لە میانه‌ی هێرشی شەوانەی پۆلیس و هێزە ئەمنییەتییەکانی تورکییە لە شەوی پێنجشەممە و بەرەبەیانی ڕۆژی هەینیی ٥ی مانگی ئۆکتۆبردا بۆسەر نووسینگه‌ی پارتی دێمۆکڕاتیکی گەلان و ماڵی کادر و ڕێبەرانی ئەم حێزبە لە ئانکاڕا و دیاربەکر، سەلاحەدین دمیرتاش و فیگێن یوکسکداغ، دوو هاوسه‌رۆك و ٩ کەس لە په‌رله‌مانتارانی سه‌ربه‌م حیزبەیان لە پاڕله‌مانی تورکییە گرت. هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەم هێرشە لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی تورکییەوە، دەست ڕاگەیشتن بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەوانە واتس ئاپ، تویتێر، فەیس بووک و یوتووب ڕاگیرا. پێویست بە وەبیرهێنانەوەیە کە په‌رله‌مانی تورکییە لە بەهاری ئەمساڵدا له‌ڕێگه‌ی پەسندکردنی یاسایه‌كه‌وه پارێزبەندیی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك په‌رله‌مانتاری هەڵوەشاندبۆوە. ده‌وڵه‌تی تورکییە له‌حاڵێكدا كه خۆی به‌رده‌وام هاوده‌ستی تاقمی تێرۆریستیی داعش بووه، لەوپەڕی بێشەرمیدا ڕایگەیاند کە ئەم ده‌ستبه‌سه‌ركردنانه بەشێکن لە ڕەوتی پێڕاگەیشتن بە پەروەندەیەکی تێرۆریستیی.بەشوێن ده‌ستبه‌سه‌ركرانی ڕێبەران و نوێنەرانی پارتی دێمۆکڕاتیکی گەلان لە تورکییە، بەهەزاران کەس لە شارە جۆراوجۆرەکانی تورکییە دەستیاندایە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیی. ناڕازییان لە ئیستانبوول، ئێزمیر، ئانتالیا و هه‌ندێک شاری دیكه‌ی ئەم وڵاتە، ڕه‌وتی سەرکوتگەرییەکان له لایه‌ن دەوڵەتی تورکییەیان مەحکووم کرد و خوازیاری ئازادكرانی ڕێبەرانی پارتی دێمۆکڕاتیکی گەلان بوون. ئەو ڕاپۆرتانەی لە تورکییەوە دەگەن باس لە هێرشی پۆلیس و پێكدادان و تێکهەڵچوو لەگەڵ ناڕازییان دەکەن. لە ئیستانبوول هێزەکانی پۆلیس گازی فرمێسکڕێژیان بەرەو ناڕازییان هاویشتووە و چەند کەسیشیان گرتووە. لە ئانکاڕای پێتەختی تورکییەش، پۆلیس بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران ئیسپره‌ی بیباری به‌كارهێناوه. گرتنی فیگێن یوکسکداغ و سەلاحەددین ده‌میرتاش، دوو هاوسه‌رۆكی پارتی دێمۆکڕاتیکی گەلان لەگەڵ ٩ کەسی دیكه لە په‌رله‌مانتارانی ئەم حیزبە، لە هەموو جێگایەک کاردانەوە و توڕه‌یی و بێزاریی خەڵکی تێکۆشەری کوردستانی تورکییە و مرۆڤه ئازادیخوازەکانی سەرتاسەری جیهانی هەڵخڕاندووە. پارتی دێمۆکڕاتیکی گەلان لە ڕاگەیاندنێکدا ئەم کردارەی دەوڵەتی تورکییەی بە ” کوده‌تا” وه‌سف كردووه. هاوکات نووسینگه‌ی مافی مرۆڤی ڕێكخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان و یەکێتیی ئۆرووپاش گرتنی ڕێبەران و ئەندامانی کارای پارتی دێمۆکڕاتیکی گەلان له تورکییەیان مەحکوم کردووه.
دەوڵەتی تورکییە لەژێر ڕێبەریی پارتی داد و گەشە و شه‌خسی ئه‌ردۆغان، لە حاڵێکدا ئەم هێرشە هەوسارپچڕاوانەی بۆسەر پارتی دێمۆکڕاتیکی گەلان ڕیکخستووە کە لە هەمان سەرەتاوه كه ئه‌م حیزبه له ساڵی ڕابردوودا پێی نایه ناو ململانێیی هه‌ڵبژاردنه‌وه، ئەویان بە کۆسپێکی جێددیی سەرڕێگای خۆیان دەبینی. خەڵکی تورکییە و چاودێرانی سیاسیی باش دەزانن کە لە جەریانی هەڵبژاردنی ٧ی ژۆئه‌نی ساڵی ٢٠١٥ و لە حاڵێکدا کە پارته‌كانی دیكه‌ی تورکییە ئاماده‌ی ململانێی هەڵبژاردن بوون، بەڵام رقابەتی ئاک‌پارتی بە ڕێبەریی ئه‌ردۆغان لەگەڵ پارتی دێمۆکڕاتیکی گەلان بە ڕێبەریی سەلاحەددین دێمیرتاش هەموو فەزای هەڵبژاردنی خستە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. ئاک‌پارتی هەموو هێزی خۆی و ئامرازەکانی بەردەستی بەکارهێنا بۆ ئه‌وه‌یكه نەهێڵێت و ڕێگه نه‌دات كه پارتی دێمۆکڕاتیکی گەلان لە بەربەستی ١٠ لەسەدیی دەنگەکان بترازێ و بچێتە په‌رله‌مان. بەڵام دەنگدەرانی تورکییە ئه‌ردۆغانیان لەبەر مەزنخوازییە شێتانەکانی، سزا دا. پارتی دێمۆکڕاتیکی گەلان بەربەستی ١٠ لەسەدیی دەنگەکانی تێپەڕاند و تەنانەت زیاتر لە ١٢ لەسەدیشی بە دەست هێنا و نزیکەی ٨٠ کورسی لە کۆی ٥٥٠ کورسیی په‌رله‌مانی تورکییەی دەستەبەر کرد و شکستی به سیاسەتە شێتانەکانی ئه‌ردۆغانی هێنا.
دوای ئەم شکستە و ڕەتکردنەوەی هەر چەشنە پێکهێنانی دەوڵەتێکی هاوپه‌یمان لەگەڵ ئاک‌پارتی لە لایەن پارتی دێمۆکڕاتیکی گەلان، حیزبەکەی ئه‌ردۆغان بە هیوای ئەوەیکە بتوانێ بەر بە چوونی “هه‌ده‌په” بۆ په‌رله‌مان بگرێت، ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخته یەکی نۆوامبری ٢٠١٥ی خستە دەستووری کارەوە. لەم ڕووەوە دوای هەڵبژاردنی ٧ی ژۆئه‌ن، ئاک‌پارتی کە سەرکەوتنه‌كه‌ی پارتی دێمۆکڕاتیکی گەلان لەم هەڵبژاردنەی بۆ تەحەمۆل نەدەکرا، سەرەتا هەوڵیدا به تۆمه‌تی سه‌ر به “په‌كه‌كه”بوون و بەتیرۆریست چوواندنی، هەردوک لایه‌ن بە تیری تیرۆر لەناو بەرێت. بەشوێن ئەوەدا ئاک‌پارتی له‌ڕێگه‌ی داڕشتنی بەرنامەی هێرشی ئەڕتەش بۆسەر شاری جزیرە و گەمارۆدانی ئەمشارە لە کوردستانی تورکییە، لایه‌نێكی تازەی دایە سیاسەتە مێلیتاریستییەکانی ڕژیمی حاکم لەدژی خەڵکی کوردستان و بە ڕه‌وانه‌كردنی هێزەکانی ئەڕتەش و پۆلیسی دژه شۆڕش بۆ نێو خیابان و گەڕەکانی ئەمشارە، شەڕی سەنگەر بە سەنگەری بەسەر خەڵکدا سەپاند. ماوەیەک دواتر هێزە سەرکوتگەرەکانی پۆلیس خەڵکی تێکۆشەری شارستانی فارقینیان بە ئامانجی تێکشکاندنی خۆڕاگریی خەڵکی ئەمشارە دایەبەر هێرش. هاوکات دەوروبەری جوولەمێرگ، شرنا‌خ، وان، سێرت، چولک، به‌دلیس، ده‌رسیم و ئامەدیان مێلیتاریزە کرد. ئاک‌پارتی هەوڵیدا بە مێلیتاریزەکردنی شارەکانی کوردستان و ڕاگەیاندنی بارودۆخی جەنگیی، ڕێگه‌ی گواستنەوەی سندووقەکانی دەنگدان بۆ دەرەوەی شارەکانی کوردستان هه‌موار بکات و لەم ڕێگه‌یەوە كار بكاته‌سه‌ر دەنگەکانی پارتی دێمۆکڕاتیکی گەلان، کە ئەمکارە تەنانەت دژایەتیی کومیسیۆنی هەڵبژاردنه‌كانی تورکییەشی لێکەوتەوە.
دەوڵەتی ئه‌ردۆغان هاوکات لەگەڵ مێلیتاریزەکرانی شارەکانی کوردستان، لە چەندین شاری تورکییە لەوانە لە ئانکاڕا و ئیستانبول، بە هەڵخڕاندنی هه‌ست و بیروڕای كۆنه‌په‌ره‌ستانه‌ی ناسیۆناڵیستیی، هێرشی کردەسەر نووسینگه‌ی پارتی دێمۆکڕاتیکی گەلان و شوێن و ناوەندەکانی کار و چالاكیی کوردەکان و به‌دەیان کەسیان گرت و ڕاپێچی زیندان کرد. واتە لە سەروبه‌ندی هەڵبژاردندا و لە باردۆخێکدا کە تەنانەت بە پێی دابونه‌ریتی دێمۆکڕاسییە بوورژواییەکانیش، دەبوو حیزب و لایەنە سیاسیەکان خاوەنی ئەمنییەتێکی ڕێژەیی بن بۆ بەرەوپێشبردنی کەمپەینی هەڵبژاردنیان، هه‌ر بۆیه له‌م ڕێگه‌یه‌شه‌وه فەزایەکی نیزامیی و ئەمنییەتییان بەسەر شارەکانی کورستان‌دا زاڵ کرد.
بەڵام دەوڵەتی ئاک‌پارتی سەرەڕای هەموو ئەم هەوڵانەی، لە دەستڕاگەیشتن بە ئامانجەکانی تووشی شکست هات. دەوڵەتی ئه‌ردوغان نەیتوانی بەر بگرێت بە چوونی پارتی دێمۆکڕاتیکی گەلان بۆ په‌رله‌مان. پارتی دێمۆکڕاتیکی گەلان بە ڕێبەریی سەلاحەددین ده‌میرتاش لەو هەڵبژاردنەدا ٥٩ کورسیی په‌رله‌مانی بەدەست هێنا. ئەم ڕووادوە سیاسییە لە ڕوانگەی ڕای گشتییەوە لەناوخۆی تورکییە و لە ئاستی ناوچەکەشدا، سەرکەوتنێکی دیکەی بۆ بزووتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستان لە خەباتی دژ به دەوڵەتی تورکییە ده‌سته‌به‌ر کرد. دەوڵەتی فاشیستی ئاک‌پارتی کە قەت نەیویستووە بڕوا به‌م شکستە بهێنێت و بیسه‌لمێنێت و به‌دواشیدا مل بۆ لێكه‌وته‌كانی کەچ بکات، شێتانە هیرشی کردەسەر خەڵکی کوردستان. بەڵام ئەگەر هه‌ر لەو کاتەدا شەخسی ئه‌ردۆغان و دەوڵەتی ئاک‌پارتی نەیانتوانی بەر بە چوونی پارتی دێمۆکڕاتیکی گەلان بۆ په‌رله‌مانی ئەم وڵاتە بگرن، لە ئێستادا و لەسەر به‌ستێنی سیاسەتە مێلیتاریستییەکانی و هێرشێکی هەوسارپچڕاوانەوه کە بە بیانووی کوده‌تای بێ ئاکامی ١٥ی ژوولای لەدژی نەیارانی سیاسیی، چاپه‌مه‌نییه‌كان و سەرجەم بەرەی ئازادیخواز دەستی پێکردووە، به‌نیازه له‌ڕێگه‌ی گرتنی ڕێبەران و په‌رله‌مانتارانی پارتی دێمۆکڕاتیکی گەلانه‌وه ئەم شکستانەی قەرەبوو بکاتەوه.
له دوای کوده‌تای سه‌رنه‌گرتووه‌كه‌ی هاوینی ڕابردووه‌وه هه‌تا ئێستا، دەوڵەتی ئاک‌پارتی ده‌وری ٣٧ هەزار کەسی گرتووە و زیاد لە سەد هەزار کەس لە کارمەندانی دەوڵەتی لەسەر کار دەرکردووە. هه‌ر له‌م ماوەدا زیاتر لە ٢٠ ده‌زگای ڕاگه‌یاندنی داخستووه، کە بە زمانی کوردیی بەرنامەیان بڵاو دەکردەوە. لەم ماوەیەدا ١٧٠ ده‌زگای ڕاگه‌یاندن داخراون و ١٠٥ ڕۆژنامەنووس گیراون. چەند هەزار کەس لەم کەسانە کە لەم دواییانە دەرکراون، مامۆستای زانکۆ، مۆعەلیم، پەره‌ستار و پزیشکن. گرتنی دوو شارەداری ناوەندی پارێزگای دیاربەکر و مۆحاکه‌مە و به‌ندكردنیان، گرتن و زیندانیکردنی سەرنووسەری ڕۆژنامەی “جۆمهورییەت” یەکێک لە قەدیمی ترین ڕۆژنامەکانی تورکییە و گرتنی به‌دەیان کەس لە ئەندامانی کۆمەڵگەی دێمۆکڕاتیک لە پارێزگای ماردین، درێژەی پاكتاوكردنی ئیدارە و ناوەندە دەوڵەتییەکان لە نەیارانی سیاسیی و گرتنی ڕۆژنامەنووسان، هەوڵدان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سزای ئێعدام، ئه‌مانه هه‌مووی دەرخەری ئەوەیە کە دەوڵەتی تورکییە بە کەڵکوەرگرتن لە بارودۆخی نائاسایی ڕاگەیەندراو، نه‌ك هه‌ر ئەو کەسانەی کە تۆمه‌تبارن بە ده‌ست تێدابوون له کوده‌تای بێ ئاکامی مانگی ژولای، بەڵکوو هەموو ڕەخنەگران و نەیارانی سیاسیی خۆی کردووه‌تە ئامانجی ئەم سەرکوتگەرییە. گرتنی سەلاحەددین ده‌میرتاش و فیگێن یوکسکداغ، هەردوو هاوسه‌رۆك و ٩ کەسی دیكه لە نوێنەرانی پارتی دێمۆکڕاتیکی گەلان و ڕێكخستنی نیمچه کوده‌تایه‌ك لەدژی ئەم حیزبە و هه‌روه‌ها په‌ڕله‌مانی ئەم وڵاتە، لەسەر به‌ستێنی هێرشێکی هار و هەوسارپچڕاوانە بەڕێوە چووە.
بەڵام ئەو قەیرانە سیاسیی، ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و هه‌روه‌ها ئه‌و ئاسته‌نگ و دژوارییانه‌ی کە دەوڵەتی تورکییەی ژێر حاکمییەتی حیزبی ئیسلامیی “ئاكپارتی” یان هه‌مان “داد و گەشە” لەگەڵیدا بەرەوڕوو بووه‌تەوە، قوڵتر لەوەن کە ” ڕەجەب تەیێب ئه‌ردۆغان” بتوانێ لەڕێگه‌ی سیاسەتی مێلیتاریستیی و ئەمنیەتیەتیکردنی فەزای کۆمەڵگه و بگره توندکردنەوەی سەرکوت لەدژی خەڵکی کوردستان و دەخاڵەتکردنی نیزامیی لە سورییە و عێراق، کۆنتڕۆڵی بکات. ئه‌ردۆغان سەرئەنجام سەری لەبەرد دەدرێت. لەم بارودۆخه‌ی ئێستادا، نزیكبوونه‌وه و پەرەپێدانی پێوەندیی له‌نێوان خەباتی مافخوازانەی خەڵکی کوردستانی تورکییە و بزوتنەوەی کرێکاریی و باقی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ئاستی سەرتاسەرییه‌كه‌ی و هه‌روه‌ها ڕاکێشانی پشتیوانیی بەشەرییەتی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب لە وڵاتانی ناوچەکە و بگره سەرتاسەری جیهانه کە دەتوانێ تێرۆریزمی دەوڵەتی و سیاسەتە فاشیستییەکانی دەوڵەتی ئاک‌پارتی شكست پێ بهێنێت.