لە ساڵی ٢٠٠٣ دا لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە، رۆژی ٦ ی فێوریە بەرابەر لەگەڵ ١٧ی مانگی ڕێبەندان وەک رۆژی جیهانی بەرگرتن لە کەم ئەندام کردنی ژنان دیاری کرا.
گوروپەکانی چالاک لە بواری مافەکانی ژناندا کەڵک وەرگرتن لە واژەی ” خەتەنە” بۆ ئەم کردارە ڕەد دەکەنەوە و ئەو بە ” کەم ئەندام کردنی جنسی ژن” ناودەبەن.
کەمئەندام کردنی کچان لە تەمەنی منداڵیدا یەکێک لە هەژێنەرترین شێوازەکانی ئازاردانی منداڵە کە سێبەر دەخاتە سەر هەموو ساڵەکانی دواتری تەمەنی. لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی ڕەسمی سازمانی ملەل، کەم ئەندام کردنی جنسی ژنان لە ٢٩ وڵاتی دنیادا باوە. بە پێی ڕاپۆرتی “بونیادی جەمعیەتی سازمانی ملەل” ژمارەی ژنانی خەتەنە کراو لە دنیادا ئێستا لە نێوان ١٢٠ تا ١٤٠ ملیۆن کەس دایە و هەموو ساڵێک ٣ ملیۆن کچی تریش دەکەونە ژێر مەترسیەوە. ئەم ئامارە هەرچەند بە بەراورد کردن لەگەڵ ١٠ ساڵ لەوە پێش دابەزینێکی بەرچاو نیشان ئەدات، بەڵام هێشتا لە زومڕەی یەکێک لە کارەساتەکانی بەشەری لەم سەردەمەدا بە حیساب دێت.
لەگەڵ ئەوەی کە “بونیادی جەمعیەتی سازمانی ملەل” خوازیاری تەعەهودی جیدی دەوڵەتەکانە بۆ سەرمایە گوزاەی و ئیجرای کۆمەڵێک تەرح و بەرنامە بۆ ڕاگرتن و پێشگیری لە کەم ئەندام کردنی جنسی کچانە، بەڵام کۆماری ئیسلامی نە تەنیا لە ئیجرا و بە کرداری کردنی تەوسیەکان و ئامادە کردنی یاساکانی پێوەندیداردا سەرنجێک نیشان نادات، بەڵکو تەنانەت ڕاگەیەنەرەکانی سەربە حکومەتیش بە بێدەنگی بەلایدا تێدەپەڕن. بێجگە لەوە هێندێک ڕاپۆرت لە گۆشە و کەناری ئێرانەوە باس لەوە دەکەن کە بەرپرسانی حکومەتی هەروا بەر بە چالاکی وشیاریدەرانە و ئاموزشی گوروپە خۆبەخش و بەشەر دۆستەکان لەم بوارەدا دەگرن و کۆسپ دەخنە بەردەم ئیجرای ئامانجە مرۆڤ دۆستانەکانیان.
توێژینەوە مەیدانیەکان تەنیا لە یەک حاڵەتدا نیشانی ئەدات کە زیاتر لە ٨٣،٣ لەسەدی ژنان لە قشم و ٧٠ لەسەدی ژنان لە میناب کەم ئەندامی جنسی کراون. ٥٥،٧ لەسەدی ئەو ژنانەی کە سەردانی ناوەندە بێهداشتیەکانی شارستانی ڕوانسەری کوردستانیان کردوە، خەتەنە کراون. هێندێک لە توێژینەوەکانی تر دەریدەخەن کە لە ٦ ئوستانی ئێران، کوردستان، ئازەربایجانی رۆژئاوا، کرماشان، ئیلام، لوڕستان و هورمزگان، کەم ئەندام کردنی جنسی ژنان هەروا بەڕێوە ئەچێت. لەسەر بنەمای ئەم توێژینەوەیە گومان دەکرێت کە ٧٠ لەسەدی خەتەنەی ژنان لە ٦ ئوستانی ناوبراودا باو بێت. لە نێوان ئەو هەزار کەسەی کە لە ٨٥ ئاواییدا توێژینەوەیان لەسەر کراوە، ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا زیاترین ئاماری خەتەنە کراوانی تێدایە.
لە هێندێک لە بنەماڵە دەمارگرژە مەزهەبیەکاندا ” خەتەنی کچان” وەک فەڕزێکی دینی دەبینن و لەبەر ئەوە کچان لە تەمەنی ٤ تا ٦ ساڵیدا بە دەستی ژنانی نا شارەزا و بە ئامرازی نا بێهداشتی دەسپێرن تا ئەندامی هەستیاری تەناسولیان بقرتێنن و بە خەیاڵی خۆیان کچەکەیان لە داهاتودا لە ” سەرکێشی جنسی و دەستەبەر کردنی چێژ” بە دوور دەگرن تا بەم جۆرە گۆیا دوای هاوسەرگیری کردن بە شوەکەیان وەفادار بمێنهوه.
کەم ئەندام کردن، ئاسەوارێکی خراپی درێژ ماوە و بەردەوامی لەسەر ژنان هەیە. توانایی جنسی کەم دەکاتەوە و ئازارە عەسەبیەکان، گرفتی ڕەوانی، دڵەڕاوکێ و تێکچوونی دەزگای تەناسولی و سەدەمە گەیاندن بە باقی ئۆرگانەکانی دیکەی بە شوێنەوەیە. روو بەو بنەماڵانەی کە وەها ستەمێک دەر حەق بە کچەکانیان دەکەن دەبێ بوترێت، لە زاویەی سەرنجی بێهداشتی و تەندروستی منداڵەکانتانەوە، عەقڵ و لۆژیک حوکم دەکات لەو سوننەت و داب و نەریتە زیانبارانەی کە لەسەر ئەساسی مەزهەب و یان دواکەوتویی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی بینا نراون دوور بکەونەوە. دەبێ لەسەر بنەمای رێز بۆ مافی منداڵان و مافی ئینسان و خۆپاراستن لە پێشێل کردنی مافەکانی ژنان و بە پشت بەستن بە مەدەنیەت و شعور، هەستیی بیولۆژیکی کامڵبوی ژنان بە دیدێکی واقعیەوە سەیر بکرێت بە هۆی ئەفکار و سوننەتە خورافیەکانەوە رۆحی ئینسانی نهوهی داهاتوو ئازار نهدرێت و جەستەیان ناقیس نەکەن.
سەرەڕای مانەوەی ئەم سوننەتە نا مرۆڤانەیە لە هێندێک ناوچەی ئێراندا، بە خۆشیەوە لەمرۆدا زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی ئەم وڵاتە بەهۆی کەردارەکانی کۆماری ئیسلامیەوە و شناختی قوڵتریان لە فەرمان و ئەحکامە دینیەکان، تەسلیمی ئیدئۆلۆژی حکومەت نەبوون و لە زۆرێک لە کۆت و بەندە مەزهەبیەکان تێپەڕێون و لەوانە ڕازی نین بە ئازاردانی کچەکانیان. بەڵام هەر لەم ئاستەشدا کە ئەم سوننەتە ڕەواجی هەیە، ئازار دەرە و پێویستە کە بسپێردرێت به مێژوو و چوار چێوەی ژیان و حەیاتی ئینسانی لە گەمارۆی سوننەت و یاسا و ڕێسا خورافیەکان و ئەو گومانە خەیاڵیانەی کە بەر بە حەرەکەتی بەرەو پێش بۆ گەیشتن بە دنیایەکی باشتر و پێشکەوتوانە دەگرن پاک بکرێتەوە.