کۆبوونەوەی سەرانی حەوت وڵاتی ئەمریکا، ئاڵمان، ئیتالیا، ئینگلستان، کانادا، ژاپۆن، فەڕانسە و نوێنەری یەکێتی ئوروپا ناسراو بە گروپی ٧ لە رۆژەکانی ٥ و ٦ ی مانگی جۆزەردان لە شاری سیسیلی ئیتالیا بەڕێوەچوو. ئەوان لە حاڵێکدا کە تەنیا دە و نیو لەسەدی جەمعیەتی دنیا پێکدێنن، بەڵام ٤٤ لەسەدی بەرهەمی ناخالیسی دنیایان لە دەست دایە. ئەوان ٢٥ لەسەدی گازە گوڵخانەییەکان کە هۆکاری سەرەکی گۆڕانی ژینگەییە، بەرهەمدێنن. گوروپی حەوت لە ساڵی ١٩٧٥ پێکهاتوە و لە ساڵی ١٩٩٨ دا بە چوونی ڕوسیە بۆنێوی ناوەکەی گٶڕا بۆ گروپی هەشت. لە ساڵی ٢٠١٤ دا ئەندامیەتی ڕوسیە لەم کۆبونەوانەدا بە هۆی ئەوەی دوڕگەی کریمەی خستە سەر خاکی وڵاتەکەی لابرا.
کۆبونەوەی سەرانی ئەم حەوت وڵاتە ئەمساڵ لە بارودۆخێکی تایبەتدا بەڕێوەچوو. ئەم تایبەتمەندیە لە لایەکەوە سەرچاوەگرتوو لە چوونی ترامپ بۆ کۆشکی سپی و لە لایەکی دیکەوە ڕێفڕاندۆمی بریتانیا بۆ دەرچوون لە یەکێتی ئوروپا بوو. هەردووی ئەم فاکتۆڕانە تەنانەت بەر لە پێکهاتنی ئیجلاسەکەش سێبەری خستبوەسەر ئەم دانیشتنە. دەست پێکردنی کۆبونەوەکە رۆژێک دوای ئیجلاسی پەیمانی نیزامی ناتۆ بوو. هەرچەند کە ترامپ لە ئیجلاسی ناتۆدا ڕستە بە ناوبانگەکەی خۆی سەبارەت بە ناتۆ کە ئەم پەیمانە کۆن بووە ی دووپات نەکردەوە بەڵام هەروا لەسەر داخوازییە ناوەندیەکانی سەبارەت بە زیاد کرانی بوجەی نیزامی وڵاتانی ئەندام بە بڕی دوو لەسەدی بەرهەمی ناخالیسی میللی پێداگری کرد. ئەو بە ئاشکرا وتی کە دەوڵەتی ئەمریکا ئامادە نییە کە لەوە زیاتر بە تەنیایی زیاتر لە کۆی ئەندامانی ناتۆ دابین کردنی هەزینەی ئەم سازمانە وەئەستۆ بگرێت. تەنیا خاڵێک کە بەڕواڵەت ئەندامانی ناتۆ لەسەری کۆک بوون چوونی ناتۆ بوو بۆنێو بەرەی خەبات لەدژی ” تیرۆریزم”. ڕاگەیاندنی ئەم ئاستە لە تەوافوق لە بارودۆخێکدایە کە تەقریبەن سەرجەم وڵاتانی ئەندامی ناتۆ تەنانەت پێشتریش بە شێوەیەک لە عەمەلیات لەدژی ئەوەی ئەوان ناوی دەنێن تیرۆریزم، بەشدار بوون، بەم جیاوازیەوە کە هەرکامە و پێناسەی تایبەت بە خۆیان بۆ هێزە تیرۆریستیەکان هەیە. لە حاڵیکدا کە ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرین لەگەڵ ” یەکێتی دیموکراتی سوریە” کە هێزە سەرەکیەکەی کوردەکانی سوریە پێکیدێنن، هاوکاری دەکات، تورکیە ئەندامێکی دیکەی ناتۆ ئەوان بە تیرۆریست ناودەبات.
سەرهەڵدانی ناکۆکی لەنێو ناتۆدا نەیدەتوانی فەزای کۆبوونەوەی جی حەوت نەخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە. ئاکامەکانی ئیجلاس نیشانی ئەدات کە نەزمی حاکم تەنانەت لە بلۆکی ئیمپڕیالیستی رۆژئاواشدا ئیتر کەلێنی تێکەوتوە و ئەو نەزمەی کە بۆ چەندین دەیەی دوور و درێژ بە سروشتی دەهاتە بەرچاو ئیتر دەرخەری هاوسەنگی هێزی ئێستا نییە. بێجگە لە خەبات لەدژی تیرۆریزم کە تا ئاستێک تەوافوقی جەمعی لەسەرە، باقی بابەتە تەرحکراوەکان نیشانەی جیاوازی بۆچوونی گەورەی نێوان ئەوانی پێوەبوو.
هەرچەند کە ترامپ لەسەفەری ٩ رۆژەی بۆ رۆژهەڵاتی نێوڕاست و ئوروپا سەفەرێکی ” سەرکەوتوانەی بە تەواو مانای” هەبوو، ناوبراو کۆبونەوەی سەرانی ٧ وڵاتەکەی بە ” گەلێک” باش و سازەندە زانی و وتی کە توانیویەتی پێوەندیەکانی ئەمریکا توندوتۆڵ بکاتەوە، بەڵام سەرجەم ڕاپۆرتە بڵاو کراوەکان و وتووێژەکانی سەرانی ٦ وڵاتەکەی تر بە ئاشکرا باس لە سەرکەوتو نەبوونی ئیجلاسەکە دەکەن. کافیە چاوێکی خێرا بەسەر قسە و باسەکاندا بگێڕێن.
لە حاڵێکدا کە سەرانی ٦ وڵات پێداگریان لەسەر گرنگی توجاڕەتی ئازادی جیهانی دەکرد بۆ ترامپ هەروا بابەتەکە لە گۆشەنیگای ” ئەمریکاوە یەکەم” گەڵاڵە بوو. لەگەڵ ئەوەدا کە لە بەیانیەی کۆتاییدا بەڕواڵەت ڕەستەی ناکۆکی بە مەحدودیەتی توجاڕەتی ئازاد هاتوە بەڵام ترامپ هیچ دەرفەتێکی بۆ هێرش کردنەسەر سیاسەتە ئابووریەکانی ئاڵمان، ژاپۆن و چین لە پێوەند لەگەڵ نەبوونی هاوسەنگی هەناردەو هاوردەیان لەدەست نەدا.
کەلێنی سەبارەت بە پێبەند بوون بە تەوافوقنامەی ئیقلیمی پاریس کە ساڵی ٢٠١٤ دوای ٢ حەفتە چەنە لێدان لەنێوان نوێنەران و سەرانی ١٩٥ وڵاتدا تەوافوقی لەسەر کرابوو، دەرخەری ناکۆکیەکی ئاشکرا بوو. ترامپ لە جەریانی تەبلیغاتی هەڵبژاردنیدا هەڕەشەی کردبوو کە لە تەوافوقی پاریس دەچێتە دەر. ئەو تەنانەت گرم بوونی زەویشی بە ” هەڵبەستراو” ناو بردبوو. ئەو لەسەر ئەم هەڵوێستەی پێداگری کرد و ڕایگەیاند کە بڕیاری کۆتایی خۆی لە پێوەند لەگەڵ ئەم بابەتەدا تا یەک حەفتەی تر ڕادەگەیەنێت.
خاڵێکی تری جێی ناکۆکی، بەرنامەی هاوبەش لە پێوەند لەگەڵ سیاسەتی کۆچبەریدا بوو. ئیتالیا وەک یەکێک لەو وڵاتانەی کە سنوری هاتنی کۆچبەرانی ئافریقاییە خوازیاری ئەوە بوو کە سیاسەتێکی یەک دەست لەم بارەیەوە بگیرێتە بەر. هەرچەند کە دەوترێ ترامپ کۆسپی سەرەکی بوو لە نەگەیشتن بە تەوافوق لەسەر ئەم بابەتە بەڵام کێ هەیە کە نەزانی وڵاتانی ئوروپایی خۆیان خاوەنی هیچ ستراتیژیەک لەم بارەیەوە نین. وڵاتانی ئوروپایی تەنیا لەم بوارەدا هاو نەزەرن کە بەر بە چوونی کۆچبەران بۆ ئوروپا بگرن. کارەساتەکە ئەوەیە کە سەرانی ٧ وڵاتەکە ئیجلاسەکەیان لە جەزیرەیەک بەڕێوەبرد کە لە کەناراوەکانیدا لەم پێنج مانگەی ڕابردودا زیاتر لە ١٤٠٠ کەس بوونەتە قوربانی شەپۆلە خورۆشاوەکان.
خاڵێکی دیکەی جێی ناکۆکی خەبات لەدژی هەژاری بوو. لەگەڵ ئەوەی کە ژمارەیەک لە سەرانی وڵاتانی ئەفریقایی بۆ دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەک چووبوون بۆ ئیتالیا و لە ئیجلاسەکەدا بەشداریان کردبوو، بەڵام کۆبوونەوەکە تەنیا نیگەرانی و بەداخەوە بوونی خۆی سەبارەت بەم کارەساتە دەربڕی و هیچی تر. ئەوە لە حاڵێکدایە کە نزیک بە ٢٠ ملیۆن کەس لە یەمەن، سومالی و سودان ، بەرەو رووی کارەساتی مەرگ و برسیەتی بوونەتەوە و سەرەڕای ئەوەیکە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ٦ ملیارد و ٩٠٠ ملیۆن دۆلار بوجەی بۆ ئەم بابەتە تەرخان کردوە، بەڵام تا ئێستا تەنیا ٣٠ لەسەدی ئەم بڕە پارەیە کۆکراوەتەوە. هەموو ئەمانە نیشانی ئەدات کە دەربڕینی ڕەزامەندی ترامپ لەم کۆبونەوەیە بێجگە لە فریوکاری هیچی تر نییە.
بەم جۆرە حەق وایە کە بڵێین کۆبوونەوەی سەرانی وڵاتانی جی ٧ کۆبونەوەیەکی فۆرماڵە کە خاوەنی هیچ مەشروعیەتێک نییە، بەڵام سەرانی ئەو ٧ دەوڵەتە ئیجازە بە خۆیان ئەدەن کە سەبارەت بە چارەنووسی نزیکەی ٧ ملیارد لە جەمعیەتی دنیا بڕیار بدەن. ئەگەر سرنج بدەین زۆربەیان بە دەنگی کەمتر لە ٢٠ لەسەدی خەڵکی خاوەن دەنگی وڵاتەکانیان بە دەسەڵات گەیشتون، کەوایە تەنانەت بەپێی دیموکراسیە ڕواڵەتیەکەی بۆرژازیش بێت ئەوان خاوەنی هیچ مەشروعیەتێک نین. ئەوەی سەلمێندراوە ئەم راستییەیە کە ئەوان باسکی ئیجرایی کونسێرنەکانی بان نەتەوەیی و سەرمایە ئینحساری و ماڵیەکانن و لەم روەوە سیاسەتی زاڵ بەسەر کۆنفرانسەکەدا سیاسەتێکی نیئۆلیبڕاڵیە. ئەوان سەبەبکارانی ڕاستەقینەی هەموو ئاکامەکانی ئەم سیاسەتە واتە شەڕ، چەوساندنەوە، پیس بوونی ژینگە، هەژاری و شەپۆلی ملیۆنی کۆچبەرانن.