جیهانی کار یەکێک لە دامەزراوەکانی سەربە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانە کە خەریکی کاروباری پێوەندیدار بە کار و کرێکارانە. ئەم سازمانە لە ساڵی ١٩١٩ و پاش کۆتایی هاتنی سەڕی جیهانی دووهەم و پێکهاتنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەم ڕیکخراوەیش بوو بە یەکێک لە سازمانەکانی سەر بەم ڕێکخراوە. مقەڕی ئەم سازمانە لە شاری ژنێو لە وڵاتی سوئیسە و هەموو ساڵێک لە مانگی جۆزەرداندا کۆنفرانسێکی جیهانی بەڕێوەدەبات.یەکسەد و پەنجاهەمین کۆبونەوەی ساڵانەی سازمانی جیهانی کار، لە باردۆخێکدا بەڕێوەدەچێت کە ئەو قانون کارانەی کە پارێزەری بەرژەوەندی سەرمایە و بە زیانی هێزی کارن، لە وڵاتانی پێشکەوتودا دیسانیش بە زەرەری کرێکاران لە حاڵی گۆڕاندان. دەوڵەتانی سەرمایەداری بە دانانی گەلێک یاسای دژی کرێکاری زیاتر لە پێشوو، خزمەتگوزاریە ڕیفاهی و کۆمەڵایەتیەکانی جەماوەری خەڵکی بێبەشی کۆمەڵگایان گەیاندۆتە خوارترین ئاستی مومکین. مافی خانەنشینی کەم دەبێتەوە و تەمەنی خانەنشین بوون دەچێتە سەرێ. ئاماری هەژاری و مەرگ و میری سەرچاوەگرتو لە نەخۆشیە سەختەکان، بەرەو سەر دەچێت و موسیبەتە کۆمەڵایەتیەکانی سەرچاوەگرتوو لە هەژاری و بێکاری، بەردەوام لە زیاد بووندان.720
لەم کۆبونەوەدا، لە لایەن کۆماری ئیسلامیشەوە هەیئەتێکی تێکەڵ لە نوێنەرانی دەوڵەت، خاوەنکاران و ئەندامانی خانەی کارگەر و ئەنجومەنە ئیسلامیەکان بەشدار دەبن.
غوڵامڕەزا عەباسی دەبیری گشتی کانونی باڵای ئەنجومەنە سینفیەکانی کرێکارانی ئێران لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێری مێهر سەبارەت بە پێکهاتەی هەیئەتی ئێرانی دەڵێ ” تاڕادەیەک گوروپەکان دیاری کراون و ئەگەر قەرار بێت بەپێی یاسا و ڕێسای نێونەتەوەیی کەسەکان بنێردرێن دەبێ لە لایەن کرێکارانەوە ٩ نوێنەر، لە لایەن خاوەنکارانەوە ٩ نوێنەر و لە لایەن دەوڵەتیشەوە ١٨ کەس بچن بۆ ئەم ئیجلاسە. ئاشکرایە کە سەرەڕای ئیدیعاکانی عەباسی لە لایەن کرێکارانەوە نوێنەرێک لە پێکهاتەی هەیئەتی ئێرانیدا بوونی نابێت. ئەو کەسانەی کە بە ناوی نوێنەری کرێکاران دەچن بۆ ئەم کۆنفرانسە، نەک هەر نوێنەری کرێکاران و بەرەژەوەندیەکانی چینی کرێکار لەم ئیجلاسەدا نین ، بەڵکوو بەشێک لەو کاربەدەستە حکومەتیانەن کە هەوڵ ئەدەن بێبەش بوونی چینی کرێکار لە مافە سەرەتاییەکانی، مافی دروستکردنی ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاری و مافی مانگرتن ڕەد و پەردە پۆش بکەن. ئەوان هەر بەو جۆرەی کە لە ڕابردوشدا نیشانیان داوە، نەک تەنیا لەدژی قانونی کاری دژی کرێکاری لە کۆماری ئیسلامیدا قسەیەک ناکەن، بەڵکوو ئەگەر لە لایەن هەیئەتەکانی تریشەوە پرسیارێک لەم بوارەدا بێتە گۆڕێ، دەست دەکەن بە پاساو هێنانەوە و شارنەوەی ڕاستیەکان.

مافی پێکهێنانی ڕیکخراوی کرێکاری، مافی مانگرتن و خۆپیشاندان، مافی بەهرەمەند بوون لە قانون کارێکی دیموکراتیک، بەشێک لە بنەما سەرەکیەکانی پێکهاتنی ئەم سازمانە بووە. ئەوە لە حاڵێکدایە کۆماری ئیسلامی کە ئەندامی ئەم ڕێکخراوەیە ، هیچکام لەم بنەمایانە ڕیعایەت ناکات. ڕێکخراوی جیهانی کار لە حاڵێکدا نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی لەم کۆبونەوەیەدا قەبوڵ دەکات کە زۆر باش دەزانێ ئەم ڕژیمە بە هیچکام لە پەسند کراوەکانی ئەم سازمانەوە کە خۆشی پەسندی کردون، پابەند نییە. هەڵسوڕاوانی ناسراوی داکۆکیکار لە مافە سەرەتایی و قەبوڵ کراوەکان لە لایەن ئەم سازمانەوە، لە ئێران لە زیندانن و ئەشکەنجە دەکرێن. خانەی کارگەر کە وەک نوێنەری کرێکارانی ئێران لەم ئیجلاسەدا ئامادەیە، ڕیکخراوێکی زەردی دەوڵەتیە و جێی نەفرەتی چینی کرێکاری ئێرانە.

لەگەڵ ئەوەی کە ڕێکخراوە کرێکاریە جیهانیەکان، بە حوکمی هاوپشتی چینایەتیان، کۆماری ئیسلامی سەبارەت بەو پێشێلکاری و سەرکوتگەریانەی کە بەرانبەر بە کرێکاران دەیکات، مەحکوم دەکەن، بەڵام لە بەرانبەردا، سازمانی جیهانی کار بەبێ گوێدانە ئەو هەموو ناڕەزایەتیە نێونەتەوەییە، بە ڕەواڵی ساڵانی پێشو کۆمەڵێک کەسی حکومەتی لەگەڵ ژمارەیەک خاوەن سەرمایە و چەند کەس لە خانەی کارگەریەکان و کەسانی وەک ئەوان بەناوی نوێنەری کرێکاران لە کۆبونەوەکەیدا قەبوڵ دەکات تا لە ئامادە کردنی قەرار و قەتعنامە دژی کرێکاریەکاندا دوریان هەبێت.

لەم روەوە کە ڕێکخراوی جیهانی کار ئەساسەن بەشوێن دابین کردنی بەرژەوەندی دەوڵەتانی ئەندامی ئەم سازمانەوەیە، هێئەتەکانی کۆماری ئیسلامی بە ئامێزی کراوەوە لە کۆبوونەوەکەیاندا قەبوڵ دەکات، وەک نوێنەری کرێکاران لە قسەوباسەکاندا بەشداریان پێدەکرێت و لە بڕیارەکانی ئەم ئیجلاسدا دەبنە خاوەنی سەهم و بەم جۆرە ئەم سازمانە بەکردەوە لە پێشێل بوونی مافەکانی چینی کرێکاری ئێڕاندا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەبێتە هاوبەش و هاو ئاڕاستە. لە دەرفەتێکی تردا دیسانیش لەم بارەیەوە قسە دەکەین.