رۆژی چواری ڕێبەندان دوازدەهەمین ساڵیادی خەڵتانی خوێن کردنی خەباتی کرێکارانی موجتەمەعی مسی ” شاری بابەک” لە خاتون ئابادە. ئەم رووداوە ئەزمونێک بوو بۆ بزوتنەوەی کرێکاری ئێران کە چوار کریکار و منداڵێکی قوتابی تێدا بوونە قوربانی. کوشتاری کرێکاران لە خاتون ئاباد لە رۆژی ٤ ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٨٢ لە کاتێکدا ڕوویدا کە ئیسلاح خوازە حکومەتیەکان لە سەر دەسەڵات بوون. ئەوان سەرەتا لە بەرانبەر گوشاری ناوەندە کرێکاریەکاندا لە نێوخۆ و لە دەرەوەی وڵات بەڵێنیاندا کە بەدوادا چوون بۆ ئەم رووداوە بکەن و دهستووپێوهندهكانی ئەو کوشتارەی کرێکارەکان بناسێنن، بەڵام وەک زۆربەی حاڵەتەکانی تر قەت بەڵێنەکەیان نەچوونە بواری جێبهجێ كردنهوه. ڕیفۆڕم خوازەکانی دەسەڵات بهئهنقهست بەدواداچوون بۆ ئەم رووداوەیان پشتگوێ خست و لە بەرانبەردا، نەخشە و پیلانە دژی کریکاریەکانی تریان جێ بەجێ کرد. ئەو رووداوانەی کە سەرئەنجام لە رۆژی ٤ ی ڕێبەنداندا بوو بە هۆی کوشتاری کرێکارەکان، لە رۆژی ١٥ ی مانگی بەفرانبارەوە دەستی پێکردبوو. یەکێک لە بەشدارانی سەر بە ناوهندی مسی بابەک دهڵێ، بێکار سازی کرێکارانی قەراردادی خۆی پێشتر لەوە دەست پێکردبوو وە ئەم جەریانە نیگەرانی زۆری لەنێو کرێکاران و بنەماڵەکانیاندا پێکهێنابوو. لەو کاتەدا زیاتر لە ١٠ هەزار کرێکار لە ناوهنده كرێكارییهكانی سەر بە شیرکەتی مسی سەرچەشمە کە ناوهندی شاری بابەک یەکێک لەوان بوو، کاریان دەکرد. لەو ژمارەیە تەنیا ٢ هەزار کەسیان، کرێکاری ڕەسمی و مابەقی کرێکاری قەراردادی بوون.
رۆژی ١٥ ی مانگی بەفرانبار ٢٠٠ کەس لە کرێکارانی موجتەمەعی شاری بابەک لە ناڕەزایەتی بە دەرکرانیان دەستیان لە کار کێشایەوە و کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان وەڕیخست. لە بەرانبەر ناڕەزایەتی کرێکاراندا بەرپرسانی شیرکەت بەڵێنیان پێدان بیانگێڕنەوە بۆسەر کار و بەم وەعدەیە، کۆبوونەوەی کرێکاران بڵاوەی کرد. دوو حەفتە تێپەڕی هیچ نیشانەیەک لە جێبهجێ كردنی وەعدەکانی خاوەنکاران دیارنییه. کرێکاران لە رۆژی ٢٨ ی مانگی بەفرانبار جارێکی تر دەستیاندایەوە کۆبوونەوە و ئەمجار لەگەڵ بنەماڵەکانیان لە نێو خاتون ئاباد، جادەیەک كه دەچوو بۆ موجتەمەعەکەیان بهست. بەرپرسانی شیرکەتهكه هەروا داواکاریی کرێکارەکانیان پشتگوێ ئەدا. بەیانی رۆژی هەینی سێی مانگی ڕێبەندان هێزە حکومەتیەکان و لەوانە ماشێن و هێلیکوپتێڕەکانی یەگانی تایبەتی هێزی ئینتیزامی لە زەوی و ئاسمانەوە هێرشیان کردە سەر کرێکاران و بنەماڵەکانیان و پاش ئەزیەت و ئازاردانی دەیان کەس، بهداخهوه یەکێک لە کرێکاران لەو رۆژەدا لە ئاکامی تەقەی هێزەکانی ڕژیمدا گیانی لەدەستدا. ناڕەزایەتی کرێکاران و بنەماڵەکانیان رۆژی دواتر لە نێو شاری بابەکدا درێژەی کێشا و کرێکاران لە بەردەم بینای فەرمانداری ئەم شارەدا دەستیاندایە کۆبوونەوە خۆپیشاندان. هێزەکانی ڕژیم بە دەستوری فەرمانداری شار ڕاستەخۆ بەرەوڕووی کرێکارانی ناڕازی بوونهوه و تەقەیان لێ کردن و لە جەریانی ئەویشدا ٤ کرێکاری دیكه و منداڵێکی قوتابی بهداخهوه گیانیان بەخت کرد و زیاتر لە ٣٠٠ کەسیش بریندار بوون. ناوی گیانبەخت کردوان بریتی بوون لە :” ڕیاحی، جاویدی، مەهدەوی، موئمنی و پورئەمینی”. کرێکارانی ناڕازی لە لایەن خەڵکی شاری بابەکەوە پشیوانی دەکران و شار بەتەواوەتی داخرا. ئەگەرچی وەحشیگەری كاربهدهستانی ڕژیم له ناوچهكه بوو، بهڵام ئهوان ڕاستەخۆ لەو ناوەندەوە بۆ سەرکوتی کرێکاران دەستوریان وەردەگرت. پاش ئهم كردهوه جهنایهتكارانهیه سەرئەنجام ئەم حەرەکەتە کرێکاریەی سەرکوت کرا، بەڵام رووداوی خاتون ئاباد بوو بەهۆی پەرەگرتنی نەفرەتی گشتی لە دەوڵەتی خاتەمی و ئیسلاح خوازە حکومەتییەکان کە بە وەعدەی ئیسلاحات لە ژیانی خەڵکدا هاتبوونه سەرکار.
ئەگەر رووداوی خاتون ئاباد شێوازێکی ئاشکرای کوشتنی کرێکاران بوو، موجتەمەعی مسی سەرچەشمە ساڵانێکە کە لە شێوازی تردا بۆتە قوربانگای کرێکاران. ئەم موجتەمەعە کە نیوە خسووسی و نیوە دەوڵەتیە لەژێر کۆنترۆڵی شیرکەتی میللی پیشەسازی مسی ئێران دایە. ئهم زنجیره ناوهنده ئەگەرچی مەعدەنی سەرئاوەڵەن بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە نا ئەمن ترین کانەکانی دنیان و هەموو ساڵێک ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران بەهۆی نەبوونی ئیستانداری ئیمنی و لەوانە بەهۆی گازگرتویی گیان لەدەست ئەدەن.
لە رووداوی خاتون ئاباد دا جاریکی تر دەرکەوت کە دیموکراسی خوازانی حکومەتی، چلۆن لە بەرانبەر ناڕەزایەتی ئاشتیانەی کرێکاراندا لە محەک درا و کاڵ بۆوە. کوشتاری کرێکارانی خاتون ئاباد سەرچاوەگرتوو لە شەڕی نێوان باڵەکان نەبوو بەڵکو نیشانەی سەرسەختی سەرجەم دهسهڵاتی بۆرژوازی ئێران بوو لە بەرانبەر ناڕەزایەتی کرێکاری. سیاسەتێک کە لەو دورەیەدا لەژیر ناوی هاوسەنگ کردنی هێزی کاردا لە ئارادا بوو. ئیجرای بە کردەوەی ئەم سیاسەتە کە لە ساڵەکانی کۆتایی دەورەی سەرۆک کۆماری ڕەفسەنجانیەوە دەستی پیکردبوو لە دەورەی خاتەمیدا بە توند ترین شێوە پەیڕەو دەکرا. بەهۆی ئەم سیاسەتەوە ههزاران کرێکاران بەبێ هیچ چەشنە تەئمینێکی کۆمەڵایەتی دهردهكران و دوای ماوەیەک ژمارەیەک لەوانیان کە فەننی و شارەزا تر بوون بە قەراردادی و کاتی و ههروهها حقدەستی کەمتر دەهێنایەوە سەرکار.
بەر گوللەدانی کریکارانی خاتون ئاباد لەو کاتەدا، رووداوێک نەبوو کە ئیسلاح خوازەکان نێو حکومەت لە دەستیان دەرچووبێت. لەو دەوریەدا زیاتر لە ٤٠ هەزار کرێکار لە بەشەکانی پیشە سازی و کانەکان لە ئوستانی کرمان کاریان دەکرد. زیاتریان ئەو دامەزراوانە بوون کە بە هاوبەشی دەوڵەت لەگەڵ کەرتی تایبەت بەڕیوەدەچوون. ڕژیم بە شێوەی جیدی بەدوای ئیجرای سیاسەتی هاوسەنگی هێزی کار لەو بەشە لە پیشەسازی ئێراندا بوو وە دەیویست لهم ڕێگاوه نمونە و ئۆلگویەکی سەرکەوتو بۆ سەرجەم بەشەکانی تری پیشەسازی و بەهەمهێنان دروست بکات. خەباتی کرێکارانی خاتون ئاباد ئەگەر سەرکەوتو بوایە خۆراگری کرێکارانی لە بەرانبەر سیاسەتە ئابووریەکانی ئەوکاتی ئیسلاح خوازانی حکومەتیدا لە ئاستێکی بەرینتردا پەرە پێئەدا، کەوایە دەبوو بە تەواوی سەرکوت بکرایە. فەرمانداری شاری بابەک کە فەرمانی تەقەی بەرەو کرێکاران و بنەمالەکانیان دەرکرد، توشی توڕەبوونێکی لەپڕ نەهاتبوو، بەڵکو ئەو و دەزگای سیاسەت داڕێژهر لە تاران لە رۆژی ١٥ ی مانگی بەفرانبارەوە تا رۆژی ٤ ی ڕێبەندان دەرفەتیان هەبوو کە لەم بارەیەوە بیر بکەنەوە. ههر بۆیه سەبارەت بەم ناڕەزایەتیە کرێکاریە کە پێیان وابوو دەتوانێ گشت گیر بێتەوە نهیانتوانی کاردانەوەیان نەبێت. هاوکات لەگەڵ ئەم روداوە، دەوڵەتی بەناو ئیسلاح خواز چەندین تەبسەرەی بۆ یاسای کارێک کە خۆی لە ئەسڵدا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی سەرمایەداران ئامادە کرابوو، دیسانیش زیاتر بە زیانی کرێکاران زیاد کرد. زیاد کرانی ئیسلاحییەی یەک لەدوای یەک لە قانونی کاردا و تەقەی راستەوخۆ بەرەو سینگی کرێکاران، بهكردهوه دهرهێنانی جۆراوجۆری سیاسەتێکی دیاری كرابوون. ئەم ئەزموونە کە هەزینەكهی قورسی بۆ، بە چینی کرێکاری ئێرانی نیشاندا کە کاتێک پێی بەرژەوەدنی و سیاسەتی روونی چینایەتی بێتە گۆڕێ، باڵە جۆرا وجۆرەکانی نیو حکومەتی سەرمایەداران، سەرەرای جیاوازیەکانیان، چۆن لە بەرانبەر خەباتی کرێکاراندا وەک یەک دەجوڵێنەوە.