کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کوشتاری زەحمەتکێشانی کۆڵبەر لە سنورەکان دەرێژەی هەیە

کوشتاری زەحمەتکێشانی کۆڵبەر لە سنورەکان درێژەی هەیە و رۆژ نییە کە هەواڵی کارەساتێک وێژدانە زیندوەکان ئازار نەدات. ئەو جەنایەتانەی کە لە ماوەی ئەم دوو حەفتەی ڕابردوودا روویان داوە، نیشانی ئەدات کە داهاتێکی مەمرە و مەژی کە ئەم زەحمەتکێشانە بە کۆڵبەری بە دەستی دێنن، تا چ ئاستێک بە خوێن ئاویتەیە. هەر ئەڵێی ڕەنجی ئەم خەڵکە کۆتایی نییە.

لە سنوری پاوە و ڕوانسەر تەقە لە دوو کۆڵبەر کرا. پایەگای ڕژیم لە سنوری پیرانشار دوو کۆڵبەریان بە تەقەی ڕاستەوخۆ خەڵتانی خوێن کرد. لە سنوری ورمێ و لە ناوچەی زیویە کۆڵبەرێک تەقەی لێکرا. لە سنوری هه‌ورامان جەنایەتکارانی سەر گەردەنە و ڕێگری ڕژیمی ئیسلامی کەسێکی زەحمەتکێشیان بە کۆڵەبارێکی قورسەوە کوشت. لە سنوری قتور تەقەی هێزەکانی ڕژیم چوار کەسی خەڵتانی خوێن کرد. لە سنوری نەڵاس لە نزیک سەردەشت، دیسان جەنایەتکاران ئینسانێکی دیکەیان لەبەر هەوڵدان بۆ دابین کردنی لانیکەمی پێداویستیەکانی ژیان لە مافی حەیات بێبەش کرد. لە سنوری سیرو هەڵکەوتوو لە ناوچەی سۆما برادۆست ٤ کەس، لە حاڵێکدا کە کۆڵی قورسیان لەسەر پشت بووە بوونە ئامانج و چارەنووسیان لە نەخوشخانە نادیارە. سنوری بانە هەروا بۆتە کەمینگای مەرگی کۆڵبەرەکان. لەم ماوە کورتەدا پاسەوانانی سنور بەرەو کاروانی کۆڵبەران تەقەیان کردوو یەکێک لەوانیان کوشت و یەکێکی دیکەیان بە توندی بریندار کرد. پەیکەری کۆڵبەرە کوژراوەکە هێشتا نەدراوەتەوە دەست بنەماڵەکەی. هەر لەم ماوەیەدا لە ناوچە سنوریەکانی سەردەشت ٢ کۆڵبەری تر بونەتە ئامانج و گیانیان لەدەست داوە. ئاوایی سیسێر دیسانیش لەم ڕێگایەدا قوربانی داوە و زەحمەتکێشێک کە بریندار ببوو، گیانی لەدەستدا. ئەم جینایەتە یەک لەدوای یەکانە لە حاڵێکدا روو ئەدەن، کە بەناو نوێنەرانی ئوستانە کورد نشینەکانی رۆژئاوی ئێران لە مەجلیسی ئیسلامی ڕیاکارانە باس لە بیمەی کۆڵبەران دەکەن و چەندین تەرح و گەڵاڵەی بێ سەرو بنیان لەم بوارەدا دستاودەست کردوە.

بەڕاستی بۆچی زەحمەتکێشانی ئەم ناوچەیە بەم شێوەیە وێرای ئه‌و هه‌موو مەترسیە كه‌ له‌ ڕێگه‌یان دایه‌، درێژە بەم کارە ئەدەن؟ له‌ ڕاستیدا لە بارودۆخێکدا کە بێکاری لە ئوستانە کورد نشینەکانی رۆژئاوی ئێران لە سەروی ٥٠ لەسەدەوەیە و کرێکاران و زەحمەتکێشانی ناوچە سنوریەکان کەمتر لە هەر شوێنێکی دیکەی ئێران شانسی دۆزینەوەی کاریان هەیە، ئەم خەڵکە لە رووی ناچارییەوە و لەبەر خاتری دابین کردنی لانیکەمێک لە پێداویستیی مەمرە و مەژی، روو دەکەنە ئەم جۆرە کارانە. ئەوان گیانیان لەسەر بەری دەست دادەنێن و ملی کوێرە ڕێگا سەخت و بەمین چیندراو و کەمینگاکانی نێوان پاسگا و پایەگا نیزامیەکان کە هەرکامە و خۆی گوزەرگایەکی مەرگە، دەگرن و بە ترسێکی وەسف نەکراوەوە بارێکی قورس کە بەهەزاران نیگەرانی و هیواوە چەندین کاتژمێر بە کۆڵ هه‌ڵی ده‌گرن، تا بەڵکوو لەم ڕێگایەوە بتوانن پێداویستیەکانی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان دابین بەکەن.

زەمانەت کردنی ئیدامەکاری ئەم کارە پڕ مەترسیەش، بەوەوە بەستراوەتەوە کە بە کردەوە توانیبێتیان لەژێر هەر بارودۆخێکدا کەلوپەلی خاوەن بار و تاجرەکان بە سڵامەتی بەگەیەننە مەقسەد. تەنیا لە وەها حاڵەتێکدایە کە بابەتی کارە پڕ مەترسی و مەرگبارەکه‌یان، کرێیەکی کەم وەردەگرن. گەلێک کات ئەو کۆڵبەرانەی دەکەونە کەمینەوە ناچارن بۆ ڕزگار بوون لەدست باجبگیرانی ڕژیم لە پایەگاکان و لە مەسیری ڕێدا، بەشێک لە داهاتە کەمەکەیان لەبری ڕزگار بوونی خۆیان و بارەکەیان بدەن بە بەکرێگیراوانی حکومەتی. 186

ئەگەرچی بە کۆڵەوە گرتنی بارێکی قورس بۆ ماوەی چەند کاتژمێر گەلێک سەخت، دژوار، پشوبڕ و پڕ مەترسییە، بەڵام مەترسیدار تر لەهەر شتێک ڕیسکی تێپەڕین بە مەسیری پایەگاکاندا و بەرەروو بوونە لەگەڵ هێزە ئینتیزامیەکان و بەکرێگیراوانی ڕژیم. ئەمانە کە سەرەکی ترین کاریان ئەزیەت و ئازاردانی خەڵک و بە تایبەت کۆڵبەران و باجگیری و تاڵانی کەلوپەلی کاسبکارانی سەر سنورە، زۆر جار بەبێ هیچ بیانویەک و تەنیا بە ئامانجی تەسلیمی زەحمەتکێشانی کۆڵبەر و بۆ بردنە سەری نرخی باجگیرییەکانیان، کۆڵبەران و کاسبکارانی مەرزی ئەدەنەبەر گوللە و ئەیان کوژن. ئەو جەنایەتکارانەی کە بۆ کاری سنورپارێزی دادەندرێن و لە پایەگا و مەسیری هاتوچۆی کاروانی کۆڵبەراندا دادەمەزرێن، لەوێوە کە دەبێ سەهمی سلسلە مەڕاتبی سەروی خۆشیانەوە بدەن، لە ماوەیەکدا کە بۆ ئەم کارە دیاری دەکرێن، ساتێک لە جەریمە وەرگرتن و باج ئەستاندن لەم زەحمەتکێشانە غافڵ نین.

کۆڵبەری بە گشت دژواریەکانیەوە و ئەو مەترسیانەی کە هەیەتی، بۆ خەڵکێک کە هیچ سەرچاوەیەکی داهاتیان نییە، وەک ” کار” بە حێساب دێت و جەماوەرێکی بەرین لە خەڵکی ناوچەکە روویان تێکردوە. لەنێو خێڵی کۆڵبەراندا، ئەو ژنانە دەبیندرێن کە سەرپەرستی بنەماڵەیان لە ئەستۆیە و چارەیەکیان نەبووە بێجگە لەوەی کە ئەم کارە تاقەت پڕوکێنە وەک ” شوغل” هەڵبژێرن. لەنێو کۆڵبەراندا لاوانی کەمتر لە ١٥ ساڵی و پیرەپیاوانی بانتر لە ٦٥ ساڵیش دەبیندرێن. ژمارەیەکی زۆر لە کاسبکارانی سەرسنور و کۆڵبەرانی لاو، ئەو خوێندەوارانەن کە تا ئێستا نەیانتوانیوە کارێک بدۆزنەوە. کۆڵبەران و ئەوانەی کە خەریکی کاری گواستنەوەی کەلوپەلن لە سەر سنورەکان، لە ڕاستیدا هێزی کاری كرێ گرته‌ی ئەو توجاڕ و دەڵاڵانەن کە بە دەفتەر و دەستەکێکی کە لە شار و دێهاتە سنوریەکان هەیانە، کالاکان لە خاڵێکی سنورییەوە دەنێرن و یان وەردەگرن و زۆر ترین و بانترین قازانج بە بێ ئەوەی هیچ مەترسیەکیان لەسەر بێت دەخەنە گیرفانیانەوە و کرێیەکی کەمیش بە کۆڵبەرەکان ئەدەن.

کۆڵبەری لە سنورەکاندا کار نییە و خەڵکی زەحمەتکێش لە رووی ناچاریەوە رووی تێداکەن. ئەم بەناو کارە پڕ مەترسی و تاقەت پڕوکێنە دەبێ کۆتایی بێت. ڕژیم وەزیفەیەتی یان کاری گونجاو بۆ ئەم خەڵکە زەحمەتکێشە دابین بکات و یان بیمەی بێکاری کافی ژیانییان دابین بکات. ڕژیم دەبێ بە بنەماڵەی ئەو کۆڵبەرانەی کە لەم مەسیرەدا گیان لەدەست ئەدەن قەرەبوو بدات. پێویستە کە خەڵکی کوردستان، بە تایبەت لە شارە سنوریەکان دەست بدەنە دیفاع لەم زەحمەتکێشانە و بە حەرەکەتی ناڕەزایەتی خۆیان، بەر بە دەستدرێژی ڕژیم بۆسەر گیان و ژیانی ئەوان بگرن.