کۆڵبەران لە سنوورەکان، سەرەرای ڕێگای سەخت و پڕ لە مەترسی و دوژمنێك كه له كهمینی گیانیان دایه، هەروا دەرێژەی هەیە. سەرانی کۆماری ئیسلامی، نیگەران لە بلێسەدار تر بوونی ئاوری توڕەیی خەڵک ههر ڕۆژه لەم بارەیەوە سازێك لێ ئەدەن و لەپاڵ قسهی دژبهیهك و ریاكارانهدا، درێژە بە کوشتاری زەحمەتکێشانی كۆڵبهر ئەدەن.
کۆتایی هێنان بە ڕەنج و مەینەتی كۆڵبهران و پێكهێنانی دەرفەتی کاری شایستە ئینسان بۆیان یەکێک لە داخوازیەکانی ڕاگەیەندراوی مانگرتنی گشتی ٢١ی مانگی خهرمانان بوو. لە بەیانیەی بانگەوازی کۆمەڵە و هێزە چەپەکانی کوردستاندا، بۆ بەرپا بونی مانگرتنی گشتی ئەم داخوازیە بە روونی وترا بوو. سهرهڕای ئهوه لە هەر کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیدا کە له بۆنە جۆراوجۆرەکانەوە بەڕێوە دەچێت، دیفاع لە کۆڵبەران و کۆتایی هاتن بە ڕەنج و ئازارەکانیان داخوازیەکی هەمیشەییە. بەڵام با بزانین بەرپرسانی ڕژیم لەم بارەیەوە دەڵێن چی؟ حسێن زوالفەقاری، جێگری سیاسی و ئەمنیەتی وەزاڕەتی نێوخۆی ئێڕان دوێنێ بە هەواڵنێری کاری ئێرانی( ئیلنا) ی وتووە: ” ئێمە ئیتر هیچ شتێکمان بەناوی کۆڵبەر نییە، ئەم وشەی کۆڵبەریەش وشهیهكه کە نازانم لەکوێوە هاتووه، هەم بۆ خودی خەڵک و هەم بۆ بەرپرسان گرفتی دروست کردووه.” لە دەرێژەدا دەڵێ، “کەسانێک کە لەدەرەوەی مەسیری یاساییدا هاتوچۆ بکەن و کالا بێننە نێو وڵاتەوە ئیتر نە کۆڵبەرن و نە کارەکانیان یاساییە کارەکەیان ڕێگه پینەدراو و قاچاغە. من لەمە روونتر ناتوانم بابەتی کۆڵبەری روون بکەمەوە.” بەڵام چوار مانگ لەوە پێش عەبدالڕەزا ڕەحمانی فەزڵی، وەزیری نێوخۆ دوای بەرەو روو بوونەوە لەگەڵ مانگرتنی و ناڕەزایەتی خەڵکی شارە سنوریەکان، باسی لە” گەڵاڵەی ڕێکخستنی کۆڵبەری” کرد. ئەو کاتە کە گوشاری خەڵک لە ئارادا بوو، بە پێچەوانەی جێگرەکەی، گرفتێکی لەگەڵ وشەی کۆڵبەریدا نەبوو. ئاغای ڕەحمانی فەزڵی وتبوی” بە بهڕێوهچوونی ئەم تەرحە وێڕای پاراستنی کهرامەتی خەڵکی ئەو ناوچەیە، هێندێک رووداوی ناخۆش کە گەلیک جار دیومانە بەری پێ دهگیرێ و خەڵک ئەو ناوچەیە لەسەر بنهمای یاسا و ڕێسایەکی دیاریکراو دەتوانن لە ڕێگای بازاڕچە سنوریەکان و لەژێر چاوەدێریدا خەریکی هێنانی کالا بن.” بەڵام ئێستا جێگری ئەمنیەتی ئەم وەزیرە دەڵێ:” کسب و کارێک بەناوی کۆڵبەری بە ڕەسمیەت ناناسێ”. بەڵام دهربڕینی وتهی دژبهیهك ههر بهوهندهش كۆتایی نایهت. عەلی یۆنسی، ڕاوێژکاری حەسەن روحانیی سەبارەت بە ئەقوام و کەمینە مەزهەبیەکان، ماوەیەک لەوە پێش وتبوی:” خەبات لەگەڵ قاچاغچیەکان لە ناوچە سنورییەکان دەبێ وەک خۆی بەردەوام بێت بەڵام ئەوە بە مانای بەرگرتن لە کاری کۆڵبەری لە ناوجە سنوریەکانی کورستان نییە”. عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران کە گەلێک جار باس لە پێویستی خەبات لەدژی قاچاغ دەکات، کۆڵبەران لەم قاعیدەیە جیا دەکاتەوە و دەڵێ:” من مەبەستم لە قاچاغچی، فڵان کۆڵبەری ههژار نییە. لەدژی ئەمانەش كارێك نەکرێت کێشە نییە. من قاچاغی ڕێکخراو و گەورە دەڵێم.”
بەڵام لێدوانی بێ سهروبهرهی لهم چهشنهیان، هێدێک جار نەرمشێکی فریوکارانە و ەعدە و وەعیدی و هێندێک جاریش هەڕەشەی لە چەشنی ئەوەی زولفەقاری دەیڵێت، هیچکام لەمانە نابنە هۆی ئەوەی کە گشتیان لە مەیدانی کردەوەدا وەک یەک بجوڵێنەوە. مەئموری مەرزی فهرمانی پی دراوە، راستەوخۆ وبە مهبهستی کوشتن و بەبێ ئاگادار كردنهوه، ڕوو بە کۆڵبەران تەقە بکەن. بهم جۆرهیه کە هەموو رۆژێک چەند ئینسانی زەحمەتکێش خەڵتانی خوێن دهكهن و چهندن بنەماڵە ئازیهت بار دهبن. ئهوان بۆ دابین کردنی نانێکی مەمرەو مەژی، بەناچار بەم شێوەیە خۆیان بە ئاو و ئاگر دادهن و ڕژیمیش دهیان كوژێ بۆ ئهوهی لە کۆڵبەری لەسەر سنورەکان پەشیمانیان بکاتهوه. بەڵام ئامارەکان نیشانی ئەدەن توند بوونەوەی گوشاری ڕژیم لەسەر سنورەکان، لە ڕێگای داخستنی ڕێگاکانەوە و کوشتنی رۆژانەی کۆڵبەران لە ڕێژەی چوون بۆ کاری کۆڵبەری خەڵکی کەم نەکردۆتەوە.
سەرانی حکومەتی نایشارنەوە کە قەبارەی گوڕێنەوەی کالای قاچاغ لە هێندێک لە ساڵەکاندا گەیشتۆتە ٤٠ میلیارد دۆلار. ئەم قبارە زۆرەی قاجاغ لە ڕێگای ئیسکلە و بارئەندازە ناڕيسمیەکان بەڵام بە شێوە ئاشکرا بەڕێوە دەچێت. خاوەنانی ئەم بازرگانیە گەورەیە سپای پاسداران و دەزگا ئەمنیەتیەکانن. ئەوان نە گومرکێک ئەدەن و نە ماڵیات و نە کەس ئیجازەی هەیە بزانێ چ جۆره كالایهك، ههنارده و هاورده دهكرێت. وەها ڕەقەمێک بەراورد بکەن لەگەڵ قەبارەی کالایەک کە لە ڕێگای کۆڵبەریەوە دێتە ئێرانەوە یان دەچێتە دەرەوە، تا روون بێتەوە به قاچاغچی ناوبردنی زەحمەتکێشانی سەرسنور، تا چ ئاستێک نا جوامیڕانەیە.
لە بارودۆخێکدا کە بێکاری لە ئوستانەکانی کوردنشینی رۆژئاوای ئێڕان لەسەروی ٥٠ لەسەدەوەیە و کرێکاران و زەحمەتکێشانی ناوچە سنوریەکان کهمتر لە هەر شوێنێ دیکەی ئێران شانسی دۆزینەوەی کاریان هەیە، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەم ناوجانە لەبەر ناچاری و لەبەر دابین نەبوونی لانیکەمی نیازەکانی ژیانیکی مەمرەو مەژی، روو دەکەنە وەها کارێک. گیانیان دەنێنە سەر لەپی دەستیان و ملی كوێرە ڕێگاکان دژوارەکان دهگرن بە نیو مەیدانی مین و کەمینی نێوان پاسگاکاندا کە هەر کامە و خۆی ڕێگایەکی مەرگە بە دڵهراوكێ یهك كه له گوتن نایه، تێدەپەڕن و بارێکی قورس بە هەزار هیوا و ئاواتەوه چەندین کاتژمێر بهکۆڵەوە دەگرن، تا بەشکو لەم ڕێگهیەوە پێداویستیەکانی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان دابین بکەن.
کۆڵبەری وەک دیاردەیەکی کەم وێنە لە دنیادا، لە کوردستان یەکێک لە دیاردهكانی ستەمی نەتەوایەتیە. تا کاتێک لەم ناوجەیەدا، بێکاری و دواکەوتویی ئابووری و هەژاری بوونی هەبێت، ئەم دیاردەیەش بوونی دەبێت. بێکاری لە کوردستان وەها رووی لە زیاد بوونە کە سەرەڕای ئەو مەترسیانەش کە لەسەر ڕێگای وەها کارێکدا هەیە، هەموو رۆژێک بە ژمارەی ئەو کەسانەوە کە ڕوو لهم کارە دەکەن، زیاد دەبێت. و هەر مەرگێکیش لەم ڕێگایەدا لێک هەڵوەشانی بنەماڵەیەکی بەشوێنەوەیە.
ئەگەرچی هەوڵدان بۆ دابین کردنی ههلی واقعی کار و یان دەبین کردنی بیمەی بێکاری لە کوردستان داخوازییهكی بهپهلهیه، بەڵام تا ئەو کاتەی کە ئەم خەڵکە بێکارە به ناچاری ڕوو دهكهنه وەها کارێکی پڕ لە مەترسی، دەبێ بەر بە کوشتاری کۆڵبەران و کاسبکاران بگیڕێت و ڕژیم ناچار بکرێت دەست لەم جەنایەتە هەڵبگرێت.