بەپێی هەواڵی گەیشتوو، لە ئەنجامی هێرشە هەواییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر چەند پێگەیەکی سەربازیی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژانی ڕابردوودا، دوو کەسایەتی ناسراوی پەیوەندیدار بە ڕژیم گیانیان لەدەستداوە.
بە وتەی سەرچاوەکانی هەواڵ، یەکێک لە ئەو کەسانە “ئەبولقاسم بابائیان” بوو کە وەکوو سەرۆکی نوێی دەفتەری نیزامیی خامنەیی ناسراو بوو. بەپێی هەواڵەکان، ناوبراو لە زومرەی ئەو کەسانە بوو کە لە ڕووی ئەمنی و سەربازییەوە پەیوەندییەکی نزیکیان بە ناوەندی دەسەڵات لە ئێرانەوە هەبووە. لە هەمان کاتدا هەواڵەکان ئاماژە بە کوژرانی “عەلی هاشمی” جێگری هاوڕێکخەری سپای “ساحب زەمان” لە پارێزگای ئیسفەهان دەکەن کە لە ئەنجامی هەمان ئەو هێرشانەدا کوژراوە. بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاو کراونەتەوە، ئەم دوو کەسایەتییە لە ڕیزی ئەو بەرپرسانەدا بوون کە لە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیدا ڕۆڵێکی دیار و کاریگەریان هەبووە.
