هەموو ساڵێک لەم وەرزە و لەم رۆژانەدا، کۆبوونەوەیەک لەژێرناوی ” کۆنفڕاسی ئەمنیەت” لە شاری مونیخ لە وڵاتی ئاڵمان بەڕێوە دەچێت. لەم کۆنفرانسەدا نزیکەی ٥٠٠ کەس لە کاربەدەستانی پلە بەرزی حکومەتی و نیزامی لە ئاسیا و ئوروپا، ئافریقا، ویلایەتە یەکگرتووەکان، روسیە و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوهڕاست کە لە ( ٢٦ تا ٢٩ی ڕێبەندان) بەڕێوە دەچێت، بەشدارن. ئەم کۆنفراسە لە زومرەی ڕیاکارانە ترین کۆبونەوەکانی جیهانی لە بواری ئەمنیەت و ئاشتی دایە کە تێیدا بەشداربووان بۆ ماوەی ٣ رۆژ فرمێسکی درۆینە بۆ ئاشتی و ئەمنیەتی جیهانی دەڕێژن. لە کۆنفرانسی ئەمساڵدا لەوانە وەزیرانی بەرگری و دەرەوەی زیاتر لە ٨٠ وڵاتی دنیا، سەرۆکانی گەورە ترین شیرکەتەکانی بەرهەمهێنانی چەک و چۆڵی جەنگی، ئەو نابەکار و شەڕسالارانەی دەستیان بە خوێنی بە هەزاران ئینسانی بێ دیفاع لە شوێنە جۆراو جۆرەکانی دنیا سورە، بەشداری دەکەن. ئەو چاوپێکەوتنانەی کە لە پەراوێزی جەلەساتی کۆنفرانسدا بەڕێوە دەچێت، زەمینە سازی بەستنی قەراردادی پڕ قازانجی دواتر لەسەر کڕین و فرۆشتنی کەلوپەلی جەنگی دەبێت. چاوگێڕانێک بەسەر قسەی ژمارەیەک لە نوێنەرانی بەشدار لەم کۆنفڕانسەدا نیشاندەری ئەو پەڕی بێشەرمی و تێکدەران و هەڕەشە کەران له ئەمنیەتی جیهانیە کە لەژێر ناوی ئەمنیەتدا بەڕێوە ئەچێت.
ڕاوێژکاری ئەمنیەتی میللی ئەمریکا لە حاڵێکدا کە دەوڵەتەکەی گەورە ترین بەهەمهێنەری چەکە کۆمەڵ کوژەکانە، لە كۆمهڵگهی جیهانی دوا ئهكات بەر بە پەرەسەندنی چکی کومەڵکوژ بگرێت. وەزیری دەرەوەی ئاڵمان کە تانگەکانی بەدەست دەوڵەتی ئۆردوغانەوە زەوەیەکانی عەفرین دەکێڵن و تۆپە دوور هاوێژەکانی خەڵکی عەفرین خەڵتانی خوێن دەکەن، باس لە ئەمنیەتی خەڵکی خاوەرمیانە دەکات. وەزیری دەرەوەی تورکیە کە دەوڵەتەکەی لە تاوانبارانی ڕیزی پێشەوەی پشتیوانی لە گوروپە جیهادیەکان لە سوریە دایه نیگەرانی پەرەسەندنی تیرۆریزمە لە ناوچەکەدا.
دەوڵەتانی روسیە و ئەمریکا کە سوریەیان کردۆتە مەیدانی تەڕاتێنی خۆیان و تاقی کردنەوەی چەکە پێشکەتوە جەنگیەکانیان و پیشانگایەک بۆ دۆزینەوەی بازاڕ بۆ چەکەکانیان، قەرارە لەم کۆنفرانسەدا بۆ ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوهڕاست ڕێگا چارە بدۆزنەوە. رۆژهەڵاتی ناوهڕاست بۆتە ئەنباری تەسلیحاتی ئەمریکا و دەوڵەتانی ئوروپایی و روسیە، شیلەی گیانی خەڵکی ئەو ناوچەیە دهمژرێت و سەروەت و سامانی سروشتییان تاڵان دەکرێت، تا بە شێوەی چەکی کۆمەڵکوژ سەرلەنوێ بەسەریاندا ببارێتەوە و ماڵەکانیان بەسریاندا وێڕان دەکەن و خڵتانی خوێنیان دەکەن. کەسانی سەر بە بەشار ئەسەد بە چەکی شیمیایی تەیار دەکەن و لەمرۆدا بەناو خەت و نیشانیان بۆ دەکێشن کە بەکارهێنانیان قەبوڵ ناکەن. هەر دوێنی تەلەویزیۆنە جیهانیەکان کۆمەڵێک وێنەی هەژێنەری جەستەی سوتاوی خەڵکی بێدیفاعی عەفرینیان بە هۆی بۆمبارانی شیمیایی دەوڵەتی تورکیەوە بڵاو کردەوە و کەس لە کۆنفرانسەکەدا ورتەی لێوە نەهات.
تیرۆریزم یەکێکی تر لە باسەکانی گەرمی کۆنفراسی ئەمنیەتی مونیخە. لێرەشدا فریوکاری لە سەروگوێلاکی کۆنفرانسەكه دەبارێ. پشتیوانانی تیرۆریزم لە دنیادا باس لە خەبات لە دژی تیرۆریزم دەکەن. ئەگەر حیزبۆڵا لە لوبنان و حەشدی شەعبی لە عێڕاق و حوسیەکان لە یەمەن و جیهادی ئیسلامی لە فەلەستین، لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە پشتیوانی دەکرێن و هەرکامەیان جەنایەتێکی بێ ئەژماریان لەدژی شارۆمەندانی بێ دیفاعیان لە پەروەندەدا هەیە، ئەلقاعیدە و تالیبان لە ئەفغانستان لە هەمان رۆژەکانی سەرەتاوە لە بەرەی عەرەبستانی سعودی و ئەمریکادا شەڕیان دەکرد و بە دۆلاری نەوتیی عەرەبستان و چەکی پێشکەتوی ئەمریکایی تەیار دهركران.
جیهادیە ڕەنگاو ڕەنگەکان لە سوریە ئامرازی دەستی تورکیەن. بەهێز بوونی داعش لە عێڕاق و سوریە بەرهەمی پشتیوانی دەوڵەتانی عەرەبستانی سعودی، قەتەر و چاوپۆشی ئاگاهانەی دەوڵەتی ئەمریکایە. تالیبان لە لایەن ئەڕتەشی پاکستانەوە پشتیوانی دەکرێت و ئەڕتەشی پاکستانیش ڕاستەوخۆ پشتی بە یارمەتیە بێدریغەکانی ئەمریکا بەستوە. دەوڵەتی ئیسرائیل، ڕاستەوخۆ و بەبێ واسیتە دەست ئەداتە تیرۆر کردنی ڕێبەرانی فەلەستینی لە ناوچەکەدا و لە سەرتاسەری دنیادا و کۆماری ئیسلامی تەشکیلاتێکی تیرۆریستی ڕاستەوخۆی بۆ تیرۆر و سەرکوتی نەیارانی لە هەموو گۆشە و قوژبنەکانی دنیادا بەدی هێناوە. تیرۆریزمی دەوڵەتی بۆتە شێوازێکی جێکەوتوو لە شەڕی شاراوەی ئەم دەوڵەتانەدا بە یەکەوە و لە تیرۆر کردنی نەیارانیاندا. کرداری دەوڵەتی تورکیە لەدژی خەڵکی کوردستان و تیرۆر کردنی نەیارانی سیاسی و پشتیوانی ماڵی و لۆجستیکی لە داعش و خۆش کردنی ڕێگای پەیوەست بوونی داوتەڵەبانی خاریجی بە ڕیزی داعشەوە، لە چاوی دەوڵەتی ئەمریکا و دەوڵەتانی ئوروپایی ون نییە. بێدەنگی ئەم دەوڵەتانە و پشتیوانی ناراستەوخۆیان لە سەرکوتی خەڵکی کوردستانی تورکیە و سوریە نیشانەی بوونی بەرژەوەندی هاوبەشیانە و هەرا و هوریایەکیش كه لەدژی تیرۆریزم دروستی دەکەن فریوکاریە و هیچی تر.
بەشدارانی کۆنفراسی ئەمنیەتی مونیخ سازماندەرانی ئەڕتەشەکانی سەرتاپا چەکدار، بەرهەمهێنەرانی چەکە کۆمەڵ کوژەکان، پشتیوانان و سەبەبکارانی پێكهێنان و گەشەی ڕێخراوە تیرۆریستیە ئیسلامیەکان، پاسدارانی نیزامێکن کە بەرهەمی ڕەنج و کاری بە ملیارد ئینسان هەڵدەلوشن و ڕێگا بۆ خۆیان بەنێو ئاگر و خوێن و بە بههای زەوت کردنی مافی ژیان لەم ئینسانانەدا خۆش دەکەن. ئەوان پاسدارانی نیزامێکن کە بە قازانج پەرستی خۆیان رهحم نە بە ئینسان و نە بە ژینگە ناکەن. لە ئاوا بارودۆخێکدا بەشەریەت تەنیا دوو ڕێگای لە بەردەم دایە. یان ڕازی بوون بە چارەنووسیک بۆیان دیاری کردوە، کە لەو حاڵەتەدا ئاکامێکی بێجگە لە لهناچوونی شارستانیەت و فەرهەنگ و سەرجەم دەستکەوتە ئینسانیەکان هیچی تری بە نهسیب نابێت و لە باشترین حاڵەتدا ئینسان دەگەرێتەوە بۆ بەڕبەڕیەتی هەزاران ساڵی ڕابردوو، یان کۆمەڵگا لەم گوزەرگا دژوارە تێدەپەڕێنێت بەرەو دنیایەک بە دوور لە توندوتیژی، سەر ڕێژ لە ئازادی و ڕیفاه و یەکسانی، واتە دنیای سوسیالیزم.