کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کوردستانی شۆڕشگێر، پێشەنگی بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردن

70817 w920

گاڵتەجاڕی بەناو هەڵبژاردن، لەگەڵ بایکۆت و بێبایەخییەکی جددی و بێ وێنەی زۆربەی هەرە زۆری خەڵک لە سەرتاسەری ئێران و بە تایبەتی لە کوردستان بەرەوڕوو بووەتەوە. ئەم ڕاستییە نەک هەر لە ڕاپۆرتە مەیدانییەکاندا، بەڵکوو لە ئامارە دەستکاریکراوەکانی سەرچاوە هەواڵییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشدا دەردەکەوێت. خودی کۆماری ئیسلامی ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵکی، ئەگەر دەنگە پووچەکانی لێدەر بکەین، بە نزیکەی ٣٥ %ڕاگەیاندووە، کە لەچاو هەموو هەڵبژاردنەکانی پێشوو، دابەزینێکی بەرچاو نیشان دەدات. واتای ئەم ئامارە ئەوەیە کە بایکۆتی ئەو بەناو هەڵبژاردنە، ئەوەندە بەربڵاو بووە کە تەنانەت لێهاتوویی و تەڕدەستییە باوەکانی کۆماری ئیسلامی لە ساختەکاریدا، نەیتوانیوە لەوە زیاتر دەستکاری بکات، ئەگینا ئابڕووچوونێکی دیکەی لێدەکەوتەوە. ڕۆژنامەنووسێکی خەڵکی زەید ئاباد، کە هانی خەڵکی دەدا بۆ ئەوەی بەشداری بکەن و خۆی بە نزیک لە ڕیفۆرمخوازەکان دەزانێت، دەڵێت: لە گوندەکەی ئێمە تەنانەت یەک کەسی لێ نەبووە کە بیەوێت دەنگ بە سەعید جەلیلی بدات، بەڵام کاتێک ئەنجامی هەڵبژاردنی زەید ئاباد ڕاگەیەندرا، بینیمان کە ناوبراو لە پێشەوەی ڕیزبەندیەکەدایە! وە ئەمە تەنیا مشتێکە لە خەروارێک. ئێستا بە پێی سیناریۆی لەپێشدا داڕێژراو،هەڵبژاردنەکانکەوتووەتە خولی دووەم و سەرەنجام ڕۆژی هەینی ١٥ی خاکەلێوە ئەم شانۆیە کۆتایی پێدێت و ئەوەی کە خامنەیی و سپای پاسداران لەسەری ڕێککەوتوون و موهەندیسییان کردووە، بەناوی سەرۆک کۆمار سەر لە سندووقەکانی دەنگدان دەردەهێنێ و لە سبەینێی ئەو ڕۆژەوە ئیتر، دەرگا لەسەر هەمان پاژنەی پێشوو دەسوڕێتەوە.

بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردن لە ئاستی سەرتاسەریشدا و لەوانە لە شارێکی گەورەی وەک تاران، سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێناوە. کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لەم کردە سەرتاسەرییەدا توانیان هەنگاوێکی گەورە بە ئاراستەی تێپەڕبوون لە نیزامی گەندەڵ و سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی هەڵبگرن. هەموو بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم سەرکەوتنە لە قۆناغی دووەمی ئەم گاڵتەجاڕەدا کە ڕۆژی هەینی داهاتوو بەڕێوە دەچێت، درەوشاوەتر خۆی نیشان دەدات. سەرەڕای هەموو ئەمانە، ئەوەی کە ڕۆژی هەینی ٨ی پووشپەڕ لە ئێران و بە تایبەتی لە کوردستان ڕوویدا، دوور لە چاوەڕوانی نەبوو. خەڵکی کوردستان کە هەر لەسەرەتاوەنایان بە ڕیفراندۆمی کۆماری ئیسلامی  وتبوو، خەڵکێکی کە بە خۆڕاگری قارەمانانەی خۆیان وەڵامی لەشکرکێشی ئەم دەسەڵاتە سەرکوتگەرەیان بۆ سەر کوردستان دابووەوە، خەڵکێکی کە لە ماوەی ٤٥ ساڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا ئەم خۆڕاگرییەی لە فۆرم و شێوازی جۆراوجۆر و لە بزووتنەوە بەرینە جەماوەرییەکان و لەوانە لە چەندین مانگرتنی سیاسیدا درێژە پێداوە و ڕژیمیان تووشی ئاڵەنگاری کردووە، جەماوەرێکی کە لە هەر دەرفەتێک کەڵکیان وەرگرتووە بۆ ئەوەی نامۆبوونی ئەم دەسەڵاتە لەگەڵ مەسڵەحەت و بەرژەوەندییەکانی ئەمڕۆ و سبەینێی خۆیان نیشان بدەن، ڕۆژی هەینی دیمەنێکی شکۆداری دیکەیان لە هەمان خەبات و خۆڕاگریی لێبڕانە، نیشان دا. ڕۆژی هەینی ٨ی پووشپەڕ، سەرلەنوێ دەرفەتێکی دیکە هاتە ئاراوە تا لە هاودەنگی و یەکگرتووییەکی کە گەلێک جار ئەزموونیان کردبوو، بە ئاشکرا ڕایبگەیەنن کە ئەم دەسەڵاتە بە نامۆ دەزانن لەگەڵ خۆیان. جێی خۆیەتی هەر لێرەدا ئەم هەنگاوە گەورەیە بە خەڵکی کوردستان و سەرجەم ئەو هەڵسوڕاوانە پیرۆزبایی بڵێین کە بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆیان ڕێگەی ئەم سەرکەوتنەیان خۆش کرد.

کارنامەی ئەم دەسەڵاتە لە کوردستان پڕە لە جینایەت و سەپاندنی بێ مافی و پێشێلکردنی خەون و ئاواتەکانیان بۆ بەهرەمەند بوون لە ژیانێکی ئینسانی. بێ گومان جەماوەرێکی کە بە زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام وەڵامی داخوازییە سەرەتاییەکانیان دراوەتەوە، خەڵکێکی کە بە درێژایی تەمەنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بەردەوام بۆ پاساوکردنی درێژەی ئەو بێ مافیانە، وەک ناوچە بێبەشەکان، پێناسە کراون، خەڵکێکی کە سێبەری بێکاری و هەژاری و زیانە کۆمەڵایەتییەکا باڵی بەسەر ژیانیاندا کێشاوە، خەڵکێکی کە ناچارن ڕووبکەنە کۆڵبەریی، ئەم کارە سەخت و تاقەت پروکێنە و لەپێناو بەدەستهێنانی پارووە نانێکدا گیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە، ئەو خەڵکەی کە بۆ دۆزینەوەی کار ناچارن کۆچ بکەن و سەختی و دژوارییەکانی دووربوون لە بنەماڵەکانیان تەحەمول دەکەن، ڕۆژی هەینی لە هاودەنگی و یەکگرتووییەکی بەهێزدا بە بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردن، نیشانیاندا کە هەروا لەسەر خەبات و خۆڕاگریی خۆیان لەپێناو دەستەبەرکردنی مافە سروشتیەکانیان بەردەوامن و هەرجارەو هەنگاوێکی گەورەتر بەرەوپێشەوە هەڵدەگرن.

ئەوەی کە ڕۆژی هەینی لە کوردستان ڕوویدا، درێژەی شۆڕشی ژینا بوو لە فۆرمێکی تردا. ئەوان بە بایکۆتی بەربڵاوی ئەو هەڵبژاردنانە نیشانیان دا کە لە خوێنی گیانبەختکردووانی سەردەمی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، خۆش نەبوون و خۆش نابن. ئەم خەڵکە لە کردەیەکی هاوئاهەنگدا نیشانیان دا کە کوردستان بەردەوام وەک سەنگەری شۆڕشی ئێران دەمێنێتەوە. ئاشکرایە کە هێشتا تا سەرکەوتنی کۆتایی، ڕێگایەکی دوور و درێژ لەپێشدایە و هاودەنگیی ڕۆژی هەینی دەریخست کە خەڵک خۆی بۆ نەبەردە چارەنووسسازەکانی داهاتوو ئامادە دەکات. پێویستە لایەنی پۆزەتیڤ و بەرجەستەی بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردن لە کوردستان، لە پەیوەندی و هاوڕێیەتی زۆرینەی بەرچاوی خەڵک لە سەرتاسەری ئێراندا ببینرێت. ئەم بزاڤە سەرتاسەرییە، هیوای گۆڕانکاری لە کۆمەڵگا و لە نێو جەماوەری ناڕازی دژ بەم دەسەڵاتە، پتر لە ڕابردوو بەهێز دەکات. ئەگەر ئەوەی کە ڕۆژی هەینی ڕوویدا، لە چوارچێوەی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی بە تایبەت چەند ساڵی ڕابردوودا بگونجێنن، بێ گومان دەتوانێت ڕێگە خۆشکەر بێت بۆ بزووتنەوەی گەورەتر لە داهاتوودا و چرۆی هیوا بە داهاتوویەکی گەش دەپشکوێنێ. داهاتوویەکی کە دبێ بە دەستی هەر ئەم جەماوەرە قوربانییەی دەستی کۆماری ئیسلامی، بنیات بنرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

مافی ژنان لە لۆژیکی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارییدا

-

بەردەوامبوونی خەبات و ناڕەزایەتی کرێکاران، لە جەرگەی هەراوهوریای شانۆی هەڵبژاردندا

-

شکستی ڕژیم لە شانۆی هەڵبژاردندا

-

هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی تۆماج و درێژەی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

-

کرێکارانی نەوت و پێویستی بەهێزکردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا

-

چارەنووسی دڵتەزێنی پەناخوازان، بەڵگەی ڕسوایی دەوڵەتەکان و سەرمایەداران

-