ڕۆژی ڕابردوو و هاوکات لەگەڵ بەئامانجگرتنی ناوەندە هەستیارەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە هێرشە ئاسمانییەکاندا، چەندین فەرماندە و زانای ئەتۆمی ڕژیم و سپای پاسداران کوژراون.
بەپێی دوایین هەواڵەکان، حەسەن حەسەنزادە، فەرماندەی سپای تارانی گەورە کە بەرپرسی ڕاستەوخۆی کۆمەڵکوژیی خەڵک لە مانگی بەفرانباردا بوو، لەگەڵ یەکێک لە جێگرەکانی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شەقامی سابونچی تاران کوژراوە. هەروەها محەممەد ڕەزا تەیمووری یەکێک لە فەرماندەكانی سپای پاسداران، لە یەكێك لە گوندەکانی شارستانی كەنگاوەر، لە ئەنجامی هێرشێکدا هاوکات لەگەڵ بنەماڵەکەی کوژراوە و هێشتا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە. هاوکات لە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر گوندی دیزج ئەمیرمەدار لە شارستانی ئۆسکو لە ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، دوکتۆر حسێن زەکی دیزەجی مامۆستای فیزیک لە زانکۆی ئیمام حسێن لەگەڵ کچەکەی و دایكی هاوژینەكەی کوژران.
