بەپێی هەواڵی راگەیەندراو لە لایەن هێزەکانی پارێزەری کۆبانیەوە، هێزەکانی داعش کە لە چەند رۆژی رابردودا، لهناكاو لە سنوری تورکیەوە دزەیان کردبووە نێو ئەم شارە، پاککرانەوە. بەمجۆرە کۆبانی جارێکی تر لە ئاکامی خۆڕاگری ژنان و پیاوانیدا ئازاد کرا. ئەم شارە خۆڕاگرە جارێکی دیکە کۆنەپەرستی و بەربەریەتی بۆ نێوخۆی رێ نەدا و هەروا ئازاد و سەربەرز مایەوە. بەڵام بەداخەوە لە دەرگیریەکانی چەند رۆژی رابردودا دەیان کەس لە دانیشتوانی ئەم شارە کە دوای ئاوارە بوونێکی چەند مانگە، سەرلەنوێ گەڕابونەوە بۆ شارە وێرانەکەیان، کە زۆربەیان به ساڵاچوو و منداڵن، گیانی خۆیان لەدەستدا و ژمارەیەکیشیان سەرلەنوێ ئاوارە بوونەوە. هێرشی داعش لەگەڵ تەقینەوەی چەندین ماشێنی بۆمبڕێژکراو کە بە موشەخەساتی جەعلیەوە هاتبوونە نێو کۆبانی، دەستی پێکرد.وا دیارە کە ئامانجیان بە پێی تاکتیکە نیزامیەکانیان، زیاتر پەرەدان بە بەرەی فەرعی شەڕ بووبێ بۆ کەم کردنەوەی گوشار لەسەر بەرە سەرەکیەکان، بەتایبەت بەرەی شاری “حەسەکە”، هەڵکەوتوو لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریە. حەسەکە بۆ لایەنە دەرگیرەکان خاوەنی گرنگیەکی تایبهتییه؛ لەبەر ئەوەی کە لەنێوان ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی داعش لە سوریە و عێڕاقدا هەڵکەوتوە و لە باکورەوە پەیوەستە بە سنوری تورکیەوە. هێزەکانی خۆڕاگری خەڵکی کوردستان لهم دواییانە گەلێک سەرکەوتن و پێشڕەویان لە بەرەکاندا لەگەڵ داعش هەبووە و دوای ئازاد کردنی ” گرێ سپی” و نزیک بوونەوە لە ناوچەی “غویران”، خۆیان گەیاندە باشوری رۆژهەڵاتی حەسەکە. ئەم پێشڕەویانە کە هاوکاری سنورداری ئەڕتەشی ئازادی سوریە و هێرشی ئاسمانی هاوپەیمانانی لەگەڵدایە، شاری “رەقە” ناوەندی داعش کە لەم شارەدایە، کردوەتە ئامانج. ترس لە پێشڕەویەکانی هێزی مقاومەتی خەڵکی کوردستان و زاڵ بوونی بەتەواوەتی ئەم هێزانە بەسەر سنورەکانی تورکیەدا لەگەڵ سوریە، ئیئتیلافێکی رانەگەیەندراوی لە نێوان دەوڵەتی تورکیە و هێزەکانی داعشدا پێکهێناوە کە عەمەلیاتی ئەم دواییەی نێو شاری کۆبانی بەرهەمی ترس و نیگەرانیەکانی ئەم ئیئتیلافەیە.راستیەکەی ئەوەیە کە دەستپێکی سەرلەنوێی جوڵەی داعش لە ناوچەکانی باکوری سوریە و لە نزیک سنورەکانی تورکیە و سازماندانی ئاوا عەمەلیاتێکی لهناكاو، تەنیا دەتوانێ لە خاکی تورکیەوە ئەنجامدرا بێت. ئەگەرچی دەوڵەتی تورکیە بەردەوام ئەم راستیەی رەد کردۆتەوە، بەڵام دەلیل و بەڵگەکان سەلمێنەری هاوکاری و پشتیوانی ئەڕتەشی تورکیەن لە هێزەکانی داعش لەوانە لەم شەڕەی ئەم دواییەی نێوشاری کۆبانیدا. چاوگێڕانێک بەسەر جوغڕافیای کۆبانیدا نیشانی ئەدات، داعش بەبێ هاوکاری و یان ئاگاداری ئەڕتەش و باقی هێزە ئەمنیەتیەکانی تورکیە، توانایی ئەنجامدانی وەها عەمەلیاتێکی لە کۆبانی نەبووە و نییە.بە سرنجدان لە سیاسەتەکانی تورکیە لە بەرانبەر ئاڵوگۆڕەکانی ئەم دواییە بەتایبەت لە پێوەند لەگەڵ مەوقعیەتی هێزەکانی مقاومەت لە کوردستانی سوریە، هاوکاریەکانیان لەگەڵ داعش لە هێرشی سەرلەنوێ بۆسەر کۆبانی، دوور لە راستی نییە. دەزانین کە لەگەڵ پێشڕەوییە خێراکانی داعش لە عێڕاق و سوریە، ئیئتیلافێکی تا رادەیەکی زۆر فۆرماڵ لە ٣٠ دەوڵەتی جۆراوجۆر بە رێبەرایەتی ئامریکا، شکڵی گرت و دەوڵەتی تورکیە ئامادە نەبوو لەم ئیئتیلافە شانۆییەشدا بەشداری بکات. کاتێک کە داعش لە کۆتایی ساڵی رابردووی زایینی دا بە هەموو هێزیهوه هێرشێكی بهرینی بۆ سەر شاری کۆبانی دەست پێکرد، جەماوەری ژنان و پیاوانی کانتۆنی کۆبانی خۆراگریەکی فیداکارانەیان دەست پێکرد. خۆڕاگری کۆبانی بزوتنەوەیەکی گەورەی جیهانی بۆ پشتیوانی لە خۆی دروست کرد و دروشمی “کۆبانی تەنیا نییە”، لە هەموو جێیەک دەنگی دایەوە. ئەرتەشی تورکیە کە لە سەر سنوری وڵاتەکەی لەگەڵ سوریە مۆڵ درابوو، هیچ کردەوەیەکی بۆ بەرگرتن لە هێرشی داعش بۆسەر کۆبانی ئەنجام نەدا و هەر بەو جۆرەی چاوەڕوان دەکرا، تماشاگەری بەکۆمەڵ کوشتنی خەڵکی کۆبانی بوو. بەڵام کاتێک کە خۆڕاگری کۆبانی پێشڕەوی هێزەکانی داعشی راگرت، کاتێک کە پشتیوانی لەم خۆڕاگرییە شارە جۆراوجۆرەکانی تورکیەی خستبوە لەرزە و بەتایبەت ئەو کاتەی کە بۆنی سەرکەوتنی ئەم خۆڕاگرییە گەیشتبووە بەرلوتی رێبەرانی دەوڵەتی تورکیە، ئیجازەیان بە ژمارەیەک لە هێزەکانی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دا بۆ پشتیوانی له خەڵکی کۆبانی بە خاکی وڵاتەکەیدا برۆن و دەست و پێی خۆی لە پێوەند لەگەڵ یارمەتیدانی داعش، تا رادەیەک کۆ کردەوە. بەڵام بەم دواییانە بەشوێن پێشڕەوی هێزەکانی خۆڕاگریدا لە ئازاد کردنی ناوچەی زیاتری سەر سنور و هاوکات لەگەڵ شکستی سیاسی حیزبی داد و گەشەپێدان لە هەڵبژاردنی ئەم دواییەی تورکیەدا، دەوڵەت دەستی دایە ئەم كردهوه ماجەرا جوییانە و رێسوایی زیاتری بۆخۆی فەراهەم کرد.”حیزبی دیموکراتیکی خەڵکی تورکیە” و زۆرێک لە هێزە چەپ و ئازادیخوازەکان لە سەرتاسەری تورکیە، دەوڵەتیان بە پشتیوانی لە داعش و فەراهەم کردنی ئاسانکاری بۆ چوونیان بۆ خاکی سوریە و هێرش کردنەسەر شاری کۆبانی، تاوانبار کرد. رێبەری ئەم حیزبە، هێرشی داعشی بۆسەر کۆبانی بە رێسواییەکی گەورە بۆ دەوڵەتی تورکیە وەسف کرد و وتی: دەوڵەتی تورکیە دەمێکە پشتیوانی لە داعش دەکات و کوشتاری ئەمرۆی خەڵکی کۆبانی بەشێک لەم پشتیوانیەیە. ئەو لە درێژەدا دەڵێ: “قسەی کاربەدەستانی سیاسی تورکیە لە روانگەی ئێمەوە پووچن و دەوڵەتی ئانکارا، دەبێ بیسەلمێنێ کە پشتیوانی داعشی نەکردووە و نایکات.”دەوڵەتی تورکیە دوای ئەوەی کە بەرەوڕووی رەخنەی زۆر لە سیاسەتەکانی ئەم وڵاتە بۆ پشتیوانی لە داعش بۆوه، رایگەیاندوە تەنیا پشتیوانی لە “ئەرتەشی ئازاد” و ئیئتیلافی میانەڕەوی نەیاری دەوڵەتی سوریە دەکات. بەڵام ئێقداماتی غافڵگیرانەی ئەم دواییەی داعش لە هێرش کردنەسەر کۆبانی نیشانیدا کە ئیئتیلافی میانەڕەو و دژی رژیمی بەشار ئەسەد، لە توانایی پێویست بۆ هێرش کردنەسەر ئەرتەشی سوریە بەهرەمەند نییە و دەوڵەتی تورکیە لە بەهێز بوونی هێزەکانی مقاومەتی خەڵکی کوردستان دەترسێت. رەجەب تەیب ئۆردوغان، لهم دواییانە لە مەڕاسمێکدا کە بۆ بەربانگ پێکیهێنابوو، هۆشداری دایە دەوڵەتانی رۆژئاوایی و بە روونی رایگەیاند کە: “بەهیچ جۆرێک ئیجازە نادات، دەوڵەتێکی کوردی لە باشوری وڵاتەکەی و باکوری سوریە پێک بێت. “هاوئاهەنگی لە هێرشی داعش بۆسەر کۆبانی دەریخست کە ئەو و حیزبەکەی، وێڕای ئەو شکستەی کە لە هەڵبژاردنی پاڕلمانیدا توشی بوون، ئاڵوگۆڕێکیان لە سیاسەتی دژی خەڵکی خۆیان بۆ پشتیوانی لە داعشدا، بەدی نەهێناوە.هەوڵی دەوڵەتی تورکیە و شەریکەکانی لە ناوچەکەدا، بۆ روخانی کۆبانی، ئەم جارەش بە ئاکام نەگەیشت. بەڵام گومانی تێدا نییە کە پیلان گێڕیەکانی دەوڵەتی تورکیە بۆ بەرگرتن لە سەقامگیر بوونی حاکمیەتی خەڵکی کوردستانی سوریە و خەڵکی ناوچەکانی هاوسنوری تورکیە کە لەم خەباتەدا لەگەڵ خەڵکی کورددا هاوڕێن، درێژەی دەبێت. ئەم پیلان گێڕییانە تەنیا بە خۆراگری کۆبانی ئاسا، بە سازماندانی جەماوەری خەڵک لە قوڵایی حاکمیەت کردن بەسەر هەموو مەیدانەکانی ژیانی خۆیاندا و بە بەهێز کردنی هاوپشتی خەباتکارانە لەگەڵ خەڵکی ناوچەکانی غەیرە کورد نشین، دەکرێ توشی، شکست بکرێت